لاوک کونجرینی: بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەوشیروان مستەفا: هەر هێز و لایەنێک لەسەر تەوەری سیاسی خۆی پاشەکشێی کرد، بە زیانێکی زۆر لێی دەردەچێت..

گۆڕان لە سەرەتاوە بە گوڕوگوژمێکی نوێ و بە ستایلێکی سەردەمیانەو بە بیرێکی نوێخوازیی هاتە مەیدان و، دروشمی گۆڕانی سیسەتەم و هەڵوەشاندنەوەی کۆی پرۆسەکەو، لەجێیدا سیستەمێکی نوێ و ئیدارەیەکی سەردەمانەی، هەڵگرت. ئەم هەڵوێستەی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای ئەو پاشخانە توڕەیەی خەڵکی بنیاد نرا، کە مێژووی دوو دەیە بوو، فریودراو زوڵم لێکراو بوون.

مێژووی لادانی هێزەکان و باجی لادانەکانیان، لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستپێک نییە، بەڵکوو لە عێراق و کوردستان کۆمەڵێک هێز باجی گەورەیان داوە تا سنوری لەناوچوون و پوکانەوەی تەواو. دەشکرێت ئەو پرسیارە بکرێت، خۆ پارتی زۆریش لە کڵێشەی خۆی لایداوەو تا ئێستا نەپووکاوەتەوە؟

ئەگەر پیاچوونەوە بەمێژووی حیزبی شیوعی عێراق دا بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، لادانی حیزبی شوعی لەسێرەی کارکردنی سیاسی چ باجێکی گەورەی داوەو، ئەوەی رایگرتووە کە بە تەواوی نەپووکێتەوەو لەناو نەجێت. گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو عێراقە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک حیزبێکی خێڵەکی بوونی خۆی چەسپاندووەو، هەر ئەم ستایلەشە بەو ڕێچکە خێڵەکییە، کە کورد تا ئێستا پاشخانێتی و پارتی پاراستووە. ئەوەی پارتی لێی لا داوە، ڕۆحیانەتە خێلەکییەکە نییە، بەڵکوو فریودانە ڕەنگاڵیەکەیە، کە کەسانی بەناو نەتەوەیی و ڕۆشنبیر و خوێنەواری لەناو بیری خێلەکیدا کردۆتە قەڵغان و جوانکاریی بۆ حیزبەکەی پێ ئەنجا داوە. ئەم فریودانە هەرەسی  بەتەواوی نەهێناوە تا ئاستی کەمکردنیێکی زۆر، بەحوکمی مانەوەی پارتی لە دەسەڵات و چەمکی نیشتمانیدا، توانیوویەتی لەبەرزو نزمیدا بێت.

تۆسەیری یەکێتی بکە، لە هێزیكی پێکهاتەی تەواوەوە، لەگەشەیەکی تەواو سیستەماتیک، بەڵام بە هۆکاریی دەستبردن بۆ کۆمەڵێک چەمک بۆ ئەوەی لەهەڵکشانێکی نانۆڕماڵیدا بگات بە خەونی خۆی، توشی دابەزین و گۆڕانکاریی لە گەشەی سیاسیدا بۆ ئاستێک بۆ ئاستێکی تر، ئەم هێزەی ڕاهێنا لەسەر ئەم ستایلەو چەندین جار توشی دابەزین و هەستانەوە کرد.

یەکێتی شانسێکی گەورەی لە خودی هاوکێشە سیاسییەکەی دا، بە فرە بیروڕاو بە كلێشەی نیچە بەرە دامەزرا، دەنا بە پێچەوانەوە بەرگەی ئەم هەموو لێجیابوونەوەو دابرانانەی نەدەگرت.

لەدوای ڕاپەڕینیش، گرتنە ئەستۆی ڕاپەڕین نەفەسێکی زۆری بەم هێزە داو توانی تا ئێستا لە پووکانەووەو لەناوچوون بیپارێزێت، لە تەنیشت قوربانیەکی زۆر و لە ئەستۆ گرتنێکی مێژووی خوێناوی ئەم هێزە لەبەرامبەر دوژمنان. بەڵام ئەوەی یەکێتی لە ئاستە ستانداردێکە دابەزاند گۆڕانکاریی سیاسی ئەم هێزە بوو لەگەڵ پارتی و لەناوخۆشیدا، ناڕاستگۆیی و ناپاکی کۆمەڵێک سەرانی یەکێتی وەک دەستبردن بۆ سەرمایەو، لەو لاشەوە فریودانی خەڵکی لە نەبوونی خۆشگوزەرانی بە بیانووی جۆراوجۆر.

هەموو ئەوانەی لەسەرەوە وەک کورتەباس لە میحنەتی گۆرانکاریی سیاسی چەند حیزبێک ئاماژەم پێدا، بۆ ئەوەی بگەین بەوەی کە هێزی سیاسی دەبێت بە وریاییەوە بڕوانێتە لادان، دەنا توشی زیانی گەورە و پوکانەوە دەبێت. دەسپێکی ئەم باسەم بەو وتە جوانەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستپێکرد. لەبەر ئەوەی باسەکەمان لەسەر خوودی بزوتنەوەی گۆڕانە، لەو لادانە جزرییەی کە ئەم هێزە بەبەرگێکی ڕووت و ڕەجاڵی سەربازی هاتە مەیدان و، سەردەمیانە هەنگاوی ناو، بەڵام پاشەکشێ کردن و ئینجا پاشەکشی ئەم هێزە بەرو پچووکردنەوەیەکی تری دەبات.

دەکڕێت قسە لەسەر نارێکی ئەم هێزە بکەین هەر لە دامەزراندنییەوە، چوونکە ئێمە لەسەر پارتی و یەکێتی بە کورتی ئاماژەمان پێدا، بۆیە لای گۆڕان لە نەبوونی:

1- بوونی کورد لە خەرمانەی خێڵەکیدا.

2- هێزی سەربازی، کە فاکتەرێکی گرنگی مانەوەی حیزبە لە هەرێمی کوردستان.

3- نەبوونی دەستی دووژمنانی کورد لەناوخۆی ئەم حیزبەدا.

4-  نەبوون و ناڕوونی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهان، لە بەرنامەو ئەجیندای ئەم هێزەدا.

5- … و… هتد

ئەمە جگە لەو فاکتەرانەی ئاماژەم پێدا، ئەم هێزە لە پێناو ئالوودە بوون بە دەسەڵات، هەر لەسەرەتاوە دەستپێکی لادانی سیاسی بە بیانووی جۆراو جۆر دەستپێکردو، کاتێکیش چووە ناو حوکمەتەوە، ئیتر وەک ئەو گۆمە وابوو بۆ ئەمانی نەزان، بە دەستی نەیارەکانیشیان عەوداڵ بوون بۆ خنکان.

قسەمان بۆ ئێستایە، رابردوومان دووان، لەم هێزە گەیشتین و زانیمان لایداوە لەستراتییژی هەموو چەمکەکان، ساڵ بە ساڵ دەبێت ئەندامانی ئەم حیزبە بڵێن خۆزگەمان بە پاڕ. ئەم هێزە بەهۆی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەڵەکانییەوە باجی قورس دەدات. ئاخر حیزب لە کوردستان کاتێک پاشخانی خێڵ و کارەکتەریی جوان و کۆکەرەوەی خەڵكی لە ناو نەما و  فاکتەرێکی تریی گرنگی ئەوەی پارتی و یەکیتی ئەمڕۆ هەیانە، وەک هێزی بن دیوار بە پارەی موفتی خەڵکی، لای ئەمان نەبوو.

ئەی خودا دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان لە دۆڕانی ئابرووبەرانەی هەڵبژاردنی داهاتوو چی بەسەر بێت ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت