هەژار نامیق: تۆ نابیتە هەڵۆ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شکسپیری مەزن دەڵێت: هەندێک بە گەورەیی لە دایک دەبن، هەندێک گەورەیی بە دەست دەهێنن..
لە ژیان زۆرن کەسانێک دەیانەوێت چاو لە کەسانی تر بکەن یان باشتر بڵێن دەیانەوێت ببنە کۆپی هەمان کەس, بەڵام وەک ئەو قەلەباچکەیان لێ دێت کە لاسایی ڕۆشتنى کەوی کردەوە, بەڵام فڕینى خۆی لەبیر چوویەوە. هەمیشە مەرج نیە هەمان ڕێگا گرەنتی سەرکەوتنى تۆ بکات یان هەمان ئەنجامت پێ بدات. زۆر جار کەسێک بە ڕێگایەک دەڕوات، کەسێکى تر بە هەمان ڕێگا دەڕوات، بەڵام تووشی سەدان بەربەست دەبێت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت. بۆ ئەوەی بگەیت بە ئامانجەکانت بگەیت بە ئەنجامێکى باش پێویستە خۆت بناسیت. پێویستە پێگە و جێگەی خۆت بزانیت. پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکان بکەیت.
دوو کاپتن لە دەریا یەک گەشت بکەن بە هەمان کەشتى و هەمان کوالیتى، کاتێک ڕووبەڕووی بەربەستێک یان گۆڕینى کەش و هەوا دەبنەوە، مەرج نیە هەردووکیان هەمان ئەنجامیان هەبێت. یەکێک لەوان سەرکەوتوو دەبێت و، سەرنشینان دەگەیەنێتە لێواری ئارامی و، ئەویتریان کەشتیەکە ئاوەژوو دەکاتەوە. بۆیە مەرج نیە هەمان میکانیزیمى کارکردن بۆ تۆ هەمان ئەنجامى هەبێت. ڕێک وەک ئەوەی تۆ گیا بدەیت بە گورگ تا بتەوێت وەک گوێدرێژ ببێتە نۆکەرت، بەڵام لە کۆتایی گورگەکە دەتۆپێت.
هەرکاتێک تۆ لە بەرگی خۆت دەرچوویت و بۆچەند کاتێکى کەم پێت وابوو بارودۆخی ژیانت گۆڕاوە و، پێت وابێت ئەو پلە و پۆست پێگەیە تا کۆتایی لە گەڵت دەمێنێتەوە، بێگوومان دەبیتە گاڵتە جاری ڕۆژگار هەروەک ئەو قەلەباچکەیەی لێدێت کاتێک چاوی لە هەڵۆیەک کرد، بەڵام بوو بە گاڵتە جاری ڕۆژگار.
جا دەگێڕنەوە: هەڵۆیەک مەڕێک هەڵدەگرێت و دەیکاتە نێچیری خۆی، قەلەباچکەیەکیش بۆ چەند چرکەیەک خۆی لێ دەبێت بە هەڵۆ و خۆی لێ دەگۆڕێت و، پەلاماری مەڕێک ئەدات، بەڵام قاچەکانى لە خوری مەڕەکە گیر دەکات و، شوانەکەش دێت و لە بێزاری مەڕەکەی تری کە هەڵۆکە بردی دەیگرێت و دەیباتە ماڵەوە لە ماڵەوە دەیدات بە دەست مناڵەکانیەوە ئەوانیش دەیکەن بە یاری خۆیان و پەڕوباڵی پێوە ناهێڵن..
زۆرن کەسانێک پێیان وایە بوون بە هەڵۆیەک، بەڵام جگە لە قەلەباچکەیەک زیاتر نین، بۆیە کارێک کە لەتوانای تۆ نیە هەرگیز مەیکە و دەستى بۆ مەبە تا ئەوەی خۆت بە تەواوی ئامادەساز بکەیت و بتوانیت بە چاکی و باشی ئەنجامى بدەیت ئەگەر نا دەبینە پەندی زەمانەو یاری دەستى مناڵان و لەبری سەرکەوتن بەدبەختى و نەهامەتی زیاتر بەرۆکى ژیانمان دەگرێت ..کە هەڵۆ نەبوویت هەرگیز نابیتە هەڵۆ…
لە کۆتایی ئەم ووتەی ئانتوان چیخۆف پڕبەپێستى ناوەڕۆکى بابەتەکەیە: ترسناکترین جۆری بەشەر کەسێکە کە تێگەشتنى کەم و بڕوای زۆر بە خۆی هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت