بورهان شێخ ڕەئوف: نهێنى (بەهێزى) ئەمریکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە نووسەرى ئەمریکى (جۆرج فریدمان ) لە پێشەکى کتێبى سەد ساڵى داهاتوودا، بەهێزى ئەمریکا دەگێڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە هەڵوەشانەوەى یەکێتى سۆڤیەت لە دواى جەنگى سارد، کۆنترۆڵکردنى هەردوو زەریاى باکورى ئەتڵەسى و زەریاى هێمن لە دواى جەنگى جیهانى دووەم کە ئەمەش وایکردووە کە کۆنترۆڵى سیستمى بازرگانى جیهان بکات، بوونى هێزێکى دەریایى زەبەلاح ئەمەش بە هۆى ئەوەى تێچووى هێزى دەریایى و ئەو مەسرەفە زۆرەى کە پێویستە بۆ بڵاوکردنەوەى بە جیهاندا واى لە ئەمریکا کردووە کە خاوەنى دوو زەریا زەبەلاحەکە بێت و ئەکتەرى سەرەکى سیستمى جیهانی بێت.
بە جۆرێک ئەمریکا بەهێزترین وڵاتى جیهانە لە ڕووى سەربازى و سیاسى و ئابورییەوە و ڕکابەرێکى ڕاستەقینەى نییە.
لە دواى جەنگى ناوخۆوە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە بارودۆخێکى لە ڕادەبەدەرى باشدایە، لە وڵاتێکى دواکەوتوى پەراوێزخراوەو بووەتە ئابورییەکى گەورەتر لە کۆى ئەو چوار وڵاتەى کە پلەبەندى لە دوایەوە دێن.
هەرلەبەر ئەو هۆکارانەیە کە نووسەرى ناوبراو پێشبینى ئەوە ى کردووە کە بە لانى کەمەوە لەم سەدەى بیستو یەکەمشدا هەر ئەمریکا خاوەن هێزو هەژموونى یەکەم بێت لە سەرئاستى جیهان.
بەڵام لەوەیە من پێچەوانەى ( جۆرج فریدمان ) سەرەڕاى گرنگى ئەو فاکتانەى ئەو باسى کردوون، نهێنى هێزو مانەوەى ئەمریکا بۆ سیستمى چەسپاوى دیموکراسى و دامەزراوە دەستوورى و یاساییەکانى ئەو وڵاتە بگێڕمەوە، کەلەم کێشەى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى 3/11/2020 و ئاکامەکانى و هەڵوێستەکانى ترەمپ، دەرکەوت ئەو سیستمە چەسپیوە بوارى هیچ لادان و سەرکێشیەک نادات، کە هەوڵدەدەم لە خوارەوە بە فراوانى باسى بکەم.
ئەو مەراسیمى سوێند خواردنەى کە بۆ سەرۆک جۆزیف بایدن و جێگرە ڕەش پێستەکەى کامالا هاریس ڕێکخرا سەرەڕاى بایکۆت کردنى لەلایەن ترەمپەوە، بەهێزى و پتەوى دامەزراوە دەستوورى و یاساییەکانى ئەمریکاى بۆ جیهان دەرخست، سەرەڕاى ڕەفتارە دژە دیموکراسی و نابەرپرسیارێتیەکانى ترەمپ کە لە سەدو پەنجا ساڵى ڕابردوودا، یەکەمجارە لە نێوان سەرۆکى ماوەبەسەرچوو و سەرۆکێکى هەڵبژێراودا ڕووبدات ئەوە ڕووبدات کە سەرۆکى پێشوو ئامادەى مەراسیمى دەستاودەستکردنى دەستەڵات نەبێت.
هەرچەندە ترەمپ لە پێش دەستپێکردنى مەراسیمەکە کۆشکى سپى بە جێهێشت ، بەڵام بەڵێنى دا کە بگەڕێتەوە بۆژیانى سیاسى لە ئایندەدا، بەڵام ڕۆژەکانى دوایى تەمەنى سەرۆکایەتى بە تایبەتى دواى دەرکەوتنى ئاکامى هەڵبژاردنەکان لە 3/11/2020 ڕووى ڕاستەقینەى ترەمپى دەرخست کە بەرگەى دۆڕان و شکست لە سیاسەتدا ناگرێت، ئەوەشى نەزانێت چۆن ڕەفتار لەگەڵ دۆڕان و بردنەوەدا دەکات، ئەوا دۆڕۆژى سیاسى باش نابێت.
لەوەش ڕوونتر ئەوەى دامەزراوەکانى سیستمى دیموکراسى ئەمریکا پیشانیاندا بە هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریشەوە، ئەوەیە کە ئەستەمە ترەمپ جارێکى تر بگەڕێتەوە ژیانى سیاسى هەرچەندە پێشبینی و هەنگاوەکانى کۆنگریس بەرەو ئەوەیە لێپێچینەوە ى لە گەڵدا بکرێت، نابێت کەسێک لە ڕێگەى دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ببێتە سەرۆکى ئەمریکاو بگاتە کۆشکى سپى دواتر یاخى بێت و دان بە شکستدا نەنێت.
سەرکەوتنى بەهێزى ئەمریکا لەم قەیرانەى کە ترەمپ و لایەنگرەکانى خوڵقاندیان بە پەلاماردانى کاپیتەڵ هۆڵ لە واشنتۆن دەرى خست کە دیموکراسیەتى ئەمریکا خاوەنى هەیە، ئاسان نیە باز بەسەر دامەزراوەکانیدا بدرێت.
هەرچەندە بە هۆى کۆرۆنا ڤایرۆسەوە کە 400 هەزار ئەمریکى کوشت کە لە شەڕی جیهانیشدا ئەمریکا هێندە قوربانى نەداوە، بەڵام ڕێکخەرانى مەراسیمەکە توانیان کەشى مەراسیمەکە بە ئاڕاستەى خۆشى و گەشبینى بەرن، کە وتارەکەى سەرۆک بایدنیش پڕ بوو لە گەشبینى و هیوا بە ئایندەو ڕووبەڕووبوونەوەى کۆڤید 19، هەروەها پێداگیرى لە سەر پتەوەى بنەماکانى سیستمى دیموکراسى ئەمریکا.
هەنگاوێکى ترى سەرۆکى نوێ لە ناوخۆدا فریاکەوتنى بارى ئابورى و بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنایە، لە ڕووى سیاسەتى دەرەوش ڕاستکردنەوەى هەڵەو لادانەکانى ترەمپە بەرامبەر بە دۆست و هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە جیهاندا هەر لە ئەوروپاوە تاوەکە ئاسیا بە تایبەتى یابان و کۆریای باشوور و ڤێتنام ڕۆژهەڵاتى ناوین و پێکهێنانى بەرەیەک بە سەرۆکایەتى ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى بەرامبەر بە چین کە گرفتێکى گەورەیە لە بەردەم ئەمریکا دا.
لەلایەکى تریشەوە ئالەنگارى تر زۆرن لە بەردەم ئیدارەى بایداندا وەکو کۆریاى باکورو ڕوسیا و ئێران و تورکیا، ئەوەى بەرپرسە تازەکانى کابینەى بایدن باسى دەکەن نیگەرانى توندە لە تورکیا کە دەڵێن ڕەفتارەکانى تورکیا ڕەفتارى هاوپەیمان نیە، بە رامبەر ئێرانیش لێدوانى تازەیان هەیە هەر لە ئێستاوە باس لەوە دەکەن کە بۆ وتوێژى داهاتوویان لە گەڵ ئێران دەبێت هاوپەیمانەکانى کەنداوى عەرەبى و ئیسرائیل بەشدار بن بە هۆى بارى ئاسایشى ئەو وڵاتانەوە کە ئەم لێدوانانە ڕەنگە بەلاى ئێرانیەکانەوە دڵخۆشکەر نەبێت و زۆر قەڵسیان بکات، جگە لە بەرنامە ى رۆکێتى دوور مەوداى ئێران و ماوەى ئەو دەساڵەى کەبۆ ئێران دانرابوو کە چەکى ئەتۆمى بەرهەم نەهێنێت کە ئیستا دەخوازن بیگۆڕن بۆ هەتاهەتایى.
بایدن لە کۆتایى وتارەکەیدا بە کورتى ئەوەى بە گوێ ى هەموواندادا کە دیموکراسى سەرکەوت، ئەوە گرنگە گەل و نەتەوەى ئەمریکا یەکگرتوو بوو، ئەمریکا لەجاران بەهێزتر بوو پێش پەلاماردانى کاپیتل هۆڵ لەلایەن لایەنگرانى ترەمپەوە، دەرکەوت دیموکراسى ئەمریکا چەسپیوو جێگیرە و کەس ناتوانێت پێشێلى یاساو دەستوورەکەى بکات.
لە کۆتاییدا ئەوەى دیارە کۆسپ و تەگەرەو ئالنگارى گەورە لە بەردەم ئیدارەى بایداندان، بە تایبەتى لە ڕووى ناوخۆییەوە بەڵام ئەوەى دڵخۆشکەرە بۆ بایدن خواست و ئارەزووى هەردوو حزبە دیموکراتى و کۆمارى بۆ هەڵدانەوەى لاپەڕى ترەمپ، بە تایبەتى ئیستا ڕۆژانە ئەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە هەندێک سەرکەوتنى سیاسەتى دەرەوەى ترەمپ لە هەندێک بوارى دیاریکراودا خۆى خاوەن و داهێنەرى نین، بەڵکو خەڵکى تر بۆیان ڕێکخستووە، کە ڕۆژێک دێت نهێنیەکانى ئەم سەرکەوتنانەى ئاشکرا دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت