بورهان شێخ رەئوف: جموجوڵ و هەماهەنگى نێودەوڵەتى بۆ لابردنى سزاکانى سەر سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تا ماوەیەکى بەر لە ئێستاش بابەتى لابردنى سزاکانى سەر ڕژێمى سوریا لە ئارادا نەبوو، بەڵکو ئاماژەکان بەو ئاڕاستە بوو کە ڕژێمى ئەسەد ناچار بکات ڕەفتارەکانى خۆى بگۆڕێت، بەڵام ئێستا سەرەتای گۆڕانکارییەک وەدەرکەوتووە لە سەر شانۆى ڕوداوەکانى سوریا کەباس لە چاو پێداخشانەوەو پێداچوونەوەى سزاکانى سەر دیمەشق دەکات بە پاساوى ئەوەى کە قورسایى و کاریگەرى سزاکان بۆ سەر زۆرینەى گەلى سوریایە.
هەروەکو ئاشکرایە لە ساڵى 2012 ەوە ئەمریکاو یەکێتى ئەوروپا سزای ئابورى سەختیان بەسەر سوریادا سەپاندووە بە مەبەستى ئەوەى ڕژێمى ئەسەد ناچار بکەن کە ڕەفتارەکانى بگۆڕێت و گوێ بۆ داخوازییەکانى گەلى سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگرێت و زەمینەسازى بکات بۆ دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵات.
ئەوەى زیاتر سزاکانى توندتر و کاریگەرتر کرد لە سەر سوریا یاساى قەیسەرى ئەمریکى بوو لە حوزەیرانى ساڵى 2020 بە تایبەتى ئەو بازنە تەسکەى گرتەوە کە لە دەورو پشتى ئەسەدن، جگە لە بازرگانو بزنسمانە سوریەکان و بانکى ناوەندى سوریا، بە مەبەستى فشارى زیاتر لە سەر دیمەشق، بەڵام ڕژێم هیچ نیازێکى پیشان نەداوە بۆ دەستبەرداربوون لەو ڕفتارانەوە گۆڕانکارى ڕاستەقینە، بەڵکو ئێش و ئازارى سوریەکانى زیادى کرد، بەڕادەیەکە 80% خەڵکى ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن بە گوێرەى ڕاپۆرتەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرەتاى هەوڵەکان بۆ سووککردنى سزاکان
لەم دواییەدا بزاڤێکى نێودەوڵەتى سەرى هەڵداوە بە مەبەستى سووککردن یان لابردنى سزاکانى سەر سوریا ، سەرەتاکانى لە ئەنجومەنى مافى مرۆڤى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرکەوتووە ،دواتر هەمان باس و گفتوگۆ درێژەى کێشاوە تا گەیووەتە سەرکردە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتى فەرەنساو ئەمریکا لە سەر چۆنیەتى هەڵسوکەوت لە گەڵ سزاکانى سەر سوریا و گرنگى ئەم هەنگاوەو کاریگەرییەکانى.
هەرتایبەت بەم هەنگاوە یەکێک لە کەسایەتیە چالاکەکانى ئۆپۆزەسیۆنى سوریا ( ئەیمەن عەبدولنور ) کەلە ئەمریکا دادەنیشێت وتوویەتى گۆڕانکارییەک لە بۆچوونى وڵاتان هاتۆتە پێشەوە سەبارەت بە سزاکانى سەر سوریا، کە لە چەند هەڵوێست و هەنگاوێکدا ڕەنگى داوەتەوە پێناچێت کە لە خۆڕا و خۆڕسکانە هاتبنە ئاراوە بەڵکو پێشتر بەرنامەڕێژى و پلانى بۆ دانراوە.
سەرەتاى سەرهەلًدانى ئەم بزاڤە کاتێک وەدەرکەوت کە ( ئەلینا دوهان ) ژنە شارەزاى سەربەخۆى مافى ومرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە خەڵکى بیلاڕوسە لە وتەیەکدا لە 29 / دیسمبر/2020 داواى کرد کە سزا سەپێنراوەکانى سەر سوریا لاببرێت، چونکە بەربەست دەخاتە بەردەم هەوڵەکانى بنیاتنانەوەى ژێرخانى شارستانى کە بە هۆى جەنگەوە وێران بووە.
هەروەها ( ئەلینا دوهان ) وتى کاتێک سزاکانى یاساى قەیسەرى ئەمریکا دەرکرا وتیان مەبەست لێ ى ئەوەیە ئازارو زیان بە خەڵکى ئاسایى سوریا نەگەیەنێت، وتى بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە ئەم یاسایە بارودۆخى خەڵکى ئاسایى سوریا زۆر سەخترو نالەبارتر کردووە بەجۆرێک کە خەڵکى سوریا بێبەش دەکات لە بنیاتنانەوەى وڵاتەکە.
سەرەتا لێدوانەکانى ئەم بەرپرسە ى نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵایەکى زۆرى لێکەوتەوەلە سوریا و لە دەرەوەش وا لێکدرایەوە کە خۆڕسکانەیە و لە خۆڕا ئەم لێدوانەى داوە، بەڵام دواتر هەندێک ئاماژە دەرکەوتن کە سەرۆکى فەرەنسا ماکرۆن داواى لە پیاوانى ئاینى مەسیحى کردووە کە داوا لە خۆى و دواترلە سەرۆکى ئەمریکاش بکەن کە سزاکانى سەر سوریا لاببەن، دواتریش گەورە پیاوانى مەسیحى لە سوریا و لوبنان پەیوەندییان کردووە بە ڕێکخراوە مەسیحیەکانى بەریتانیاو فەرەنسا و سویسرا ئەوانەى کە داخوازییەکەیان واژۆکردووە.
هەرلەو چوارچێوەدا پێش چەند ڕۆژێک بەتریرک (ئەفرامى دووەم ) و چەند ین سەرۆکى کەنیسە و چالاکوانى سیاسى لە بەیاننامەیەکدا بۆ سەرۆک بایدن بە هۆى دەستبەکاربوونیەوە وەکو سەرۆکى ئەمریکا داوایان لێکردووە دەستبەجێ ئەو ڕێکارو سزانە لە سەر گەلى سوریا هەڵبوەشێنێتەوە، بە تایبەتى ئێستا کە پەتاى کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە و کاریگەرییەکانى کەرتى تەندروستى بەتەواوى شەکەت کردووە.
لە کۆتاییدا بە هۆى ئەو سزانەوە ڕژێمى سوریا کە نیوەى خاکى سوریایى لە بندەستایە ناتوانێت پێداویستیە سەرەتاییەکانى سووتەمەنى و ئارد و دەرمان دابین بکات بۆ خەڵکى سوریا، لە لایەکى تریشەوە ئۆپۆزەسیۆن و ڕەوەندى سوری لە دەرەوە دەترسن لە لابردنى سزاکان بۆیە دەخوازن سزا لە سەر تاوانباران و گەندەڵکاران و ئەوانەى دەستیان بە خوێنى خەڵکى سوریا سوورە بمێنێت، سزا لە سەر چەک کڕین بمێنێت و یارمەتى و کۆمەکى مرۆیى زیاد بکرێت و لە ڕێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابەش بکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت