گۆران هەڵەبجەیی: لە کافران بەزیاد بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ تابژی چیرۆکی سەیروسەمەرە دەبیستێت ،هەندێکیان هێندە ناماقوڵ و نابەجێن عەقڵ و مەنتیق قەبوڵیان ناکات. کێشە لەوەدایە بڕێک لەم چیرۆک و بەسەرهات و ڕووداوانە لەگەڵ ئەوەی نادرووست و نا دادپەروەرن، بەڵام لە نێو چوارچێوەی یاسا و دەستوردا جێگەیان دەبێتەوەو ڕێگەپێدراون.
بابێمە سەر باسی یەکێک لەو چیرۆکانە کە لەوڵاتی دانمارک ئەو وڵاتەی من لێی دەژیم ڕوویداوە.
لەسەرووەختی جەنگی ناوخۆی سوریا، چەند ملیۆنێک خەڵکی سوریا ئاوەرەی و ڵاتانی دراوسێی سوریا بوون، ژمارەیەکی زۆریشیان خۆیان گەیاندە ئەوروپا.
دانمارکیش بەشێکی لەوە پەنابەرە سوریانە بەرکەوت کە زۆربەی هەرەزۆریان مافی پەنابەرێتیەیان پێدرا.
لەو وڵاتانەی مافی پەنابەری دەبەخشن یاسایەکیان هەیە کە پێی دەڵێن: [کۆکردنەوە یا یەکگرتنەوەی خێزان] یانی کەسی پەنابەر لەکاتی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا بۆی هەیە داوای ئەندامانی خێزانەکەی بکات وەک هاوسەرو منداڵەکانی. یەکێک لەم پەناهەندە سوریانە پاش ئەوەی مافی پەنابەری وەردەگرێت داوای یەکگرتنەوەی خێزانەکەی دەکات. لایەنی پەیوەندیدار بەم مەسەلەیە دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی کارەکە، بۆیان دەردەکەوێت ئەم پیاوە سێژن و کۆژڵێک منداڵی لەهەرسێ ژن هەیە، پاش بەدواچوون و و ردبینی و پشکنینی پزیشکی دەردەکەوێت منداڵەکان هی خۆین. لەدانمارک یاسا بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە فرەژنی نادات، واتە کەسێکی مسوڵمان بۆی نیە ژنی دووەم و سێیەم لەدانمارک بهێنێ، بەڵام گەر پێشوەخت لە وڵاتی خۆی زیاد لە هاوسەرێکی هەبووبێت ئەوە بە پێی یاسای [جمع الشمل] ئەو کەسە بۆی هەیە چەند هاوسەرو منداڵی هەبێت داوای هێنانیان بکات.
جا ئەم یاسایە ئەم کەسەی گرتەوەو هەموویان لەسەر خەرجی حکومەتی دانمارک هێنران بۆ دانمارک.
بە حوکمی ئەوەی لە هەر شوقەیەکدا ژمارەیەکی دیاریکراو بۆیان هەیە بژین، بۆیە ئەم خێزانە مەزنەیان خستە سێ شوقەی تەنیشت یەک، واتە نهۆمێکی سێ شەقەیان تەرخان کرد بۆیان.
هەرچی پێداویستی ناوماڵە بۆیان مەیسەرکرا، منداڵەکانیان خرانە بەر خوێندن. هاتە سەر ئەوەی کابراو هاوسەرەکانی بچنە دەورەی زمان، بەڵام زۆر جدی نەبوون، لەهەفتەیەکدا یەک دوو ڕۆژ دەچوون،بەمەش هیچ فێر نەبوون و بەردەوام پێویستیان بەوەرگێڕ بوو کە ئەمەش خەرجیەکی زۆر دەکەوت لەسەر شارەوانی.
پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێک ژمارەی منداڵەکان بوونە دوو هێندە [ 23 ] منداڵ. بۆیە دەسەڵاتدارانی شارەوانی لەگەڕان بەدوای چارەسەردا بوون بۆ ئەم کێشەیە {9} کەس لە شوقەیەکدا زۆرەو ڕێگە پێدراو نیە.
ویستیان لە شوێنی جیا جیا دایاننێن، بەڵام ڕەتیان کردەوەو دەیانخواست لەهەمان شوێن بمێننەوە.
بەهۆی ئەوەی بڕیاری ڕووخاندنی بلۆکەکە درابوو وە دەبوو ئەوانیش بڕۆن، ناچار لە دەرەوەی شار شوێنێکیان بۆ دابین کردن کە خانویەکی تەنهای چەند بەشەو چەندین ژوور لەخۆدەگرێت کە بە دانمارکی پێی دەگووترێت [Gård .
دیارە ئەم کێشەیە وائاسان چارەسەر نەکرا، بەڵکو کێشمە کێشی زۆر بوو.
جا با بێینە سەر خەرجی ئەم خێزانە کە هیچ کارو پیشەیان نیەو تەنها دەخۆن و دەخەون.
لەدانمارک شتێک هەیە پێی دەلێن [ هاوکاری منداڵان، børne chek ]، ئەمە جۆرێکە لەهاوکاری دارایی بۆ منداڵان و هەموو منداڵێک تا تەمەنی [ 18 ] ساڵ بۆی هەیە وەری بگرێت گەر باوکی ملیۆنەریش بێت.
ئەم هاوکاریە سێ مانگ جارێک دەدرێت، جا بۆ خێزانێک کە منداڵێان زۆر بێت وەک ئەم خێزانە، ئەوە پارەیەکی ئێجگار زۆرە. هەندێک خێزانی مسوڵمان تەنها لەبەر ئەو پارەیە ساڵی منداڵێک بەرهەم دێنن. من بە گوێی خۆم گوێم لە هاونەتەوەم بوو کە زۆر نەبوو مافی پەنابەریەتی وەرگرتبوو، باسی ئەو هاوکاریە سێمانگیەمان بۆ کرد وتی [وەڵا گەر وابێت ساڵی منداڵێک درووست دەکەم].
وێرای ئەم هاوکاریە سێ مانگیە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە کە [ 27 ] کەسن مووچەی مانگانە وەردەگرن، بەڵام بەیەک وەجبە، واتە یەک مەبلەغ دەخەنە سەر بانک کۆنتۆی پیاوەکە. پاشان کرێی ئەو شوێنەش کە لێی دەژین،کە بێگومان زۆر گرانە، جگە ئەمانە وردە خەرجی دێت بۆ نمونە کرێی هاتووچۆی منداڵەکان بۆ خوێندنگا و خەرجی دیکە.
ئەوەی بە تەقریبی خراوەتە ڕوو خەرجی ساڵانەی ئەم خێزانە گەورە پتر لە { 1800000}ملیۆن و هەشسەد هەزار کرۆنە،کە بەحسابی ئیمڕۆ بە دۆلار دەکاتە زیاتر {290000 } دۆلار .
من لەگەڵ ئەوەم کە هاوکاری مادی ئەو خێزانە لێقەوماوانە بکرێت و ژیانێکی شایستەیان بۆ دەستەبەر بکرێت. ئەوە مافی خۆیانەو دەبێ سەرچاوەیەکی ژیانیان هەبێت. بەندەش تاکارم دەستکەوت بەو قۆناغەدا تێپەڕیم. بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز بیر لەکار ناکەنەوە، چونکە دڵنیایە هەرکارێک بکات داهاتی ناگاتە چارەکی ئەوەی ئێستا دەستی دەکەوێت کە بە پێی یاسا بۆی زامن کراوە.
ئەم جۆرە ناعەدالەتی و [هەڵەی یاسایی] یانە وادەکەن کە هەندێک لە دانمارکیەکان بەتایبەتی ئەوانەی دژ پەنابەری ڕۆژهەڵاتین هاواریان لێ هەستێت، چونکە دەڵێت خۆم و هاوسەرەکەم بەردەوام کاردەکەین و سکات دەدەین و لەکۆتایدا سکاتەکەمان دەڕوات بۆ ئەو تەمەڵانە.
زۆر جار کار بۆ ئەم کەسانە دەدۆزنەوە، بەڵام بەجۆرەها بەهانە نایکەن، یا چەند ڕۆژێک کادەکەن و پاشان وازی لێ دەهێنن، وە دەسەڵاتدارانیش ناتوانن ناچاریان بکەن بەکار کردن. لەسەر ئەو ژیانە تەمبەڵیە بەردەوام دەبن، مادام دەستورو یاساو پەرەگرافەکان دژ نین.
دەی جێگەی خۆیەتی ئەم مرۆڤە ڕۆژانە لە کاتی نوێژدا دەم بەدوعا بێت بۆ دانمارک، بۆ وڵاتی بەرازخۆرو کافران و بڵێت [کافران لێتان بەزیاد بێت] کە ئەم ژیانە خۆش و پڕ بەختەوەریەتان بۆمان دەستەبەر کردوە.
سەرنج/ دەساڵێک لەمەوبەر چیرۆکێکی هاوشێوە لە یەکێک لە دوورگەکانی دانمارک لەگەڵ خێزانێکی سۆماڵی ڕوویدا کە ئەویش سێ هاوژین نزیکەی 20 منداڵی هەبوو. یەکێک لە ڕۆژنامە ناودارو پڕ فرۆشەکانی دانمارک [پۆلەتیکن] بە مانشێتێکی گەورە لە سە وێنەی خێزانەکە نووسیبووی[داهاتی ساڵانەی ئەم خێزانە زیاترە لە داهاتی ساڵانەی سەرۆک وەزیران]. دەمێک ڕۆژنامە نووسێک لە پیاوە سۆماڵیەکەی پرسی بوو، ئایا دەزانیت کە داهاتی ساڵانەت زیاترە لە هی سەرۆک وەزیرانەکەمان؟ لەوەڵامدا گووتبوی ئەوە کێشەی من نیە کێشەی خۆتانە. ڕاستدەکات کێشەی ئەو نیە، کێشەی یاسا پڕ کوونووکەلەبەرەکەیانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت