عەبدولکەریم شێخانی: با ئەو ڕۆژە ڕەشە بێ ئاماژە بۆ کردن تێ نەپەڕێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتی ئەم عیراقە بەو پینە و پەڕۆیەی ئیستیعماری بەریتانیا پێکیەوە ناوناوی لێ نرا دەوڵەتی عیراق، ئارامی بە خۆیەوە نەدیوە. چونکە پێکهاتەکاتەکانی پێکەوە گونجاو نەبوون. لەلایەک شیعەو سوننە کە هەرگیز دانوویان پێکەوە ناکوڵێ و ئەوە زیاتر لە 1400 ساڵە شیروتیر لەیەک دەسوون و هەر حوکمێکی ئیسلامى هاتبێ سوننە باڵا دەست بووەو شیعەی هەڵپەرداوتووە و ئیستاشی لەگەڵدا بێ تەنانەت کە هەندێک جار پێکەوە دادەنیشن، بیر لەوە دەکەنەوە چۆن یەکتر لەناوبەرن.
کە بەریتانیا و فەرەنساى براوەى جەنگ پەیماننامەى ( سایکس ــ پیکۆ) یان جێ بەجێ کرد، ئینگلیز شتێکی بەناوى عیراق دروست کرد کە هەموو ناوچە عەرەبییەکانی دەگرتەوە و تا سنووری چیای حەمرین و بەشی زۆری شیعە مەزهەب بوون و ئەمەش فەیسەڵی مەلیکی نیگەران کردبوو، چونکە ئەو هەر لە بنەڕەتدا کە خەڵکی وڵاتی حیجازە لەگەڵ شیعە دڕدۆنگ بوو و کاتێکیش کە ویستى لە حەمرین تێپەڕێ، چەرچل هۆشداریی دایە و پێی گوت: ئێمە ئیمپراتۆرییەتمان بۆ دروست نەکردووى، لە چیاى حەمرینەوە وڵاتى کوردستانە. ئینگلیز حکوومەتی شێخ مەحمودی بە نابەدڵی دروست کرد و سەرەنجام بەو دەردەیان برد کە بردیان و بۆ نەگبەتی چەرچل لە وەزاڕەت نەما و یەکێکی دیکە جێی گرتەوە کە هیچ شارەزاییەکی نەبوو و بە هەوڵ و تەقەلاى مستەر کۆکس و مسز بێل کوردستان بێ ڕەزامەندیی خۆی خرایە سەر ئەو عیراقە بە پینەو پەڕۆ دروست کراوە بۆ هاوسەنگیی پەیداکردن لە نێوان شیعە و سوننە. واتە عیڕاق لەسەر سێکوچکەیەکی پێکەوە نەگونجاو دروست بوو شیعە و سوننە و کورد.
کورد چەن جارێک ڕاپەڕی و شۆڕشی کرد و بە ئەنجام نەگەیشت. حوکم زیاتر بەدەست سوننەکانەوە بوو و هەر دەتگوت درێژکراوەى حوکمى عوسمانییە. 14ى تەموزی 1958ى بەسەردا هات و ناومان لێ نا شۆڕش. سەڕەتا باش بوو، بەڵام نەتەوەپەرستە عەرەبە توندڕەوەکان هەر زوو دەستیان کرد بە چالاکی نواندن و ویستیان عیراق بەرەو کۆماری یەکگرتووى عەرەبدا بەرن کە لە یەکگرتنێکی قرچۆکی نێوان سوریاو مصر پێک هاتبوو. بەڵام هێزە دیموکراتخوازەکان و کوردیش دژى ئەو ڕەوت و بۆچوونە بوون. بەعسییەکان کە تەمەنیان 11 ساڵ بوو، چالاکانییان دەنوند و دەیانویست عیراق بەرەو ڕیبازێکی نەتەوەپەرستیی دەمارگیر ببەن وەک پەندە کوردییەکە دەڵێ: ئەگەر سەرچۆپی درایە دەست سەگ، هەر بەرەو کولانە ڕایدەکێشێ. گەلێک پێلانیان گێڕا , عبدالکریم قاسمیان لە ( رأس القریة ) لە شەقامی ڕەشید بریندار کرد، تا لە ڕۆژى هەینیی ڕێککەوتی 8ى شوباتی 1963 کۆدەتایەکی خوێناوییان ساز کرد و هەر لەیەکەم سەعاتەوە کەوتنە کوشتنی هەموو ئەوانەی نەیاری بەعس بوون بە تایبەتی شیوعییەکان کە بە دڕندانەترین شێوە هەزارانیان لێ کوشتن و بەیانی ژمارە 13یان دەرکرد کە بە ئاشکرا داواى لەنێوبردنی شیوعییەکان دەکات.
من ئەو ڕۆژە هەشت مانگ زیاتر بوو لە بەندیخانەی حیللە بەند کرابووم. دەورو بەری سەعات 9 و چارەکێک میکرۆفۆنی بەشەکەی ئێمە کە بە ڕادیۆى بەڕێوەبەرایەتیی بەندیخانەوە بەسترابووەوە، چەند خولەکێک بێ دەنگ بوو و لە پڕ گوتی: ( یا أبناء الکرخ و الأعظمیة )، نەتەوەپەرستە توندڕەوەکان لەو دووناوچەیە زۆر بڵاو بوون. ئیدى گوتی ئەوە شۆڕشی نەتەوەى عەرەب دەىستى پێ کرد دژی شعوبییەت و قاسمى دیکتاتۆر.. شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو و هەموومان سست بووین، چونکە دەمانزانی حوکمى بەعس واتە کۆتایی هاتن بە ژیانی ئێمە.
ڕۆژی 9ى شوبات، عبدالکریم قاسم لە بیناى ئیستگەی ڕادیۆ شەهید کرا. بەشەکەی ئێمە سێ ژووری بەلاوە بوو و هەر ژوورێک وێنەیەکی عبدالکریم قاسمی تێدا هەڵواسرابوو، هاتن وێنەکانیان لێ کردەوە. برادەرێکی خانەقینی ناوى مەحمود زەهاوی بوو کە چاوی بە وێنەکان کەوت گوتی: زیندە بەڵا و مردە بەڵا. زەهاوی زوو بەربوو. دوای چەند ڕۆژێک هاتەوە بۆ سەردانمان و گوتی ئێوەش بەم زووانە بەر دەبن، چونکە دانوستان لەنێوان حکوومەتی تازە و سەرکردایەتیی شۆڕش دەست پێ دەکات. چاوەڕێی بەربوون بووین، بەڵام دواکەوت و هەر بەر نەبووین. من ماوەیەک بوو جگەرەم تەرک کردبوو، لە دواى 9ى حوزەیران دەستم بەجگەرەکێشان کردەوە کاتێک کە بەعس بە دڕندانەترین شێوە هێرشی دەست پێ کرد بۆ سەر کوردستان موقەدەم صالح مەهدی عەماشى وەزیری بەرگری گوتی: سوپاى عیڕاق سەیرانێکی نیشتمانی لە باکووری عیڕاق دەکات. بە گوێی خۆم گوێم لە بەشە کوردییەکەى ڕادیۆی قاهیرە بوو گوتی: حكوومەتی تازەی عیراق چەند هەنگاوێکی سەر لێ شێواوانەى هاویشتووە دژی کوردەکان، بەڵام بەرپەرچیان دراوەتەوە و هەمووی حەفتەیەکی دیکە نابات حکوومەت دەڕووخێ. بەعس ئەو قسانەی تۆمار کردبوو و ناڕەزایی بەرانبەر ئەوە دەربڕی، بەڵام ( محەمەد عبدالقادر حاتەم وەزیری ئیرشادی مصری ) بە درۆی خستەوە و گوتی ئیستگە عەرەبییەکە چى بڵاو کردۆتەوە، کوردییەکەش هەر ئەوەى بڵاو کردۆتەوە و نەچووە ژێری. ماینەوە تا ( شەهید حسن سریع ) لە معسکر رەشید ڕاپەڕینەکەى کرد کە بە داخێکی زۆرەوە سەر نەکەوت. لەو ماوەیەدا بە لێشاو دەسگیرکراویان دێنا بۆ بەندیخانەی حیللە. هەر لەو ماوەیەدا رووداوەکەی شەمەندەفەری مەرگ ڕووى دا کە ئەفسەرە گیراوەکانیان خزاندە نێو فارگۆنی باریی شەمەندەفەر بەو چلەی هاوینە بێ نان و بێ ئاو کە هەندێکیان لەتینوان و لە گەرمان شەهید بوون لە سەماوە خەڵکی ئەو شارە فریایان کەوتن.
ماینەوە و هەر ئازاد نەکراین تا تەنانەت عبدالسلام عارفی سەرۆک کۆماری نەتەوەپەرست لێیان بێزار بوو و لە 18ى تشرینی دووەمی ئەو سالە کۆدەتاى بەسەر هاوپەیمانە بەعسییەکانیدا کرد و ڕووخاندنی. مامەوە تا دانوستانی 1964 دەستى پێ کرد ئینجا لە دواى نزیکەی دوو ساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرام. کۆدەتای 8ی شوبات ڕۆژێکی ڕەش و تاریک و خوێناوییە لە مێژووى عیراق کە بە تەواوەتی هاوشێوەى ڕەفتارە دڕندانەییەکانی ئەڵمانە نازییەکانە، چونکە بەعسیش هاوشێوەى حزبی نازیی ئەڵمانیا دامەزرا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت