بەهرۆز جەعفەر: دەزگای ستاندەر؛ کاری میدیایی ئەکات یان ڕێکخستنی نهێنی؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە هەرە خراپترین بۆ هەرە دیموکراتیترین ووڵاتی دونیا ڕێگە نادرێت سایت و دەزگایەکی وەکو (ستاندار) بەو شێوەیە کاربکات.
من هیچ شتێکی شەخسی یان بوغزێکم بەرانبەر هیچ دەزگاو کەسێک نییە، بەڵام کاتێک کەسگەل و دیاردەیەک پەیدائەبن بەناوی توێژینەوەو زانست و دەزگای میدیاییەوە خەریکی کاری دیکەن! یان ئەوەی لەمێشک و دەروونی خۆیاندا هەیە بەناوی ( سەرچاوەیەک) ی نادیارو نەزانراوەوە بڵاوی ئەکەنەوە، ئەمە هیچی لەو تۆکسین و ماددە خراپانە کەمتر نییە کە لە مەرزەکانەوە بۆ دەرخواردانی خەڵکی کوردستان دێتە ناوەوە. لێرەدا چەند فاکتێک هەن؛
1- لە زانستی ڕاگەیاندن « هەواڵ» ئەبێت فاکت بێت (واتە ئەبێت ڕاستی ڕوون بێت) نەک ئەپینیەن-Opinion و ڕای تایبەتیی کەسیی. کەچی لەوەتەی ئەم سایت و دەزگا بەناو ” ستاندارد!!” ە هەیە لە ( 10 ) هەواڵ هیچ هەواڵێکی ڕەگەزی هەواڵیی تیادا نییە. لە ( 100 ) هەواڵ هەر هەمووی یان زۆر بەکەمی سەرچاوەکەیان دیارو باوەڕپێکراوە – بۆ ئەم مەبەستە بەشەکانی ڕاگەیاندن لە زانکۆو پەیمانگەکان ئەتوانن ئەرکی زانستی خۆیان چێ بکەن و لەم کارە بکۆڵنەوە.
2- یەکێکی تر « ئەتوانم بڵێم لە خیانەتەکانی ئەم دەزگایە» ئەوەیە جگەلەوەی داڕشتن و لایەنی زمانەوانی و خاڵبەندی-Punctuation تیایدا زۆر لاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانی نوسین تەواو نییە، زمانی نوسین نابێت زمانی قسەکردن بێت، بۆ نمونە ئەبێت بوترێ «ئەبێتە هۆی نەک دەبتە هۆی» بۆیە ئەڵێم خیانەت چونکە میدیا ڕۆڵی هەیە لە مراندنی زمان دا. بەداخەوە زۆرجار لە شێوازی نوسین و دەربڕینەکانی بەڕێوەبەری دەزگاکە ” کاک مەسعود عەبدولخالق” دا ئەمە هەیە.
3- بە تەواوەتی هەست ئەکەی ئەمە دوای برنج و فاسۆلیا خواردنەکە سیاسییەکی باڵا تەلەفۆن بۆ دەزگاکە ئەکات کە ختوکەی پرسێک! بدەن، ئەمانیش دێن بەناوی هەواڵ و کاری میدیاوە دنەی ئەو پرسە ئەدەن کە سیاسییەکان ئەیانەوێت؛ فڵان حیزب خراپی لێ قەوماوە… لەوە ئەچێ فیسار کەس سزا بدرێت… سەرچاوەیەک پێی وتین کە دۆخەکە خراپتر ئەبێ و…تادوایی. کاری ئازادی ڕادەربڕین یان کاری نوسین و ڕاگەیاندن ئەمانەتێکی ئەخلاقییەو ، بابەتی ئیتیک ئەبێت ئامادەگی هەبێت. ئەمە مانای وانییە تۆ هەرکاتێک هەر شتێک بە مێشکتدا هات یەکسەر بیخەیتە سەر پەڕەو بڵاوی بکەیتەوە!.
لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەو تاوانە ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی لە لایەن حیزبەکانەوە کراون، سەدان تاوانی زانستی و میدیاییش هەیە. ئێستا سیاسیی قۆڵبڕ و سایت و میدیاکارو چالاکەوانی قۆڵبڕ!یش پەیدابونە، خەریکی لیست و فووکردنە ئەم و ئەو و «کاندید» قووت کردنەوەن.!. بەناوی ئەوەی ئەمانە دژی ستەم و ناعەدالەتی دەستەڵاتن خەریکی فورسەت لێ هێنان و چاوکوێرکردنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ژەهرن لە کۆمەڵگەدا.
جارێکی تر هیوادارم، ئەو ڕاستییە لە بیرنەکەن باسکردن و گواستنەوەو تەنانەت کاردانەوەی هەر « ڕووداو» ێک ئەوەیە وەکو خۆی باسی بکەی کە هەیە، نەک وەک ئەوەی کە تۆ خۆت ئەتەوێت.!. ئاساییە ڕەخنەت هەیە، قسەت هەیە، ستەم و هەڵە ئەبینی و بێدەنگ مەبە!. بەڵام ناکرێ خۆت بکەی بە شمشێر لە دەستی ئەم لایەنەوە بۆ پشتی لایەنێکی تر، لە پشتی ئەویترەوە بۆ ئەمیتر!. هیوادارم ڕێچکەی خۆیان وون نەکەن بۆ ئەوەی سبەی دەستەڵات یان هەر حیزب لایەک کاردانەوەی هەبو بەرانبەریان، ڕوومان بێت بڵێین داکۆکی لە ئازادی بیرو ڕاو میدیای ئازاد ئەکەین!.
هەست و هەڵوێستی کەسیی و ئەزمونی خۆم ئەوەیە؛ چۆن ئەبێت چاودێری سەرهەڵ نەدانەوەی داعش بکەین ، ئاوهاش پێویستە ڕێگە نەدرێت میدیایەکی بەناو ئەهلی وەک ئەوانەی دوو دەیەی پێشووی کوردستان سەرهەڵبداتەوە، دوای پانزە ساڵ دەرکەوت هەریەکەیان سەر بە حیزب و دەزگایەکی ئەمنی بون دژی ئەم و ئەوی تر!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت