بەساب گوش: سارا و مریشکە زەردە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە ئازیزەکان: جارێکیان لە گوندێکدا، خێزانێک زۆر بە بەختیاری دەژیان. ئەم خێزانە بریتی بوون لە دایک و باوک و کچێکی پچکۆلانەی جوانی ژیر و وریا ، کە ناوی سارا بوو. هەموویان سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون. سارا لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی دایک و باوکی دەدا، بەڵام هەر لە منداڵییەوە هۆگری ئاژەڵ و باڵندەکان بوو، بە دڵیش هەموویانی خۆشدەویست. ئەو زۆر کەم یاری دەکرد ، بەردەوام بە ڕاکردن دەچوو بە هانای دایک و باوکییەوە و یارمەتی ئەوانی دەدا. دوای تەواو بوونی کارەکانیشی، ئنجا دەچوو بۆ خۆی یاری لەگەڵ ئاژەڵ و باڵندکاندا دەکرد و بە جوانیش پاکی دەکردنەوە و خزمەتی زۆری دەکردن. لە ناو هەمووشیاندا زۆر حەزیدەکرد لەگەڵ مریشک و جووجەڵەکانییاندا یاری بکات. زوو زوو دەستی بە پشتی جووجەڵەکاندا دەهێنا، کە وەک گوڵۆڵەی خوری و تۆپی ئاوریشم نەرم و شل بوون، هەر بۆیە زۆر جار لە خۆشیاندا پڕ بە دەمی هاوری دەکرد: ئای خوایە گیان ئەم جووجەڵانەمان چەند نەرم و نیان و ئێسک سووکن و چەندیش، جووکە جووکییان خۆشە. بەڵام ئەوەی سەیر بوو یەکێک لە مریشکەکان، کە ناوی مریشکە زەردە بوو، زۆر زوو تووڕە دەبوو ، حەزی نەدەکرد کەس دەست لە جووجەڵەکانی بدات و لێیان نزیک ببێتەوە، هەر بۆیە کاتێ سارا بە ئەسپایی دەستی بە پشتی جووجەڵەیەکیدا هێنا، مریشکەکە زۆر بە گوڕ هات و بە خێرایی هێرشی کردە سەر سارا و هەتا توانی دەنووکێکی زۆر قایمی لە سەری پەنجەی گرت!.
سارا بە قیژە قیژ و گریانەوە ڕایکردەوە بۆ لای باوکی و وتی: بابە گیان: مریشکە زەردە نایەوێت یاری لەگەڵ جووجەڵەکانیدا بکەم، ئەوەتا دەنووکێکی قایمی وای لە سەری پەنجەم گرتووە، تەماشاکە چۆن چۆنی خوێنی لێهێناوە. ئاخر خۆ من ئەوانم زۆر زۆر خۆشدەوێ، تەنها ویستم هەر یارییان لەگەڵدا بکەم ، کەچی ئەو ئەوەتا دەنووکی لێگرتووم. کاتێک سارا لە قسەکانی بۆوە، ئنجا باوکی وتی: سارا گیان: دەزانی بۆچی هەموو جارێک مریشکە زەردە وادەکات؟. سارا لە وەڵامدا وتی: نەخێر بابە گیان نازانم. ئنجا باوکی زۆر لەسەرخۆ وتی: چونکە مریشکە زەردە ماوەیەکی کەمە لە ناوماندایە. هێشتا تۆ بە باشی ناناسێت، بۆیە بە گومان و دوودڵە لێمان، ئاخر ئەو دەترسێت و لای وایە، کە تۆ ئازاری جووجەڵەکانی دەدەیت. هەر بۆیە دەنووکی لێگرتوویت، جا سارا گیان: ئەگەر وا دابنێین، کە مریشکە زەردە هێشتا بە باشی ئێمە ناناسێت، بۆیە ئەو دەنووکەی لێگرتوویت، ئایا هەر گلەیی لیێ دەکەیت؟).
سارا سەرێکی بۆ باوکی لەقاند و وتی: نەخێر بابە گیان گلەیی لێناکەم و لێشی دەبورم. ئنجا باوکی وتی: کەواتە ئەگەر تۆ ماوەیەکی باش لەگەڵ مریشکە زەردەدا بە جوانی هەڵسوکەوت بکەیت و لەگەڵ یەکتریدا ڕابێن، دڵنیام ئەو کاتە مریشکەکەش تۆ بە باشی دەناسێت و بە دڵیش تۆی خۆشدەوێت و وەک ئەمڕۆش دەنووکت لێ ناگرێت، ڕێگاشت دەدات لەگەڵ جووجەڵەکانیدا یاری بکەیت. کەواتە سارا گیان: هەمیشە ئەوەت لە بیربێت، گرنگترین شت ئەوەیە، پێشەکی بەرامبەرەکانمان بە چاکی بناسین، جا ئەو بەرامبەرە مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ و باڵدار. چونکە هەموومان لە سەرەتادا گومان و ترس و شکمان لە یەکتری هەیە. جا تکایە هەمیشە کاتێکی باش دابنێ بۆ ناسینی بەرامبەرەکەت، دڵنیابە ئەو کاتەی بە چاکی دەیناسیت، نە تووشی زیان دەبیت، نە لە بەرامبەرەکەشت پەشیمان دەبیتەوە.

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی . ناوەکەی کچێکی گەنج و مریشکێک بوو، بەڵام ناوەکەیم کرد بە سارا و مریشکە زەردە، چونکە بۆ منداڵان خۆشترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت