هەژار نامیق: دزەکان دوو بوون ئێمە سەد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من لایەنگری ڕاستیم گرنگ نیە کێ دەیڵێت! من لایەنگری دادپەروەریم گرنگ نیە بۆکێ یا دژی کێ دەبێت. (مالکوم ئیکس)..
زانست و ئەزموون سەلماندوویانە کە هەمیشە یەکگرتن و پێکەوە بوون هێز و متمانەت پێ دەبەخشێت و کەمتر تووشی ئازار و ئەشکەنجە دەبیت کەمتر بەربەستەکان دەبنە هۆی ئەوەی ڕاتبگرن لەوەی بە ئارامی و ئاسوودی بگەیت و ژیانێکى ئازادانە و ئازایانەت هەبێت، یەکبوونی هەموو نەتەوەیەک دەوڵەتێکى بەهێز بنیات دەنێت ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژمارەی دانیشتوانی کەم و ڕووبەری وڵاتی کەم، بەڵام بە هۆی یەکگرتن و یەکبوونیان لە ساڵى 1948 توانیان لە سەرتاسەری دنیا دەست بە دەستی یەک بدەن بۆ بنیات نانى دەوڵەتەکەیان و تا ئێستاش بەوپەڕی هێز و توانایان دەیپارێزن..
کاتێک گەلە گورگێک دەیانەوێت پەلاماری گامێشێک بدەن لە ڕەوەگامێشەکانی تری دادەبڕن، چونکە دەزانن بەو شێوەیە ئاسانتر دەتوانن شکستى پێ بهێنن و بیکەنە نێچیری خۆیان (پەرت بکە و زاڵبە)، بۆیە هەمیشە یەکگرتن لە گەلە گورگەکان دەمانپارێزێت و بەپێچەوانەشەوە پەرتەوازەیی دەمانکاتە نێچیرێکى ئاسانی گەلە گورگەکان، گورگەکان هەمیشە بۆ پەلاماردان بە کۆ پەلامار دەدەن و هەرگیز گورگێک بە تەنها ناتوانێت ڕاوبکات و هیچ کاتێکیش سەرکەوتوو نابێت.
لە سیاسەت و ستەمکردن و بەڕێوەبردنى وڵات بۆ زیاتر دەوڵەمەند بوونی خۆیان و بنەماڵە و دەستە و تاقمیان هەمیشە پێکەوە کار دەکەن واتە کەمینەیەک زۆرینە بەڕێوە ئەبەن کەمینەیەک بە هۆی سوود وەرگرتن لە هۆشیاری خۆیان و کەمی هۆشیاری تاک و کۆمەڵگا بە ئاسانى دەتوانن چیان بوێت بیکەن، جا دەڵێن کاروانێکی سەد کەسی بۆ بازرگانى دەڕۆن و دەکەونە کەمینى دوو دز و جەردەوە بە هەر حاڵ تەواوی کاروانەکە بەتاڵان دەبەن و ئەمانیش دەڕۆنە لای حاکمی شار و شکاتی خۆیان دەگەیەنن و حاکم دەپرسێت چۆن دوو کەس دەتوانێت کاروانێکی سەد کەسی بە تاڵان ببات؟! لەوەڵام دەڵێن: ئەوان دوو کەسی یەکگرتوو بوون ئێمە سەد کەسی پەرتەوازە.
ستەم و زۆرداری کاتێک تەشەنە دەسەنێت کە هەرکەسێک دەست دەگرێت بە کڵاوی خۆی بانەیبات، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی ئەمە ڕێخۆشکەردەبێت و ڕۆژێک دێت ستەمکار هێندە بەهێز دەبێت کە تەماح بکاتە هەموو شتێکى ئەوانی تر و لە کۆتایی هیچ کەسێک لە ئارامی و ئاسایش ژیان ناکات.. ئێمە کاتێک ئەتوانین کۆتایی بە ستەم و زۆرداری بهێنین کە خۆمان ستەم لە خۆمان لە نەوەکانی داهاتوومان لە خاک و وڵات و نیشتمان و شارمان نەکەین ئەگەر فڕێدانى پیچکە بەردێکیش بێت بۆ سەر ڕێگای خەڵک لەوانەیە ببێتە هۆی ئازارگەیاندن بە ئەوانی تر..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت