سەربەست فەتاح: تێکچوونی تەونی کۆمەڵایەتی لە نێوان باڵا پۆشی و بۆتۆکس و نمایشە جەستەییەکانی شاشەی تیڤیەکان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرەتا بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوە لەسەر کەسێتی مرۆڤی کورد ئەبێ ئەوە بزانین کە کار و ئەرکێکی زۆر وورد و گرانە، پێویستت بە سەدان بەدوادا چوونی مەیدانی و نوسین و کۆکراوە بیانیەکان ھەیە تا بگەیتە ئەنجامێک لوغزی تێڕوانین و ھەڵسەنگاندنەکانت سەبارەت وەک ئەڵێن بەم مەخلوقی خوایە دەست نیشان بکەیت.

لێرەدا ھەوڵ ئەدەم بەکورتی سەرنج و بۆچوونێک کە باوەڕی خۆمن، بخەمەڕوو.
بۆ ئەمەش بەگەڕانەوەیەکی خێرا بەڕووداوەکانی چەند سەدەی ڕابردوو و ھاتنی ئاینی ئیسلام و دواتر پەلھاویشتنی و فراوانخوازی لە دوورگەی عەربیەوە بۆ ناوچەکە، گەلی کورد تا ڕادەی قڕکردن و ھەڕەشەی لەناو چوون بەرگری لە بوونی خۆی کردووە مێژووی ھاتن و داگیرکاریەکان لە گێڕانەوە ئیسلامیەکان و بەڵگە مێژوویەکانیش ئەو ڕاستیانە ئەسەلمێنن. ئاینی ئیسلام بۆ نەتەوەی عەرەب کاریگەری نەبوو لەسەر شکاندنی شکۆی کەسێتیان، چونکە ھەڵقوڵاوی ناو نەتەوەیی خۆیان بوو، بەڵام بەداگیرکردن و دەست بەسەراگرتنی سەرزەمینی کورد وەک نەتەوە و بەزاڵبوون و سەلبکردنی مافەکانی نەتەوەیی لەکەسایەتی کورددا، توانی ڕەگی خۆی داکوتێ، تاڕادەیەکی زۆریش وابەستەی کردن بەکەلتووری عەربی و بیابانی ئەو سەردەمە.!!
ئەمە ئەو سەرتایەیە کە شکۆی کەسێتی تاکی کوردی تیادا شکا، بەتێپەڕبوونی سەردەم و سەدەکان و گۆڕانکاریە جوگرافی و گەشەکردنە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکان و ھاتنە کایەی جەنگە باوچەیی و جیھانیەکان و بەرژەوەندیە ئابووری و مرۆیەکان گەلی کورد نەیتوانی کەسێتیەکی نەتەوەییانەی تەندرووست و خاوەن خود لەخۆیا بەرجەستە بکاتەوە لەچوارچێوەی خێڵ و عەشیرەتگەرایی و پاشکۆیەتیدا بەردەوام ئەمبەر و ئەوبەری پێکراوە نەیتوانی ببێتە گەلێکی خاوەن یەک گووتار، لایەنی کەم ئەگەر تەنھا بگەڕێینەوە بۆ سەدەیەک پێش ئێستاو لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، ھەژموونی عەشیرەت بازی و ئیسلامگەرایی و ھاڕینی لەنێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم، عوسمانی و سەفەوی، بلۆکی شەرق و غەرب، ئەمڕۆش لەنێوان ئیسلامی و عەلمانی بەداخەوە بوینەتە ئەو مەخسەرەیەی کە دواکەوتوو ترین کۆمەڵگا ئیرەیمان پێنابات.

بۆتۆکس و نمایشە جەستەیی شاشەی تیڤیەکان:
تەنھا خاڵێكی ئەرێنی کە گەلی کوردستان شانازی پێوە بکات توانیویەتی بەھۆی قوربانیدانی بەشێک لە مرۆڤەکانیەوە پارێزگار لە بوون مانەوەی خۆی بکات لە ڕێگای شۆڕش و یاخیبوونیەوە لەدەسەڵاتە داگیرکەرەکانی نیشتمانەکەی. بەڵام حەیف سەد مەخابن ئەم شۆڕش و دەسەڵاتانە ھەرگیز نەیانتوانیوە ببنە چەتر و بەدیھێنەری ئامانجە پیرۆزەکانی، ھۆکارە ھەرە سەرەکیەکەش بەدەر لەھەر پیلان و نەخشەیەکی دوژمن…، ڕابەرانی کورد خۆیان بوون « ئەمەیان بابەتێکی ترە و پێویستی بە خوێندنەوەی زیاتر ھەیە». ھەر بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ ئەگوزەرێ دەسەڵات بەبەرنامەو بۆ مەشغوڵکردنی خەڵک و درێژکردنەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەیتی، بۆ ھەڵوەشانەوەی خێزان و کۆمەڵگایە، ئاشی دەسەڵات بەمە ئەگەڕێ.. بۆشاییەکی درووستکردووە بەشێوەیەک تەونی کۆمەڵایەتی تێکداوە کە ڕێکخستەوە و ڕاستکردنەوەی شۆڕشێکی ئەوێت.!؟؟
ئەوەی ئەمڕۆ ئەو دەسەڵاتە بەناوی عەلمانیەت و دیموکراسیەوە دەرخواردی کۆمەڵگاکەی ئەدات ئەگەر زیاتر نەبێت لە تاریکستانی داعش و داعشیەکان ھیچی کەمتر نیە و بگرە بەشێکە لە ھۆکاری ھاتنەکایەشیان.

باڵا پۆشی و تێکچونی تەونی کۆمەڵایەتی:
وەک سەرتا باسم کرد لە ھاتنی ئاینی ئیسلام و داگیرکاری کوردستان و گۆڕانکاریەکان، کەسێتی تاکی کورد چی بەسەرھاتووە. نەمن وە نەکەس و لایەنێکیش ھەیە کەبتوانێ بەرگی ئیسلام بوون لە زۆرینەی موسڵمانانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی دابماڵن و بسەننەوە، نەبۆچوون و نەبابەتەکەشمان بەزەبری زۆر لێسەندنەوەی ئاینی ئیسلام نیە..، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو نمایشی باڵا پۆشی و بەڕیکلامکردنی ئەم ھەژموونی ئیسلامگەراییە ئەچێتە خزمەتی نیشتمانی و نەتەوەییمان ؟؟ یان دیسانەوە ئەمیش ئەبێتە ئەو بیانوو و فەراغەی کە ئەچێتە خزمەت ئەجێندا و پیلانی دەسەڵاتداران لەلایەک ، سەرنج و ھەڵوەستەی ھێزە ئیقلیمی و جیھانیەکان لەلایەکی ترەوە ؟؟.
مەخابن ئەوە ھەزار و چوارسەد ساڵ زیاترە زۆرینەی گەلی کورد بەقورسی کۆڵی ئیسلامی لەخۆناوە، کەچی زۆرینەی زۆری دەووڵەتە ئیسلامیەکان و ئیسلامەکان مافی بوونی وەک گەلێکی خاوەن ماف و نیشتمانی خۆی نەک ھەر پێڕەوا نابینن بەڵکو لەژێر ناوی ئایەتی قورئان و لە مزگەوت و حەوزەی دینی و فەتوا بەدەستەکانی فەتوای قەتڵی عامی بۆ دەرئەکەن.
بەشێکی تری ئەم نمایشە ئەچێتە خزمەتی برەودان بەو ئەجێندا و بەرەڵاخانەیەی دەسەڵات کەبەناوی ئازادی لەلایەک و شکست بە پڕۆژەی ئیسلامگەرایی داعشی لەلایەکی ترەوە تەمەنی خۆی پێدرێژ ئەکاتەوە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھێزە بڕیار بەدەستەکانی ناوچەکە.
« لەکاتێکدا من ئەم چەند دێڕە ئەنووسم دەووڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆگانی زاڵم کە خۆی بە خەلیفەی ئیسلام ناساندووە لە باکور و ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بەدڕەندەترین شێوە لە ھەوڵی سڕینەوەی ناسنامەو کلتور و سرووشتی کوردستاندا دەستبەکارە و جیھانی ئیسلامیش پشتیوان و دەستخۆشانەی لێ
ئەکەن».

چارەسەر:
پێش ھەموو شتێک پێویستمان بەوەیە ھەموو ھەوڵەکان بەجۆرێک بێت کە گەلەکەمان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە ببەین کە شکۆ و ئیرادە و متمانە بەخۆ بوون سەرچاوەی ھزری مرۆڤەکانی بێت.
دواجار لەسایەی حکومەت و دەسەڵاتێکی ڕەشیددا.. دین و دەووڵەت ھەریەکە لەشوێن و پێگەی خۆیەوە بەگوێرەی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان جوڵەو نمایشەکانی بەرجەستە بکات، بەڕەچاوکردنی گۆڕانکاری و کرانەوە جیھانیەکان بە جۆرێک، نەجەستە ڕووت و دەسکاری کراوەکان…. نە باڵا پۆش و داپۆشراوەکان، ببنە ئەودووانەیەی کە دەرخواردمان ئەدرێت، بەھەردووکیانەوە بوونەتە مایەی تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتی و وێرانکردنی کەلتووری ڕەسەنی کوردیمان.

بەسوپاسەوە وێنەکان وەرگیراوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت