لاوک کونجرینی: کێ سەرۆک جاش” سالەی خەیاتی کوشت؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای هەڵبژاردنی 19- 05- 1992، ڕۆژێک هونەرمەندی کۆچکردوو، بەهادین عەبدوڵا و کاک یاسین، کە ناسراوە بەیاسینە ڕەش، تەمەن درێژو لەشساخ بێت. هاتن بۆ بەدواما بۆ دۆکانەکەم، کە ئەوسا ماوەیەک بوو دانیشت بووم لە پێشمەرگایەتی بەهۆکارێکی تایبەت، وتیان با بچین بۆ لای کاک نەوشیروان.
لانکرۆزەرێکیان پێ بوو، لە ئەسحابە سپی ڕایانگرتبوو، لەگەڵیان چووم. من لەسەروەختی ڕاپەڕین کە ئەرکەکەم لە هۆڵی ڕۆشنبیری بوو، لە دوای کۆڕەوەکەوە کاک نەوشیروانم نەبینی بوو کە ماوەیەکی زۆر بوو. مالی کاک نەوشیروان لە خانوویەکی کۆندا بوو لەپشتی سجن، ماڵی خوا لێخۆش بوو کاک حەمە نوری حاجی عەبدوڵا بوو، دابوی بەکاک نەوشیروان.
کاتێک کەچووم، پاش سڵاو و بەخێرهاتن، کەوتە قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک فرە باس. ئەوەی بەلامەوە گرنگە بیگێرمەوە بەسەرهاتی سەرۆک جاشەکانە. لەسەر سەرۆک جاشەکان ئاوا دووا:
وتی ئێمە لەگەڵ پارتی ڕێکەوتنێکمان ئەنجام دا، ڕێککەوتنێکی نهێنی لەسەر کۆتایی هێنان به‌دیارده‌ی جاشایه‌تی و بنه‌بڕکردنی یه‌کجاره‌کی.
من ڕۆژێک چووم بۆ لای کاک مەسعوود بەرزانی و، پێشنیاریی یەکێتیم پێ راگەیاند: کە بەرەی کوردستانی لێبوردنی گشتی بۆ سەرۆک جاشەکان دەرکرد بەهۆکاری سەرگرتنی ڕاپەڕین، ئەگەر ئەوەمان نەکردایە زەحمەت بوو بەمڕۆ بگەین و ئەوان بەرەنگارمان دەبوونەوەو سەرکەوتوو نەدەبووین … ئێستاش بە تاوانی دەزانم ئەو هەموو تاوانەیان ئەنجام داوەو لێیان بگەرێین زۆر بەئاسانی بەسەریاندا تێ بپەڕێت، جگە لەوەش مانەوەیان هەمیشە ڕاڕایی لەسەر سیاسەتی بەرەی کوردستانی دروست دەکات لەوەی حکومەتی بەعس لەهەلێکدا بیان قۆزێتەوەو بەکاریان بهێنێت لەدژمان. دیارە کاک مەسعود بە پیشنیارەکە ڕازیی بوو، رێکەوتنمان کرد. بەپێی ڕیکەوتنەکە هەرچی سەرۆک جاشەکانی لای یەکێتی یە بەسینارۆیەک بخرێنە بەردەم هێزێکی تایبەتی پارتی و ئەوانیش لەبەرچاو ونیان بکەن و پاشان بیاندەینە دادگا، پارتیش بەپێجەوانەوە. دیارە پارتی لەدەستپێکی ڕێکەوتنەکە داوای سەرۆک جاش { سالەی خەیات } ی کرد، کە بکوژی عەبدوڵا ئاغا بوو. ئەوە بوو ماوەیەک لەمەوبەر ئێمە سالە خەیاتمان بانگیشت کرد بۆ قەڵاچوالان و لە ڕێگا لە پێش ئەوەی بگەن بە قەلاچوالان هێزێکی تایبەتی پارتی لە بازگەیەکدا جێگیر کران، کاتێک سالە خەیات دەگاتە بازگەکەی داری حسک، دایانبەزاندووە لەگەڵ خۆیان بردوویانەو سەرەونگونیان کرد. دیارە وەک هەواڵ بە ئێمە گەیشتووە لە پاش خۆیان بەنامە کەسوکاری سالەخەیاتیان ئاگادار کردبۆوە پێیان ڕاگەیاندبوو، ئەوە پارتی نییە تۆڵەی خۆی کردۆتەوە، بەڵکوو یەکێتی بەپێی ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی ئەو کارەی کردووەو جێگای ڕەزامەندی ئێمەش نییە.
جگە لەمەش کۆپی ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ نامەدا بۆ هەموو سەرۆک جاشەکان نارد بوو، لە نامەکەدا نوسراوە کە ئاگاتان لەخۆتان بێت، لەژێر ڕێنمایی و تەبایی و ئاشتەوایی دا، ئێمە ئەم ڕێکەوتنەمان لەسەر پێشنیاریی یەکێتی یە قبوڵمان کردووە، بەڵام ئامادەنین جێبەجێی بکەین.
دواتر وتی ئەوە گورزێکی گەورە بوو لە یەکێتی درا لەژێر تارمایی ڕێکەوتندا، کە هۆکار بوو بۆئەوەی لە هەڵبژاردندا زیانێکی زۆرمان پێ بگات. هەروەها زۆرینەی سەرۆک جاشەکان یان هەڵهاتن بۆ ناو حکومەتی بەعس یان بۆ ناوچەی بادینان و دەرەوەی وڵات.

تێبینی/ من هەندێک وردەکاریم نەدرکان لەسەر ئەم بابەتە دەبوایە وا بڵاوم بکردایەتەوە، بەڵام کاتێ بڵاوم کردەوە، بەهۆی کۆمەڵێک سەرج و تێگەیشتنی زۆر کەس و برادەر لە سەر دیووە سینارۆ شاراوەکەی پارتی  بەهەڵدا چوون و دەبێت لە ئێستادا بیدرکێنم:

1- پارتی بەئێستاشەوە ڕازی نەبوو پێش ڕاپەڕین لێبوردن بۆ سەرۆک جاشەکان دەربکرێت، چوونکە سینارۆی هەبوو بۆ ئەوەی ڕاپەڕینەکە سەرکەوتوو نەبێت. بەڵام یەکێتی دەیزانی گەر لێبوردن دەرنەکرێت بۆ سەرۆک جاشەکان، ئەوا پلانی ڕاپەڕین سەرکەوتوو نابێت. واش بوو.

2- بە ئێستاشەوە کەسی یەکەمی پارتی و یەکێتی بڕیار لەسەر کوشتن و گرتنی هەر کەسێک نەدەن، هیچ کەس زاتی ئەوەی نییە لە هەرێمی کوردستان مێشوولەیەک بکوژێت. پاش بڕیاردانی ڕادەستکردنی سالە خەیات بەو سینارۆیەی بۆی دانرا بوو، دەبوو جێبەجێ بکرێت، ئەو بەشەی لەم نوسینەدا باسم نەکردووە ئاوهابوو:

سینارۆکە دەبوو لەلایەن یەکێتی یەوە نامە بۆ بانگێشتکردنی سالە خیات بۆ قەلاچوالان بنێردرێت و، بێت. بەڵام پارتی دوو لایەنانە کاری کرد بوو، لایەنێک هێزی نارد بوو بۆ بازگەکەی داری حسک و لەلایەکی تریشەوە نامەی ناردبوو بۆ سالە خەیات کە نەچن لەگەڵ یەکێتی و، دەیکوژن. ئەو هۆکارە بوو بانگێشتی سالە خەیات گۆڕا بۆ سیانرۆی بردن و گرتن و بەزۆر ڕاپێچ کردن، کە هەڵەکە لە خودی ئەو هێزە بوو کە یەکێتی ناردبووی بەدوای سالەدا تا بە شێوەی بانگێشت بڕاوت لە گەڵیان. ئەوە بوو بەگەیشتن بە بازگەی داری حسک ڕادەستی هێزە تایبەتەکەی پارتی کرا. پارتی یەکەم ئامانجی خۆی پێکاو بەدوایدا ئامانجەکانی تری پێکا کە باسم کرد.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت