دکتۆر نازەنین عثمان: ئەملام تات و ئەولام تات، وەی بابە جیقم دەرهات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە منداڵیی دەمانوت کێ ئەم مەتەڵە هەڵدەهێنێ: ئەملام تات و ئەولام تات، وەی بابە جیقم دەرهات؟ هێندەمان وتبووەوە، هەموومان دەمانزانی؛ کێچە کاتێک لەنێوان دوو نینۆک پاندەکرێتەوە. دۆخی ژنی کورد لە باشوور، وەک ئەو کێچە دێتە بەر چاوم، خەریکە لەنێوان دوو تاشە بەرد و دوو رێڕەوی زۆر مەترسیدار، دۆزی ژن دەفەوتێنن و پانی دەکەنەوە و لەناویدەبەن.
لە هەر دوو رێڕەو، کچ وەک کاڵا سەیر دەکرێ و کراوە، کاڵایەک لە جامخانەدا نمایش دەکرێ و کاڵایەک لەنێو کۆگادا دانراوە. کچانی هەردوولاش وا هەڵخەڵەتێنراون وەک ئەوەی زۆر شارەزا بن لە رەوش و حەز و هەڵبژاردنی ژیانیان بە ئازادیی، نەزانن و نازانن کە هەردوولا بە ویستی هەندێ لایەن، وەک بووکەڵە یارییان پێ دەکەن و پێ کراوە لەسەر شانۆی کوردستان.
لایەنێک بەناوی ئازادیی، کە هیچ پەیوەندییەکی بەئازادییەوە نییە و نامۆن بە ئازادی و فێرکراون و هاندراون کە لە پەیجی خۆیان و لەسەر شاشەی هەندێ لە تەلەڤزیۆنەکان بەشێوەیەک وتار بدەن بەناوی ئازادی و ئازادیی دەربڕین.
ئەم کچانە، بە جەستەیەک نمایشی خۆیان دەکەن بە رۆژی رووناک دیارە چەند دەستکردە؛ لە سمت و گووپ و سینگی پفدراو و لووتی بچووککراوەی بە ئاسماندا رۆیشتوو کە بە دوای تۆزی هەوا دەگەڕێ، برۆی تاتۆی لە شێوەی ئەکتەر سپۆک لە زنجیرە کۆنەکەی ستارتریک. دێن باس لەوە دەکەن چۆن بە نۆتێللا و شیر دەژین، گوایە خواردنەکەیان زۆر تەندروستە، نازانن بەتەنیا خواردنی نەک هەر تەندروست نییە، خۆ ئەگەر هەر ئەوە بخۆن، تووشی بەدخۆراکیی دێن و دەکەونە نەخۆشخانە، یان باسی شاباش بە دۆلار دەکات بەسەریدا هەڵبدرێ و حەقیشیەتی، نرخی دینار لە بازاڕ دابەزیوە و دۆلار بەرزبووەتەوە. راستە ئەم جۆرە کەسانە زۆر بەخێرایی دەوڵەمەند دەبن، بەڵام زۆر بەخێراییش دەڕووخێن. لە دنیای سەرمایەداریدا نموونە لەوانە زۆرن؛ کچە نمایشکەر دەڵێ “دەبێ بخۆمەوە پێش گۆرانیوتن، دەنا دەنگم باش نابێ”. سیلین دیۆن، گۆرانیبێژی جیهانیی بەناوبانگ، لە دیدارێکدا وتی: “ئاوی سارد و کهول ناخۆمەوە، نەوەک کار لە ژێیەکانی دەنگم بکات”. ئەو باش دەزانێ دەنگی سەرمایەیەتی و نمایشکەریش باش دەزانێ دەنگی سەرمایەی نییە.
لەشفرۆشیی، کارێکی زۆر کۆنە و لە پێش مێژووی زایینییەوە هەبووە و تازە نییە، ئەوەی نامۆیە نەک هەر بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ ئەو وڵاتانەی ئازادیی سێکسیشان هەیە زۆرە؛ بەو شێوەیە لەسەر تەلەڤزیۆن پڕوپاگەندەی بۆ بکەن.
لایەنەکەی تر، بەپێچەوانەی ئەو ئازادییە پەتییەی سەرمایەدار، 1357 کیژۆڵەی پێنەگەییو دێنن و سەر و مێشکیان دەبەستن بەناوی دینەوە. منداڵێکی 13 – 16 ساڵ، چ لە دین و بنەماکانی دین تێگەیشتووە و لە كوێ دەزانێ ئەوە فەرزە یان نا، چەند لە دیدی زانا دینییەکانی خوێندووەتەوە دەربارەی حیجاب، وەک بەبەغا دوو وشەی گوێ لێ بووە و دەیڵێتەوە. ئەوە گریمان تێشگەیشتبێ، بەو شێوەیە نمایشیان پێ بکەی، جگە لە کاری ئیسلامی سیاسیی زیاتر هیچی تر نییە، دوور و نزیک پەیوەندی بە تێگەیشتنی دینەوە نییە. ئەو هێزە ئیسلامییانە زۆر دەمێکە فێری ئەو جۆرە نمایشانە بوون و تازە نییە، نموونەی وڵاتانی میسر و ئێران و تورکیامان لەبەرچاوە. گەر بەڕاستیی مەبەست دین بێت، کچە بڕیاری لێ دەدا و لە ماڵی خۆی لەچکەکەی دەکات.
لێرە لەچەککردن یان نەکردن مەبەست نییە، مەبەستەکە ئەوەیە بۆ دەیکات؟ ئەو لەش شاردنەوەیە لە ترسەوە هاتووە، ترس لەوەوە دێت کە ئەوەی بەرامبەرت لەخۆت بەهێزتر بێت و دەرەقەتی نەیەیت. ئەو ترسەت تەنیا لە پیاوە، پیاو بە دڕندەی چاوبرسیی دەزانی و لەشی کچەش بە ورێژنەر و ئامێرێکی سێکسی.
لە هەردوو حاڵەت، چ لە جۆری یەکەم و چ لە جۆری دووەم، ژن هەر بە کاڵای سێکسیی دەبینرێ، یەکێکیان رووتی دەکاتەوە و ئەوی تر دایدەپۆشێ. لە هەردوو حاڵەت، ژن بە مرۆڤی یەکسان بە پیاو نابینن، یەکسان وەکوو دوو مرۆڤ کە پێکەوە شانبەشان و دەست لە دەست و چاو بە چاو وەک تەواوکەری یەکتر و هاوتەریب، کۆمەڵ بەرەو پێشەوە ببەن. نەک پیاو باڵادەست، دڕندە و چاوبرسیی بێ و ژن بێهێز و ترسنۆک و تەنیا بۆ خزمەت و دامرکاندنەوەی حەزە سێکسییەکانی پیاو بێت.
لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، زۆرترین سەیرکەری فلیمە پۆرنۆکان هەیە و ئینتەرنێت باشترینە تا بتوانن ئاسانتر ئەو فلیمانە دابەزێنن. گێچەڵەی سێکسی، لە کۆمەڵە داخراوەکاندا زیاترن و کەمتر نین لە کۆمەڵی کراوە، گێچەڵە سێکسییەکانی میسر و پاکستانمان لەبەرچاوە.
رووتی و داپۆشین، دوو رووی یەک دراون، ئەویش بەکاڵاکردنی کچە.
ئەوەی لە باشوور روو دەدات، هۆکار تەنیا حوکمی سەرمایەداری و پارتە ئیسلامیەکانی ناوخۆ نین، بەڵكوو دەستی داگیرکەرەکانی کوردستانیشی تێدایە، بەو شێوەیەبەشێك لەکۆمەڵ لە کار دەخەن و یاریی بە مێشکی بەشێکی تریان دەکەن. هێزی بەرەنگاربوونەوە لاواز دەکەن، بە کێشەی لاوەکی دەمانبەستنەوە و کێشە سەرەکییەکانمان لەبیر دەبەنەوە و گۆڕەپانیان بۆ چۆڵ دەکەین تەراتێنی تێدا بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت