عەبدولکەریم شێخانی: کار کردن شەرەفە، بەڵام مرۆڤی لاپرەسەن و مشەخۆر خۆرەی کۆمەڵگایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێم کە هەلی کار کەمە و قەیرانێکی دارایی قورس، بۆتە مۆتەکەی سەرسینگی ئەو گەلەى لە شۆڕشی ئەیلوولەوە و دواتر لە شۆڕشی نوێوە خوێن دەڕێژێ و ماڵی ویران دەکرێ و گوند و شاری دەسووتێنرێت. خەڵکی ئەم وڵاتە ناخۆشترین ژیان بەسەر دەبەن. کە دەڵێم خەڵکی هەرێم، مەبەستم زۆرینەى هاووڵاتییانە، جگە لە چەند کەسێکى مشەخۆر و لاپرەسەن کە لە هەموو پاشایەکی جیهان پاشایانەتر دەژین و میللەت لەبرسان زگی دێشێت ئەوان مەگەر لەبەر زۆر تێری تووشی زگئێشە بوون.
هەلیکار زۆر کەمە، دەرچووى پەیمانگەو زانکۆکان دانامەزرێن و هەر زانکۆیە دەکرێتەوە و بە ئەوى دیکە دەلێ تۆ خۆت لادە و دەرچوان دەردەفرتێنێ. جگە لەوەش هەلی کار هەر زۆر کەمە بۆیە دزی و کوشتن و سەری خۆ هەڵگرتن ڕوو لە زیادییە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە کڕیکاری بێگانەى هەمە ڕەنگ و هەمە ڕەگەز بازاری کاریان داگیر کردووە، چونکە گەنجانی خۆمان پێیان شەرمە ئەو کارانە بکەن کە بێگانە هاوردەکان دەیانکەن. من مەبەستم ئەوە نییە وەکو هەندێک کەس گوتیان گەنجەکان بۆ ئەوە هان بدەم ببنە شاگردی چێشتخانە و کرێکاری بکەن، چونکە خۆ ئەگەر بچنە دەرەوەش، لەوێ هەر ئەو جۆرە کارانەیان دەست دەکەوێ. وەک کرێکاری یان شوفێری و شتى دیکەی لەو بابەتانە. کە دەبینم دەرچووى زانستە سیاسییەکان تەختەیەکی کردۆتە شانی پاکەت دەفرۆشێ و لە بوارەکەی خۆی دانامەزرێت لە کاتێکدا سەدان نەزان و خۆ بە حزب هەڵواس خۆیان بە سیاسەتمەداری دوو زەردێنە دادەنێن، شەرمەزاری بۆ دەسەڵات دەمێنێتەوە. یان دەرچووى کۆلێجی ئەندازیاری کاری دەست ناکەوێ و بۆیاخچێتى دەکات. شوورەییەکە بۆ ئەو دەسەڵاتەیە کە لەبەر پڕکردنی گیرفانی خۆیان بە خەم و ئازاری خەڵکی برسی نەدار نازانن.
دیسان دەیڵێمەوە من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان نائومێد کەم، بەڵام کە حکوومەتی هەرێم باکی پێیان نەبێ، خۆ دەبێ بۆ خۆیان مشوورێک لە ژیانی خۆیان بخۆن. باشە بۆ دەبێ کرێکاری بێگانە بێنین و ڕۆڵەکانی خۆشمان بێ کار بن. من دەڵێم هیچ نەبێ پێویستە گەنجەکانمان ئەگەر هەمووشی نەبێت، بەشیک لەو کارانە بکەن کە کرێکاری بێگانەو دەیانکەن و هیچ شەرم و شوورەییەکی تێدا نییە و زۆر لەوە باشترە کە دەست لە کەسوکاریان پان کەنەوەو ببن بە بارگرانی بەسەریانەوە، یان سەری خۆیان هەڵگرن بەرەو چارەنووسێکی نادیار. حکوومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی بەتەواوی داخستووە و تەنیا بۆ خزم و خوێش و کەسانی نزیکی سەرانی حکوومەت نەبێ. هەرچی کارگەش هەبوو وەک کارگەی جگەرە و شیرەمەنی و مافوو ر و چنین و دۆشاوی تەماتە و چەندان کارگەی دیکە کە حکوومەتى بەعس دروستی کردبوون هەموویان هەڵوەشێنرانەوەو داخران و وامانزانی حکوومەتی هەرێم کارگەی باشتر و مۆدێرننتر دروست دەکا و هەر هیچ نەبێ وەک سعودیە لەو بیابانە کارگەىەکی شیلرەمەنیی وەک ( المراعی ) دروست دەکات و سەدان و بگرە زیاتریش مانگاى فریزیان دێنێ و هەم بەرهەمی دەبێ و هەم دەسکەوت و قازانج و هەم سەدان کرێکار و فەرمانبەر کاری تێدا دەکەن و دوعای خێریش بۆ حکوومەتی هەرێم دەکەن. کەچی ساختەکردن لە هەڵبژاردندا و دروست کردنی فەرمانبەری بن دیوار و خانەنشین کردنی هەزاران کەس بە پلەی بەرزی وەزیری و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژوان و شتی دیکەی لەم بابەتانە کە گوژمە پارەیەکی زۆر لە بودجەی وڵات هەڵدەلووشن جێی کارگەی بەرهەمهێنیان گرتەوە کە دەبوایە هەزاران فەرمانبەر و کرێکار ئیشیان تێدا بکەن و وڵات تا ڕادەیەک لە دەردی بێ کاری ڕزگار بکەن و ببنە بنکەیەک بۆ دانانی بناغەی ئابوورییەکی پتەو بۆ وڵات و ناچار نەبین دەست لە بەغدا پان کەینەوە مووچەمان بۆ بنێرێ لە کاتێکدا هەر خوا و چەند کەسێک دەزانن کە چەندان ملیار دۆلار بێ سەروشوێن کراون و لە جیاتی کارگەی بەرهەمدار، ملیۆنێر و ملیاردێری نەهەنگ شێوە مافیامان بەرهەم هێنا کە خوا نەبێ کەسی دیکە پێیان ناوێرێ. هەر بۆ خۆشی دەڵێن فەرمانبەرێکی پلە بەرز و ژنەکەى لە فەرمانگەیەکن، بەڵام دەوام ناکەن و مووچە و مووچە سەری مانگان دەردەکەون و کە دەڵێن باشە بۆ دەوام ناکا، وەلامەکەى ئەوەیە بابە پشتى هەیە. کە دەشپرسن ئەى ژنەکەى بۆ دەوام ناکا، وەڵامەکەی ئەوەیە ئاخر زگی هەیە. لە هەموو کوردستان ئەوەى من بیزانم تەنیا کارگەی چیمەنتۆمان هەیە و نازانم ئەویش چارەنووسی چۆن دەبێ.
پێم وایە سەرم زۆر ئێشاندن بە گێڕانەوەى ئەم ڕیس و گوریسە بێزارکەرە هەرچەندە زۆر شتی دیکە مابوو بیانڵێم و وەکو حاجی قادری کۆیی لە دوا دێڕی چامە ناودارەکەی ( گوتم بە بەختی خەواڵوو )دا دەلێ: گەلێ قسەم لە دڵا بوو حیکایەتم زۆر مابوو|| کەچى لە بەختى کەچم خامە نووکی لێرە شکا ). من نووکی خامەکەم نەشکاوە و تیژیشە و ئەم بارودۆخەی کوردستان قسەى زۆر هەڵدەگرێ و وەکو دەڵێن ئەو هەویرە ئاو زۆر دەکێشێ، بەڵام گوتم با ئەوندە بەس بێ. چونکە ڕەنگە ئەو خەڵکە شتی زۆر لەوە زیاتر بزانن و وەکو دەشڵێن ( زۆر گوتن قورئان خۆشە). بەڵام بەڵێنتان پێ دەدەم دواى ئەم بابەتە سبەو دووسبەى دێمەوە خزمەتتان و شتێکی خۆشتان بۆ دەگێڕمەوە کە ماندوویی لەشتان دەرکا تا پێتان دەگەمەوەو ئەوسا و هەموو کاتێک هەر بەخۆشی و بە ختیاری بتانبینم هەرچەندە ئەو خۆشی و بەختیارییە تا ڕادەیەک لە سایەی حکوومەتی بێ باکی هەرێم دوورە دەستە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت