سۆران قادر: چی گۆڕا؟ ویستمان چی بگۆڕین؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ناوێرم ئەوەی ناو دڵم بنوسم، چونکە ناسنامەی سەندیکام نیەو، لە چەند گروپ چاتیشدا ئەندامم.

چی گۆڕا ؟
لە پێش ڕاپەڕین، کۆمەڵێک چەکدار، پاڵیاندایە شاخەکان، بەهۆی زوڵم وستەمی بەعسەوە پۆل پۆل گەنجی خوێن گەرمی کورد پاڵیاندایە ئەو کۆمەڵە چەکدارەو، لە کۆمەڵێکەوە بوو بە شۆڕشێک، شۆڕشێک دژی چەوسانەوەی کورد هاواری بە گوێی دنیادا دا، شۆڕش پاڵپشتیەکی گەورەی جیهانی دەرەوەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
ئەو کاتە گەنجەکانمان ڕاپێچی زیندانەکانی بەعس دەکران، پێمان دەوتن گیراوانی سیاسی، کەس وکاری گیراوەکان، دایک وباوک بۆ دیداری کوڕو، خوشک وبرا بۆ دیداری براو، مناڵ بۆ دیداری باوک، پەیتا پەیتا دەچوونە ئەبو غرێب، تا تاسەی دووریان بشکێنن.
ئەوکات زاڵم عەرەب وزوڵم لێکراو کورد بوو.

بەڵام ئەوەی گۆڕا …..
گیراوانی سیاسی هەر هەن وزیندانەکان پڕن لە گەنجی خوێن گەرمی کورد، ئێستا کەس وکاری گیراوانی سیاسی ناچن بۆ ئەبو غرێب، هەر لە شارەکەی خۆی، یان شارێکی تری کوردستان، بە دیداری کەسە زیندانی کراوەکەی شاد دەبێت، ئێستا جیاوازیەکی زۆر قیزەون هەیە، کە هەموومان شەرم دەکەین لە ووتنی، چونکە هەم زاڵم وهەم زوڵم لێکراو، هەر کوردن، ئێستا عەواد بەندەر حاکم نیە، ئێستا حاکمەکانیش هەر کوردن.

ویستمان چی بگۆڕین؟
پێویست ناکات زۆر بیر بکەینەوەو زۆر بڵێین وزۆر بنوسین، بە کورتی ویستمان ڕزگارمان بێت لە زوڵم وستەم، لە گوللەباران کردنی گەنجەکانمان، لە بێسەرو شوێن کردنی ئازیزانمان، لە هەتیوکردنی مناڵەکانمان و جەرگ سوتانی دایکانمان، بەڵام دەبینین گەنجەکانمان هەر گوللەباران دەکرێن، بێسەروشوێن کردنی ئازیزانمان هەر بەردەوامە، هێشتاش مناڵەکانمان هەر هەتیو دەکرێن، جەرگی دایکانیشمان هەر دەسوتێنرێت.
ئەوەی ویستمان بیگۆڕین، نەبوو، تەنها لە جێگەی عەرەبەکان، کوردەکانمان دانا.
کوردە شۆڕشگێڕەکان ووتیان ئێوە دژی دەسەڵاتی بەعس ڕاپەڕن، گەر هاتینە سەرجادەی قیرو، گەر پێڵاوی لاستیکی پینەکراوی پێمان کرد بە ئەدیداسی تازەو جوان، بەڵێن بێت ژیان وئازادی ئێوەش دەپارێزین، ئێمە ڕاپەڕینمان کرد.
ئەوەتا ئەمڕۆ مامۆستاو ڕۆژنامەنوس لە دادگایەکی کوردانەدا بە شەش ساڵ زیندانی کران.
ناوێرم ئەوەی ناو دڵم بە تەواوەتی بنوسم، تا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی دراوسێ منیش شەش ساڵ حوکم نەدەن، چونکە ناسنامەی سەندیکام نیە و لە چەندین گروپ چاتیشدا ئەندامم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت