عەبدولکەریم شێخانی: ئەم شیعرەیان بۆ ناردم منیش بە کەمێک دەسکارییەوە کردم بە کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جمهوریة من ورق
یعیش السارق فیها دون قلق
و یکسب المال فیها دون عرق
و ینام المسؤول فیها دون أرق
و القانون فیها حبر علی ورق
کۆمارێکی کاغەزینە، بەڵام جوان خۆی دەنوێنــــێ
دز لەو کۆمارەدا دەژى و خۆی زۆر ئاسوودە دەبینێ
بێ وەى عارەقە بڕێژێ سامانی زۆر وەدەست دێنێ
بەرپرس لە ئەو کۆمارەدا دەخەوێ بە کامەڕانــی
یاساش تەنیا لەسەر کاغەز دەبینی ناو و نیشانـــــی
سێ چوار ڕۆژ لەمەو پێش شـتێکم لەسەر دزی نووسیبوو. بێ گومان هەموومان ڕقمان لە پیاوی دزە و مەبەستم لە پیاو مرۆڤە نەک نێرینە، چونکە لەوانەیە ژنیش دز بێت.
دەڵێن جارێکیان کابرایەک ڕێی دەکەوێتە شارێک و چاوى بە قەرەباڵغییەک دەکەوێ. ئەویش لە یەکێک دەپرسێ: ئەرێ ئەو قەرەباڵغییە چییە؟ دەڵێن پیاوێک دزی کردووە و پاشا فەرمانی داوە دەستی ببڕن. کابرای غەوارە دەڵێ: ئمممم دزی ڕۆژ دەستى دزی شەو دەبڕێ.
سەنگەر گۆڕکێ یان ڕەدوو کەوتنی سیاسی؟!
دیاردەی ڕەدووکەوتن لە هەندێک ناوچەى کوردستان زۆر بڵاو و باوە، دەڵێن لەو ناوچانە دەبینی پیاوێکی ئاغا لە گوندی بانگ ڕادێڵێ و دەڵێ: ئاغا سبەینێ دەچێ بۆ سەفەر و ماوەیەکی پێ دەچێ، ئینجا ئەوەى بە تەماى ژن هەڵگرتنێیە با جێ بەجێی کات بۆ ئەوەى تا ئاغا نەڕۆییوە مەسڵەتییان ( سوڵحیان )بکات. سبەینێ کە لە خەوێ هەڵدەستن سە یر دەکەن نیوەى گوندی چۆڵ بووە و چەندان کچ و ژن ڕەدوو کەوتوون. کەچی لە هەندێک ناوچەى دیکە زۆر شوورەییە و خەڵکی پێیان دەڵێن ماڵێ کچ بەدووکەوتوو و هەوڵ دەدەن کوڕەکە و کچەکە هەردووکیان بکوژن و گەلێک رووداوى جەرگبڕ و دڵتەزێن لەو بارەیەوە هەن کە پیاو لە ئاستیاندا خۆی بۆ ناگیرێ و فرمێسک بە چاویدا دێتە خوار. ئەوەی ئێستا دەینووسم، نیازم وابوو لەگەڵ نووسینەکەی پێش ئیستا تێکیان کەمەوە، بەڵام دوایی بڕیارم دا لەیەکدیکەیان جیا بکەمەوە و ببن بە دوو گوتاری سەربەخۆ. بە بیری من لە ساڵێ 1946 پارتی دیموکراتی کورد دامەزرا. سەرەتا بەو ناوەوە بوو. هەر لەو ساڵەدا ( حزب التحرر الوطنی ) کە ڕووى ئاشکراى حزبی شیوعی عیراقی بوو، سەری هەڵدا. لە کوردستان پارتی و حزبی شیوعی هەبوون. لەسەر ئاستى عیراقیش حزبی شیوعى و الحزب الوطنی الدیقراطی بە سەرۆکایەتیی کامل چادرچی و حزب الإستقلال ی نەتەوەیی عەرەب بە سەرۆکایەتی محەمەد مەهدی کبە و حزب الشعب کە لە شیوعییەکان جیا بوو بوونەوە بە سەرکردایەتیی عەزیز شەریف و پێم وایە حزبێکی دیکەش هەبوو بە ناوى الإتحاد الوطنی بە سەرۆکایەتیی عبدالفتاح إبراهیم کە ئەویش هەر چەپ بوو.
لەم نووسینە مەبەستم کەسێکی دیاری کراو نییە، بەڵکو پەنجە بۆ دیاردەیەک ڕادەکێشم کە هەموومان هەستی پێ دەکەین و هەندیک بە چاکی دەزانێ و هەندێکیش بە خراپ و ناوی سەیر سەیریشی لێ دەنێن، بۆیە تکایە کەس نەیباتەوە سەر خۆی. لەسەر ئاستى کوردستان حزبگۆڕکێ زۆر کەم بوو سەنگەر گواستنەوە، وەک ئێستا پێی دەڵێن، دەگمەن بوو. ئەوەی بیرم بێ چەند برادەرێکی شیوعی هاتنە ناو پارتی و لە سەرکردایەتیش وەرگیران بە نیازى گۆڕینی ڕێڕەوى پارتی بەرەو ڕێبازى مارکسیزم. دواى ساڵی 1958 ئەو دیاردەیە زیاتر هەستی پێ کرا و سەنگەر گواستنەوەى بە کۆمەڵ رووی دا. لە دواى ڕاپەڕینەوە ئەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرا بە تایبەتی کە تارمایی پارە و پلەو پۆست هاتە ئاراوە زۆر کەس خۆیان بۆ نەگیرا و ئەم بەر و ئەوبەریان کرد و سەیرەکە لەوەدا بوو، ئەو جۆرە کەسانە کە تا دوێنێ قوڕگی خۆیان دەدڕێ بۆ داکۆکی کردن لە بیروباوەڕیان، دواى سەنگەر گواستنەوەکە بە هەمان گوڕ و تینی پێشوو کەوتنە دژایەتیی کردنى بیروباوەڕەکەی دوێنێیان و وەکو دەڵێن لە مەلیک مەلیکتر بوون و هەر ئەوە مابوو بڵێن بابە ئەوەى دوێنێ دەمانگوت ناماقووڵیمان کرد. بۆیە هەندیک کەسی قسەخۆش سەنگەر گۆڕکێیان ناو نا ئاخوڕگۆڕکێ و لەوەش زیاتر شێت و شوورێک ناوى نا ڕەدووکەوتنی سیاسی. نازانم ئێوە ئەو ناوانەتان بە دڵە، یان هەر سەنگەرگۆڕکێیەکە بەسە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت