لاوک کونجرینی: ئەگەر مەسعود بەرزانی مرد!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستانی ئێمە لەو ستایلە دواکەوتووەی ڕۆژهەڵاتی کۆن، پیرۆزی سەرکردە بۆتە بەگەر خستنی ڕەوڕەوەی ژیان و بە پێچەوانەوە لەدەستدان و کارەسات. مانەوەو بەردەوامیی ئەم تێڕمانە بارگراوەندی خۆی هەیە، ئەویش کەمی زانست و بەردەوامیدان بە بیرکردنەوەی خێڵەکی. کورد بەگشتی هەڵگری تەواوی ئەم کلتوورە نییە، بەڵکو کورد بەناوبانگە بەهاوردە لاساییەکان و پاشان بەتوند وەرگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵی.
باسی ئێمە کۆکردنەوەی هەموو ئەو هۆکارەکان نییە لەوەی سەرکردە بۆ هێندە لای تاکی کورد ئەو خوویەیە کاتێک وابەستە دەبێت پێوەی، ئیتر دەبێتە مۆرفین و تلیاک و ڕۆدەچیتە جەستەیەوەو وا بەئاسنی دەستبەرداری نابێت، بەڵکوو قسەی ئێمە لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییە، کاتێک سەرکردەیەکی حیزبێکی کوردی کۆچ دەکات و حیزبەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەندام و لایەنگر و بگرە پێگەکەشی هەڵدەوەرێت.
بابڕوانینە یەکێتی لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال، تەنانەت دوورکەوتنەوەی مام جەلال لە هەرێم و گواستنەوەی پێگەی سیاسی خۆی ڕاستەوخۆ بۆ بەغداد، ئەم هێزە چۆن چۆنی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گۆڕانکاریی لە چۆنایەتی ئینجا چەندایەتی هات. کەواتە کارتێکردنی سەرکردە ڕاستەوخۆ ئەو پەیوەندەییە دروست دەکات یان دەپچڕێنیت لە نێوان حیزب و هەوادارانی. هەر ئەم هۆکارەشە و لە خۆڕانییە سەرکردەی هەر حیزبێکی کوردی کاتێک دەبێتە کاریزماو دەبێتە ڕایەڵەی هەوادارانی بۆ ناوخۆی حیزبەکەی، دەبێتە کەسێکی دەستڕۆیشتوو بەسەر تەواوی جومگەکانی حیزبەکەیەوە.
کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دامەزرا، کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا جیاواز لەهەموو سەرکردەکانی کوردی و بەئاگاتر ویستی جیهانێکی سیاسی نوێ بۆ کۆمەڵگای کوردی بنیاد بنێت، ویستی ئەو جیاوازییە بگۆڕێت کە سەرکردەی حیزبی پەیڕەویی دەکات و خۆی دوور بخاتەوە لەوەی ببێتە کەسێکی کاریزمەو تاکە دەستڕۆیشتووی ناو بزوتنەوەکەی بێت، بەڵام بەهۆکاریی باهۆزی بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی و کاریگەری سیاسی و کلتوری و بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهان نەک بزوتنەوەکەی، بەڵکوو خۆشیان ڕاپێشجی هەمان بیرکردنەوەو نەریت برد. بۆیە بە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزوتنەوەی گۆڕان بەم دەردەی ئەمرۆ گەیشت.
جیاوازی پارتی لەوەدایە، زەمەنەکە زۆر کاریگەریی هەبوو، جگە لەوەش خوا لێخۆش بوو مستەفا بەرزانی هەر زوو بنەو بنەچەی بۆ دەسەڵات و پێگەی نەوەکانی داڕشت بوو. کاتێک مستەفا بەرزانی کۆچی کرد، گۆڕانکاریی و پێگەی سیاسی پارتی، مەسعوود بەرزانیان بۆ هەمان پێگەی باوکیان پێ قبوڵ کراوە و بەردەوامی شۆڕش و زەرورەتی بیرکردنەوەی جەماوەریی ئەم حیزبە و تەنانەت کورد ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە کە سەرۆک کۆچی کرد، نەوەکەی بێ هیچ لەرەیەکی سیاسی و جەماوەری، بچێتە سەر حکومی کورسی حیزبەکەی.
بۆ نەوەکانی مەسعود بەرزانی و سەروەختی هاتنە دەسەڵاتی خۆی زۆر جیاوازە، ئەوسا مستەفا بەرزانی بێ ڕکەبەر بوو لە کوردستان و تەنانەت جەلالیەکانیش لەبەردەمیدا هەرەسیان هێناو نەیان توانی ڕێ لە بەرنامەو تێزی حکومڕانی بگرن. ئەوە جگە لەوەی لە تەواوی کوردستان بە سەرکردەیەکی ڕۆحی کوردایەتیان دەزانی و هەرچی بەرهەڵستکاریشی بوایە، زۆر بەئاسانی تیرۆریان دەکرد و بگرە ڕاپێچی دوژمنەکانیان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا تاوانە گەورەکانیشی بەئەرکی نیشتمانی دەزانرا.
کەواتە زەمەن و جۆری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو جیهان، هەستیارن بەسەر گۆرانکاریی دەسەڵاتی کوردییەوە. مەسعوود بەرزانی تەمەنێکی زۆری نەماوە لە ژیان، نەوەکانی لەچەندایەتیدا زۆرن، بەڵام لەچۆنایەتیدا هاوتای نین و پێگەی جەماوەریشیان لاوازە، ئەوەی پێگەی سیاسی و خاوەنی ئەزموونی زۆر و جگە لەوەش لەناو پارتیدا پێگە جەماوەرییەکەی هەبێت، تەنها نێچیر بەرزانی یە!. بەڵام ئایا نەوەکانی مەسعوود بەرزانی لەپاش نەمانی باوکیان ماوە دەدەن و بەئاسانی دەستبەرداری پێگەی باوکیان دەبن! تا ئامۆزاکەیان جێگای باوکیان بگرێتەوەو، حیزبەکەیان بەهەمان دەردی حیزبەکانی تر نەجێت. گەر قبوڵیش بکەن و ئامۆزا پێش خۆیان بدەن، گومانی تیانییە، پارتی لەم پێگە جەماوەریی و سیاسییەی ئەمڕۆی هەرەس دێنیت و بۆ ئاستەکەی خۆی پچووک دەبێتەوە، کە زەمەنەکە بخوازێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت