نەوزادى موهەندیس: خەونەکانمان بۆ ساڵى 2021 ى سەدەى 21 چۆن و چى بن؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە گوزەرکردن و تێپەڕینى هەر ڕۆژ و مانگ و ساڵێک لە تەمەنى مرۆڤەکان خۆیان کەمدەبێتەوە و هەنگاوێک زیاتر نزیک دەبنەوە لە مردن و بەجێهێشتنى ئەم جیهانەى کە هەموان دڵیان زۆر پێى خۆشە و هەوڵ و ماندوبونى زۆر دەدەن بۆ گەیشتن بە خواست و ئاوات و خەونەکانیان، بەڵام زۆرینەى هەرە زۆریان ناتوانن لانى کەمى خەون و ئاواتەکانیان وەدیبێنن و ئەو کەمینەیەشى کە چانسى سەرکەوتن و مانەوە و دەوڵەمەندبونیان پێبڕاوە بەهۆى بوونى ئەو زۆرینە هەژار و خەمبار و بێئومێدەى لە چواردەوریانن، ناتوانن وەک پێویست خۆشى لەو سەروەت و سامان و خوداپێداویەى خۆیان ببینن، بەتایبەتیش ئەوانەیان کە کەمێک ویژدانیان بە زیندوویى ماوەتەوە یان هەستێکى مرۆڤانەیان لە دەرووندا هەیە. بۆیە بەگشتى هەردوولاى هاوکێشەکە بەئومێد و بێئومێدەکان و بە هەژار و خوداپێداوەکان هیچ کامیان ئەوەى کە دڵخوازى خۆیانە بەخۆشى بیگوزەرێنن بۆیان نایەتە دى.
هەربۆیە ئەم جیهان و بونەى کە تیایداین وەک دەڵێن وێسگەیەکى ڕاگوزەر و کاتی و کورتە و بەشى ئەو هەموو ململانێ و خەم و پەژارە و هەڵپەکردن و شەڕ و جەنگ و کوشت و کوشتار و ناعەدالەتیە ناکات کە مرۆڤەکان بە هۆکار و بەبێ هۆکاریش بەرامبەر یەکدى ئەنجامیدەدەن، بۆیە گەرەکە هەموان تەواوى هەوڵیان بۆ ئەوە بێت کەمێک خۆشى و پشوو و ئارامى دەروونى بەدەستبێنن نەک تەنها هەڵپەى کۆکردنەوەى سەروەت و سامانیان بێت. چونکە تەنها ئەوەى مرۆڤەکان بەبێ جیاوازى دڵخۆش دەکات و هەموانیش بەدوایدا وێڵن بەڕێگا و شێوازى جیاواز تەنها و تەنها بریتیە لە ئارامى دەروون و تەندروستى باش و ساغ و سەلامەتى جەستە و دەروونەکان ،بەتایبەتیش لەم قۆناغ و سەردەم و ساڵانەى پەتاى کرۆنادا کە هەموو جیهان و هەموو وڵات و کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکانى بەگەورەو و بچوکەوە بەهەژار و خوداپێداوەوە گیرۆدە کردوە تائێستا زیاد لە 108ملیۆن کەس توشبوە و نزیکەى 2.5 ملیۆن کەسیشى لەناوبردوە و هەموان تەنها هەناسەیەکى پاک و دەرونێکى ئارام و جەستەیەکى ساغڵەمیان گەرەکە و زۆرێک لە خوداپێداوەکان ئامادەن هەموو سامانەکەیان بدەن لە پێناو ڕزگارکردنى خۆیان یان تەنها لەپێناو هەڵمژینى چەند چرکەیەک لە هەناسەیەکى ئارام و خاوێندا، بەڵام چنگیان ناکەوێت و بەبێ ئومێدى ئەم دونیایە بەجێدێڵن و هەموو سەروەت و سامانەکەیان کە تەواوى ژیانیان بۆ کۆکردنەوەى تەرخانیان کردبوو بە ڕەوایى یان ناڕەوایى دادیان نادات، هەربۆیە گەرەکە پەندێک لەم قۆناغەى مرۆڤایەتى وەربگرین کە زۆر سادەیە و بریتیە لە هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانى دەرونێکى ئارام و تەندروستیەکى باش، نەک ژمارە گەورە و قەبەکانى حسابە بانکیەکان و سەروەت سامان کۆکردنەوەکان.
بۆیە ئەم ساڵى 2021 و لەم سەدەى 21مەدا گەر بەڕێکى و جوانى ناوەکەیدا بێت ئەبێت ئومێد بەخش بێت بەتایبەتیش دواى ساڵى 2020 کۆرۆناوى دێت، هەرچەندە زۆربەى جاران مێژوو ڕێکەوت و هەڵکەوتە جوانەکان لەناخ و ناوەڕۆکیاندا کۆمەڵگەلێک کارەساتى دڵتەزێن و بۆنەى ناوخۆش و کارەساتباراویان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتوە. بەڵام وەک دەوترێت هەموو کات ئومێد و تێڕوانین و بیرۆکە باشەکان و گەشاوەکان بەختى باش دێنن، هەربۆیە ئاوات دەخوازین کە ساڵى 2021 ساڵێکى پڕ خێر و بەرەکەت و تەندروستى باش و ساڵى ئارامى دڵ ودەرونەکان بێت و دوور بێت لە برسێتى و قاتوقڕى و ناعەدالەتى لە جیهاندا و ساڵى گۆڕان و وەرچەرخانى باشیش بێت بۆ کوردو و کوردستان.
کە هەمیشە لەم وەرزى بەهار و سەرەتاى ساڵى نوێى کوردى 2721دا وێکدێتەوە، بەهیواى ئەوەى کە 21 ئازار کەسەرەتاى ساڵى نوێى کوردیشە و ئاگر و مەشخەڵى نەورۆزى کوردانى تیادا دادەگیرسێت، ساڵى 2021ى سەدەى 21 بۆ کوردان ساڵ و قۆناغ و سەردەمى نوێگەرایى بێت لەسەرجەم بوارەکاندا و هەرێم و وڵات و کۆمەڵگایەکى خۆشگوزەران پێکەوەبنێین لەسایەى سەروەرى یاسا و دادگەرى و یەکسانى و ئازادى کامڵبوودا و دووربکەوینەوە لە جوانکردن و نمایشکردنى ساختەکارانەى دەسەڵات و حوکمڕانیەکەمان و بەزۆر سەپاندنى مەیل و خواستى کەمینەى دەسەڵاتدار بۆ ئەوەى ئەزمونى حوکمڕانى 30 ساڵەمان بەهەدەر نەدەین و خوێن و فرمێسکە بێنازو ڕژاوەکانیش ڕسواى مێژوونەکەین و نەوەکانى ئایندەش بێ ئومێد ڕێگەیان پیشان نەدەین.
ڕەنگە هەموو ئەم خواست و ئاواتانە تەنها لەچوارچێوەى خەونێکى وەدینەهاتوودا بمێننەوە گەر دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە لەگەڵ ڕەوتى سروشتى گەشەکردنى کۆمەڵگا و گۆڕانکاریەکانى سەردەمدا هەنگاو نەنێن و نەتوانن خۆیان بگونجێنن و بەتەواوى قەناعەتیشیانەوە بڕوا بە دابینکردن و فەراهەمکردنى ئازادى و نان و خۆشگوزەرانى تاک و کۆمەڵگا نەهێنن و دوورنەکەونەوە لە پەرستنى کورسى دەسەڵات و دەستهەڵنەگرن لە بەرژەوەندى خۆیان و پشتکردنە زۆرینەى جەماوەرى گەلەکەمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت