تیشکۆ زەند: دەتوانی برا گەورە بیت!!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

برا گەورەیی ئاوانابێت تۆ لە ئاسمان و ئێمە لە زەوی، تۆ لە کۆشک و ئێمە لە کوخ، تۆ وەک شاهانە بژیت و ئێمەش ڕەنج بەبا، تۆ یاسا دەرکەری درۆ و ئێمەش قوربانی و کۆت.
دەتوانی برا گەورەبیت، بەڵام ناتوانی گەندەڵی بنبڕ یان چاکی بەکەیت، چونکە خۆشت بەشێکیت لە پرۆسەی ڕابوردوی گەندەڵی کە حیزبەکەت و ماڵباتەکەت پشکی شێریان بەردەکەوێت، دەتوانی ببیتە شایەرێکی خۆشخوان و چالاک بۆ حیزبەکەت بەڵام ناتوانی پەیامی ڕاستی بگەیەنیت بۆ سەرکەوتنی ئامانجەکەت چونکە خۆشت بەشێک بویت لە بەهەدەردانی سەروەتی نیشتمانی بۆ شکاندنی شکۆی تاکی کورد، دەتوانی دروشمی ڕەنگدار هەڵبواسیت بەڵام زوو کاڵدەبنەوە، چونکە بە کڵۆ بەفر نوسراوە، دەتوانی کەسانێکی دەبەنگ لە خشتەبەریت و چەپڵە باران بکرێیت، بەڵام ناتوانیت دەنگی تەواوی کۆمەڵگا مسۆگەر بکەیت، چونکە ئەمە ئەو ڕاستیەیە کە ڕابوردویەکی شەرمەزاریتان چاندو و بە جێتان هێشتووە.
پینە و پەڕۆی دروشمی درۆی فوتێکراوتان هێندە زۆرن کە بە هیچ کەشتیەک بارناکرێ، بەڵام کردارە سمسمیەکانتان کە هەر گفتە پەڕۆیە دەهێندەی بەرزی کێوی قەڵای هەولێرە و هاژو هوژیشتان کە هەر دەڵێن وادەکەین و وا دەکەین تەنها بڵقی سەرئاوە کە گەڕاو گەڕ بۆگەنی کردووە و دەگەڕێتەوە بۆناو هەگبەیی تەڵخی مێژویتان.
ئەگەر دەتەوێت چاکسازی بکەیت و ڕاستگۆبیت لە گەڵ خودی خۆشتان، لە گەڵ خوێنی شەهیداندا، لە گەڵ نەوەیەکی مێشک کراوەی هوشیاردا، لە گەڵ هەزاران خێزانی کەم دەرامەت و هەژاردا، لە گەڵ سەدان هەزار پێشمەرگەی گیان بەخشی دڵسۆزی کوردا، لە گەڵ توێژێک لە چینی ڕۆشنبیر و فەرمانبەری دڵسۆزدا، لە گەڵ کۆماڵگایەکی بەدبەختی ماف خوراوی کوردا، لە گەڵ ویژدان و بەرخودان و وڵاتپارێزیدا، وەرە پێشێ و گوێم لێبگرە.
کورد دەڵێت؛ حەمام بە تڕ گەرمناکرێت، تۆ داوای چاکسازیی و پاکسازیی دەکەیت و خۆشت داچۆڕاوی لە گەندەڵی و دزیدا، ئەگەر چاکسازیت دەوێت دەبێت لە خۆت و کەسە نزیکەکانی خۆتەوە دەسپێبکەیت بۆ ئەوەی پاڵپشی خەڵکی کوردستان بەدەست بهێنیت و نیازپاکی خۆت نیشان بدەیت، تۆ پەلاماری تاشە بەردێک دەدەیت کە ناتوانی بیجوڵێنی ئیتر ئەم خۆڵکردنە نێو چاوی خەڵکەت لە چیی داوە، تەنها گۆڕینی بتەکانی کابینەکانی پێشو نابێتە فریا ڕەست، چونکە ئەوەی کوردی بەم ڕۆژە ڕەشە گەیاند پشکی شێر بەر حیزبەکەی تۆ دەکەوێت کە پارتیە و باوکت سەرۆکێتی، ئەوەی ماڵی کوردی تێکدا و پارە و سەروەت و سامانی کوردستانی بە هەدەر و تاڵانبرد ئامۆزاکەتە کە زاواشتە و جێگری سەرۆکی پارتەکەتە و سەرۆکی هەرێمی دەست کورتکراوەی ئێستایە و کە زیاتر هەوڵی کورتکردنیشی دەدەن، هەموو کەسە نزیکەکانی تۆ و دەوروبەرت دەیان ملیار دۆلاری قوتی منداڵانی کوردستانیان لایە و بەهەدەریان داوە، ئایە تۆ دەتوانی پشتی ملیان بگریت و بیان تەکێنیت؟ لە وەڵامدا نەخێر، چونکە ئەو پاروە هێندە وشک و گەورەیە بە قوڕگی تۆدا هەزم و ئاودیو ناکرێ، ئیتر تکایە با خۆڵ کردنە چاوی ئەو خەڵکە خۆشباوڕە و کڵاو کردنە سەری ئێمەش با بەسبێت، چونکە کۆمەڵگا لە بڵەف و پێچ و پەنایی ئێوە تێگەیشتوە و کوردگەل ئەو مێگەلەی دوێنی نیە و ئێستا لە جاران ژیر و هوشیارترە.
من بۆ ئەم کورتە نوسینەم نامەوێت سەری مەنهۆڵی بۆگەنتان هەڵبدەمەوە چونکە بۆنەکەی لە تسی دێو خراپتر و دژوارترە، یاخود نامەوێت بچمە نێو قوڵایی مێژووی نەگریسی خوێناویتانەوە چونکە ئەم باسە جیاوازە و کەم تا زۆر لەسەرتان نوسراوە و بووە بە دومەڵێک بە تەوێڵی مێژوی ناشرینتانەوە، ئەوەی من دەیڵێم وەک؛ شیرینی ڕوز نفت و پارەی لوبنان و خانوەکانی بەڤێرلی هێڵس لە لۆس ئەنجلسی کالیفۆرنیا Beverly Hills, California نیە، بەڵکو ئەوەی کە دەمەوێت من بیڵێم ئەوەیە، تەنها پشکەکانی کۆمپانیای کرایسلەری ئوتۆمبیلتان چەندە، یان تەنها ئەو سەروەتە بێشومارەی تەخشان و پەخشانتان کردوە بۆ کڕینی زۆربەی شوێنە گرنگەکانی تایسن کۆڕنێر چەندە و بە پارەی چی کڕدراوە؟ Tyson Corner, Fairfax County, Virginia USA کە من بزانم بە سەدان ملیۆن دۆلار زیاتر کڕیوتانە جا بەهەر ناوێکەوە بێت گرنگ نیە بۆ من، لە گەڵ ئەو کاشە پارەیەی کە بۆ سپی کردنەوە بردوتانەتە دەرەوەی وڵات، کەی ئەوانەتان فرۆشت یان کەی پارەکەتان هێنایەوە و دات بە موچەی فەرمانبەر و ماڵە شەهید و کەم ئەندامەکان، من دەڵێم دەست خۆش و دەردی پەتای گەندەڵی و دزی بەربەست دەکەیت و کلیلی چارەسەری گەندەڵی لای بەڕێزتە و دێم دەستت دەگوشم، ئەگەر نا، ئیتر گارەگاری تۆش بەسە لە بۆ خشتەدانی میللەتی گەمژە و دروستکردنی سینارۆیی پاراستن کە خۆت سەرۆکی ئەو دەزگا سەرەخۆرەیەت نەک پارێزگاریی لە ئاسایشی نەتەوایەتی National Security
ئەوەی ماوە بیڵێم، بۆچی ئێستا وڵاتانی دۆستانی کورد هاوکاریەکانیان لە کورد وردە وردە ڕادەگرن چونکە هەموو دۆستان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە یارمەتیەکان دەچێتە گیرفانی قوڵی ئێوەوە و نایەتە دەرەوە، یەکێ لە هۆكارە دزێوەکانتان ئەمەیە، بۆیە تکایە چاکی مەکە نەوەک خراپتربێت و وازیش لە خەونی ئەندێشەی برا گەورەیش بهێنە تا زیاتر نەکەویتە بەر تف و ژێر نەعلی ژن و دایکی شەهیدانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت