بورهان شێخ ڕەئوف: پەیوەندییە تەلەفونیەکەى بایدن و کازمى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە وتارى هەفتەى پێشووم ئاماژەم بەوە دابوو کە تا ئێستا سەرۆکى نوێى ئەمریکا جۆزیف بایدن بە هیچ کلۆجێک باسى عێراقى نەکردووە لە وتارو لێدوانەکانیدا، هەرچەندە عێراق لە دواى ساڵى 2003 ەوە گۆڕپانێکى کراوەى ململانێى درێژخایەنى ئەمریکاو ئێران بووە، بۆیە ئەم حاڵەتە بووبووە مایەى ڕەخنەو گلەیى و گازندەى زۆر لە ڕووى ناوخۆیى و دەرەوەش، کە لێکدانەوەى زۆرى هەڵدەگرت.
شەوى 24/2/ 2021 شەوێکى گرنگ بوو بۆ عێراق و کازمى، چونکە سەرۆکى نوێى ئەمریکا بایدن یەکەم پەیوەندى تەلەفونى لەناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانى عەرەبیش لەگەڵ کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامدا، هەروەکو کازمى لە ئەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى تویتەر ڕایگەیاندووە ( لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا لە گەڵ سەرۆکى ئەمریکا جوزیف بایدن باسى پێشخستنى پەیوەندییەکانى هەردوولا و بەهێزکردنى هاوبەشى بۆ خزمەت کردنى بەرژەوەندییەکانى هەردوو وڵات و کارکردن بۆ بەهێزکردنى ئاسایش و ئاشتى لە ناوچەکەدا بەردەوامبوونى هاریکارى بۆ بەگژاچوونەوەى داعش ،هەروەها پێداگیریمان کردەوە لەسەر درێژەدان بە دیالۆگى ئیستراتیجى لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەسەربنەماى سەروەرى نیشتمانى عێراقى ).
پێگەى عێراق بۆ ئەمریکا گرنگە هەر ئەوەش وایکرد سەرۆک بایدن لە جیهانى عەرەبیدا کە زۆریان بە تەماى ئەوە بوون پەیوەندییان پێوە بکرێت، عێراقى هەڵبژارد چونکە عێراق هاوبەشێکى گرنگى شەڕى تیرۆر و داعش بوو لە گەڵ ئەمریکا، سەربارى ئەوەى عێراق گیرۆدەى کێشەگەلێکى خوڵقێنراو ى ناوخۆیى و دەرکیشە، بەڵام هێشتا لە سەرەتاى ڕێگەیەکى سەختى بەرەو دیموکراتیزە بوون و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵاتە.
لەوەش گرنگتر پەیوەندییەکەى بایدن بە کازمیەوە لەوەناچێت پەیوەندییەکى ئاسایى و سەرپێى و ڕێکەوت بێت، بە قەد ئەوەى کە حسابى وردى بۆکراوە ، بەڵکو دەخوازێت لەیەک کاتدا مەسجگەلێکى ڕوون و ڕاشکاو بگەینێت لەوانە:

1. بەردەوامى هاریکارى ئەمریکا بۆ عێراق .
2. ئارەزووى تەواوى ئەمریکا بۆ کۆمەکردنى عێراق بۆ تێپەڕاندنى زۆرێک لە کێشە هەنووکەییەکانى .
3. داننان بە ڕۆڵى میحوەرى عێراق .
4. متمانەدانى بایدن بە کازمى و تیمەکەى و ڕێزگرتن و سەرسامبوونى بە هەوڵەکانى بۆ چاکسازى و گۆڕانکارى و بە تایبەتى هەوڵەکانى بۆ ڕێکخستن و ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ى پێشوەختە بە شێوەیەکى پاک و بێگەردو دوورلە دەستوەردانى دەرەکى و تاقمو میلیشیا چەکدارەکان کە مسۆگەرى سەردەمێکى نوێ لە عێراق بکات کە هەموو پێکهاتەکانى عێراق دڵخۆش بکات.
کازمى لە ئایارى 2020 متمانەى پێ بەخشرا لە لایەن ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە وەکو حکومەتێکى ڕاگوزەر بۆ ئەوەى زەمینەسازى بکات بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى پاک و بێگەرد بە یاسایەکى هەڵبژاردنى نوێ، بەگژاچوونەوەى کۆرۆنا ڤایرۆس و نوێکردنەوەى سیستمى تەندروستى، چاکسازى لە هێزەکانى ئاسایش و سنوردارکردنى چەک بەدەستى دەوڵەتەوە، چارەسەرکردنى قەیرانى دارایى و پێشکەشکردنى پرۆژە یاساى بوودجە، پاراستنى مافى ئازادى خۆپیشاندان و دەستپێکردنى دیالۆگى نیشتمانى، هاوسەنگکردنى پەیوەندییە دەرەکیەکانى عێراق ، سەربەخۆبوونى دادگاکان و سزادانى تاوانباران، بەگژاچوونەوەى گەندەڵى و داننانى سنورێک بۆ بە فیڕۆدانى سامانى گشتى عێراق.
ئیستا لە دواى نۆ مانگ لە دەستبەکاربوونى ئەگەر ئاوڕێک لە کارەکانى حکومەتەکەى کازمى بدەینەوە بە خێرایى دەکرێت بزانین لەو ئامانجانەى کە دانرابوو بۆ حکومەتەکەى چەندى جێبەجێ کراوە؟
هەرچەندە کازمى کۆت و بەند و لەمپەرى گەورەى بۆدروستکرا بوو لە لایەن ناوەندە دەستەڵاتدارەکانى عێراق کە خۆى لە میلیشیاتى چەکدارو تاقم و دەستەى ماڤیاى گەندەڵەوە دەبینێتەوە، جگە لە وڵاتانى ئیقلیمیش، بەڵام لە هەندێک سیکتەردا سەرکەوتنى بەدەستهێناوە ئەگەر کەمیش بێت لەوانە:
1. ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە زۆر هەنگاویش نراوە ، ئازادکردنى 47% لە گیراوانى سیاسى خۆپیشاندانەکان.
2. ڕاهێنانى هێزە کانى ئاسایشى ناوخۆ بۆ چۆنیەتى هەڵسوکەوتى هێمنانە لە گەڵ خۆپیشاندەران.
3. دەستپێکردنى دیالۆگى نیشتمانى لەگەڵ خۆپیشاندەران لە هەموو پارێزگاندا لە چوارچێوەى پرۆژەى ئاشتەوایی نیشتمانى.
4. گفتوگۆى ئیستراتیجى لەگەڵ ئەمریکا بۆ چۆنیەتى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق.
5. سیاسەتى هاوسەنگى و میانڕەوى و کرانەوە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەتى سعودیە و کردنەوەى خاڵە سنوورى عەرعەر و بەهێزکردنى پەیوەندییەکان لە گەڵ ئوردن و تورکیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت