عەبدولکەریم شێخانی: دزینی شتی بچووک زیاتر ئابڕووى پیاو دەبات.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

نازانم ئەو سەر باسە تاچەند ڕاستە و بە دڵێ خوێنەرە. بەڵام با جارێ واز لەوە بێنین دەمەوێ شتێکتان بۆ بگێڕمەوە.
ئەو پیاوەى باسی دەکەم ئەدەب دۆست و ڕاودۆست و مەیدۆستیش بوو. خۆی شاعیر نەبوو، بەڵام شیعری زۆری شاعیرە گەورەکانی کوردی لەبەر بوو. حەزیشی زۆر لە ڕاو بوو و هەر کاتی بۆى هەڵکەوتایە ئەوا دەچوو بۆ ئەو شاخ و کێوانە وهەرگیز بێ نێچیر, کەم یان زۆر, نەدەگەڕایەوە . ئەگەر نەشچووبایە بۆ ڕاو , ئەوا لەگەڵ هاوڕێ مەیدۆستەکانی دەچوون بۆ ناوچەیەکی قەراغ شار کە زۆربەی دانیشتوانی لە گوندانەوە هاتبوونە ناو شار و بە دەستووری لادێ پەڕەوڵی وەک مریشک و کەڵەشێر قاز و مراوی و قەلەموونیان بە خێو دەکرد و هەم لێیان دەخوارد و هەم دەشیانفرۆشت.
ئەو برادەرە مەیدۆستانە هەر جارە یەکێک دەچوو بۆ نزیکی ئەو ماڵانە و ئیدى هەر بۆی هەڵکەوتایە قیر مریشکێک یان کەڵەبابێکی دەگرت و بە پەلە دەیگەیاندەوە بنکە و لەوێ سەریان دەبڕی تەڕدەستانە پێستەکەیان بەپەڕەوە دادەماڵی و دەیانبرژاند. بەم شێوەیە هەموو جارێک گۆشتى مەزەیان بەخۆڕایی دەست دەکەوت. ڕۆژێکیان سەرەی ئەم بوو . بۆ ئەوەى زۆر خۆی ماندوو نەکاتندەزوویکى کەمێک ئەستووری بە دەنکە مێوژێکەوە بەست و خۆی لەبۆسە نا بۆ مریشکێک یان کەڵەبابێک و د ەنکە مێوژی فڕێ دا, کەچى قازێک دەندووکێکی لێ داو قووتی دا و لە قوڕگی گیر بوو . ئەویش هەر خێرا تاوی دایە و قازەی گرت. ویستى هەستێ، بەڵام هەستى کرد یەکێک لەپشتیەوە وەستاوە. کە ئاوڕی دایەوە بینی پیرێژنێک بە تێڵایەکەوە (مەترەقێکەوە ) وەستاوە. تف لە قوڕگیدا وشک بوو و دەستیش هەر لەملی قازەکەو ڕەق بوو بوو. زانی خراپ تووش بووە و وەکو دەڵێن ڕۆژى لە جێیـەکی خراپ لێ ئاوابووە نەشی دەزانی چی بکات و چۆن خۆی بپەڕێنێتەوە. پیرێژن گوتی: باوەحیزى دز ئەوە تۆی قڕت خستۆتە مریشک و کەڵەشێرەکانمەوە. بەخوا بەدەستى من دەیخۆی و ویستى تێی سرەوێنێ. دەیزانی ئەگەر پیرێژن دەستێ لێ بوەشێنی خەڵک لێیان کۆدەبنەوە و ئیشەکە گەورە دەبێ ئاوڕووی هەزار ساڵی دەچێ, بۆیە بە پتە پت گوتی: خوشکەکەم مریشک و کەڵەشێر دزینى چى و من کەى لەڕێی ئەوەدام ئەو کارە بکەم؟
پیرێژن گوتی: ئەی بۆ دەستت کردۆتە ملی ئەو قازە, برای باوکتە, مام و خاڵتە؟ گوتی خوشکێ قوربانت بم خراپم تێ مەگە. من لەگەڵ هاوڕێکانم گرەوم کردووە و گوتوومە قاز جگە لەوەى دەندووکی هەیە ددانی ورد و جوانیشی هەیە , ئەها تۆ سەیرکە. بەخوا گرەوەکەم بردەوە. پیرێژن زوردەخەنەیەکی تاڵ هاتە سەر لێوى و گوتی: هەر بۆ خوا تێت ناسرەوێنم، هەستە بڕۆ و ملی خۆت بشکێنە، بەڵام جارێکی دیکە گرەو لەسەر قازی من مەکە. هەستا و پشتی کردە پیرێژن و بۆی دەرچوو و سوپاسی خواى دەکرد کە بە کەمترین زیان لە دەستى پیرێژن قوتار بوو.
ئەو ڕۆژە مەییان بێ گۆشتى برژاو خواردەوە. بەڵام ئەو لە دڵێ هەر لێکی دەدایەوە .. پیاو بە دزینى شتی بچووک ئاوڕووى هەزار ساڵی دەچێ, بەڵام بۆ شتى گەورەو قەبە کاریگەریی کەمترەو دزەکە نەک ئابڕووى ناچێ, بەڵکو گەورەتریش دەبێ و خەڵک کۆیلایەتیی دەکەن و بە ئەوپەڕی ڕێزیشەوە سەیری دەکەن و دەڵێن دیارە زۆر ئازا و دلێرە بۆیە توانیویەتی دەست بۆ ئەو شتە زڵ و قەبانە ببات.
بێ گومان دزی خوویەکی زۆر خراپە و ئێمە وا ڕاهاتووین کە ڕقمان لە پیاوى دزە و باوک و دایکمان ئامۆژگارییان کردووین کە دەست بۆ شتی خەڵک ندرێژ نەکەین. لە کوردەواریی خۆمان دەڵێین دز و حیز و ئەو دوو سسیفەتە دەدەینە پاڵ یەک. جاران لە گوندان هەندێک کەس دەچوون مەڕ و ماڵاتیان دەدزی وهەندێکیان ناویان بە دز دەرکردبوو و زۆر جار ئاغاش پشتی دەگرتن و دەیپاراستن چونکە دزییان بۆ ئاغا دەکرد. لە شاریش ماڵبڕ و دوکانبڕ هەبوون, بەڵام کە ئاشکرا دەبوون و دەگیران ئابڕووی خێزانەکانیان دەچوو.
جارێکیان مامۆستا دڵزار شتێکی لە بارەی دزییەوە گێڕایەوە و گوتی: لە ناوچەى کووت دزی شتێکی ئاساییە. هاوڕێیەکمان دەستى دزى کردنی هەبوو. ڕۆژێک پێم گوت تۆ شیوعی چۆن دزی دەکەیت؟ وەڵامى دامەوەو گوتێ هاوڕێ لێرە ئێمە بە کارێکی خراپی دانانێێن و دزی کردن نیشانەى ئازایەتی و چاونەترسییە.
ئیدى وا دیارە هەر ناوچەیەک بە شتێک بەناوبانگە و وا پێ دەچێ ئەو خووە گوێزرابێتەوە بۆ لاى ئێمەش بۆیە دزی گەورەو ناقۆڵامان تێدا هەڵکەوتووە. بەڵام خۆزگە لەجیانی ئەوە بە شتێکی باش ناوبانگمان دەرکردایە.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس