حەمەئازاد بەرزنجی: ماوەیەکە بۆیان نایەت و دەمیان تەتەڵە دەکات و تێکەڵی دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

برادەرێکمان هەبو، زو زو دەمی تەتەڵەی دەکرد و قسەکانی تێکەڵ دەکرد. جارێکیان لە کاتی شەڕی ئێران – ئێراقدا لەو کاتانەی ناو سلێمانیان تۆپ باران دەکرد. لە دائیرە هاتبوە دەرەوەو کەوتبوە ناو تۆپ بارانەکەوە لەبەردەم باخی گشتیدا. بە پەلە پڕوسکێ هەرچۆنێ بوبێ ڕزگاری بوبو. کە گەڕابوەوە، بۆ هاوڕێکانی گێرابوەوە و وتبوی یاخوا ئەوی بەسەر مندا هات بەسەر کەسدا نەیەت. وتبویان چیت لێ قەوماوە. وتبوی کەوتمە ناو تۆپبارانەکە ئیتر شەپۆکام ( لە باتی بڵێ پەشۆکام ). کاکە تەکسی بارانێک بو تەکسی یەک لەسەر یەک ئەیدا بە ئەرزا، ئەمویست تۆپێ بگرم وسوار تۆپێ بم و لەو ناوە نەمێنم دەسم لە هەر تۆپێک ڕادەگرت ڕا نەئەوەستا. ناجار بەپێ گەڕامەوە.
جا ماوەیەکە ئەو برادەرانەیش شەپۆکاون، و بۆیان نایەت و کارەسات لە دوای کارەساتەی ئەیدا بەزەویدا و، مەینەت دوای مەینەتەی ( کە بەرهەمی سیاسەتی هەڵەی خۆیانە )، بەسەریاندا دادەبارێ، دەلاقە دوای دەلاقە کەوتۆتە جەستەیان، تا یەکێ دەگرن یەکێ دی سەرهەڵدەدات. ڕاگەیاندنی جیا لەیەک دەدەن و دەمیان تەتەڵە دەکات و بەجۆرێ تێکەڵی دەکەن، خۆشیان بەئاستەم لەیەکی جیادەکەنەوە. ڕەش دەکەن بەسپی، سپی بە ڕەش، بێتاوان بەتاوانبار ودۆست بە دوژمن و چالاکوان بەسیخور و قۆپیەچی بە مامۆستاوپەروەردەکار و هەڵە بە ڕاست و درۆ بە ڕاستی هەژماردەکەن.
لەساتی هێرشە ناڕەواکانی تورکیا بۆ سەر چیای گارە و بۆسەر گوندو شارۆچکەکانی باشوری کوردستان، لە باتی ناڕەزایی دژ بە تورکیا بەڵگە و پاساویان بۆ هێرشەکان دەهێنایەوە و پەکەکەیان تاوانباردەکرد کە ئەوانن هۆکاری سەرەکی هێرشەکانن و گوایە تورکیا بەدوای ئەمانەوەن. لەگەرمەی هێرشەکاند بسکەی سمێڵیان دەهات و وایان دەزانی بە قازانجی تورکیا دەشکێتەوە، بەڵام کە ئەنجامەکە پێچەوانە بوەوە و لوتی تورکیا شکێنرا، فزەیان لەدەمبڕاو بێ ورتە بون، چونکە ئەمانە لە نوشتی هاوڕێکانیان و سەرکەوتنی دوژمناندا شاگەشکە دەبن و سەر بەرز دەکەنەوەو لە پێجەوانەکەشدا بێدەنگن. ئەگەر تورکیا بەدوای پەکەکەوە بو لە چیای گارا؟ ئەی ئەو هەمو بنکەی سەربازیانەی دیکە کەلە ناوچەکەدا دایناون و كێ بەدوایانەوە بوە. ئەی کێ بەدوای بەفیرۆدانی سامانی ئەم وڵاتەوە بو کەگرێبەستی پەنجا ساڵی نەوت واژۆ دەکرا لەگەڵ تورکیادا،کە کەس تاکو ئێستا نازانێ ناوەڕۆکەکەی چییە و چی تیایە.
کاتێکیش باس و خواستی لامەرکەزی شارەکان هاتە کایەوە، ئەمان باسی جیابونەوە و پەرتکردنی کوردستان و دابەشکردنی هەرێمیان پیادە دەکردو سلێمانیان تاونبار دەکرد بە جیابونەوە. بۆیە بە بەناچاری ڕازی بون بە پلانی دابەشکردنی بودجە بەسەر شارەکاندا و هەرچەندە تا ئێستا هەر ژمارەیەو کردار شەرتەو بزانین تا کەی بەردەوام دەبێ. بۆیە بەپەلە و، بێ ئەوەی ڕێگایەک بەتەواوی هەموی تەواو بکرێت، پارچەیکیان لێکردەوەو ئاهەنگێکی کردیانەوەیان ( افتتاح )بۆ گێرا، گوایە ئەمان خزمەتی هەولێر دەکەن و لایەنەکەی دیکە بودجەکەی سلیمانی خواردوە. خۆزگە و سەد خۆزگە ناکۆکیەکان و کێبرکێکان دەگۆڕا بۆ پێشبڕکێی کێ زیاتر پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان پێشکەش دەکات و کێ بەرنامەی باشتری هەیە بۆ پەرە پێدان، نەک پێشبڕكێی کێ زیاتری دەسدەکەوێ و كێ زیاتر موڵک و ماڵ داگیردەکات و کێ زیاتر خۆڵ دەکاتە چاو.
لەولاترەوە بە پەلە پرۆزی کەیسێکی دادوەریان لە دهۆکەوە گواستەوە بۆ هەولێرو پێنج شەش ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی بێ تاوانیان بە شەش ساڵ حوکمدا و ئاوی چاوە شینەکانی چەندان منداڵی نیشتمانیان کرد بە گۆمی خوێن. لەلایەک سەرۆکێکیان پێش دادوەریەکە لێدوان دەدات و ڕایدەگەیەنێ کە ئەوانە کۆمەڵێ سیخوڕ و گێرەشێوێنن و، ئارامی ئەم وڵاتە و هەرێمیان تێکداوە. سەرۆکێکی تریان دوای دادوەرییەکە دەڵێ ئەوە بڕیاری کۆتایی نییەو دەرفەتی پیاداچونەوەی هەیە. هێشتا ئاوی ئەم نادادییەیان وشک نەبوبۆوە، بۆ ئەوەی ئاراستەی چاوەکان لە سەر نادادپەروەرییەکانیان لە بادینانەوە بگوازنەوە بۆ سلێمانی. بە حسابی خۆیان ناسەقام گیرییش لەم دەڤەرەیشدا هەیە. بە چەقۆ هێرش دەکرێتە سەر ئەندام پەڕلەمانێکی ئێراق لە سلێمانی کە یەکێکە لە کادرە چالاک و سەرسەختەکانی دژ بە نا عەدالەتی و گەندەڵکاری و خستنە ڕوی گەندەڵییەکانیان. پێش ئاشکرا کردنی ناو و وێنەی تاونبارەکە، لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەیانویست بەزم بنێنەوە و ڕاستیەکان بشێوێنن. گوایە ئەمە شانۆگەرییە و دکتۆر بۆ کۆکردنەوەی دەنگ ئەمە دەکات. لەلایەکی دی دەیانگوت ئەمە پاسەوانەکانی خۆیەتی و موچەکانیانی خواردوە. لەملاوە دەیان وت ئەی کوا پاسەوانەکانی، لە لایەکی دی دەیان ویست چەند لایەنێکی تری پێ تاوانبار بکەن
لەملاترەوە کادیر و لایەنگیرێکیان لە شاشەی تیڤیەکانیانەوە شانازی بە قۆپیکردنەوە دەکات و دەڵێ هەمو قوتابخانەم بە قۆپی تەواو کردوە و سوکایەتی و قەشمەری بە پرۆسەی پەروەردە دەکات و بێ پەردە شانازی بە گزیکردن و قۆپیەکەیەوە دەکات و گوایە پسپۆڕیشە تیایدا. کەچی وەزیری پەروەردەکە پەردەپۆشی بۆ دەکات و دەڵێ هیچ بەرپرسێتییەکی نیەو پەیمانگای خوێندن هی ئەو نییە و بەناوی خەڵکی دیکەوەیە. بەڵام وەزیری خوێندی باڵا کەسەر بەوان نییە دەڵێ پێویستە لێکۆڵینەوەی لە گەڵدا بکرێ و لیژنەی بۆ پێکهێناوە.
لەولاوە بە قوڵایی دەیەها کیلۆمەتر تیرۆرستان و تاوانکاران سنورە بەرگرییەکانی ئاسایشی هەولێر دەبڕن و دەچن لە ناو قوڵایی هەرێم و نزیک شار، شاری هەولیر وفرۆکە خانە ڕۆکێت باران دەکەن، نایخەنە سەرخۆیان و دەڵێن هیرشەکە زیاتر مەبەستیان ئەمریکیەکان وبەرژەوەندی ئەمریکا بوە نەک هەرێم. دەیانویست ئەم کارەساتەیش بقۆزنەوەو هەندی دەسکەوتی مادی تریان دەسکەوێ و سۆزی وڵاتان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. هەرچەندە زۆربەی وڵاتان و ڕێکخراوانی بیانی هاتنە دەنگ و ئەمریکا پەرچەکرداری نواندو مۆڵگەکانی تاوابارانی بۆردومانکرد. بەڵام بێدەنگیش نین لە ناداد پەروەری دەستڕۆیشتوانی هەرێم و، پێشێلکاریەکانی ئەمان دژی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و گەندەڵکاریەکانیان. ئەوەتا ئامادە نین یارمەتیەکانیان ئەو پێشمەرگانە بگرێتەوە کەسەر بە حزبن وتەنها هێزە هاوبەشەکان دەگرێتەوە و جەخت دەکەنەوە کە مافی مرۆڤ پێشێل نەکرێت و بەها دیموکراسیەکان نەشێوێندرێن و دژبە حوکمدانی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینانیش بێدەنگ نین و حکومەتی هەرێمیان ئاگادارکردۆتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت