نەوزادى موهەندیس: وڵات و کۆمەڵگا چۆن پێش دەکەون؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە پڕۆسەى پێشکەوتن و گەشەسەندنى وڵات و کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان پڕۆسەیەکى مێژووکرد و دوورودرێژە و پێویستى بە زەمەن و زەمینى گونجاو هەیە تا بتوانێت بەشێوەیەکى ئاسایى گەشەبکات و هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵنێت.
جا پڕۆسەیەکى وا گەورە و گرنگ و درێژخایەن پێویستى بە پشوو درێژى و بەرنامە و پلانى زانستى و واقعى هەیە کە لەلایەن ئیدارەیەک و دەسەڵاتێکى ڕاشد و ژیر و دووربینەوە بەڕێوەببرێت، جا ئەم پڕۆسەى پێشکەوتنە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکى تر و لە وڵات بۆ وڵاتێکى تر جیاواز دەبێت لەسەر بنەماى مێژوو و جوگرافیا و هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکى و ژمارەى دانیشتوان و ئاستى هوشیارى و زانستیان و بوونى کەسانى زانا و دانا و بیرمەند و لەسەرو هەمووشیانەوە دڵسۆزى و خەمخۆرى و خۆشەویستیان بۆ گەل و نیشتیمانى خۆیان بنەمایەکى ترى سەرکەوتنە.
بەهەمان شێوە سەروەربونى یاسا و ڕێساکان و کارئاسانیکردن بۆ ڕاپەڕاندنى ئیشوکارەکان و جێبەجێکردنى پڕۆژە ئەندازیارى و ئاوەدانیەکان هۆکارێکى ترى پێشکەوتنەکانە.
بنەمایەکى ترى پێشکەوتن بریتیە لە بوونى سەرچاوە سروشتیەکان وەک کەرەسەى خاو بۆ پیشەسازیەکان و بوونى کەشوهەوایەکى گونجاو و لەباریش لە بەفر و باران و خاک و هەواو ئاو بۆ هەڵسوڕاندن لەهەموو جێگە و گۆشەیەکى وڵاتدا.
بۆیە هەر وڵات و کۆمەڵگایەک بۆ ئەم پڕۆسەى پێشکەوتنە پێویست دەکات کە لەسەر ئاستى هەموو بوار و کەرتەکانى ژیان پلان و بەرنامەى زانستى هەبێت هەر لە کشتوکاڵ و پیشەسازى و گەشتوگوزار و سەرچاوە مرۆییەکان و پەروەردە و تەندروستى و ئاوەدانى و خوێندنى باڵاو ئەمنیشەوە.
بۆیە ناکرێت و کارێکى لۆژیکیش نیە کە دەسەڵاتەکان تەنها گرنگى بەبوارێکى تایبەت و دیارکراوى ژیان بدەن و ئەوانى دى پشتگوێبخەن. چونکە کۆمەڵگا و خواست و داواکارى و پێداویستیەکانى سەرجەمى بوارەکان دەگرێتەوە و هەموانیش وەکو یەکتر گرنگن، بۆیە هەر دواکەوتنێک و پاشەکشەکردنێک لە یەکێک لە بوارەکاندا کاریگەرى خراپ دادەنێت لەسەر کۆى پڕۆسەى پێشکەوتنەکە.
خاڵێکى گرنگتر لەهەموان بون و دابینکردنى بودجەیەکى پێویستە بۆ جێبەجێکردنى پلان و پڕۆژەکان، چونکە بەبێ بوونى بودجەیەکى تەرخانکراو ناتوانرێت هیچ هەنگاوێکى پێشکەوتن و گەشەکردنى کۆمەڵگاو وڵات هەڵبنرێت.
هەربۆیە کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان گەرەکە لە ڕووى جەستەیى و دەرونى و فکر و هزریشەوە ئازاد وتەندروست و ساغڵەم بن تابتوانێت لە کۆمەڵگایەکى بەرخۆر و تەمەڵ و دواکەوتوو و هەژار و نەخۆشەوە ببێتە کۆمەڵگایەکى بەرهەمهێن و بەبەخشش و داهێنەر و سەرکەوتوو و پێشکەوتوى خۆشگوزەران. چونکە هەمیشە تاکى ئازاد و سەربەخۆ داهێنەر تر و بە بەخششترە لەتاکێکى کۆیلە و دەستەمۆ.
بەشێوەیەکى گشتى هەموو ئەو خاڵانەى لاى سەرەوە بنەماى سەرەکین بۆ پڕۆسەیەکى ئاسایى پێشکەوتنى کۆمەڵگاکان، بەڵام بەشێوەیەکى تایبەتى هەردوو کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازى گرنگى گەورەتریان هەیە و ڕۆڵى بەرچاو دەبینن لە پڕۆسەى گەشەکردن و پێشکەوتندا، ئەوەتا وڵاتە گەورە پیشەسازیەکان هەموانیان بە پلەى یەکەم لە کشتوکاڵەوە پێداویستیە ناوخۆییەکانى خۆیان دابیندەکەن و بەهۆى کەرتى پیشەسازیشیانەوە توانیویانە کە سوود لەهەموو سەرچاوە سروشتیەکانى سەرزەوى و ژێر زەوى ببینن و لەڕێگەى ئەم کەرتەشەوە هەلى کارى زۆر و زەوەند دابینبکەن و بێکارى و هەژارى نەهێڵن و کۆمەڵگا بگۆڕن بەکۆمەڵگایەکى چوست و چالاک و داهێنەر.
جا ڕابەرى ئەم پڕۆسەى پێشکەوتن و داهێنانە بەندە لەسەر پسپۆڕیە جیاوازەکانى زانستەوە هەر لە پزیشکى و ئەندازیارى و یاسا وئەمنى و …هتد. بۆیە گرنگە تاکەکانى کۆمەڵگا دابەشببنە سەر هەموو لق وپۆپەکانى زانستەکان و بۆئەوەى کۆمەڵگا پێکەوە و لەسەر ئاستى هەموو بوارەکان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
بۆیە گرنگە دەسەڵاتەکان گرنگى بەهەموو پسپۆڕ و زانا و داهێنەرەکان بدەن بەبێ جیاوازى و لە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى وڵاتیشدا گرنگى گەورە بدن بە توێژى ئەندازیاران، چونکە کۆڵەکە و پایەى بەهێزى هەموو پلان و پڕۆژەکانن.
جا هەر دەسەڵاتێک ئەم خاڵ و بنەمایانەى بە ووردى و بەدیقەت و پلانەوە جێبەجێکرد، ئەوا بەدڵنیایى پێشکەوتن و گەشەکردن مسۆگەر دەکات و بەپێچەوانەشەوە دواکەوتن و هەژارى و نەخۆشى و بێکارى بەرۆکى گەل و وڵاتەکەى بەرنادات. بۆیە گەرەکە دەسەڵات لەم هەرێمەى کوردستاندا هەموو ئەم ڕاستیانەى لا ڕوون بێت بۆ دەربازبوون لە خولانەوە لەبازنەیەکى بۆشدا و خۆڕابپسکێنێت لەم هەموو کۆت و بەند و بێ پلانى و بێ بەرنامەیەى کە هەیە لە کۆکردنەوەى داهاتەکان و لە خەرجکردنەوەشیدا بەمەبەستى دەربازبوون لەم قەیرانە داراییە تاقەت پڕوکێنەى کەزیاد لە 6 ساڵە بەرۆکى ئەم وڵات و هەرێم و کۆمەڵگایەى گرتوە. بەداخیشەوە تروسکاییەکى ئومێدیش بەدى ناکرێت. هەربۆیە ئومێدەکان بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگاکەمان و دەربازبوون و بازدان لە کۆمەڵگایەکى بێکار و دواکەوتوو و هەژارەوە گەلێک زەحمەتە بەرەو بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى ساغڵەم و تەندروست و داهێنەر و پێشکەوتوو وەکو هەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتیە ئازاد و دیموکراسیخوازەکانى دونیاى سەردەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت