بورهان شێخ ڕەئوف: عەرەبستانى سعودیە لە نێوان چەکى رۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش سێ هەفتە ئەمریکا بڕیارى دا چەک فرۆشتن بە عەرەبستانى سعودیە و ئیماراتى عەرەبى بەشێوەیەکى کاتى ڕابگرێت، بەو هیوایەى کۆششەکانى بۆ کۆتایى هێنان بە شەڕى ناوخۆیى یەمەن بەرهەمداربێت.
لە کاتێکدا پێگەى ( meddle East Eye ) بەریتانى لیستێکى بڵاوکردۆتەوە لە سەر ئەو وڵاتانەى تا ئێستا چەک و تەقەمەنى دەفرۆشن بە سعودیەو ئەو وڵاتانەشى بڕیارى هەڵپەساردنى فرۆشتنى چەکیان بە عەرەبستانى سعودیەو هاوپەیمانەکانى داوە، هەروەها هەوڵ و تەقەلاى چالاکوانانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ دروستکردنى فشار بۆ وەستاندنى فرۆشتنى چەک بەو وڵاتە.

ئەو وڵاتانەى تا ئێستا چەک بە سعودیە و هاوپەیمانەکانى دەدەن:
1. بەریتانیا
هەرچەندە ئەمریکاى هاوپەیمانى نزیک و دۆستى گیانى بە گیانى بەریتانیاى مەزنە چەک فرۆشتنى هەڵپەسارد بە عەرەبستان و هاوپەیمانەکانى، بەڵام بەریتانیا ئەو هەنگاوەى لە گەڵدا نەنا، هەرچەندە بە پلەى دووەم دەوڵەت دێت بۆ چەک فرۆشتن بە سعودیە.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى وەزارەتى دەرەوەى بەریتانیا ڕایگەیاند: ئەو بڕیارە تایبەتە بە ئەمریکا خۆیەوە سەبارەت بە نە فرۆشتنى چەک بە سعودیە، وتى شانیشینى یەکگرتوو خۆى بەرپرسیارێتى هەناردەکردنى چەک بۆ سعودیە هەڵدەگرێت، هەروەها وتى بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنى هەموو ئەو بۆندانەى کە لە گەڵ سعودیەدا کردوومان لە سەر بنەماى مۆلەت و پێودانگى وردو قایم.
لە کاتێکدا لەندەن بایى 1.88 ملیار دۆلار چەکى بە ریاز فرۆشتووە کە پێکهاتووە لە ڕۆکێت و بۆمبى جۆراوجۆر لە ماوەى هەردوو مانگى تەموز و ئەیلولى 2020 بە گوێرەى ژمارەو ئامارەکانى وەزارەتى بازرگانى نێودەوڵەتى هەفتەى ڕابردووە.
لە مانگى حوزەیرانى ساڵى 2019 لەندەن هەموو سات و سەوداکانى چەکى لە گەڵ سعودیەو هاوپەیمانەکانى بەکاتى وەستاند، دواى بڕیارى دادگاى ئیستئنافى شانشینى یەکگرتوو بەوەى کە حکومەتى بەریتانیا شکستى هێناوە لە دیاریکردنى پێشێلکردنى یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیەکان لە بەکارهێنانى ئەم چەکانە، بەڵام لە مانگى تەموزى 2020 جارێکى تر دەستى کردەوە بە چەک فرۆشتن بە سعودیە و هاوپەیمانەکانى.

2. فەرەنسا
هەفتەى ڕابردوو بەزۆرینەى دەنگى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا بڕیارى قەدەغەکردنى فرۆشتنی هەموو جۆرە چەک و کەرەسەى جەنگى و ئاسایشى ئەوروپا بەکار هاتوو لە شەڕى یەمەن درا، هەروەها خوازیارى ئەوە بوون هەر وڵاتێک سەرپێچى ئەو بڕیارە بکات ڕووبەڕووى سزاى توند ى یەکێتیەکە ببێتەوە.
بەڵام زۆربەى هەرەزۆرى یاسادانەرانى فەرەنسى دەنگیان نەدا بەو بڕیارە کە 22 کەس لە 23 نوێنەرى فەرەنسا لە پەرلەمانى ئەوروپا لە فراکسیۆنى سیاسى لیبراڵى ( تازەکردنەوەى ئەوروپا ) کە زۆربەیان ئەندامى حزبەکەى سەرۆک ماکرۆنن ( کۆمار بۆ پێشەوە ). دەبێت ئاماژە بەوەش بدەین فەرەنسا بە پلەى سێیەم دێت بۆ فرۆشتنى چەک بە ریاز.

3. ئیسپانیا
نوێنەرانى ئیسپانیاش لە پەرلەمانى ئەوروپا لە نۆ کەس حەوتیان بە هەمان شێوەى هاوڕێ فەرەنسیەکانیان دەنگیان نەدا بۆ وەستاندنى فرۆشتنى چەک بە سعودیەو هاوپەیمانەکانى.
ئیسپانیاش بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانى هەناردەکردن و فرۆشتنى چەک بە سعودیە و هاوپەیمانەکانى دێتە ئەژماردن، بە شێوەیەک لە نێوان ساڵانى 2015 و 2019 بایى 3.6 ملیار دۆلار بووە کە بەشى زۆرى فڕۆکەى جەنگى و ڕۆکێت بووە بەشى زۆرینەى بۆ سعودیەو ئەوەکەى بۆ ئیماراتى عەرەبى.
هەرتایبەتە بەم بابەتە وتەبێژى ڕێکخراوى لێبووردنى نێودەوڵەتى سەبارەت بە بڕیارى ئەمریکا بە هەڵپەساردنى فرۆشتنى چەک بۆ سعودیەو هاوپەیمانەکانى وتى بێگومان ئەم فشارە کاریگەرى باشى دەبێت و هیوادارین حکومەتى ئیسپانیا لایەنگرى ڕەوایەتى و مۆراڵ بکات، هەروەها وتى دەبێت حکومەت لە نێوان بەرەى زۆرلێکراوان و بەرەى بازرگانانى شەڕو مردن یەکێکیان هەڵبژێرێت کە شەش ساڵە بێ بەزەییانە درێژە بەو جەنگە دەدەن.

4. ئوسترالیا
هەفتەى پێشوو ئوسترالیا ڕایگەیاند کە چەک فرۆشتن بە سعودیەو ئیماراتى عەرەبى قەدەغەناکات، سەرەڕاى مەترسیەکانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە سەر پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ یاساى نێو دەوڵەتى لە جەنگى یەمەن.
ئوسترالیا لە ئابى 2019 و تشرینى یەکەمى 2020 پێنج مۆڵەتى هەناردەکردنى چەک و تەقەمەنى بۆ سعودیەو نۆ مۆڵەتیشى بۆ ئیمارات داوە.

5. کەنەدا
کەنداش لەو وڵاتانەیە کە چەند جارێک لە ژێر فشاردا چەک فرۆشتنى ڕاگرتووەو دواتر دەستى پێکردۆتەوە بۆ سعودیە و ئیمارات، وادیارە قازانج و داهاتى لەم بۆندانە زۆر چەورو خەیاڵیە، تا ئێستا بایى 2.2 ملیار دۆلارچەک و تەقەمەنى پێ فرۆشتوون.

ئەو وڵاتانەى فرۆشتنى چەکیان هەڵپەساردوو بە سعودیەو هاوپەیمانەکانى:
1. ئەڵمانیا
ئەڵمانیا لە یەکەمى ئەو وڵاتانەیە کە چەک فرۆشتنى قەدەغەکرد بە سعودیەو هاوپەیمانەکانى، حکومەتى ئیئتلافى ئەلمانیا بە سەرۆکایەتى ئەنگیلا میرکل لە ساڵى 2018 بڕیارى دا چەک و تەقەمەنى بە سعودیە نەفرۆشێت بە هۆى ترس لە دۆخى شڵەژاوى یەمەن و کوژرانى ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچى، ئەو قەدەغەیە چەند جارێک نوێ کرایەوە تا دواجار لە مانگى کانونى ڕابردوو تا کۆتایی ئەم ساڵ 2021 جێگیرکرا.
تا پێش ئەم قەدەغەکردنە ئەڵمانیا بایی 550 ملیۆن دۆلار چەکى بە ریاز فرۆشتووە تاوەکو چارەکى سێیەمى ساڵى 2017.

2. ئیتالیا
لە دواى بڕیارەکەى واشنتۆن لە لە مانگى کانونى دووەمى 2021 ، ئیتالیاش بڕیارى خۆى دا بە قەدەغەکردنى هەناردەکردنى چەک و تەقەمەنى بۆ عەرەبستانى سعودیەو هاوپەیمانەکانى بە هۆى مەترسى لە کوشتارى خەڵکى سڤیل، ڕێکخراوە مەدەنیەکان و چالاکوانانیش ئەم هەنگاوەیان بەرزنرخاند، هەنگاوەکەش هەڵوەشاندنەوەى بۆندێک بوو کە فرۆشتنى 12700 ڕۆکیت بوو کە بایى 485 ملیۆن دۆلار بوو کە سەرۆکوەزیرانى پێشوو ڕەزامەندى لەسەر دابوو لە ساڵى 2016.

3. بەلجیکا
هەرچەندە زۆر باسى فرۆشتنى چەک و کەرەسەى جەنگى بەلجیکى دەکرێت بۆ عەرەبستانى سعودیەو هاوپەیمانەکانى و ڕوبەڕوى ڕەخنەى توند بوونەتەوەکۆمپانیا بەلجیکیەکان، هەربۆیە حکومەتى هەرێمى فالۆنیا لە باشورى بەلجیکا کە دەستەڵاتێکى زۆرى هەیە لە شوباتى ساڵى 2020 بڕیارى قەدەغەکردنى فرۆشتنى چەکى بۆ سعودیە و هاوپەیمانەکانى ڕاگەیاند.
پێدەچێت وڵاتانى ترى یەکێتى ئەوروپا جگە لە ئەڵمانیاو ئیتالیاو بەلجیکا هەمان هەنگاوى بنێن و یاساى پێویست دەربکەن بۆ ئەوەوى چەک و کەرەسەى جەنگى نەگاتە دەست عەرەبستان و ئیمارات ئەوانیش دانمارک و فنلندەو یۆنان و هۆڵەندەن.

چەکى ڕوسى ئەڵتەرنەتیفى چەکى ئەمریکى و ئەوروپیە
لە بەرامبەر فشار و سزاکانى ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانى ئەوروپا ، عەرەبستانى سعودیەش پێناچێت دەستەوەستان بووەستێت، چۆن ئەردۆگان سیستمى S400 ڕوسى کڕى لە بەرامبەر ئەوەى ئەمریکا سیستمى پاتروێتى پێ نەفرۆشت.
هەربۆیە لە عەرەبستانى سعودیەش لە ساڵى 2009 دواتریش ساڵى 2017 باسى کڕینى سیستمى ناوبراو کراوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن تا ساڵى 2019، هەر تایبەت بەم بابەتە سەرۆکى ڕوسیا فلادیمیر پۆتین لە ساڵى 2019 ڕایگەیاند ئێمە ئامادەین یارمەتى شانشیینى سعودیە بدەین بۆ پاراستنى وڵاتەکەى، هەروەها وتى ئەوان پێویستیان بە بڕیارى زیرەکانە هەیە وەکو ئێران و تورکیا.
هەربۆیە تاکە ترس و نیگەرانى عەرەبستانى سعودیە لە کڕینى سیستمى بەرگرى ڕوسى ئەوەیە کە ئەمریکا تۆڵەى ئەمەى لێبکاتەوە و سزاى بە سەردا بسەپێنێت و خەرجیە دەرەکیەکانى بۆ کەم بکاتەوە.
سعودیە لە بەرامبەر ئەو پەراوێزخستن و سزایانەدا نەک هەر باسى کڕینى سیستمى بەرگرى S400 ڕوسى دەکات، بەڵکو بە نیازە فڕۆکەى سوخۆى سو -35 بکڕێت کە مۆسکۆ بۆیانى پێشنیار کردووە کە باشترین و پێشکەوتوترین فڕۆکەى جەنگى ڕوسى دێتە ئەژماردن.

تفەنگى کلاشنکۆف
سعودیە ساڵى 2019 بۆندێکی واژۆ کرد لە گەڵ کۆمپانیاى بەرگرى گەورەى ڕوسی بۆ بەرهەمهێنانى تفەنگى AK-103 ) لە ناوخۆى سعودیە، بەڵام دواتر ڕێککەوتن کەبۆندى هاوردەکردنى تفەنگى ناوبراویش ئیمزا بکەن بە قەوارەیەکى گەورە.

ئاگر وەشێن ( قازقە اللهب ) ( TOS-1A )
لە ساڵى 2017 کۆمپانیاى پیشەسازى سەربازى سعودیە بۆندێکى گەورەى واژۆکرد لە گەڵ کۆمپانیاى روس ئۆبورون ئیسکبۆرت بۆ دروستکردنى سیستمى ئاگر هاوێژى قورس یان مووشەکى کاتویشا توس 1 کە دیزاین کراوە لەسەربنەماى تانکى T72 ڕوسی.

ڕۆکێتى 9M133 کۆرنت
ئەمەش جۆرێکى ترى ڕۆکێتى ڕوسیە، ئاڕاستە دەکرێت دژى تانک کە یەکێک لە بەناوبانگترین کەرەسە جەنگى و سەربازییەکانى ڕوسە بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین. مۆڵەت دراوە لە لایەن کۆمپانیاى پیشەسازى سەربازى سعودیەوە بە گوێرەى هەمان ڕێککەوتننامەى ساڵى 2017بۆ گواستنەوەى تەکنۆلۆجیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت