بەیان ئیبراهیم: هەشتی مارسێکی تر و مافی ژنان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماف هەر جۆرێک بێت و لەسەر هەر ئاستێک بێت، دەبێت بە یاسا بسەلمێنرێ و پاشان دادگاکان کاری لەسەر بکەن. خۆ ئەگەر ئێمە دەزگای یاسادانان کە پەرلەمانە سەیر بکەین ئەوا دەزانین کە یاسایەک هەیە گشتگیر بۆ مافی ژنان، بەڵام کاتێک دەبینین ماف خوراوێک ناتوانێت یان هەر بە ئاگا نیە لەو ماف و یاسایانە کە خۆی داوای مافی خۆی نەکات بە پێی یاسا ئەوا دەبێت لەگەڵ دەرچونی هەر یاسایەکدا هەڵمەتیکی میدیایی بکرێت تا بگاتە کۆی هاوڵاتی تا ئەگەر مافی ئەم هاوڵاتیە خورا تێبگات و هوشیاری ئەوەی هەبێت کە یاسایەک هەیە دەتوانێت بە پێی ئەو یاسایە داوای مافەکانی بکات. ئا لێرەوە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین ئەی ئەگەر کەسێک بەتایبەت ژنێک بشزانێت یاسایەک هەیە و وە هوشیاری ئەوەشی هەبێت کە دەتوانێت بە پێ ی یاسایەک داوای مافی خۆی بکات و لەبەر عادات و کلتور نەیتوانی داوای مافی بکات چی ..؟
ژن بە درێژایی مێژو ئەگەر خۆیان کۆک نەبوبێتن لەسەر ئەوەی ئازایانە داوای مافی خۆیان بکەن و شۆڕشی ئازادی و مافیان نەکردایە ئەوا یاساکان ئەگەر هەشبوبێتن نەیتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕێ ژن بباتە ناو بازنەی ئازادییەکانیەوە. کەواتە تەنها یاسا ناتوانێت ماف بۆ ژن دەستەبەر بکات، بەڵکو ئەوە خودی ژنە دەبێت خۆیان کار بکەن بۆ ئازادی و ببنە گروپی ڕێکخراو و شۆڕش بەرهەمبهێنن.
ئەوا هەشتی مارسێکی تر هاتەوە و ئێمە پێویستە لە سنوری هەرێمدا ئەو پرسیارانە لە خۆمان بکەین، ئایا هەمان دروشمی سواو و هەمان کەرنەڤاڵ دروست دەبێتەوە کە دەزانین لە پەنای ئەمانەدا ئاماری کوشتن و لێدان و دەستدرێژی زیاد دەکات، خۆ ئەگەر بە پێ ی پێشکەوتن و تێکەڵبونی کەلتورەکان لە سەردەمی تەکنەلۆژیا سەیر بکەین ئەوا دەبو ئێستە ژن لە هەمو بوارەکاندا وجودی هەبوایە و شان بە شانی پیاو کاری بکردایە تا ئەم هەرێمەمان ناو بنایە هەرێمێکی تەندروست، هیچ کۆمەڵگایە بە تەندروست ناو نابرێ تا مافەکانی ژنی تیا نەچەسپێ.
لە هەرێم ئەوەی زیاتر کار دەکات عادات و کەلتورە نەک یاساکان، ئەوەی ژن خۆی تیا دەبینێتەوە حکومی عاداتە نەک یاساکان هەر بۆیە ژنانێک هەن کە لەبەر کۆمەڵێک پیودانگی عاداتی ناتوانن داوای مافی خۆیان بکەن، لێرەوە ژن خۆی دەبێت کار بۆ گەشتن بە مافەکانی بکات، خۆی دەبێت سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بێت کە ژن دەبێت وجودێکی هەقیقی هەبێت نەک پاشکۆ ، خۆ ئەگەر سەیری ڕێکخراوەکانی ژنان بکەین ئەوا پێویست بە باس کردن ناکات چونکە هیچیان نەیانتوانیوە بچوکترین ماف بخەنە سەر خەرمانی مافەکانی ژنان، بگرە هەندێ کاتیش ناتوانن لە بەرامبەر زەوتکردنی مافی ژنێک قسەیەک و کردارێکی جدیان هەبێت، لە پشتی هەمو ئەمانەشەوە ژن بۆ خۆیان ڕۆڵێکی هێکجار خراپ دەگێڕن لە سەرکوتکردنی ژناندا کاتێک دەبنە دایک.
با بپرسین ئایا ئازادی بە چی پێوانە دەکرێت، خۆ ئازادی ئەوە نیە ئێستە لە هەرێم کۆمەڵێک ژن دروست بون بونەتە کاڵا و پێیان وایە ئازادن، بێ ئاگا لەوەی جگە لە کاڵایەکی مارکێتین و لەش و لار هیچی تر نین، بە دیوەکەی تردا دیسانەوە ئەمەش زەوتکردنی مافی ژن و بەکارهێنانیەتی بۆ مارکێتین و کاڵا و دواجار توشی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی گەورە دبنەوە.
وا دیسان هەشتی مارسێکی تر هاتەوە، دیسان جگە لە لێدانەوەی هەمان قەوان و هەمان دروشمی سواو هیچی تر نابێت، تا ئەو ئاستەی هەشتی مارس لە پرسەیەکی گەورە دەچێت وەک لەوەی بۆنەیەک بێت تا داوای مافی تێدا بکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت