حەمەئازاد بەرزنجی: ڕاستکردنەوەی گۆ کردنی وشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زمانی کوردی یەکێکە لەزمانە زیندووە دەوڵەمەندەکانی جیهان. ڕاستە چەند شێوەزارێکمان هەیە و زمانی یەکگرتوی ئەدەبیمان نییە. بەڵام دەتوانین ئەو فرەییە لە زاراوەدا بکەین بەسەرچاوەیەک بۆ هەڵێنجانی وشەی نوێ. هەروەک وتراوە لە زماندا فرەیی زاراوەیی کێشە نییە، بەڵکو کێشە لە چەند ڕێزمانییە لە یەک زماندا. بە پێی رای هەندێ لەمامۆستایان و شارەزایانی زمانی کوردی دەڵێن ڕاستە زمانی یەکگرتومان نییە، بەڵام لە ناو زۆر لە دەقە نوسراوەکانی ئێستای نوسەران هەنگاو نان بەرەو زمانی یەکگرتو دەبینرێ و تێکەڵییەک هەیە لەزارەوەکان وخواستن لە زارەیەکەوە بۆ زاراوەیەکی دی و وشەی زانستی و تەکنیکی و هونەری و کارگێری وای تیادایە کە نەک بادینانیەک بەڵکە گەر هەولێری، سلێمانی، یان کەرکوکیەکیش با خوێندەواریش بێ بەدواچونی نەبێ بۆ خوێندنەوەی ئێستا وخویندەوارێکی باش نەبێ بە ئاسانی لە هەندێ وشە تێناگات. هەرچەندە کار بۆ زمانی یەکگرتو ، بە خواستنی چەند وشەیەک نابێ ، کار و شەونخونی کارناسانی خۆی گەرەکە.
مەبەستی سەرەکی من لەم نوسینەدا ئەوەیە کە سود لە هەمو زاراوەکان وەربگیرێ و هەمو زاراوەکانیش زاراوەی زمانی کوردین و جێگەی شانازی هەمو لایەکن دەوڵەمەندی زاراوەیش بە زۆری گفتوگۆکەران و پێ ئاخافتنکەرانیان نابێ بەڵکە بە پاکی زاراوەکە و زۆری و ڕەسەنایەتی و جوانی وشەکان دەبێ. کێشەکە لەوەدایە نەک لە نێوان دوو زاراوەدا، بەڵکو لەناو یەک زاراوەیش، لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دی کۆمەڵی وشە، دەستەواژە، پێشگر، یان پاشگری دژ بەیەک و بۆ یەک مانا بەکاردێن. یان وشەکە بەهەڵگەڕاوەیی بەکاردێت و لەگەڵیشیان ڕاهاتوین. کاتی ئەوە هاتوە ئەم هەڵانە چاکبکرێنەوە و ڕاستیەکانیان بنوسرێ. وشە ڕاستەکانیش لە ئەکادیمیایەکی پسپۆڕەوە یەکلایی بکرێنەوە هەرچەندە زۆریشیان خۆیان بەئاشکرا دیارن.
بۆ نمونە من لەم پارچە نوسینەدا پاشگری وشەی ( دی) م بەکار هێناوە لەباتی ( تر) بە ڕاستتریشی دەزانم. وام پێباشە بنوسرێ (جارێکی دی، پیاوێکی دی، زاراوەیەکی دی و… هتد ) لە باتی ( جارێکی تر، پیاوێکی تر، زاراوەیەکی تر و… هتد ) . ( تر ) بۆ پلەی بەراورد بەکاربهێنرێت. ( جوانتر، ڕێکوپێکتر، دڵگیرتر ). لە سلێمانی ( سەوز ) و لە هەولێر ( کەسک )، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لە ناوچەی پشدەروبتوێن و دەوروبەریان بە سەوز دەڵێن ( شین ). ناکرێ بۆ یەک ڕەنگ دوو ناوی جیاواز هەبێ کە ناوەکە بۆ ڕەنگێکی دیکەش بەکاربهێنرێت. ( مەبەستم کەسکەکە نیە ). هەرچەندە گەر لەکاتی گفتوگۆکردنیشدا بێ لە ناوچەی خۆیان ئەوە قەیدی نییە، بەڵام نابێ بخرێتە ناو نوسین و لەناو نوسراودا بەکار بهێنرێت. لەوە دەچێ وشەی (شین )لەباتی (سەوز) لە سلێمانیش قوڵاییەکی مێژویی هەبێ، چونکە لە هۆنراوەی هەندێ لە شاعیرانی ناوچەی سلێمانی کۆندا دەڵی ئەم خاکە هەر شیناییە واتە سەوزایی.
لەوە زیاتریش گۆڕین و گۆکردنی پیتی ( ح ) بە ( ع ) و بە پێچەوانەشەوە، نەک وشە کوردییەکان بەڵکە وشەی عەرەبی و زمانەکانی دیکەیش پێچەوانە دەکەنەوە . بە ( محەمەد ) بڵێی ( معەمەد ) و بە (عیلم)، بڵێی ( حیلم) و بە ( عەمید حەمید ) بڵێی ( حەمید عەمید ).
من لەم نوسینەدا خوا نەخواستە هیچ مەبەستێکی خراپم نییە و بە مەبەستی هیچ تانەو تەشەرێک دژی هیچ ناوچەو زاراوەیەک نەمنوسیوەو ناینوسم. بەڵام کە هەڵەیەک هەبو دەبێ چاکبکرێ و تاکەی لەسەر هەڵەکانمان بەردەوام بین. لە هەمان کاتیشدا دەبێ ڕێز لە شێوەو و تن وگۆکردنی وشەکان بگیرێ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بەڵام کەکار گەیشتە هەڵە و تێکەڵاو کردن و واتا گۆڕین پێویستە چاکبکرێن و ڕاستبکرێنەوە. نمونەیەکی دیکە لە سلێمانی (بەرماڵ ) و لە هەولێر ( دوگرد ) هەردوکیان جوانن، بەلام نابێ ( دوکەڵ )، بکرێ بە ( دوکەر) و ( ماڵ )، بە ( مار ). چونکە ئەمانە مانای دیکەیان هەیە. یان لە سلێمانی زۆر جار ئەو (د) قوتدانە، لەوانەیە کێشەی ڕێزمانی دروست بکات و هەندێ جار بە (د ) ێکیش ڕازی نابین و جاری وا هەیە، دوان قوت دەدەین وەک لە وشەی ( بەغداد ) کە دەیکەین بە ( بەغا ). یان وای بۆ دەچم لە ڕوی ڕێزمانەوە ( من مامۆستامە )، گونجاوتر بێ لە ( من مامۆستام ) و ( تەرزە ) لە ( تەزرە ) و( پەشۆکان ) لە ( شەپۆکان ) و ( نایلۆن ) لە ( لایلۆن ) و ( ڕوبع ) لە ( ڕۆعب ) و ( سەد ) لە ( سەو ) ڕاسترن.. وشەی ( جڤات ) ی بادینی لەوە دەچێ قوڵترو فروانتر بێ لە وشەی کۆمەڵ و ئەنجومەنەکەی لای خۆمان و لە ( نەقابەی ) عەرەبیەکەوە نزیکتر بێ کە ئێمە لەسۆرانیدا تا ئێستا بەرامبەرەکەیمان نییە. یان وشەی ( دروستکردن ) ی سۆرانی و ( چێکردن) ی بادینی زۆر جوانن وە دەتوانرێ بۆ فروان بون و جیاکردنەوەی مانا قوڵەکان یەکێکیان لە جیاتی ( تصنیع ) و ئەوی دیکەیان لە باتی ( بناء ) ی عەرەبی بەکاربهێنرێن. ئێمە زۆر جار لە زمانی کوردیدا مانای ئیدیۆم یان دەستەواژەیەک یان وشەیەک، دەخوازین و بۆ مانایەکی دیکەی بەکاری دەهێنین. کە لە و بڕوایەدام لە زمانەکانی دیکەشدا ئەم کارە هەبێ. بۆ نمونە ئێمە لەباتی ( موشکیلە)ی عەرەبی (کێشە)، بەکار دەهێنین. ( چاک توشی کێشەی کردین ).کەچی لە بنەڕەتدا کێشە خۆی کێشە نییە. بەڵکو گێرەو کێشە خۆیان کارن. بەڵام کارێکی ناڕەحەت و تاقەت پڕوکێن وکارەکە دەکەوێتە کاتی گەرماوە و بریتیە لە کوتانی، خەرمان و دوایی گواستنەوەی ( کا ) کە، لەسەر خەرمانەوە بۆ ( کادان ) ناودێ.
هەر چەندە ئێستا زۆر جار (ئاڵەنگیری) لە باتی ( کێشە ) بەکاردەهێنرێت. لە بواری ماتماتیک و ئەندازەییشدا، دەستەواژەی ( هێڵ ب ج ) ڕاستترە لە وەی بوترێ ( هێڵی ب ج ). چونکە کاتی خۆی کە خوێندکار بوین مامۆستا بەڕێزەکانمان ئەم نمونەیەیان بۆ دەهێناینەوە. کە دەڵێین ( مام زۆراب ) ئەوە مەبەستمان خودی زۆرابە کە پێی دەڵیین (مام زۆراب )، بەڵام کە کردمان بە ( مامی زۆراب )، ئەوا مەبەستەکە خودی (زۆراب ) ناگەیەنێ، بەڵکو باسی مامی دەکەیت. لەم ڕوانگەیەوە ( هێڵ ب ج ) ڕاسترە لە ( هێڵی ب ج ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت