عیماد عه‌لی: به‌ په‌ڕۆیه‌كی پوتركاو ده‌یبینێت و زه‌نده‌قی لێ چووه‌!

چه‌ندین جار ئه‌ردۆگان داوای دابه‌زاندنی ئاڵای كوردستانی له‌ كه‌ركوك كرد و وتی: ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ راست بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی فه‌رزی بكات و كه‌س به‌ قسه‌ی نه‌كرد، كه‌چی به‌هه‌ڵه‌ و ده‌ستی خۆمان له‌ ناوچه‌دابڕاوه‌كان دامانبه‌زاند، چه‌ندین جار ئه‌ردوگان و سه‌ركرده‌كانی تورك گاڵته‌یان به‌ نه‌خشه‌ی كوردستان كرد كه‌چی یه‌كجار ئاڵای توركیا له‌ سلێمانی سوتێنرا، ئه‌ردوگان هه‌ڕه‌شه‌ی كرد، سه‌ركردایه‌تی كورد زه‌نه‌قی چوو و وای ده‌زانی كوفری هه‌موو پیرۆزیه‌كانی كردووه‌ و داوای لێبوردنی كردو ملكه‌چی توركیا بوو ( لێره‌دا باسی ره‌فتار و بیروبۆچنی ده‌وڵه‌ت باخچه‌ی توندڕه‌وی نه‌ته‌وه‌په‌رستی شۆفینی ناكه‌ین).
شۆفینیه‌ت و فاشیه‌ت بگاته‌ ئه‌م راده‌یه‌، واچاكه‌ باسی نه‌كه‌یت، به‌ڵام زۆر جار قسه‌ و دژایه‌تی هه‌ر شت و بابه‌تێك بێت، له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكدا ده‌رده‌كه‌وێت، له‌زانه‌ش؛ یان ئه‌و بابه‌ته‌ ترسی قووڵی له‌ ناختدا دروست كردووه‌ و ناوێریت رووبه‌روو قسه‌ بكه‌یت و له‌ تواناتدا نیه‌ به‌رامبه‌ر بدوێیت و نه‌یاره‌كه‌ت له‌ناوبه‌ریت. یان له‌ ناخی خۆتدا به‌ حه‌قی ده‌زانیت و ده‌ستی تۆ له‌ خه‌فه‌كردنی ئه‌و مافه‌ هه‌یه‌ و ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كه‌ی زیانت پێ ده‌گه‌یه‌نێت، یان تۆ به‌خۆت مێژوویه‌كی فشه‌ڵت هه‌یه‌ و غه‌درت له‌ خه‌ڵكی تر كردووه‌ و به‌ ده‌رخستنی هه‌ر حه‌قیقه‌تێك به‌ خۆت و داروده‌سته‌ و ته‌نانه‌ت گه‌له‌كه‌شت وه‌كو به‌فری به‌ر هه‌تاو ده‌توێنه‌وه‌. لێره‌دا هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌دوگان و توركیا ده‌چه‌سپێت، ئه‌وان به‌ ده‌رخستنی ئیدۆیمی( خه‌سو له‌گه‌ڵ تۆمه‌ و بوكێ گوێت لێبێت) له‌سه‌ر ئه‌م دوا گوته‌ی ئه‌ردوگان دێته‌وه‌، كه‌ناتوانێت راسته‌وخۆ قسه‌یه‌ك بكات له‌به‌رامبه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی پاپا بۆ كوردسنتان و پشتگوێخستنیی له‌ لایه‌ن بایدنه‌وه‌، ئه‌و پوله‌ی نه‌خشه‌ی كوردستانی به‌هه‌لزانی بۆ ده‌رخستنی كه‌فوكوڵی ناخی.
هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ئۆردوگان و باخچه‌لی هاوپه‌یمانیی شه‌و و رۆژ باس له‌ ره‌سه‌نایه‌تی میله‌تی توركی تۆرانیی قه‌قاسی ده‌كه‌ن و به‌ جموجوڵێك یان ده‌ركه‌وتنی چه‌مكی راسته‌قینه‌ی بابه‌ته‌كه‌ حه‌قیقه‌تی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. باس له‌ پوتركاوی و بێ به‌هایی ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ن، كه‌ ته‌نها پولێك نه‌خشه‌ی كوردستانی له‌سه‌ر ده‌ركه‌وت خه‌ریكه‌ له‌ ترسا بتۆقن، كه‌ باس له‌ وشه‌ی كوردستان ده‌كرێت خه‌ریكه‌ بگه‌ڕینه‌وه‌ بۆ زمانه‌ ئه‌سڵیه‌ تۆرانیه‌كه‌ی خۆیان و توركیشیان له‌بیر ده‌چێت.
له‌مه‌شدا،ئه‌وه‌تا خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی تورك و فارس ته‌نها له‌ دژایه‌تی كورد ده‌رده‌كه‌وێت و به‌ ئاڵایه‌كی سه‌ربه‌رزی غه‌در لێكراو زه‌نده‌قیان چووه‌ و زۆر شتی بێ بناغه‌ و بنه‌اغه‌داریش لێ ده‌خوێننه‌وه‌ .
تاكه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ده‌مبه‌ستكردنی ئه‌ردوگان و خه‌ڵكانی تریشه‌، كه‌كاری جدی بكرێت له‌سه‌ر یه‌كێتی و یه‌كبون و هاوكاری و هاوبه‌شی خه‌ڵكی كوردستان بۆ زیاتر خۆتوندكردن و بونیاتنانی بناغهی‌ پته‌وی پێویست و كه‌وتنه‌ سه‌ر سكه‌ی دروست و له‌وكاته‌دا هه‌موو لێدوانه‌كانی دوژمنان ده‌بنه‌ بڵقی سه‌ر ئاو،( هه‌رچه‌ند پێشوه‌خت ده‌زانین ئه‌م ئامانجه‌ به‌ لایه‌نه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی كوردستان ناكرێت).

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies