گاری بارنس: مریشک و بەچکەی هەڵۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی/ محەمەد بەرزی

منداڵە ئازاکان: لە سەردەمی کۆندا و لە کەلێنی شاخێکی زۆر بەرزی هەزار بە هەزاردا، هێلانەیەکی هەڵۆ هەبوو. ئەم هێلانەیە چەند هەڵۆیەکی گەورە و پچووکی تێدا بوو. ڕۆژێکێان هەڵۆیەکیان بە چاوە تیژەکانی کارژۆلەیەکی پچکۆلانەی لە دامێنی شاخەکەدا بینی، بۆیە بۆ ڕاوکردنی کارژۆلەکە، زۆر بە خێرایی دای لە شەقەی باڵ و وەک با گڤەیکرد بۆی. کارژۆلەکە لە ترساندا خۆی لە پاڵ گابەردێکی گەورەدا شاردەوە، هەڵۆکە ئەوەندە بە خێرایی دابەزییە خوارەوە، خۆیدا بە لایەکی گابەردەکەدا و دەمودەست تاسا و باڵەکانی شکان و ئیتر نەیتوانی بفڕێتەوە، کارژۆلەکەش بۆ خۆی رزگاری بوو. هەڵۆکە لەوێدا بە برینداری مایەوە و هەر لەوێشدا هێلکەیەکی کرد و پاش ڕۆژێک بــە تەنها مرد. ئەو شوێنە لە پاڵ گوندێکی پڕ لە مریشکدا بوو. مریشکەکان، کە هێلکەکەیان بینی لە خۆشیاندا شاگەشکەبوون و زۆر زۆریش پارێزگارییان لێکرد، ئنجا مریشکێکی پیریان ئەو هێلکە گەورەیەی خستە پاڵ چەند هێلکەیەکی خۆی و بە جوانی لە سەریان کڕکەوت.
پاش نزیکەی سێ هەفتە مریشکەکە هەموو هێلکەکانی هەڵهێنا، کە یەکێکیان بێچوی هەڵۆکە بوو، کە هەر زوو کەوتە یاریکردن لەگەڵ جووجەڵەکاندا و وەک ئەوانیش هەڵسوکەوتی دەکرد. مریشکەکەش هەر بە چاوی جووجەڵەکانی خۆیەوە تەماشای بێچووە هەڵۆکەی دەکرد. بەچکە هۆڵۆکەش خۆشی لای وابوو، کە جووجەڵەی مریشکە و بە دڵیش مریشک و جووجەڵەکانی خۆشدەویست و ئەو ژیانەشی پیێ خۆشبوو، بەڵام لە ناخەوە حەزی لە شتی زیاتر بوو. جا ڕۆژێکیان لە ناو گوندەکەدا یاریدەکرد، کاتێ سەری بەرزکردەوە چەند هەڵۆیەکی بە هێزی بە ئاسمانەوە بینی، بە دەنگی بەرز وتی: ( ئاخ، خۆزگە ئێستا منیش وەک ئەو هەڵۆیانە لە ئاسماندا دەفڕیم ). مریشکەکەش، کە گویی لەو قسەیە بوو خێرا وتی: وس بە وس ، جارێکی تر قسەی وا نەکەی، خۆ تۆ هەڵۆ نیت، تۆ مریشکیت، مریشکیش ناتوانێت بە ئاسماندا بفڕیت.
بەردەوام بەچکە هەڵۆکە تەماشای هەڵۆکانی ئاسمانی دەکرد، کە خێزانی ڕاستەقینەی خۆی بوون و چاوی لیی نە دەتروکاندن، هەمیشەش خەوی بەوەوە دەبینی، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ ئەواندا بە ئاسماندا بفڕێت، بەڵام هەر کاتێک باسی حەزی فرینی خۆیدەکرد، مریشکەکە گورج پیی دەوت: تۆ مریشکیت و ناتوانیت وەک هەڵۆکان بفڕیت و تکایە وازبێنە و بیر لە فرین مەکەرەوە . ئەوەندە ئەو قسانەیان بۆ دووبارەکردەوە، ئیتر هەڵۆکە خۆی بە تەواوی لەبیرچۆوە و لای وابوو مریشکە و بە یەکجاریش وازی لە بیرۆکەی فرین هێنا و هەموو ژیانی وەک مریشک بردەسەر. بەڵام بە داخەوە دوای چەند ساڵێک، کە وەک مریشک ژیا و بەبێ ئەوەی تەنها ساتێک هەوڵبدات بفرێت، دوور لـە خێزانەکەی بۆ خۆی مرد.
جا منداڵە ئازیزەکان ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت: ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان، هەستانکرد هێز و توانای هەڵۆتان هەیە، ئەوا ڕێک ڕێگای هەڵۆ بگرن و بەرەو ئاسمان بدەنە شەقەی باڵ و ببن بە هەڵۆیەکی بەرزەفڕ و گویێ لە قسەی مریشکەکان مەگرن، کە ناتوانن بفڕن.

تێبینی/ ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت