عیماد عه‌لی: تێكه‌ڵبونی كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌ و كوردستان.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و گیروگرفتی ئانوساتی هه‌نوكه‌یی و په‌یوه‌ست به‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی به‌ ناچاری له‌ لایه‌ك و به‌هۆكاری هه‌وه‌سی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و شوفینیه‌ت و خواستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌ لایه‌كیتر ئه‌وه‌نده‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌كوردستانیان كردۆته‌ ده‌رچه‌ی چاره‌سه‌ریی قه‌یرانه‌كانیان و ئامرازی په‌یوه‌ندیه‌ ئاڵۆزه‌كانیان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ هه‌مووی پێكه‌وه‌ بئاڵۆزكێن و ببن به‌ گرێ كوێره‌ بۆ هه‌مووان و عه‌قڵێكی ده‌وێت لێكیبداته‌وه‌ و بیكاته‌وه‌. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی داگیركه‌ری كوردستان له‌م قۆناغه‌دا ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كانیان تا راده‌یه‌ك به‌ هۆكارگه‌لێكی جیهانی و ناوچه‌یی و نێوخۆیی خۆیان له‌قبوون و گۆڕانكاریه‌ زۆره‌ تازه‌ كان كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر هه‌بووه‌ و زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ له‌ جموجموڵێكی ئاسایی په‌یوه‌ست به‌ پرسی كورد جا له‌ لایه‌ن زلهێزه‌كانه‌وه‌ بێت یان ركابه‌ره‌كانیان تۆقیون.
به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ردانه‌كانی له‌سه‌ر ره‌وتی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و ره‌فتاری وڵاتانی زلهێز له‌م ناوچه‌یه‌ و گۆڕینی هاوكێشه‌كان و په‌یوه‌ندیه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی ولاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌ك و ده‌ركه‌وتنی تروسكه‌ی گۆرانكاری سه‌رۆكایه‌تی تازه‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ له‌گه‌ل په‌یوه‌ندی سیاسه‌تی نوێی بایدن به‌ ناوچه‌كه‌ و سه‌ركردایه‌تی ئه‌م ناوه‌ و ترسی هه‌مه‌لایه‌ن له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێ راوبۆچونی كۆنی له‌ مه‌ودایه‌كی دووردا ده‌ورێكی باڵا ده‌بینێت له‌ ره‌فتاری سه‌ركرده‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌.

ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی چۆنێتی تێكه‌ڵبونی ئه‌م پرسه‌ هه‌مه‌لقانه‌ ده‌رخه‌ین زۆر ده‌بات به‌ڵام به‌ كورتی:
A- ئێران و توركیا و سوریا و به‌ پێی په‌یوه‌ندیه‌ پچرپچره‌كانیان و ناكۆكه‌كانیان له‌ لایه‌ك و هاوبه‌رژه‌وه‌ندیان له‌ لایەكی تره‌وه‌ و ترسی گه‌روه‌یان له‌ هه‌موو جموجوڵێكی په‌یوه‌ست له‌ پرسی كورد، خه‌ریكی خۆ رێكخستنه‌وه‌ن بۆ وه‌ستان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر رووداوێكی تازه‌ كه‌ له‌ قازانجی كورد بكه‌وێته‌وه‌ و هاوكاری و دوژمنایه‌تی هاوبه‌شی خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان دوپاتبكه‌وه‌نه‌وه‌ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌.
B- باری ئابووری جیهان و ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌ریه‌كانی په‌تای كۆرۆنا و گۆڕانی نرخی نه‌وت و تێكه‌ڵبون له‌گه‌ل گۆڕانكاری سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وتی ئه‌ندامی ئۆپك و هه‌وڵی هه‌مه‌چنی هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی وڵاتان و به‌ تایبه‌تی ئه‌ردۆگان بۆ قوڵكردنه‌وه‌ و فروانكردنی ترس له‌ سیاسه‌تی بایدن له‌ ئاست كورد له‌ لای سوریا و ئێران و عیراق و هاتنه‌ ئارای كێشه‌ی پوله‌كه‌ی كوردستان له‌ ئانوساتی هاتنی پاپا له‌گه‌ڵ فراوانبونی جموجوڵی داعش و ئه‌گه‌ری به‌هێزبونی، وایكردووه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ نزیكبونه‌وه‌یان له‌ قازانجی ئامانجی ستراتیجیان ببین و زۆر ناكۆكی بخه‌نه‌ لاوه‌.
C- ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌ك كوردستانی گه‌وره‌، ئه‌و خاڵه‌ زۆر سه‌لبی و بۆشایی و هه‌له‌ زۆره‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورده‌ له‌به‌رده‌ستی دوژمنان كه‌ هه‌لێكه‌ بۆ ئیستغلالكردنی ئه‌و توله‌ رێگانه‌ و تا راده‌یه‌ك وای كردووه‌ رێگه‌ی یاریكردنی دوژمنانی كورد به‌ ئاسانی و ئازادیه‌كی له‌ راده‌ به‌ده‌ر و بێ حسابات كاری خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و هه‌ر چۆنێك بیانه‌وێت ئامانجی خۆیان بپێكن.
بۆیه‌ له‌ دوا ساتدا ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت و كورد له‌وباره‌وه‌ له‌گوێی گادا نوستووه‌ و ئه‌گه‌ری زۆری تێدایه‌ و باشترینیان به‌زیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌وه‌ و لایه‌نه‌كان له‌ ئاست ئه‌و گۆڕانكاری و وه‌رچانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌دا خه‌وتوون و ره‌فتارو سیاسه‌تی ئه‌م ساڵانه‌ی خۆیان قاچوقولی به‌ستونه‌ته‌وه‌ و هیچیان پێ نیه‌ خۆیان بپارێزن و له‌ دواجاردا زیان له‌ میله‌ته‌كه‌ ده‌درێت.
تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش سه‌ركردایه‌تی كورد یان گاڵته‌ی به‌ مه‌ترسیه‌كان دیت و له‌به‌رچاوی ناگرێت و گرنگی به‌ پرسه‌ هه‌ستیاره‌كه‌ و پێشهاته‌كان نادات، یان لێی نازانێت و پێشبینی ناكات و عه‌قڵیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم و سیاسه‌ت كردنیان ناگات به‌و راده‌یه‌ی رێژه‌یه‌كی بچوك له‌ پێشبینیه‌كان بگرنه‌ به‌رچاو و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن..
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بزانرێت، له‌م كاته‌دا نزیكبونمانه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی وه‌رچه‌رخانێكی دوو سه‌ره‌ كه‌ ئه‌وه‌ی تێدا ده‌بینرێت یان هه‌ره‌ بێت یان وه‌ره‌ بۆ كێشه‌كه‌مان. ئێستا ئه‌ركی رۆشنبیرانه‌ به‌هه‌ر چۆنێك بێت له‌م نێوه‌نده‌دا رۆڵی خۆیان بگێڕن و هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ر بتوانن تا حه‌دێكی كه‌میش بێت ده‌رهاویشته‌ زیانبه‌خشه‌كانی گۆڕانكاریه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ لێقه‌ومان دوربخه‌نه‌وه‌.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس