بورهان شێخ ڕەئوف: هاوپەیمانى سەربازى ئیسرائیل و وڵاتانى کەنداوى عەرەبى بەرەو کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە تازەترین لێدوانیدا وەزیرى بەرگرى دەوڵەتى ئیسرائیل (بینى گانتس ) لە ڕۆژى 2/3/2021 ڕایگەیاند بەتەمان ڕێوشوێنى ئاسایشى تایبەت لە گەڵ وڵاتانى کەنداو ى عەرەبى بەرقەرار بکەن، ئەوانەى کە ساڵى ڕابردوو پەیوەندى دیبلۆماسیان لەگەڵ ئیسرائیل بەست، بەتایبەتى کەهاوڕان لە سەر مەترسى و ڕۆڵ و پێگەى ئێران لە ناوچەکەدا.
لەو کاتەوەى ساڵى پێشوو پەیوەندى دیبلۆماسى و ئاشتبوونەوە بە فەرمى لە نێوان دەوڵەتى ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو و شانشینى بەحرێن لە گەڵ دەوڵەتى ئیسرائیل کرا، ئیسرائیل و ئیمارات پێشنیارى هاریکارى و هەماهەنگى سەربازى و بەرگریان کرد لە چوارچێوەى ئەو لێک نزیک بوونەوەى کە لە نێوان وڵاتەکانیاندا هاتۆتە پێشەوە بە کۆمەک و پشتیوانى ئەمریکا، لە هەمانکاتدا راپۆرتە میدیاییە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە عەرەبستانى سعودیەش بەشدارى ئەو هاوپەیمانیە سەربازییە دەبێت.
لە لایەکى ترەوە ( گانتس ) وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل لە گرنگى ئەو هەواڵەى کەمکردەوە بۆ ڕادیۆى ( کان ) وتى: ئیسرائیل لێکۆڵینەوە دەکات بۆ چۆنێتى واژۆکردنى ڕێککەوتننامەیەکى بەرگرى لە گەڵ وڵاتانى کەنداو و هەوڵدان بۆ پێشخستنى پەیوەندییە ئاسایشیەکان.
هەروەها وەزیرەکەى ئیسرائیل ئەوەشى ڕاگەیاندووە کە پێناچێت وا زوو ڕێککەوتننامەى بەرگرى ئەنجام بدرێت، بەڵام پەیوەندى بەرگرى ڕێکدەخەیەن لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانەى کە پەیوەندى دیبلۆماسیمان هەیە لە گەڵیاندا.

هەماهەنگى سەربازى ئیسرائیل و وڵاتانى کەنداو
لێدوانەکەى ئەم بەرپرسە ئیسرائیلیە لەم کاتەدا وەکو وەڵامێک دێت بۆ ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنووسیانەدا کەباس لە بوونى دیالۆگ و گفتوگۆى نافەرمى دەکەن لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانى عەرەبستانى سعودیەو ئیماراتى عەرەبى و بەحرێن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى ئێران، ئەم هەوڵانەى دەوڵەتى عیبرى لە کاتێکدایە کە ئیدارەى نوێ ى ئەمریکا باسى گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنى ( 5+1 ) تایبەت بە بەرنامەى ئەتۆمى کۆمارى ئیسلامی ئێران دەکەن، کە پێشتر لە ساڵى 2018 سەرۆکى پێشووى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ یەکلایەنە کشایەوە لێ ى هەموو سزاکانى خستەوە سەر ئێران.
ترسى ئیسرائیل لە بەرنامەى ئەتۆمى ئێران مایەى نیگەرانى و ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆرە بۆ دەوڵەتى ئیسرائیل، ئەمە لە ماوەى ڕابردوودا لە لێدوان و هەڕەشەکانى بنیامین نەتانیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلدا بە ڕوون و ڕاشکاوى بەدى کراوە.
هەر ئەو ترس و نیگەرانیانەشە واى لە سەرۆکى کۆنگرەى جیهانى یەهودى ( رۆن لاودەر) کردووە کە داخوازى دامەزراندنى هاوپەیمانێتێک بکات لە چەشنى ناتۆ بەناوى هاوپەیمانى ناتۆى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە نێوان وڵاتانى کەنداوى عەرەبى و ئیسرائیل، چونکە خاڵى هاوبەشى هەردوولا مەترسى پێشڕەوییەکانى ئێرانە لە ناوچەکە.
ئەم پێشهاتە لە گۆڕانکاریى هاوکێشەى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین کە تاساڵانێکى پێشتر ئیسرائیل دوژمنى ژمارەیەکى عەرەب و ئیسلام بوو، بەڵام ئێستا ئەو دژانە، دوژمنانى دوێنى بوونەتە بەرەیەک دژ بە ئێران!

پەیوەست بوونى ئیسرائیل بە فەرماندەیى سەربازى ڕۆژهەڵاتى ناوینەوە
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا هات ئەمریکا ڕاێگەیاند فەرماندەیى هێزەکانى سەربازى خۆى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین فراوان دەکات تاوەکو تەلئەبیبیش بگرێتەوە، ئەم هەنگاوەى ئەمریکا بە ماناى ئەوە دێت کە سەرکردایەتى ناوەندى ئەمریکى سەرپەرشتیارى سیاسەتى سەربازى ئەمریکا دەکات لەمەڕ وڵاتانى عەرەبى و ئیسرائیلیش وەکو یەک.
ئەم پێشکەوتنە خێرایانەى لەناوچەکەدا هاتنە ئاراوە لە ئاکامى ڕێککەوتنامەکانى ئیبراهیم بوو بۆ ئاسایى کردنەوەو ئاشتبوونەوەو بەستنى پەیوەندى دیبلۆماسى لە نێوان تەلئەبیب و ئەبوزەبى و مەنامە کە هەموو هاوکێشەکانى پێشووترى ناوچەکەى هەڵگێڕایەوە لە دوژمنەوە بۆ دۆست.

تەلئەبیب پێشوازى لە یەکەم باڵوێزى ئیمارات کرد
ڕۆژى دووشەمە 1/3/2021 یەکەم باڵوێزى دەوڵەتى ئیماراتى عەرەبى یەکگرتوو (موحەمەد ئال خاجە ) لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى ( بن گۆریۆن ) ەوە گەیشتە تەلئەبیب و پێگەى فەرمى وەزارەتى دەرەوەى ئیسرائیل بە زمانى عەرەبی هەواڵەکەى بڵاوکردەوە، هەرهەمان ڕۆژ نامەى دەستبەکاربوونى ڕادەستى سەرۆکى دەوڵەتى ئیسرائیل (رئووفین ریفلین ) کرد، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیلیش بە باڵوێزەکەى ئیماراتى وت ئەمە ڕۆژێکى ترى مێژووییە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین و هەنگاوێکى مەزنە بەرەو بەهێزکردنى ئاشتى، ئیمارات ڕۆڵێکى گرنگى دەبێت لە سەرکردایەتى ئەم گۆڕانکارییانەى کە ڕێککەوتنامەکانى ئیبراهیم هێنایانە کایەوە لە هەموو ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین. لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل باڵوێزخانەى خۆى لە ئەبوزەبى کردەوە.

گەشتیارانى ئیسرائیل لە ئیمارات
لە ئاکامى ئەو ڕێککەوتنەى نێوانیان لە ناوەڕاستى ئەیلولى 2020 تا ئێستا 130 هەزار گەشتیارى ئیسرائیلى سەردانى دەوڵەتى ئیماراتیان کردووە، پێشبینیش دەکرێت مانگانە 50 هەزار گەشتیارى ئیسرائیلى لە وەرزى زستاندا سەردانى ئیمارات بکەن.
هەر دوو ڕۆژ دواى کردنەوەى باڵوێزخانەکە لە ئەبوزەبى کونسوڵخانەیەکیشیان لە ئیمارەتى دوبەى کردەوە ئیسرائیلیەکان، بۆیە پێدەچێت لە دواى تەواو بوونى کۆرۆناو ڕێکارەکانى ئەو ڕێژانە زۆر زیاتر بکات.

عەرەبستانى سعودیەش پەیوەندییەکانى ئاسایی دەکاتەوە لە گەڵ ئیسرائیل؟
مایک بۆمبیۆ وەزیرى پێشووى دەرەوەى ئەمریکا بە ئاژانسى ڕۆیتەرى ڕاگەیاندبوو کە زۆر کەس هەن لە عەرەبستانى سعودیە حەزدەکەن پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل ئاسایى بکەنەوە، هیوایشى خواستبوو سعودیە لە زووترین کاتدا بچێتە ڕیزى ئەو وڵاتانەى کەلەسەردەمى ترەمپدا ڕێکەوتنامەکانى ئیبراهیمیان واژۆکرد.
لەلایەکى ترەوە ڕۆژنامەکانى ئیسرائیل باس لەوەدەکەن کە هەندێک دەوڵەتى عەرەبی تر هەن کە بە گرنگیەوە لە ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل دەڕوانن، بەڵام ئاسایى کردنەوەى پەیوەندییەکان لە گەڵ سعودیە گرنگیەکى گەورەى بۆ تەلئەبیب هەیە.
لە هەمانکاتدا سیاسەتى فەرمى سعودیە لە چەند دەیەى ڕابردووەوە تا ئێستا ئەوەیە کە پێش ڕێککەوتنى فەلەستینیەکان و ئیسرائیل ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییەکانیان ئاسان نیە لە بەر هەندێک هۆکارى هەستیار بە پێگەى سعودیە لە جیهانى ئیسلامدا، سەرەڕاى ئەوەش وەزیرى دەرەوەى سعودیە ( ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان )لە مانگى تشرینى یەکەمى 2020 وتى لە کۆتایدا ئاسایی کردنەوە پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئیسرائیل هەر ڕوودەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت