دکتۆر ساماڵ مانیی: شاژنی فێمینیزمی عەرەب نەوال سەعداوی بوو.

پێشتر لە کوردستان، یان باشتر بیڵێم لە بەغدا بە کتێبەکانی دکتۆر نەوال سەعداوی ئاشنا بووم و دەمکڕین لە ‘شەقامی ئەلموتەنەبی’، لە سلەیمانی دەمخوێندنەوە.
خوێندنەوەی ئەو بیروبۆچونانەی دکتۆر نەوال زەمەنی پێش چونە شاخم بوو، ئەوکات زۆر چاوی کردمەوە، بۆچوونەکانی لیبراڵ و چەپ بوو، ئەڵبەت هەموو خوێنەرێکی دەبوایە بیزانیایە کە ئەم عەرەب بوو نەک کورد.
کە هاتمە بەریتانیا وەک پەنابەری سیاسی، هەتا 1993 هەر وەکو پێشمەرگەیەک لەناو دانیشتوانی کوردی لەندەن دەژیام و کۆبوونەوە و کۆرس و کۆنفرانسم ڕێکدەخست و بەشداری خۆپیشاندانەکانم دەکرد دژ بە رژێمی عێراق، بەتایبەتیش لە سەر پرسی ژن لە هەموو کۆڕ و کۆبونەوەیەکی کورد دا دیبەیتم دەکرد. هەموو ئەمانە گۆڕانکاریان بەسەردا هات لە 1993 دا، ئەوساڵەی کە چومە ناو بازنەی ئەکادیمی فەلسەفەوە لە زانکۆی لەندەن.
خویندنەوەی دکتۆر نەوال سەعداوی و ئاشنا بوونم پێی و دواتریش ناسینی خۆی و هاوژینەکەی دکتۆر شەریف حەتاتە-ی نوسەری دیاری میسر، لە لەندەن، داوەتکردنی من بۆلای خۆیان لەلەندەن و دواتریش داوەتکردنم بۆ میسر بۆ بەشداری و قسەکردن لە ‘ کۆنگرەی گشتی ژنانی وڵاتانی عەرەب’ لە میسر لەلایەن دکتۆر نەوال سەعداویەوە، هەمویان پێش 1993 یە، واتە پێش چونە زانکۆیە لە ژیانی مندا.
هەتا ئەوکاتی، بیرکردنەوەکانی نەوال سەعداوی پشکۆ بوون لە تاریکیدا، لە تۆنیڵە تاریکەکەی گەیشتن بە ئازادی بۆ ژنان دەدرەوشایەوە. لە دوای چونە زانکۆمەوە ئیتر بە زمانی عەرەبی و فارسی نەمخویندۆتەوە، بە زمانی کوردیش زۆر زۆر کەمم خویندۆتەوە ئەویش ڕووکەشی بوون تەنها بۆ ئەوەی بزانم لە کوردستان چی دەگوزەرێت. هەموو خوێندنەوەم لە یەکەم ڕۆژی چونە زانکۆمەوە لە 1993 دا بەتەواوی بە زمانی ئینگلیزیە، لەبەر ئەمە نازانم دوای ئەو ساڵە چۆن نەوال سەعداوی بیری کردۆتەوە و چی نوسیوە، تا چەند گۆڕانکاری بەسەر بۆچونەکانیدا هاتوون.
لە 1987 دا دکتۆر نەوال و هاوژینەکەی دکتۆر شەریف هاتبوون بۆ لەندەن، منیش تازە بووم لە لەندەن، تازە تێکەڵ دەبووم بە کۆڕ و سیمیناری ژنە بەریتانیەکان، ژنە بەریتانیەکان/ ئینگلیزەکان کۆڕێکیان بۆ دکتۆر نەوال ڕێکخستبوو، چووم.
لەوی بە زمانی ئینگلیزی ئەدوا و خۆمم پێناساند کە کوردم و تەنها یەک پرسیارم لێکرد، بەڵام دیبەیتی زۆری جوڵاند و دیبەیتم لەگەڵ کرد. زۆری پێخۆش بوو کە کوردم بەتایبەتی و ئەو دیبەیتەی لەگەڵ دەکەم. من خۆم وەکو عێراقیەک نەناساند، بەڵکوو وەکو کوردێک خۆم ناساند، ئەو بەمە گەشایەوە. بەڵام کە ڕۆیشتم، دکتۆر نەوال بانگی کردم بە ‘سمر’ کە بینی بەلامەوە سەیر بوو ئەو بانگکردنە، خێرا قسەکەی ڕاستکردەوە و ووتی: “ئوستازە سمر”. ئەوەی بەلای منەوە سەیر بوو ئەوەبوو کە ناوەکەمی عەرەباندبوو، بۆم ڕاستکردەوە.
ووتی: “ئەمەوێت داوەتت بکەم بۆ نانخواردن لە گەڵ من و شەریف لەو هۆتێلەی لێی دەمێنینەوە”، کارتێکی دەرهێنا کە ناو و ئەدرەسی هۆتیلەکەی لەسەر بوو بە ئینگلیزی، سەعات و ڕۆژەکەی لەسەر نوسی بە عەرەبی و ووتی: ” ئەمە گونجاوە بۆ تۆ؟” من سەیری کارتەکەم نەکرد و لێم وەرگرت.
ووتم: “هەموو کاتەکانم پێشکەش بە تۆ ئەکەم هەتا لێرەیت، لەوێ دەبم بە خۆشحاڵیەوە.” دکتۆر شەریف لەوێ بوو، چونکە کۆتایی کۆڕەکە بوو، وتی: “منیش پێم خۆشە بێیت و میوانمان بیت ئوستازە ساماڵ”. بە بزەیەکەوە وای وت، چونکە گوێی لێبوو ناوەکەمم بۆ دکتۆر نەوال ڕاستکردەوە.
کە ڕۆیشتم دواتر لە ماڵەوە سەیرمکرد کاتەکەی سەعات 11ی سەرلەبەیانی بوو، ڕۆژەکەشی دوو ڕۆژی دواتر بوو. لەکاتی خۆیدا چووم، هۆتیلێکی سادە بوو نە هەرزان و نە گران، لە ناوچەی عەرەبەکان بوو لە لەندەن. نان خواردنەکەشمان نانی بەیانی بوو پێکەوە.
تەواوی دیبەیت و قسەکردنەکانمان ماوەی هەتا لای ئێوارەی خایاند واتە دوو جاریتریش پێکەوە نانمان خوارد ئەو ڕۆژە هەر لە هۆتێلەکە. دوو جار میوانیان هات ئەو ڕۆژە بۆ هۆتێلەکە، هەردوکیان ڕۆژنامەنوس بوون، هەریەکەی نیو سەعاتێکیان پێ چوو، زۆر بە فەرمی بوو قسەکردنەکانیان لەگەڵ ئەوان. دواتر کە ئەو ڕۆژە هەردوکیانم بەجی هێشت دکتۆر نەوال نامەیەکی فەرمی ڕێکخراوەکەی خۆی دەرهێنا کە داوەتنامە بوو بۆ کۆنگرەی ژنانی وڵاتانی عەرەبی لە میسرو ناوی منی لەسەر نوسی و بانگێشتی کردم لەگەڵ وێنەیەکی خۆی دایە دەستم، پاش ئەو دکتۆر شەریف وێنەیەکی خۆی دامێ ووتی :” با کە هاتیت لەو قەرەباڵغیەدا بمان ناسیتەوە، چونکە کۆنگرەکە پڕ دەبێت لە نوسەری لە ئێمە گەورەتری عەرەب، هەموو پێیان خۆش دەبێت تۆ بناسن”. بە پێکەنینەوە ماڵئاواییم لێکردن.
ئەڵبەت نەچووم بۆ کۆنگرەکە، بەڵام هەتا ئێستاش ماومە ئەو وێنانە و بانگهیشتنەکە، هەموو ئەوانە و وردەکاریەکانی یەک ڕۆژ دانیشتن و دیبەیتکردن و هۆکاری نەچوونم بۆ کۆنگرەکە، لە بیرەوەریەکانمدا نوسراوون و لەکاتی خۆیدا بڵاویان دەکەمەوە.

ئەمڕۆ زۆر غەمبار بووم، بە کۆچی دوایی ئەم شاژنەی فێمینیزمی وڵاتانی عەرەبی، دکتۆر نەوال سەعداوی.

٢١-٣-٢٠٢١
ڕۆژی نەورۆز