ئەحمەد ڕەسوڵ: کەڵکەڵەی تەقدیس، وەک ڕەهەندێک لە مەسەلەکەی سەلاحەدیندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەکو ئەگەرێک و تێگەیشتنێک، بە دەمەوەچوونی لایەنە ئیسلامییەکان و یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگا لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە لەلایەک و داواکاری گشتیی لەلایەکیترەوە، بناوان شێلانی یاسا و دادگایە و هەروەها ئامادەکردن و مەشقپێکردنی دەروون و زیهنی کۆمەڵگایە و هەر لە ئێستاوە ڕەوایەتیپێدانە بە داداگاییکردن و زیندانیکردنی هەر کەسێک کە رەخنە لە هەر سەرۆک و سەرکردەیەکی مێژوویی و ئێستایی بزووتنەوەی کوردایەتیی بگرێت، لە ژێر ناوی تەشهیر، بێڕێزیی و سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی نەتەوە و سیمبولەکانی گەلی کورد.
بە کورتی ئامادەسازیی بۆ کێشانی هالەیەک بە دەوری کۆمەڵێک کەسدا و کێشانی چێوەیەک بە دەوری ئەم یان ئەو سیاسەت، حزب یان بنەماڵە بە گوێرەی حەز و میزاجی سەرانی دەسەڵاتداری بزووتنەوەی کوردایەتیی کە هەڵبەت ئەوەش جگە لە کەڵکەڵەی تەقدیسکردن هیچیدیکە نییە.
من وەکو خۆم لەگەڵ ئازادیی تەواوەتیی تاک و گروپەکانی نێو کۆمەڵگادام بۆ ڕەخنە کردنی هەر کەس و لایەنێک چ لە ئێستا و چ لە مێژووی کۆن و نوێدا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی داداگا و زیندان بکرێنەوە.
من وایدەبینم کە دەبێت هیچ سەرۆکێک و سەرکردەیەک چ لە ئێستادا و چ لە مێژووی کۆن و نوێدا چ سیاسی، ئاینیی یان کۆمەڵایەتیی نەخرێتە نێو چێوەی پیرۆزیی و لە ژێر ناوی سیمبولی نەتەوەیی یان ئاینیی لە دەرەوەی ڕەخنە و ڕەخنەکارییدا بهێلدرێنەوە و هالەیەک بە دەوریاندا بکێشرێت و تەنها ستاییش و پێداهەڵگوتنیان ڕێپێدراو بێت.
هەڵبەت ئەوەش سەرەتایەکی زۆر سادە و مەئلوفە کە لەگەڵ جنێو، یان هەر قسە و ڕەفتارێکی ئاستنزمانەی کۆمەڵایەتیدا نیم لە بەرامبەر هەر کەس و گروپێکی سیاسیی، ئاینیی، فەرهەنگیی یان کۆمەڵایەتیدا، کە ئەوەش ئاشکرا ناچێتە نێو چێوەی ڕەخنە و شیکردنەوەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت