بەهرۆز جەعفەر: دۆزی کورد لە ئێران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ڕووی رۆحی “کوردبون” ـەوە، ئەوە سەروەرییەکی گەورەو پەیامێکی جوانە کە پێنج پێشمەرگەی کوردی چاپوک لەناو شارداو لە ئێران نمایش و تەحەددا ئەکەن. ئەو پەیامەی ئەو چەند گەنجە کوردە گەیاندیان زۆر گەورەیە بۆ کۆمارێکی ئیسلامی کە لەیەمەن و سوریاو عێراق دا حوکم ئەکات و پانتاییەکی زۆریشی لەسیاسەتی نێوچەیی و جیهانی دا هەیە، ئەوەتا چەند گەنجێک لەناو ئێراندا بە تەقەکردن و بە ئاڵای کوردستانەوە هەیبەتی ئەو کۆمارە ئەخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەگەرچی یەکێک لەو پرسە سیاسییانەی کەمترین بایەخم بۆی هەبوە، پرسی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات)ـە. ئەویش لەبەر سێ هۆ:
یەکەمیان/ هەمیشە گەورەترین گورز تورکیاو ئێران لە کوردی ئەدەن. بۆیە بە نیسبەت هێزە کوردییەکانی ئێرانەوە لە هەر پێنج کەسێکیان دووانیان یان لانی کەمی یەکێکیان سەر بە ڕژێمی ئێرانن، یان ئێران خۆی لەوێدا چاندونی” ئەو حیزبە کوردییانە بۆ خۆشیان ئەمە ئەزانن و دانی پیائەنێن”. ئینجا ئەمە بۆ کوردستانی تورکیاش وایە، زۆر زەحمەتە لە ئیستانبوڵدا لەگەڵ کرمانج دا مامەڵەکردن، نازانی کامەیان میتەو کامەیان ڕایەڵەی پەکەکە خۆیەتی.
دووەم/ هێزە کوردییەکانی کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن یەک و دوو – سێ نیین، زۆربەی کات ئەوەندە دووبەرەکی و ئینشیقاق ئەکەن و دواتر یەک ئەگرنەوە، چاودێرانیش تاقەتی تەماشاکردنیان نەماوە. ئایا ئەمانیش دوای گۆڕانکاری لە ئێران لەسەر گومرک و نفوسی سیاسیی شەڕی براکوژیی ناکەن؟. گەرەنتی ئەوە چییە؟. گەرەنتی ئەوە چییە کە دوو سبەی خەڵکی رۆژهەلات نەڵێن زەمانی “شا” و “ مەلاکان باشتربو!؟.
سێهەم/ لەدوای نەمانی قاسملۆ و سادقی شەرەفکەندی، ئیتر بزاف و هێزی کوردیی لە ئێران خاوەنی گوتارێکی روون و جیهانبینییەکی بەربڵاو نیین. بۆ نمونە ئەمان ئەیانەوێ بەم پەرش و بڵاوییەوە کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن یان داوا ئەکەن دەوڵەتەکە ڕەفتاری سیاسیی خۆی بگۆڕێت؟. داوای خود-موختاری ئەکەن یان سەربەخۆیی سیاسیی؟.یان ئەوەیە هەندێکیان دروستکراوی ئێران خۆیانن، هەندێکیان کوردێکی ڕاستەقینەن و شینی کوردبون و چەوسانەوەی کوردستان ئەکەن، ئەو هەندەکەی تریشیان خەریکی کەسابەت کردن و گومرک دانان و سەرانە لە خەڵک سەندن و خۆ- ژیاندنە لەسەر پرسەکە و جاروباریش خۆیان تێکەڵ بە بەبەزمی سعودییەو ئەمریکا دژی ئێران ئەکەن.
لە کۆتاییدا، گەندەڵی یان دووبەرەکی ناوخۆیی کورد یەکسان نییە بە مردنی پرسی کورد. پرسی کورد گەیشتۆتە ترۆپک ئەبێت سەرکردەو بزاوتە کوردییەکان لەناوخۆیاندا یەکگرتوو بن و جیهانیش نا- عەدالەتی مێژوویی بەرانبەر بە کورد ڕاست بکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت