دانا مەنمی: قەرەقووشەكانی ئەمرۆو قەرەقوشەكەی شام

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حوكمی قەرەقوش ئەو دەستەواژەی كە زۆرینەمان بیستومانەو بەرگوێمان كەوتووە، دەستەواژەكە توركییەو بە مانای باڵندەی ڕەش دێت، قەرەقوش كۆیلەیەكی تورك ـــــ یۆنانی بووە بەناوی “بهاءالدین قرقوش” دوای كۆیلایەتی ئازادكراوەو بووەتە سەركردەیەكی سەربازی و دواتریش ڕاوێژكارو پاشانیش بووەتە قازی لە میسرو وڵاتی شام لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیوبیەكان دا، مێژونوسان خاوەنی دیدو ڕاوانینی جیاواز بوون لەبارەی سەردەمی منداڵی و شوێنی لە دایك بوونی “بهاءالدین قرقوش” ەوە، لە ژیانیدا كەسێكی توندڕەوپەرگیرو خاوەن بریاری سەیرو سەمەرە بووە، قەرەقوش لەگەڵ “ئەسعەد بن مەماتیی” ئەدیب‌و نووسەرو مێژونوس دەكەوێتە ناكۆكی قووڵەوە، سەرئەنجام ئەم مێژونوسە كتێبێك لە بارەی حوكمی قەرەقوشەوە دەنوسێت بەناوی “الفاشوش فی حكم قراقوش”، لەم پەرتوكەدا سەرگوزشتە و بریارەكانی “بهاءالدین قرقوش” دەنوسێتەوەو چەندین چیرۆكی سەیرو سەمەرە و گاڵتەئامێز لەو پەرتوكەدا تۆماركراوە، ئیبنو مەماتی لە لوتكەی دەسەڵاتی قەرەقووشدا ئەم كتێبەی بڵاوكردووەتەوەو پێشكەشی سەلاحەدینی ئەیوبی كردووە.
یەكێك لە چیرۆكەكانی ناو ئەم كتێبە باس لە حوكمی قەرەقووش دەكات لەبارەی خاوەنماڵێكەوە كە دزی لێ دەكرێت، چیرۆكەكە بۆمانی دەگێڕێتەوە كە رۆژێك لە رۆژان ماڵێك دزیان لێ ئەكرێت، دوای ئەوەی دزەكە ئاشكرا دەبێت و ئەیبەن بۆ بەردەم دادگای قەرەقوش، قەرەیش فەرمان دەرئەكات هەڵیواسن و چاوێكی دەربهێنن . تا ببێتە پەندو عیبرەت بۆ هەموو دانیشتوانی شار . دزەكە دەست ئەكات بە پارانەوەو بەرگری كردن لە خۆی سوێند ئەخوات كە تاوانی نیە . قەرە ئەڵێ: ئەی پێم ناڵێی كێ تاوانبارە ؟ دزەكەیش دەڵێت : قوربان خاوەن ماڵ خۆی تاوانبارە ئەگەر دیواری حەوشەكەی كەمێك بەرزتر دروست بكردایە منیش نەمئەتوانی پیای هەڵگەڕێم و سەركەوم ،ئەگەر ئەو ماڵی خۆی قایم رابگرتایا بۆ دزی لێ ئەكرا! قەرەیش دوای كەمێك بیركردنەوە فرمانەكەی هەڵدەوەشێنێتەوەو بە پاسەوانەكانی ئەڵێت: بڕۆن خاوەن ماڵم بۆ بێنن.
كاتێك خاوەنماڵ دێتە دادگا وخۆی لەبەردەم قەرەدا دەبینێتەوە وا دەزانێ ماف و پارەو كەلوپەلەكانی بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام قەرە هەمان قسەی دزەكە دووبارە دەكاتەوەو بەخاوەن ماڵ دەلێت: تۆ خۆت تاوانباریت بۆ دیواری حەوشەكەت بەرزتر دروست نەكردووە و ئەوەش هۆكارە كە دزیت لێ بكرێت! پێویستە هەر ئێستا چاوێكت هەڵكۆڵن . خاوەنمالیش بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بكات دەپاڕێتەوەو دەڵێت: قوربان من بڵێم چی ئەوە تاوانی وەستای دیوارەو وەستاكە وای دروست كردووە من چ تاوانێكم هەیە ! بەم شێوەیە خاوەن ماڵیش ڕزگاری ئەبیت و قەرە ئەڵێت: بڕۆن وەستای دیوارم بۆ بێنن . كاتێك وەستای دیوار دەچێتە بەردەم دادگا پەنجەی تۆمەت بۆ وەستای خشت بر درێژ دەكات كە قەبارەی خشتەكانی بچوكتر لە قەبارەی یاسای خۆی دروست كردووە. قەرەیش بیردەكاتەوەو دەڵێ: ئەگەر وابێ كەواتە تۆش بێ تاوانی تۆش بڕۆو خوات لەگەڵ.
پاشان قەرە بڕیار ئەدات كە هەر ئێستا بڕۆن وەستای خشت بڕم بۆ بهێنن . وەستای خشت بڕیش بە لەشی قوڕاوییەوە لەبەردەم دادگای قەرەقوشدا دەزانێ كەبە چ تۆمەتێ تاوانبار كراوەو وا خەریكە ئەیبەن و چاوی هەڵكۆڵن ،ڕوو ئەكاتە قەرەقوش دەلێت : قوربان خۆت ئەزانی كاتێك كە من خشت دروست ئەكەم و خشت ئەبڕم بە قاڵبێك ئەیبڕم كە دارتاش لە دارو تەختە قاڵبەكەی دروست كردووە ، جا ئەگەر ئەو قاڵبە بچوك بێت یان گەورە خشتەكەیش وا دەرئەچێت ،هیچ تاوانێكی منی تێدا نییەو تاوانی وەستای دارتاشە . كاتێك قەرە گوێی لەم قسانە بوو گووتی” بەخوا تۆش چاك فریای خۆت كەوتیت هێندەی نەمابوو چاوێكت دەربهێنم ، ئیستا بۆم ڕوون بووەوە كە تۆش بێ تاوانی ، ئەوا تۆشم ئازاد كردوو بڕۆ بەلای كاری خۆتەوە .فەرمانێدا كە بچن وەستای دارتاشم بۆ بێنن ، پاسەوان و جەلادەكان لە ماوەیەكی كورتدا دارتاشی شارەكە قۆڵبەست ئەكەن و ئەیهێنن ،دوای ئامادەبوون دۆسیەكەی بۆ ئەخوێننەوە ، پاشان وەستای دارتاش تێئەگات كە چۆن لە پێش خۆیەوە چەند كەسێكی دیكە بەهۆی دزی كردنێكەوە دادگایی كراون و توانیویانە خۆیان لە حوكمی قەرەقوش رزگار بكەن، ئێستاش قوڕەكە بۆ ئەم گیراوەتەوە.
وەستای دارتاش لە دڵی خۆیدا ئەڵێ بەخوا ئەگەر منیش فریای خۆم نەكەوم ئەم حاكمە هێندە بێ عەقڵ و گەمژەیە چاوم دەرئەهێنێ و كەسیش فریام ناكەوێ وەستای دارتاش دەپاڕێتەوەو ڕووئەكاتە قەرەقوش و دەڵێ: جەنابی دادوەر بڕوا بكە منیش هیچ تاوانێك لە خۆمدا شك نابەم، من گوناهم چیە تا چاوێكم لەدەست بدەم ،خاوەنی ماڵ و منداڵم و كارو پیشەو ژیانم لەسەر ئەم كارەیە. قەرەیش توڕە دەبێت و دەلێت : ئەی پێم ناڵێن كێ تاوانبارە ؟ ئەی ئێستا من چاوی كێ هەڵكۆڵم و چۆن خەڵكی تەمبێ بكەم و یاسای وڵات جێبەجێ بكەم ؟! چۆن دەبێ لەژێر فەرمانڕەوایی مندا دزی و یاسا شكێنی بكرێت و كەسیش سزا نەدرێت؟!
وەستای دارتاشیش ئەڵێ” قوربان مەبەستی تۆ هەر ئەوەنیە كە چاوی یەكێك دەربێنی”؟! قەرەیش لە وەڵامدا ئەڵێ” بەڵێ وایە تا چاوی یەكێك دەرنەهێنم ئەم دادگایە كۆتایی پێناهێنم. دارتاشەكەش دەلێت:” قوربان مادام وایە ئەی بۆ چاوی ڕاوچی شارەكەمان دەرناهێنی؟ قەرەیش لە وەڵامدا ئەڵێ ڕاوچی بۆ ؟ . . ئەمە یانی چی ؟ پێم ناڵێی ڕاوچی چ پەیوەندیەكی بەم بابەتەوە هەیە ؟ دارتاشەكەش ئەڵێ قوربان راستە پەیوەندی بەم بابەتەوە نیە، بەڵام راوچی هەر لە بنەڕەتدا بۆ ڕاوكردن چاوێكیانی پێویست نیەو چاوێكیانی زیادەیە تۆ خۆت باش ئەزانی راوچی كاتێ ئەچێت بۆ ڕاو لەكاتی سێرەگرتندا لە نێچیرەكەی دەبێت چاوێكیانی هەر بنوقێنێ ئینجا ئەتوانێ نێچیرەكەی ڕاوبكات . مانای وایە ئەگەر چاوێكیشی دەربهێنن هیچ زیانێك بە كارو پیشەكەی ناگات و باشتریش ڕاو ئەكات.
قەرەیش هەندێ ڕائەمێنێ و ئەڵێ وەڵڵاهی خۆ تەكبیر لەمە باشتر نابێت، خۆ ئەگەر چاوێكی كابرای راوچیش دەربهێنین خەڵك هەر تەمێ ئەبێ و وا ئەزانن لەسەر دزی خراپەكاری چاوی دەرهاتووە ، ڕاوچیش بەیەك چاوەوە دەبێتە ڕاوچیەكی كارامەترو باشتر . هەر بۆیە بێ دوو دڵی ئەڵێ هەر ئێستا كابرای ڕاوچی بێنن و بێ ئەوەی بیهێنن بۆلام بیبەن و چاوێكی دەربهێنن . بەم شێوەیە بە بڕیارو حوكمی قەرەقوشانە ڕاوچی هەڵدەواسن و چاوێكی هەڵدەكۆڵن.
ئەم بیرەوەرییە پەیوەستە بەسەردەمێك جیاواز لە سەردەمی ئەمرۆ ، سەردەمێك هوشیاری گشتی و وەگەرخستنی توانستی عەقڵانی و توانای ئارگۆمێنت و گفتوگۆی فیکری و یاسایی و زانستی و سیاسی لە ئاستێكی نزمدا بووە و مرۆڤیش وەك بونەوەرێكی خاوەن ڕێز وكەرامەت و بەهاو كەسایەتیی نرخێنراو لە ژیانی تایبەتی خۆی و لە ژیانی گشتیدا پیناسە نەكراوە، ڕاستە دونیای ئەمرۆ دونیایەكی جیاوازەو بەراورد ناكرێت بە دونیای دوێنێ مان،بەڵام هێشتا خەون و بریارو حوكمی قەرەقوشانە كۆتایی بە ژیانی نەهاتووەو لە دونیای ئەمرۆماندا بەمیكانیزم و فۆرمی جیاواز ئامادەگی هەیە ، هەموو ئەو چیرۆكانەی كە لە كتێبی “الفاشوش فی حكم قراقوش” هەیە گوزارشتە لە كەسایەتی مرۆڤێك كە دادوەر بووەو بریاری سەیرو سەمەرەی دەركردووە، بەڵام دادگاو دادوەرەكانی ئەمڕۆ لە ناو دونیای پێشكەوتنی شارستانیەت و لوتكەی زانستی دا لە بارەی ماف و ئازادییەكانی ئینسان و دونیای شەپۆلەكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ چیرۆكی سەیرو بڕیاری گاڵتەئامێزیان لەبارەوە دەگێردریتەوە ، دادگایكردنی پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان سزادانیان بە شەش ساڵ زیندانی كردن، سەرباری ئەوەی كە حوكمێكی قەرەقوشانەیە دۆسییەكەش بەرگێكی سیاسی و شەخسی بەباڵادا برابوو ،قەرەقوشەكەی وڵاتی شام لەسەردەمی ئەیوبیەكاندا ئازادی ئەوەی ئەدایە تۆمەتبارەكان كە بەئازادی و لەبەرچاوی خەڵكی مافی بێ تاوانی خۆیان بسەلمێنن ،دواجاریش قەرەقوش هەر بریارێكی بدایە كەسایەتی و ناوبانگی بریندار نەدەكرن، بەڵام قەرەقوشەكانی ئەمرۆی پایتەختی كوردستان و كابینەی كوردستانێكی بەهێز! ئازادیت كۆت و بەند دەكەن و لە ژێر فشاری دەرونی و سزای فیزیكی و هەڕەشەی ناموسدا ناچاربە دانپێدانانی سیناریۆی سیاسیت دەكەن كە ئەمەش دژ بە بەهاكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و هیچ بنەمایەكی یاسایی و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی تێداڕەچاو نەكراوە، دیوێكی تری قەرەقوشەكانی ئەمڕۆی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە تۆمەتبار تاوانباریش نەبێت بە بڕیارێكی قەرەقوشانە سزا دەیگرێتەوەو لە سزا دەربازی نابێت ،ئەمەش هێمایە بۆ دەسەڵاتێكی ستەمكار كە لە پێناو خەون و حەزی سیاسیدا دادپەروەری و یاسا و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی دەكاتە گاڵتەجار، دەبێ لەهەر حاڵەتێكدا ڕەهەندی یاسایی و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی ڕەچاو بكرێت و لە چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ و بایەخ بە بنەماكانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ بدات، ترسی گەورەی چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگاش لەوەدایە كە یاسا ببێتە كەرەستەیەك بۆ سزای سیاسی و ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵگا لەباربەرێت و شكۆو بەهاو كەرامەتی ئینسانەكان لەپێناو بەرژەوەندی و حەزی حیزبی و شەخسی دا بشكێندرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت