عەبدولکەریم شێخانی: گفتوگۆیەکی نەرم و دۆستانە لەگەڵ هەندێک مامۆستای ئایینى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەر لاپەڕەکانی فێس بووک چەندان مامۆستای بەڕێز بە گوتەی کەمێک زبر باسی ناڕەوایی جەژنی نەورۆزیان کردووە و هەندێکیان ڕایان وایە کە ئەو جەژنە جەژنی کافر و جوولەکە و مەجووسی و ئایینى دیکەى لەو بابەتەیە و دەڵێن موسڵمان تەنیا دوو جەژنیان هەیە، ڕەمەزان و قوربان. مەلایەکی دیکە کە توندڕەویى پێوە دیارە دەڵێ: ( نەورۆز جەژنى یەهودی و فیرعەون و خاچپەرست و فارسەکانە, ئیسلام بە جەژنی دانەناوە ). ڕاستە, ئەو دوو جەژنە جەژنی هەموو موسڵمانانی دنیان، بەڵام ئایا ناکرێ کەسانی موسڵمان هەرچەندە ئایینەکەیان یەک بێ, لەڕووی نەتەوەییەوە لێک جیابن ؟ ناکرێ ئێمە لەگەڵ موسڵمانەتیی خۆمان کوردیش بین هەر وەک تورک و فارس و بەنگالی و پاکستانی و ئەندەنۆسی و نازانم چەندان میللەتی دیکەى موسڵمان؟ دواى ئەوە کوردبوونى ئێمە هیچ لە موسڵمانەتیمان کەم دەکاتەوە یان لە موسڵمانەتی داماندەشۆرێ؟ خواى گەورە ئێمەی بە کورد خەلق کردووە هەر وەک میللەتانی دیکەشی ئەفراندووە بە زمان و دەستووری جیاوازەوە. ئەى ئەوە نییە خواى پەروەردگار لە سوورەتی ( الحجرات ) دا دەفەرموێ ( … یا أیها الناس إنا خلقناکم من ذکر و أنثى و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا إن أکرمکم عند الله أتقاکم ) صدق الله العظیم.
جارێ دەمەوێ لە سەرەتادا شتێک عەرزی ئەو مامۆستایانە بکەم . مەلا برایم ناوێک شیعرێکی جوانی بۆ نەورۆز گوتووە کە بە داخەوە نایدۆزمەوە و وەسفێکی جوانی نەورۆز دەکات وبە نەورۆزنامەى مەلا برایم ناوی دەرکردووە, لە گوتارەکەی حەفتەى پێشوومدا پەنجەم بۆ ڕاکێشاوە و دوو سێ کۆپلێم لەوانەی بیرم ماون بڵاوکردەوە و لێڕە تەنیا یەکێکیان بڵاو دەکەمەوە.
ئینجا لە شوکرانەى زەفەر
سەیرانکەران با بچندە دەر
خورما و پەنیریان هاوکەمەر
لێنێن پڵاو و گۆشتى مەڕ
بەمە مەلا برایم پێمان دەڵێ کە خەڵک لەڕۆژى نەورۆزدا کردوویانە بە خۆشی شادى و چوونەتە سەیران و هیچ مەلایەکی دیکە لێیان ڕاست نەبوونەتەوە پێیان بڵێن ئەمە جەژنی کافرانە. ئەو مامۆستایانە بەو بیرویۆچوونانەیان بیانەوێ یان نەیانەوێ خزمەتی دوژمنانی میللەتی کورد دەکەن و دەکەونە نێو چاڵی ڕەگەزپەرستانەی ئەوان و دواجار خۆشیان تامى تاڵ و تفتی چەوساندنەوەى نەتەوەیی ڕەگەزپەرستانە دەچێژن , ئەو ناحەز و دوژمنانەی میللەتی کورد کە دەیانەوێ هەموو تایبەتاییەتییەکمان ( خصائص) بسڕنەوە و کەلێیان گیر دەبێ, دەڵێن ئێمە هەموو موسڵمانین و برای دینین و جیاوازی لە نێوانمادا نییە و کە دەستیشیان دەبێ هەر بەناوى ئیسلامەوە ئەنفالمان دەکەن. هەر بۆیەشە کورد کە قورئانی پیرۆز دەخوێنن کاتێک دەگەنە سورەتی ئەنفال وەک گەڵای دار هەڵدەوەرێن.
لەناوەڕاستی چلەکان کە ئەم جەماوەری خەڵکە دەیانویست بە بۆنەی نەورۆز ئاهەنگ بگێڕن, دیسان هەندێک مەلا ڕاست بوونەوە دەیانگوت ئەمە جەژنی کافر و مەجوسی ئاگر پەرستانە و دەىیانویست خەڵکی موسڵمان سارد کەنەوە لە ئاهەنگ گێڕان بەو بۆنەیەوە. بەڵام خواستی جەماوەر سەرکەوت و ئەو مەلایانەش بە ناچاری کشانەوە و دەنگیان نەما. لەسەر ئەم مینبەرە عەرزی ئەو مامۆستایانە دەکەم و دەڵێم کە هیچ کامێکتان با بڕوانامەی بەرزیشتان هەبێ, ناگەن بە مەلا محمدى جەلیزادەی کۆیی کە بە مەلاى گەورە ناوى ناسراوە و لەسەر ئاستى هەموو کوردستان ناو ناوبانگی دیار بووە. هەروەها هیچ کامێکتان ناگەن بە ئاستى مەلا عبدالکریمی مدرس کە وتاربێژ وپێشنوێژى مزگەوتی حەزرەتی شێخ عبدالقادری گەیلانی بوو. ئەو دوو زاتە زانا ئیسلامییە پلە باڵایانە بە چاکە باسى نەورۆز دەکەن و بە جەژنی نەتەوەیی دەزانن. ئیدی لەوساوە لە هەموو شارەکانی کوردستان ئاهەنگ بە بۆنەی جەژنی نەورۆز ساز دەکرێ و جەماوەری گەل بەشداری تێدا دەکەن و سەیرانی خۆشیان دەکەن.
مامۆستای بەڕێزینە, پێم ناڵێن چ گوناح و بێ دێنییەک لەوەدایە ئەگەر لەو ڕۆژەدا خەڵک ماڵ و منداڵی خۆی بباتە ئەو دەشتودەرە , کە خواى پەروەرگار و تاک و تەنیا بە جوانترین شێوە بە گوڵ و گوڵزار ڕازاندوویەتیەوە, بۆ ئەوەى لەو فەرشی سوندوسە خواییە لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆی چەند ساتێک بەخۆشی بەسەربەرن و خەمى ساڵێک لەوێ بدەنە بەر با و بحەسێنەوە و لەو دەشتە ڕەنگینە خواکردە نوێژى خۆیان بکەن و لەخواى گەورە بپاڕێنەوە کە خێر و خۆشییان بەسەردا ببارێنێ، چونکە ئەو خەڵکە موسڵمانە لەوە دڵنیان تا زیاتر لە خوا بپاڕێیتەوە , ئەو زیاتر بە دەنگتەوە دێت. ئەو ساڵانەش کە حکوومەتە شۆڤێنییەکان نەورۆزیان قەدەغە کردووە , خەڵکەکە بەشێوەى جیا جیا نەورۆزی خۆیان هەر کردووە و چوونەتە دەشتودەر بۆ سەیران . مامۆستایانی بەڕێز, ئایین چەند خواپەرستییە , ئەوەندەش ڕەوشت و ئادگار و خووی جوانە. دینداری ئەگەر ڕەوشتباشی وکردەوەی چاکی لەگەڵ نەبوو , فێڵ کردنە لە خوا و خواى گەورەش فێڵی لێ ناکرێ. ئەگەر ئەو موسڵمانەی دەچێ لە مزگەوت بە جەماعەت نوێژ دەکات , کە گەڕایەوە سەر کارەکەی فێڵی لە موسڵمانان کرد, نوێژى بۆ خوا نەکردووە , بەڵکو بۆ چاوبەستەکێی هەژار و بێ دەرەتانانی کردووە . ئەو حاجییەى 250 دینار لەنێو کەشیدەکەی سەری دەشارێتەوە وسوێندێ دەخواو دەڵێ بەو حەجەی تەوافم کردووە تەنیا 250 دیناری تێدایە نوێژەکەى بۆ خەڵک خەڵەتاندن کردووە و دەیکات. ئەو خۆ بە موسڵمانزانەی پشتی زاڵم دەگرێ و هەڕمێن بە قسە باقوبریقەدارەکانی زۆرداران دەدات, هەموو شتێکە , بەڵام موسڵمان نییە. موسڵمانەتی کردارو ڕەفتاری چاکی ڕؤژانەیە ڵەگەڵ ڕوو لەخواکردن. مامۆستایانی بەڕێز , خۆ داعشەکانیش هەر بەناوى خواو بە ألله أکبر خەڵکیان سەردەبڕی و چەندان مەلای کورد چوونە پاڵیان و فەتواى کوشتنی پێشمەرگەیان دا و سەربڕینی ئەوانیان حەڵاڵ کرد. بەڕێزینە, کورد مێللەتێکی زۆر موسڵمان و خواپەرستە و سەدان ساڵە دەکوژرێ و سەردەبڕرێ و تەنانەت لە لایەن ( عبدالله المؤمنانەوە ) بە چەکی کیمیایى لێى دەدرێ و بەسورەتی ئەنفالی قورئانی پیرۆز دەیان هەزار منداڵ و ژن و پیری لێ زیندە بەچاڵ دەکرێ, توخوا توخوا, کامیان گوناح و بێ خواییە , ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنی هاتنى بەهار و سەرکەوتن بەسەر زوڵم و زۆریدا, یان زوڵم کردن بەناوی ئایینەوە ؟ ئێستاش هەندێک لە ئێوە ئەردۆغان بە ئیمام و پێشەنگی ئیسلام دەزانن لە کاتێکدا لە ئانیشکیشى بەرەو ژوور دەستى بەخوێنی کورد سوورە و دەڵێ باشترین کورد ئەوەیە کە مردووە. بۆ, بەڕێزینە کورد لە تورکیا لەخوا هەڵگەڕاوەتەوە و دژی ئایینى ئیسلام وەستاوە تا بەو دڕندایەتییە خوێنی حەڵاڵ بکرێ؟ چۆن غیرەتتان ناجووڵێ کاتێک مەلایەکی ڕەگەزپەرستی تورک دەڵێ: مار و دووپشــک مەکوژن, کورد بکوژن با دیلیش بێ. بۆ, کورد لە تورکیای سوڵتان ئەردۆغان لە خوا هەڵگەڕاوەتەوە؟ بۆ هاوبەشی بۆ خوا پەیدا کردووە؟ تورکیاى ئیسلامیی ئەردۆغانی هەزاران سۆزانیخانەی بە فەرمی کردۆتەوە وباجی ئەو کارەیان لێ وەردەگرێ و ڕەنگە هەندێک لە موسڵمانە ئەردۆغاندۆستەکان لەو پارە حەڵاڵەیان بدرێتێ و ئەوانیش بیخەنە تەنکەی باخەڵیان. توخوا ئەوە گوناحە کە خەڵکی لە چەند لاوە بریندار بایەکی باڵی خۆی بدات و خۆشی و شادییەک بخاتە دلێ منداڵەکانی یان ئەوانەی ڕێکخراوی قاعدەیان دامەزراند و بە چەندان شێوەى دڕندایەتیی مین چاندن لە ڕێگەوبان و شەقام کۆڵان و ئۆتۆموبیلی بۆمبڕێژکراوەوە سەدان هەزار خەڵکیان بە ژن و پیاو و منداڵەوە کوشت بە ملیۆن ژنیان بێوەژن کرد کە لە برسان هەندێکیان شەرەفی خۆیان بۆ بژێویی منداڵەکانیان دەفرۆشن و لەوەش زیاتر منداڵیان هەتیو و دەربەدەری کؤلانان کرد و لەبەر بێ سەرپەرشتی تووشی چەندان شێوەى لەڕێ لادان هاتن. ئەوانەی باسم کردن کێ کردنی؟ کوردی قزڕبەسەری لە خۆشی و مافی خوایی خۆی بێ بەش کە بە بۆنەی نەورۆز ئاهەنگ دەگێڕێ و دەچێ بۆ سەیران , یان ئەوانەی جڵەوی گەوجاندنی ئەو خەڵکە ڕەشوڕووت و نەزانانەیان بە دەستەوەیەو بە ئارەزووى خۆیان بە کوشتنیان دەدەن بە بیانووی ئەوەى هەر کەسێک خۆی بتەقێنێتەوە دەچێتە بەهەشت و حەفتا حۆریی پێشکەش دەکرێ. باشە ئەى جەنابت کە ئەوە دەزانیت, بۆ ئەو خواردنە چەورە دەدەى بە من و بۆچی بۆ خۆت نایخۆێ. ئەى ( ایمن الظواهری) کەئێستا سەرۆکی ڕێکخراوى قاعیدەیە و پزیشکە بۆ ئەو خەڵکە بە کوشتن دەدا و بۆ ناچێ لە میسر دانیشێ و چارەسەری هەزاران نەخۆشی بێ دەرەتان بکات؟ کامیان خێری زیاترە, خەڵک بەکوشتندان یان خەڵک لە مردن ڕزگار کردن. مامۆستاى بەڕیز, من لە سایەى خواوە موسڵمانم و ئیمانم بەخواو پێغەمبەرهەیە و نوێژیش دەکەم و چاکەو خراپە لێک جیا دەکەمەوە و وەکو هەندێک کەس نیم کە وەکو ئەسپی عەڕەبانە وان پارچە قایشێک بە لاچاویانەوە کراوە و تەنیا پێش خۆیان دەبینن و ئاگایان لە ئەم لاو ئەو لاى خۆیان نییە . بەڕێزینە , وەک ئەو دنیا پێویستى بە توێشووە, ئەم دنیایەش پێویستى پێیەتى لەسنووری مرۆڤایەتی مرۆڤدۆستى دەرنەچوون . ئەى نەتابیستووە دەڵێن ( ماأحسن الدین و الدنیا إذا إجتمعا ). یان ئەو قسەیەی کە دەیبەنەوە سەر خەلیفە ( علی بن أبی طالب ــ کرم الله وجهه ): ( إعمل لدنیاک کأنک تعیش أبدا, وإعمــل لآخرتک کأنک تموت غدا ).
دەڵێن جارێکیان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز حەڵوایان بۆ ئیمامی عەلی بردووە وئە ویش پرسیویەتی ئەمە چییە؟ گوتوویانە ئەمە حەڵوایە بە بۆنەی نەورۆزەوەیە , ئینجا حەزرەتی عەلی کەلێی خواردووە فەرموویەتی ))نیرزونا کل یوم, نیرزونا کل یوم )).
کوردلە هەموو دەور و زەمانێک نەورۆزی خۆی کردووە و لە دوژمنانی کورد بەولاوە کەسێکی دیکەى لێ ڕاست نەبۆتەوە ڕێگریی لێ بکات و بە کافر لەقەڵەمی بدات. لەم شیعرەی ( البحتری ) دەردەکەوێ کە لە زەمانی عەباسییەکان کورد ئاهەنگی بە بۆنەى جەژنی نەورۆز گێڕاوە .
ئەوەتا ( البحتری ) گەورە شاعیری سەردەمی عەباسى کە عەرەبیشە لە چامەیەکدا دەڵێ :
أتاک الربیع الطلق یختال ضاحکا
من الحسن حتى کاد أن یتکلما
و قد نبە النوروز فی غلس الدجى
أوائل ورد کان بالأمس نوما
بەهاری ڕووخۆش و گەش بە شانازی بەخۆکردنەوە, بە پێکەنینەوە هات, ئەوەندە جوان بوو هەر دەتگوت خەریکە بێتە قسە.
نەورۆزیش لە تاریکیی پێش بەری بەیان پێشەنگی ئەو گوڵانەی بێدار کردەوە کە تا دوێنێ نووستبوون.
خزمینە سەرم ئێشاندن بمبوورن, بەخواى گەورەتان دەسپێرم یاخوا هەموو ڕۆژێکتان هەر جەژن و خۆشی و کامەڕانی بێت بە کردەوەو رەفتاری جوان و مرۆڤدۆستى چونکە ئەمە یەکەم هەنگاوى نزیک بوونەوەیە لە خواى پەروەردگاری ئاگاداری چاکەو خراپەمان . خواتان لەگەل بە سەلامەتی و لەشساغی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت