هەژار نامیق: کەم بژی و کەڵ بژی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چۆن بژی شەرتە نەوەک چه ن بژیت (هەژارموکریانى).
ژیان بریتیە لە کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز – هەوراز و نشێو، ژیان پڕیەتی لە سەختی و دژواری، ژیان پڕە لە خۆشی و ناخۆشی، ژیان و… هتد. بەهەرشێوەیەک ژیان بکەین ژیان تا ئەو ساتەی چرکەکانی تەمەنمان بەردەوام بێت بەردەوام دەبێت، بەڵام هەندێک لە مرۆڤەکان بە شکۆ و سەربەرزی ژیان دەکەن و ناویان لە مێژووی مرۆڤایەتی بە زیندوویی و نەمری دەمێنێتەوە و هەندێکیش ناویان لە تۆماری مێژوو تۆمار ناکرێت یان بە ناشیرینترین شێوە ناویان دەهێنرێت.
مرۆڤ لە دەورانى ژیانى تووشی چەندەها ئاڵنگاری گەورە و بچووک دەبێتەوە کە هەندێک لەو ئاڵنگاریانە ڕاماندەگرن یان بەرەو بەرزتر دەمانبات و لە ناز و نیعمەتەکانى ژیان دەخۆینەوە، بەڵام چۆنێتى ژیان گرنگە! کەم نین کەسانێک بۆ ئافەرین و دەستخۆشی پلە بەرزکردنەوەیەک عیزەتی نەفسی خۆی کەسایەتی خۆی دەخاتە ژێرپرسیارەوە، کەسانێک کە ناشایستەن و دەیانەوێت لە شوێنی شایستە دانیشن کەسانێک کە شایستەی ئەوە نیە لە بەرپرسیارێتى گەورە بن، بەڵام دەیانەوێت بە ماستاوچەورەیی کردن بگەن بە ئەو شوێنە لەم پێناوەش هیچ بەهایەک لە خۆیان ناهێڵنەوە، بەڵام تەمەنی ئەوانە کورت مەودایە و تا کاتێکى کەم ئەتوانن ڕاستیەکان بشارنەوە و ڕۆژێک دێت کە هەموو ئەوەی بە دەستیان هێناوە بە چرکەساتێک ئەڕوات بە بادا.
دەگێڕنەوە هەڵۆیەک نەفەسەکانی کۆتایی تەمەنی دەدا لە برسێتى دەیناڵاند و لەبەرامبەر ئەمان قەلەڕەشێک و داڵەگۆشتخۆرێک خەریکى خواردنى لاشەیەکی بۆگەن کردووبوون، کونەبەبویەکیش لەبەرامبەریان بوو! قەلە ڕەشەکە بە هەڵۆکە دەڵێت: بۆ نایەیت لەم گۆشتە بخۆیت تا لە برسا نەمری! کونەبەبووەکە لە وەڵام دەڵێت: هەڵۆکە نەوەک قەلە ڕەشە دزە و نەوەک ئەو داڵە گۆشتخوارە پیس خۆر!
هیچ مرۆڤێک نیە کە توانای نەبێت بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە بتوانێت توانا شاراوەکانى خۆی بدۆزێتەوە تا بە شکۆ ژیان بکات و بە شکۆ وەفات بکات، بەڵام کەمیش نین قەلەڕەشکە گەلێک ئامادەن دزی لە خواردنى ئەم و ئەو بکەن تا تێربن، بەڵام هەڵۆ بە نەمری ئەمرێت و قەلەڕەشکەش بە سەرشۆڕی، کەم نین کەسانێک بە موجامەلە و خۆبەرەوپێش بردن وەک قەلە ڕەشە بەشی کەسانێکى تر نەخۆن تا خۆیان تێربن خۆیان لە ئاو و ئاگر ئەدەن تا نزگەرەی تێربوون لێبدەن، بەڵام لە کۆتایی بەشی ئەو قەلەڕەشانە هەر ڕووڕەشی دەبێت.
مرۆڤ بە شکۆ بژی بە شکۆ بمرێت بەشێوەیەک ژیان بکەین کە ناومان لە دوای خۆمان و لە مانی خۆشمان بە زیندوویی بە ئازایی و بە ئازادی بهێنرێت نەوەک لە مانی خۆشمان بە ماستاوچی و کاسە لێس، بە قەلەڕەشە بهێنرێت. ژیان زۆر کورتەو مرۆڤ بە هەموو ئاوات و ئامانجەکانى ناگات، بەڵام نرخی کەسایەتی ئەو شتەیە کە بەهیچ نرخێک پێوانە ناکرێت، کەسایەتی مرۆڤ نە بە پلە و پۆست و پێگەیە نە بە سەروەت و سامان نە بە جوانی و نەبەکەشخەیی، ئێمە خۆمان بڕیار ئەدەین کە کەسایەتیمان لە هەڵۆ نزیک بێت تا بە نەمری بمرین و بەشکۆ بژین یان وەک قەلەڕەشە بەڕووڕەشی بژین و بمرین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت