بەهرۆز جەعفەر: تورکیا لە دەتەپەوە بۆ هەدەپە قەڵاچۆ ئەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 12- 11 ی 2008 وەک تاکە ڕۆژنامەوانی باشوری کوردستان لە ئەنکارا بەشداریم کرد لە ڕووماڵی داخستنی دەتەپە وەک تاکە پارتی کوردیی تورکیا. دادگای دەستوری تورکیا بە کۆی دەنگی ( 11 ) ئەندام کە هیچیان کورد نەبون، بڕیاری داخستنی دەتەپەی دا. هەروەها کاری سیاسیی لە پێنج پەرلەمانتارو هەرە کاریگەرترین فیگەری سیاسی دیاری کورد لە تورکیا قەدەخەکرد.
لەیلا زانا یەکێک بو لەوانەی کاری سیاسیی لێ یاساخ کرابو، لەگەڵ ئەوەی ئەو ئەندامی دەتەپەش نەبو، کەسێکی سەربەخۆ بو… بەهەرحاڵ بڕیارەکە هەرچۆن سەیرت ئەکرد بڕیاریکی سیاسیی و ڕەگەزپەرستانە بو. لە چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەد تورک و سەباحەتونجەل و لەیلا زانا، هەرسێکیان تائەوپەری نائومێدو توڕەو ستەملێکراوی بێ دەستەڵات ئەهاتنە پێش چاو.. ئەحمەد تورک پێی وتم “ چار نییە مەگەر ڕووبکەینە چیاکان”. ئەو ڕۆژانە تورک و دامەزراوە پۆلیسییەکانی دەستیان لە کورد نە ئەپاراست، هەر کوردێکیان دەست کەوتباو لەسەر گومان دەستگیریان ئەکرد، لە هۆتێل ڕۆیاڵ کاک بەهرۆز گەڵاڵی تەلەفۆنی بۆ کردم، وتی بەپەلە ئەوێ جێ بهێڵە. نە من و نە مام جەلالیش لەوەدا نەماون تەکلیف کاری بۆ بەردانی ئەم هەمووە بکەین. لە ئەنکەرەوە گەیشتمە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ و هەواڵی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکان و هەڵکوتانە سەر بارەگای دەتەپە لە تیڤییەکانەوە پەخش ئەکرا. بەپەلە گەڕاینەوە سلێمانی. ئێستا جارێکی تر لەم ( 2021 ) ەدا تورکیاو دادگای دەستورییەکەی سەرقاڵی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی کوردو داخستنی پارتە کوردییەکەیانە!. ئەمە جاری سێهەمە لە سەردەمی ئاکپارتی دا حیزبیی کوردیی دائەخرێت.
لە دوای ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر گارە لە ( 10 ) ی شوباتی ئەمساڵ، کە کوژرانی ( 13 ) دیلی تورکیای لێکەوتەوە، فشارەکانی سەر هەدەپە زیاتر بون، بەڵام بەرپرسانی هەدەپە دەڵێن گوێ بە فشارەکان نادەن.
لە 17 ی ئازاری 2021 داواکاری گشتی تورکیا داوایەکی یاسایی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئاڕاستەی دادگای دەستوری وڵاتەکەی کرد، بڕیارە 31 ی ئەم مانگە داگای دەستوری تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە لەپرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کۆببێتەوە.
پەسەندکردنی داخستنی هەدەپە پێویستی بە بڕیاری ( 10 ) ئەندام لە کۆی ( 15 )ئەندامی دادگای دەستوری هەیەو دواتریش بڕیارەکە بە هەدەپە رادەگەیەنرێت و لەرۆژنامەی فەرمی دەوڵەتی تورکیادا بڵاودەکرێتەوە.
ئەم حاڵەتەی ئێستاش هەمان دۆخی ساڵی 2008 ە بۆ هادەپ، بەتایبەت لە ڕووی ئەو ئۆپشنانەی کە کورد هەیەتی بۆ مامەڵە کردن لە گەڵ بڕیارەکانی دادگاو دەستگیرکردنی یەکلەدوای یەکی پەرلەمانتاران، ئەوەتا “میدحەت سانجار”، هاوسەرۆکی هەدەپە ئەڵێت، “ئەوان چی دەکەن با بیکەن، با بەردەوام بن لەسەر پەلامارەکانیان و هەڕەشەی داخستنی پارتەکەمان بکەن و گفتوگۆ لەسەر داوانامەکانی پەرلەمان بکەن. بەڵام پرسی گرنگی ئێمە خەڵکە و گوێ بۆ هیچ هەڕەشە و پڕوپاگەندەیەکی ئەوان هەڵناخەین. لێرەوە بانگەواز لە تەواوی کادیر و لایەنگر و دەنگدەرانمان دەکەم بە هیچ جۆرێک گوێ بەو هەڕەشانە مەدەن”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت