بورهان شێخ ڕەئوف: ئاسایشى خۆراک لە عێراق و کوردستان.

عێراق لە سەرەتاى ساڵانى نەوەدەکانى سەدەى پێشووەوە بە شێوەیەکى بەرچاو بەدەست کەمبوونەوەى بەرهەمى ناوخۆیى مادە خۆراکیەکانەوە دەناڵێنێت، بە دیاریکراوى لە دواى داگیرکردنى دەوڵەتى کوەیت و ئابڵووقەى ئابوورى نێودەوڵەتى زیاتر ئەو دیاردە بەدیکرا.
لە ئێستاشدا کەمى بەرهەمى ناوخۆیى نیشتمانى عێراقى بە هەرێمى کوردستانیشەوە گەیووەتە ئاستێکى مەترسیدار، بە جۆرێک پاڵپشتى کردنى کڕین و هاوردەکردنى خۆراک لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بەشێکى زۆرى بوودجەى ساڵانەى عێراق دەبات بۆ بازاڕەکانى دەرەوە بۆ پڕکردنەوەى خواستى هاوڵاتیان بۆ مادە خۆراکیە پێویستەکان.

ئاسایشى خۆراک
ئاسایشى خۆراک لە هەروڵاتێکدا بەشێکى گرنگى ئاسایشى نیشتمانیە، هەرلە بەرئەوەشە زاراوەى ئاسایشى خۆراک ماناى وایە هەرتاکێکى کۆمەڵگە بەشەخۆراکى خۆى بە بێ کەمى بۆ دابین بکرێت،کاتێک ئاسایشى خۆراک دابینکراوەو مسۆگەرەو ترسى لەسەر نیە کە کەس ترسى نەبێت ڕوبەڕوى برسێتى ببێتەوە، هەرئەمەش دەکرێت ببێتە پێوانە و دڵنیایى کە تاکەکان لە ئایندەشدا مەترسى برسێتیان لە سەر نیە.
پاشەکشەى کەرتى کشتوکاڵ و گرنگى پێنەدانى بێگومان کاریگەرى ڕاستەوخۆو خێراى دەبێت لە سەر ئاسایشى خۆراکى نیشتمانى، جگە لە زیادبوونى زۆرى ژمارەى دانیشتووان کە ئەمەش خواست لەسەر خۆراک زیاد دەکات سەرەڕاى گۆڕانکارییەکانى ژینگەو کەشوهەوا.

کێشە و گرفتەکانى بەردەم ئاسایشى خۆراکى عێراق
کێشەو بەربەستى گەورەى ئاسایشى خۆراک لە عێراقدا زۆرن لەوانە کۆنى و چەقبەستنى دامودەزگاکانى خودى دەوڵەتى عێراقە کە ماوەیان بەسەرچووەو لە گەڵ پێشکەوتنە گەورەکانى زانست و تەکنۆلۆجیاى سەردەمدا ناگونجێت، جگە لە ململانێ ى نابەجێ و نادروست لە نێوان ئەم دامودەزگانەدا و کەمى پاڵپشتى دارایى و نەبوونى تواناى زانستى و شارەزایى پێویست و بیرۆکراسیەت لە بەڕێوەبردندا.
سەربارى ئەو فاکتەرانەى سەرەوە هەندێک فاکتى سەرەکى تریش هەن کە بە پێویستى دەزانم زیاتر لە سەریان بووەستم:
1. پاشەکشەى بەرهەمە کشتوکاڵیەکان ئەمەش بە هۆى پشتگوێ خستنى ئەم کەرتە گرنگە کەعێراق خاوەن زەوى بە پیت و کەشوهەواى لەبارو گونجاو و جیاوازە بۆ گەشەپێدانى و دابینکردنى هەموو پێداویسایەکانى ناوخۆیى خۆى و ئەگەر هەوڵ بدات تواناى ناردنە دەرەوەشى هەیە بۆ وڵاتانى دى ، پاشەکشەکە بە جۆرێکە ئێستا عێراق پێداویستى ڕۆژانى بەرهەمى کشتوکاڵ بە ڕێژەى 10% بازاڕى ناوخۆیى وڵات دابین دەکات بە گوێرەى خەمڵاندنەکانى وەزارەتى پلانداناى عێراق لە دواى ساڵى 2003 ەوە .
2. گرفتى دابەزین و کەمبوونەوەى سەرچاوەکانى ئاو گەورەترین کێشەیە کە بەرەوڕووى عێراق بووەتەوە کەوایکردووە عێراق بەرەو کەشوهەواى وشک و بە بیابان بوون بڕوات بە هۆى دیاردەى ( احتباس حرارى ) ەوە.
3. دەستگرتن بە سەر سەرچاوەکانى ئاو لە لایەن وڵاتانى دراوسێوە بە تایبەتى هەردوو ڕووبارى دیجلەو فورات لەلایەن تورکیاو سوریاو ئێرانەوە بە دەر لە هەموو یاساو ڕێسا نێودەوڵەتیەکان، بە شێوەیەک تورکیا 80% بەشە ئاوى عێراق دەبات بە هۆى دروستکردنى گەلێک بەنداوى گەورە، سوریاش بەهەماجۆر 10% بەشە ئاوى عێراق دەبات.
4. گەندەڵى دارایى و ئابورى و کارگێڕى لە عێراقدا ئەمیش یەکێک لە قەیرانە هەرە گەورەکانى عێراقە و لە تیرۆر زیاتر زیانى بە کۆمەڵگاى عێراق گەیاندووە، تا ئێستا حکومەتەکانى عێراق و پەرلەمان و دامودەزگا چاودێرییەکان و دەزگاى دەستپاکى و زۆر دامەزراوەى دى زل و زەبەلاح دامەزراون و بوودجەو تواناى باشیشیان لە بەردەستدایە بەڵام دەسەوسانن لەبەردەم ئەم دیاردە قێزەونەدا، بێگومان ئەمیش کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەبووە بۆ دابین نەکردنى ئاسایشى خۆراک.

ڕۆڵى کۆرۆنا
بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ڤایرۆس کاریگەرى خۆى هەبوو لە دەرکەوتنى فشۆڵى ئابوورى عێراق و نەبوونى ئاسایشى خۆراک لە عێراقدا، ڕووخان و دابەزینى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا بۆ ژێر سفر واى کرد کە عێراق 40 ملیار دۆلار کورتهێننانى لە بوودجەدا هەبێت، جارێکى تر شکستى ئابورى ریعى پشت بەستوو بە نەوت فرۆشتن ئەو زەنگەى بە گوێ ى حکومەتى عێراق و گەلەکەى و پەرلەمانەکەیدا دا کە دەبێت بە هۆش بێنەوەو تازووە خەمى وڵات بخۆن و ژێرخانى ئابوورى تر بنیات بنێن و بە تایبەتى کشتوکاڵ نەوتى هەمیشەییە لە گەڵ سکتەرەکانى تردا.
لە کۆتاییدا عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە لە بەردەمەم مەینەتێکى گەورەدایە ئەگەر حکومەتى عێراق و هەرێمیش هەنگاوى خێرا هەڵ نەنێن بۆ گەشەپێدان و پێشخستنى بەرهەمى ناوخۆیی بە کشتوکاڵ و هەموو سەکتەرەکانى تریشەوە، ئەویش بە کۆمەک و پاڵپشتى دارایى و زانستى و مرۆیى و دابینکردنى تەکنۆلۆجیاى نوێ بە تایبەتى بۆ کشتوکاڵ و ڕێگرتن لە هاوردەکردن لەڵاتانى دراسێ کە کۆنترۆڵى بازاڕەکانى عێراقیان کردووە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies