بەهرۆز جەعفەر: ئەمجارەشیان لە بەر خاتری جەلالی سام ئاغا.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

لە یاداشتەکانی کاکە “جەلالی سام ئاغا” دا کە تازە وا ئەکەوێتە بەردیدەی خوێنەران، زیاتر لە ( 5 ) جار ناوی من “ بەهرۆز جەعفەر” هاتوە. لە سەروەختێکی تا ئاستێک منداڵییەوە لەگەڵ ئەم پیاوە وەکو مام و برازاین، ئیتر سەروکارو پرس و ڕامان هەیە، وەک خۆی ئەڵێ “ کوڕی ماڵەکەم”. پانزە ساڵە لەهەر بارودۆخێکدا بەردەوامین. بەم جۆرە ئەو چەندە شانازی و شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ئەوەندەش ئەم نزیکی و ناسین و پێکەوەبونە میراتێکی مەعنەویی و ئەرکێکی بەردەوامی خستۆتە سەر شان و ئەستۆمان:
یەکەم/ ئەم پیاوە هەر ئەوە نییە کە لە ڕابردوودا نزیک بە نیو سەدە خزمەتی ئیداریی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بووەو، بە ملیارەها دینارو دۆلاری بە زەبری بوێری و نەجابەتی خۆی لە قوڕگی گەندەڵکاران دەرهێناوەو، ( 2750 ) ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی داوەتە داواکاریی گشتی و، بۆ یەکەمجار ئەوبو توانی هەیبەتی ڕاستەقینەی داواکاریی گشتی و دادگاو سیستەمی دارایی بۆ میدیاو بۆ خەڵک ئاشکرا بکات.
دووەم/ ئەو هەر ئەوە نییە کە هاوڕێی رەوانشاد مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و خێزان و پیاوە ڕەسەنە عێراقی و کوردستانییەکان بوبێت و، لەبەرئەوەی کە داوای بنبڕکردن و ڕاگرتنی گەندەڵی کرد لە پێگەکەیەوە، نەکراو لە ساڵی ( 2010 ) دەستی لەکارکێشایەوەو، خۆی خانەنشین کردو، یەک ئۆتۆمبیل و پاسەوان و شۆفێریشی لەگەڵ خۆی نەبرد. دواتریش لایەنەکان داوایان کرد ببێتە وەزیری دارایی، کۆدەنگی هەبو بیکەن بە سەرۆکی هەرێم، بە فەرمی داوایان کرد هاوکاری ئەم حکومەتە بێت، ڕەتی کردەوە.
سێهەم/ ڕەنگە خەڵک هەر ئەوەی بینی بێت کە ئەم پیاوە نەک موڵکی حکومەتی داگیر نەکرد، بەڵکو موڵکەکانی خۆیانی فرۆشت و خستییە بانکەوەو قازانجەکەی ساڵانە ئەداتە کارمەندە ئازاو سەلارەکانی دیوانی چاودێری دارایی. یان لە کاتێکدا بەرپرسان و چاوچنۆکان پارەی ئەم کوردستانەیان ئەبردە دەرەوەی وڵات و خەڵکیان خستە قەیران، ئەو خوێندنگەی نمونەیی بەناوی خوالێخۆشبوی خوشکی مامۆستا “ زەکیەی عومەری سام ئاغا” ەوە دروست کرد. موڵکی خوشکە کۆچکردوەکەی دیکەی فرۆشت و کردی بە باخچەی ساوایان.
هەر جارێک کە دەستی ئەدایە کارێک بۆ چاکەی گشتی، ئەیوت عەریزەیەکم نوسیوەو داومە بە خوای گەورە ئەونە دەرفەتی تەمەنی بدات کە تەواوی بکات.
ئەمجارەشیان خودا داواکەی ڕەت نەکردەوەو، بە تەندروستی باشەوە توانی یاداشتەکانی چاپ بکات. بەڵام لێرەدا سەرگوزشتەی و گەواهیدانی ئێمە دەست پێدەکاتەوە:
– بوێری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەوەوە فێربوین، سەرەڕای هیچ دارودەستەیەکی وەک ئەوانی تر نەبو، بۆ ئێمەش سەرچاوەیەکی گەورە بوە لە مەعنەوییەت نەک هیچ لایەنێکی ماددیی. لە نزیکەی ( 24 ) دانیشتنی دادگادا بەندە ئامادەبوو و شایەتی بینینی دادگا بوم، جارێکیان لەگەڵ هاوڕێی تەمەنی کاک جەلال ڕەوانشاد کاک “ عادل موراد” گفتوگۆی ئەوەمان بو کە سبەی دیسان ئەو دانیشتنەیە کە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبێکی باڵادەست و سەرنوسەری ڕۆژنامەیەکی سێبەری ئەو حیزبە لە دادگا ئامادە ئەبن، ئەوان سوپایەک پارێزەرو پاسەوانیان هەیە، کاک جەلالیش لەوێ لەوپەڕی بوێری و گەورەیی خۆیەوە سوختیان ئەکات لە بەردەم دادوەر… کاک عادل ئەوکات وتی “ لەپی دەستەکانی باداو،،، وتی؛ هێشتا لە کوێتانە، جەلال وازناهێنێت، تا ئەو ڕۆژەی بمێنێت بەڕێی دادگاوە ئەیانهێنێت و ئەیانبات… لە کۆتاییدا هەرواشی کرد. کۆتا دانیشتن لە شوباتی 2021 دادوەرو دادگا ویستیان بە سوڵحی عەشایەری کۆتایی پێ بهێنن. جەلالی سام ئاغا وتی “ هەر ئاوا ئیشتان کرد و یاسا سەروەر نەبو، بۆیە ڕۆژی میللەت بە ئەمڕۆ گەیشت”. زیاتر لە ( 86 ) ڕاپۆرتی هەستیاری پێش ساڵی ( 2011 ) ی دیوانی چاودێریی دارایی هێشتا لە دادگایەو، ئەوانەی ڕۆژێ لە ڕۆژان نقورچی خیانەتیان لە سامان و داهاتی کوردستان داوە هێشتا لە خۆیان دڵنیا نیین کەی ئەم ڕاپۆرتانە لەسەر ڕەفەکان دائەگیرێن.
– یەکێکی تر لە سیفەتەکانی، بەرزیی ئاستی عیززەتی نەفسە، لەسەر خۆییەتی، لە شوێن خۆ- دانیشتنییەتی، ئارامگرییەتی. زۆر دەگمەن ئەچێتە شوێنی فەخفەخەو کافێ و هۆتێلە گرانبەهاو باخ و ڤیەللای ئەم و ئەو.
ئەم سیفەتانەی ئەو هەیەتی، وایکردووە، جگە لە ویژدانی خۆمان کە پۆلیسێکە بەسەر سەرمانەوە، ئیتر ڕۆژگارەو خراپەکاریی وەک خۆڵ ئەبارێت، هەرجارێک دۆخێک هاتۆتە پێش، لەئەگەری ئەنجامدانیدا پێویست بوە بیر لەوە بکەینەوە چۆن وەڵامێک بۆ لای کاک جەلالیش ئەبێت ئامادە بکەین!. نەمانکردوە.
ماڵەکەی شوێنی هەموو کەسایەتیەکانە بێ جیاوازیی ئایدۆلۆژیی و سنورو حیزبایەتی و گوێگرێکی باشە. کوتلەیەکە لە ئەزمون و نمونە هێنانەوە لەسەر کەسایەتییە گەورەکانی مێژوو، سەرناسێکی باشە، هەموو جارێک کەسێکی نەناسراو حەز ئەکات بە دیدەنی بگات، هەرئەوەندە ئەپرسێت: ئەم فڵان “ ناو” ە کێیە؟. ئیتر گوێ لە وەسفی باشی و خراپییەکەی ناگرێت، خۆی بۆ خۆی هەڵسەنگاندنی هەیە.
ئەوەشم بیرنەچێت، سەڕەرای هەموو ئەوانە، ئەگەر سەیری زۆربەی سەرکردەو سیاسیی و پیاوە ناودارەکانی هاوتەمەنی ئەو بکەیت، هەموویان لە سەرەتاوە بە باشی و ماندویەتی ئەیهێنن، بەڵام لە کۆتایی دا بە هەر هۆیەکەوە بێت خراپی ئەکەن و هینی تێ ئەکەن. خۆشبەختانە جەلالی سام ئاغا تەنانەت خانوەکەی خۆی و ئەرشیف و کتێبەکانیشی بەخشیوەتە وەزارەتی تەندروستی و بنکەی ژین و کتێبخانەی قەڵادزێ.
ئەم سیفەتانەیە، وا ئەکات بە قسەو ئامۆژگارییەکانی بکەین. هەرچەندە لەو بێنەو بەرانەی هاتونەتە پێش لەسەر مافی خۆشمان بوبێت سەرسەختیمان کردبێت، هەڕەشەی بەردەوامیمان کردبێت، دواتر ئەوە جەلالی سام ئاغایەو قسەی کۆتایی کردوە و ئەبێت کۆتایی پێ بێت.
ئەو هەر لەسەرەتاوە تێی گەیاندین، کە پێویستە لەسەر هەقی ئەوانی تر بێدەنگ نەبین، بەڵام پێمان عەیب بێت داوای شتێک بۆ خۆمان بکەین. ئەو ئەیگوت ڕەنگە دوو دەفتەرو سیان وەربگرن و بتاندەنێ، بەڵام دواتر خۆتان ئەدۆڕێنن و خۆتان بەدەست ناهێننەوە. ئەو فێری ئەوەی کردین کە پلەو پۆست مرۆڤ گەورە ناکەن، هەموو جارێک ئەیوت و ئەڵێت “ حەمە حەسەن هەیکەل، خۆی و قەڵەمەکەی بو، کەچی ڕەئیسی چین و وڵاتەکان ئیستقبالیان ئەکرد”. خۆزگە ئەو بیست ساڵەی پێشوو کە ئەم پیاوە هاواری کرد “ گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە” گوێڕایەڵییان بکردایە لە پێناو حوکمڕانییەکی باشتردا.
لەماوەی چواردە ساڵی ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوەو کارکردندا، تا ئەوەندەی پێم کرابێت، بە گژ پیاوە درۆزن و نامەردەکاندا چومەتەوە، ئەوەش لە سام ئاغاوە فێربوم کە لە پێناو گەلەکەمدا سەر دانەنەوێنم.

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس