عەبدولکەریم شێخانی: گەڕانەوە بۆ لاى خزمان بە دەست و دیاریي زمانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جاران ئەگەر یەکیک بچووبایەوە ماڵەوە یان میوانێکی خۆشەویست بچوایەتە ماڵێک، دەیانگوت: بەخێر بێی بە خڕەوە, بە توورەگەی پڕەوە, نازانم ئێوەش وا بە من دەڵێن, یان بەخێر هاتنێکی سادەی خۆمانەم لێ دەکەن و هیچی دیکە. بە هەرحاڵ, لە هەموو بارێکدا من سوپاسگوزاری هەموانتانم و دەریشم کەن هەر دێمەوە, چونکە وا هەست دەکەم پەیامێکم پێیە و دەمەوێ بیگەیەنم. هەر لەبارەی پەیامەوە شتێکم هاتەوە بیر, ئەگەر پێتان ناخۆش نەبێ حەز دەکەم باسیان بکەم.
دوو وشە هەن جێی خۆیان گۆڕیوەتەوە: یەکێکیان لە نێوان عەڕەبی و فارسیدا, ئەوی دیکە لە نێوان کوردی فارسیدا. ئەوەی یەکەم ( برق ) و ( کارەبا ). فارس بە کارەبا دەڵێن ( برق ) کە عەڕەبییە. خانوویەکی گەورەی چاکم هەبوو لە سلێمانی لە پشتى ئوتێلی ( أبوسنا ) لەسەر شەقامی شێستی, بە داخەوە دواى جوانەمەرگ بوونى سەرهەنگی کوڕەگەورەم ماڵم لێ تێک چوو و خانووەکەشم نەما. ( مجاهدینى خلق ) لە ئوتێلەکەی ( أبوسنا ) بوون. دووکەس هاتن دەیانویست خانووەکەمان لێ بەکرێ بگرن. تەنیا یەکێکیان قسەى دەکرد ئەویش بە عەڕەبی. گوتم تۆ عەڕەب نیت, گوتی چۆن دەزانی؟ گوتم فارسێک بە عەڕەبی قسە بکات بە ئاشکرا پێیەوەی دیارە. دواى کەمێک پرسیارێکی کرد و منیش بە فارسی وەڵامم دایەوە. لاى سەیر بوو. بە فارسی گوتی تۆ فارسی لە کوێ فێر بووى؟ گوتم خۆم خۆم فێر کردووە. قسەى زۆرمان کرد. گوتم ژێر زەمینێکی گەورەشی هەیە. بە فارسی گوتی: ( برق تواش هست؟ گوتم: مەڵێ برق بڵێ کهربا. گوتی: نا برق فارسییە و کهربا عەڕەبییە. گوتم: ئێوە گۆڕیوتانەتەوە و کارەبای فارسی عەڕەب بردوویەتی و برقی عەڕەبیش فارس بردوویەتی و بۆم ڕوون کردەوە. وا دیاربوو قەناعەتی بە قسەکانم هات و گوتی ( وەللا دروست میفرمایی) گوتم دەزانم قسەکانی من ڕاستن, بەڵام گرنگ ئەوەیە تۆ باوەڕت پێی هەبێ.
وشەى دووەمی نێوان ئێمەى کورد و فارس ( پەیامبەر) و(پێغەمبەر). ئێمە بە ( رسالة ) دەڵێین ( پەیام )و فارس دەڵێن ( پیغام ). (رسول) بە کوردی دەبێتە ( پەیامبەر ) و بە فارسی دەبێتە ( پیغامبر)، کەچی فارس ( پەیامبەر) ی ئێمە بەکار دێنن و ئێمەش ( پیغامبر )ی فارس بەکار دێنین و سواندوومانە و کردوومانە بە پێغەمبەر. هەندێک کەس دەیانەوێ وەریگرنەوە. بەڵام من دەڵێم: برا لێی گەڕێن تازە (پێغەمبەر) لەناو زمانی کوردیدا دەقی خۆی وەرگرتووە و لەو خەڵکەی مەستێننەوە.
ئینجا ئاوڕ لە هەندێک وشەى دیکە دەدەمەوە. زۆر جار وا ڕێک دەکەوێ ئەگەر کەسێک بەکێکی زۆر خۆشەویستى مرد, کاری زۆر تێ دەکات و خەم دایدەگرێ و دواى ماوەیەک ئەویش دەمرێ, خەڵکی دەڵێن لەتاوان ( وەزگی دا ) واتە لەتاوان مرد. ئیستا دەگمەن ئەو وشەیە بەکاردێت و گوتم توخوا گوناحە با ئەم وشەیەش وەکو چەندان وشەى دیک نەمرێ و با چ نەبێ گیانێکی بەبەردا بکەمەوە، بەڵکو ئەوە خوایە چەند خێرخوازێک بەکاری بێنن لە مردن ڕزگاری کەن. هەروەها ئێستا زۆر کەس بۆ کراسی پیاوان ناڵێن کراس , بەڵکو دەڵێن ( قمیص ), یان ئەگەر یەکێک دەنگی خۆش بێت, دەڵێن ( صوت ) ی خۆشە. یان دەبینی لەسەر تەلەفزیۆن و ئەو شتانە دەڵێن ( زواج )ی کرد, یان پڕۆسەى هاوسەرگیری ئەنجام دا و پێیان شەرمە بڵێن شووى کرد, مێردی کرد, ژنی هێنا. بە یەکێکم گوت: برا بۆ ناڵێی شووی کرد, یان ژنی هێنا؟گوتی ئەوانە زمانی کۆنن و بەسەرچوون و ئەوەى من مۆدێرن و ئەکادیمییانەیە. لەوەش خراپتر هەندێک کەس لە فێس بووک بە پیتە عەڕەبییەکان دەنووسن و لە جیاتی هاوسەرگیری دەنووسن (هاوسەرکیری) یان پشتگیری, دەنووسن ( پشتکیری)و چەندان شتی دیکەی ناشیرین و نافڕەجا کە ئیستا وەکو دەڵێن (دەستم لە هەویرەو هەر ئەوەندەم لەبیرە ) .
+ ئەمڕۆ هەمووکەس, بە تایبەتی لە سلێمانی دەڵێن ( خیار ). من بە هەموو تەمەنی خۆم دیومە و بیستوومە بە کوردی بەو سەوزەیە دەڵێن ( ئاروو) یان ( ئاروێ ) لە هەندێک ناوچە. ڕۆژێکیان لە دوکانی بەقاڵێک پرسیم کیلۆی ئاروو بەچەندە؟ گوتی: ئاروو چییە گوتم ئەمە. گوتی ئەمە خەیارە.گوتم برا ئەمە بە کوردی ئارووى پێ دەڵێن. ئینجا بیرم کردەوە و لە دڵی خۆمدا گوتم: پاش دە پانزدە ساڵی دیکە خەیاری عەڕەبی جێ بە ئاروو لەق دەکات و شەقێکی تەڕوتاوەی تێ هەڵدەدات و خەڵک لەبیریان دەچێتەوە و زمانزانانی ئاخرزەمان لەسەر فیس بووک دەپرسن: ئەرێ بە کوردی بە (خیار) دەڵێن چی؟ ئەوەى من بیزانم ئەو ڕووەکانەی تەمەنیان ساڵێک یان کەمتڕە پێیان دەگوترێ سەوزە و میوە ئەوەیە کە بەدارەوەیەو تەمەنی چەندان ساڵە, کەچی هەندێک کەس بە شووتی و کاڵەک و تەرۆزی و ئاروو دەڵێن میوە. لە هەولێر بە ئەوانە دەڵێن تەڕە.
+ جارێکیان گەنجێکی دڵ بە دنیاخۆش ڕاپۆرتێکی نووسیبوو لەبارەی مردنی ژنانەوە و ئامارێکی سەبارەت بە هۆکاری مردنی ژنان ساز کردبوو. یەکێک لەو هۆکارانەی ئاماژەى پێ کردبوو, مردنی ژنان بوو لە کاتی منداڵ بووندا و گوتبووی: ئەوانەی (بە هۆکاری منداڵ بوون گیان لەدەست دەدەن ). گوتم کاکە گیان ئەوەی جەنابت مۆدێڕن و ئەکادیمییانەیە و منی کۆنەپەرست دەڵێم: (ئەو ژنە بەسەر منداڵەوە چوو ). لە کوردەواریی خۆمان ئەو ژنەی لەکاتی منداڵ بوون بمرێ, دە ڵێن بەسەر منداڵەوە چوو. جاری وا هەیە خۆی منداڵەکە دەمرن, یان ژنەکە دەمرێ و منـداڵـەکە نامرێ دەژی وبەو قوڕبەسەرە دەڵێـن( سەرەخۆرە) بێ ئەوەى هیچ تاوانێکی کردبێ و لە جیاتی بەزەیی پێدا هاتنەوە کە لە نازی دایکى بێ بەش بووە, ناوی سەرەخۆرەی بەسەردا دەبڕن. لە کۆیەــ ئەگەر کەسوکارەکەی لێم تووڕە نەبن ـــ پیاوێکی قەسابی زۆر پیاوانە هەبوو ناوى ( محەمەد ) بوو و دایکى بەسەر ئەوەوە چووبوو و ناوی سەرەخۆرەی بەسەردا بڕابوو و کە حەجیشی کرد ئەو سەرەخۆرەیەى هەر لێ نەبووەوە, بەڵام ئەوەى باش بوو نە خۆی و نە کەسوکاری ئەوەندە پێی قەڵس نەبوون و لێرەوەوە ڕیزم بۆ یەکە بەیەکەی ئەو بنەماڵە بەڕێز و ناودارە هەیە، چونکە لەمێژە دوورم و نازانم کێیان ماوە و کێیان کۆچى دوایی کردووە.
ئەوەى دەێڵێم دەمێکە نووسیومە و لێم بزر بوو بوو و بە دواییانە دۆزیمەوە و ئەوەندەی دیتنەوەی گەنجینەیەک دڵم پێی خۆش بوو. من لەو دووسێ ئەڵقەى نووسینانەکانمدا مەبەستم باس کردنی دیاردەیەکی ڕێزمانی بوو کە بە ڕای خۆم شتێکی تازەم هێناوەتە ئاراوە, ئینجا نازانم تا چەند سەرکەوتوو بووم یان دەبم, بەڵام ئەوە دەزانم کە تا ئیستا هیچ نووسینێم بەو شێوەیە لەم ڕووەوە نەدیوە.
دەبینى دوو وشە جێی خۆیان دەگۆڕنەوە و وشەیەکی لێکدراو پێک دێنن. ئەو جێگۆرکێی وشەیە لە چەند حاڵە تێکدا دروست دەبێ:
1- ئەگەر چاوگ درایە پاڵ ناوێکەوە, وەک پێشتر پێشنیازم کردبوو ( مضاف ) بکەین بەسەرە نیا و بە ( مضاف الیە) یش بڵێین بنەنیا یان هەر نیا. واتە ئەگەر چاوگ درایە پاڵ ناوێک واتە بوو بە سەرەنیا, ئەوا لەگەڵ وشەکە جێگۆڕکێ دەکەن. بۆ نموونە بۆ خواردنی نان, دەڵێین ( نان خواردن ). خواردنەوەى ئاو دەڵێین ( ئاو خوارنەوە ). کوشتنی پیاو دەڵێین ( پیاوکوشتن ). ئەگەر یەکێک شەڕەنگێز بێت دەڵێن ( پیاو کوشتن و ئاوخواردنەوەی لا وەکو یەکە ). دەڵێین سەرتاشین و ناڵێین تاشینی سەر, دەڵێن سەربڕین و ناڵێین بڕینی سەر. نموونە گەڵێک زۆرە و ئێوە خۆتان دەتوانن چەندان نموونەى لەوەى من بەرجەستەترو دیارتر بهێننەوە.
2- ئەگەر ناوی بکەر ( اسم فاعل ) درایە پاڵ ناوێکی دیکە ئەوا ناوە بکەرەکە ( ەر) یان ( یار )ەکەی لێ دەقرتێنرێ و تەنیا ڕەگى ( فرمانەکە ) دەمێنێتەوە کە بە ناڕەوا کردوویانەتە ( کار), چونکە کار ( عمل) ە نەک ( فعل) و ئەمەش پێم وایە خێر و بەرەکەتی دەرچوانی خوێندنی کوردییە کە دەفتەر بۆتە تێنووس و قەڵەم بۆتە پێنووس. وەکو گوتم: نووسـەری چیڕۆک دەبێــت بــە ( چیڕۆکنووس).نلێرەدا تێبینیی ئەوە دەکەین کە (نووس ) ڕەگی (کارەکە, فرمانەکە ) دەبێتە نووسەر و لە حاڵەتێکدا ئەگەر دامانە پأڵ ناوێکەوە, ئەوا (ەر) کەی پێوە نامێنێ دە بێت بە چیڕۆکنووس. نموونە زۆرن. جاران لەشارەکان خاوەن بەفرو ماستاو وشەربەت هاواریان دە کرد( کەللـەتەزێن, عیللەتپەڕێن, سەفراشکێن بەفرو ماستاو و شەربەت. یان بە کەسانی ئینکاریان دەگوت ( مەلابەزێنی قازیتڕێن ). پارێزەری وڵات دەبێتە وڵاتپارێز.
هەندێک نموونەی دیکە: کڕیاری گەنم دەبێنە گەنمکڕ, فرۆشیاری سەوزە دەبێتە سەوزەفرۆش. خوازیاری ژن دەبێتە ژنخواز. لێرە بۆ نیشانەى ناوى بکەر ( اسم فاعل ) لەجیاتی ( ەر) بوو بە ( یار) کڕیار, فرۆشیار, خوازیار. هەندێک ناوى بکەر لەو دوو دەستوورەش دەردەچن و بە شێوەیەکى دیکە دەردەکەون, وەکو: ( خزیو, گەنیو, ڕزیو, فڕیو و تەنانەت تڕیویش ). ئەگەر یەکێک هەر خەریکى خواردن و ڕابواردن بێت پێی دەڵێن: ( نانخۆری جێگر ). یان بە کەسانی سپڵە دەگوترێ (نانخۆری سفڕەدڕ). ئینجا کۆمەڵێک نموونەی دیکە وەک ( ڕەشپۆش, جلشۆر, میری سەربڕ بە کەسانی دەستڕۆیشتووى بێ ڕکابەر دەگوترێ.
لێرەدا ئاماژە بە دوو وشە دەکەم کە بە هەڵە بەکاردێن, ئاگربڕ و ئاگربەست. کە شوێنێک بەتایبەتی پووش و پاوان ئاگر دەگرێ, ئاگرکوژێنەوەکان دوور لە شوێنى ئاگرەکە کارێکی وادەکەن کە ئەگەر ئاگرەکە گەیشتە ئەو شوێنە ڕێی لێ بگیرێ, واتە ئاگرەکە دەبڕن, بەڵام ئاگربەست بۆ شەڕ ڕاگرتنە.

مامۆستا هێمن لە شیعرێکدا دەڵێ:
( کوڕبەزێنە ) ئەو لە عیلم و سنعەتا
گۆرەویشە سنعەتی تۆ, پێت خەنی بووم بیچنە
شۆڕەژن ( بنکؤڵ ) نەکا بڕکەی بە قرچەى نیوەڕۆ
چۆن لە کاڵەک تێر دەبێ ئەو زگزلە (بێستانڕنە)

یان دەڵێ:
قەڵەم ( سەرکێشە) , بیریش (مووقەڵێشە)
بەڵام یاڕەببی رووى ڕەش زەمانە

یان لە شیعری ئارەق و تیندا دەڵێ:
پێش ئەوەی حاجیی ( سەلەمخۆر )
هەژارێک هەڵنێ بە تەماڵ
پێش ئەوەى ڕێچکە ببەستن
بۆ مزگەوتێ شان بە بەرماڵ

شوکری فەزڵێ دەڵێ:
( گێرەشێوێن)ێ کە کای کۆنی بەبادا لە کنت
چاکە هەر لێی خوڕی سەیری دە م و کاوێژى نەکەى
هەندێک کەس لە جیاتی ( پێشکەوتنخواز ) دەڵێن ( پێشکەوتووخواز)و ئەمەش هەڵەیە .
هێمن لەشبعری دەسکەوتی خەبات کە لە کاتی پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکەی حاجی قادر گوتوویەتی, دەڵێ:
پەڕی دیوانەکەت گەنجەو خەزێنە
وشەى شیرینی تۆ دوژمنتەزێنە
لە ساڵی 1963 کە ڕادیۆی پەیکی ئێران کرایەوە دژى بەعس, کەریمى حیسامی لە گوتارێکدا گوتی:
بژى پێشمەرگەکانی هەر یەکە دۆژمنشکێنێکن
بژى سەرکردەکانی هەر یەکە بەعسیبەزێنێکن
خۆم لە شیعرێکدا کە بە بۆنەی چلەى سەید ئیبڕاهیمی سەید سەعید(برژاو)ی باوکی کاک حاکم پێشڕەو و کاک ڕابەر گوتوومە و بەداخەوە چەندی دەکەم بۆم نادۆزرێتەوە, گوتوومە:
هی ئەوانەی بە هەزار چاو
بە دڵ و گیان و لاشەى ( برژاو)
بە شبعری (ئاگرپژێن)و (دوژمنبەزێن)
بەقەڵەمی سەوز و پاراو
دەهاتنە ناو
کێشەى ژیان
بەئەوپەڕی قوربانی دان
تا گوتوومە:
بۆیە دواى دووریی (ئەژنۆشکێن )
کە چاوی بە ڕابەری کەوت
کە چاوی بە پێشڕەوى کەوت
تەواو سرەوت
تێر تێر سەیری کردن
بۆنی کردن
یەعقووب ئاسا هەردوو چاوی گەش بوونەوە
خەم و ئازاری زەمانەی
ئازارو ئەشکەنجەی ناو بەندیخانەى
بە تەواوى بیرچوونەوە
ئینجا خزمینە لیرە دەمەوێ بەجێتان بێڵم و با چیدیکە بە بابەتی ڕیزمانیی وشک سەرتان نەیەشێنم… جارێ خواتان لەگەڵ بۆ ئەڵقەی داهاتوو کە لە هەندێک بابەتی دیکە دەدوێم.. ئەرێ پێتان ناخۆش نییە منیش وەک هەندێک گەنجی مۆدێرنخواز بڵێم ( بای بای )؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت