شێرزاد ڕۆژهەڵاتی‌: باشوری کوردستان لە نێوان دوو تابڵۆ دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەوێک لە خەونم دا ڕێم کەوتە باشوری کوردستان. هەرێم وەک ئاپارتمانێکی زۆر گەورەی حەوت تەبەقە بوو. هەر تەبەقەی پێک هاتبو لە سەدان ئاودەست.
تەنگاو بوم و ویستم خۆم بەتاڵ بکەم. لە تەبەقەی حەوت تا یەک، گشتیان گەڕام. هەموو داڵان و قوژبنەکانم پشکنی. لە هیچیان نۆبەم نەهات.
دەڵاڵ و تەل‌دز، چەتەی خۆماڵی و بێگانە، کۆنە جاش و مستەشار، شایەر و زووڕناژەن، لۆمپەن و چەقوکێش، ڕیش‌پان و پانتۆڵ‌قوڵە، “بازرگان و پارێزەر، ئەفسەر و سەرباز، جاسووس و جەللاد، کوڕی باش و هەرچی پەرچی” بە تاق و بە جوت لە ئاودەستەکان جێ‌یان گرتبو. وەک ئەوەی لە سەر میراسی باوکیان دانیشتبن، کەس لە جێگای خۆی هەڵنەدەستا.
لە بن‌دەرکی ئاودەستێک کە ئەفسەرێکی تورکی تیا دانیشتبو، هەڵتوشەکام. لە ناکاو جامانە سورێکم لێ پەیدا بو. بە قۆنداغە تفەنگ کەوتە لێدان و کوتانم.
کە لە خەو هەستام، بە پەلە خۆم گەیاندە ئاودەستی ماڵەکەم. بە دەم هەڵڕشتنی میز‌‌دا بە خۆم ئەوت دەبێ کوردایەتی و گووکاری چ نیسبەتێکیان پێکەوە هەبێ!؟
بۆ تەعبیری ئەم خەونە کەوتمە یادی تابڵۆی بە‌‌ناوبانگی “ئاودەستی گشتی” کاری نیگارکێش “واسیلی شولژنکۆ”.
خوێنەری بەڕێز، پێش ئەوەی بە دیتنی ئەم تابلۆیە، تەسلیمی هەستی بێز و بێزاری بی، کەمێک بیر بکەوە. بۆچی هونەرمەندێکی گەورە چەند ڕۆژ لە ژیانی خۆی تەرخان کردوە بۆ کێشانی ئەم دیمەنە قیزەونە؟
بە حەوسەلە چاوی لێبکە. ئەم تابڵۆیە توشی هێڵنجت دەکات. بەڵام زۆر جێگای تێڕامانە.
بە ڕواڵەت سێ پیاوی گیرۆدەی خواردنەوە دەبینین. دوویان خەریکی گوو کردنن و یەکی دیکەش خەریکی ئارەق خواردنەوە. دوو پیاوە هەڵتوشەکاوەکە سیغاریان لە سەر لێوە. نوسراوەو و وێنە کێشراوەکانی سەر دیواری ئاودەست ناحەز و دزێون. کۆی وردەکاریەکانی ناو تابڵۆکە ئەم دیمەنانەن: خواردن، خواردنەوە، خۆ بەتاڵ کردن لە پیسایی و شەهوەت” بەڵام ئەمانە چ گرینگیەکیان هەیە؟ تماشایەکی پەنجەرە بچکۆڵەکەی ئاودەستەکە بکە. بزانە لە دوورە دەست چ دەبیندرێ؟ “گومبەز و منارەی کاخ و پەرەستشگا ”
کاخ هێمای دەسەڵاتی سیاسیە و پەرەستشگا هێمای دەسەڵاتی دینی.
دەبینین کە هونەرمەند چی خستۆتە بەر گۆشە نیگای ئێمە! پرسیارگەڵێکی گرینگ بەم چەشنە بۆ بینەر ساز دەبێ:
ئایا لێکچونێک لە نێوان ئەم ئاودەست و مرۆڤە هێڵنج‌هێنەرانە و ئەو کاخ و پەرەستشگایە دا هەیە؟ ئایا ئێمە دوو ڕووی یەک سکە دەبینین؟
ئایا حەقیقەتی شاراوەی پشتی جوانی و شکۆی ئەو منارانە، هەمان حەقیقەتی شاراوەی ئەم پیساییە نیە کە لە پیش چاومانە؟
بۆچی وێنەکێش ئێمەی لە شوێنێک ڕاگرتوە کە لێکچون وپێوەندێک لە نێوان ئەم دوو ناحەز و جوانە دا ببیندرێ؟
هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست ئاوا مرۆڤ توشی هێڵنج دەکات تا ناچاری بکات بیر بکاتەوە.

منیش بە ڕێگای مانا ناسی ئەم تابڵۆیە خەونەکەم ئاوا لێک‌دایەوە:
لەم سی ساڵەی دوایی دا لە باشور، بە تایبەت هەولێر بە دەیان کاخی ڕازاوە، سەدان خانووی لۆکسی میلیاردی، هەزاران ویلا و ژیلای خاوەن مەلەوانگە و … ساز کراون.
دەیان مۆڵی زەبەلاح و شاری خەونەکان، بێشومار سەیارەی گرانبەها و شەقامی پان و بەرین ئەم بەهەشتەیان بۆ چینی سەردەست کە پێنج لە سەدی کۆمەڵگای باشور پێک دێنێ، ڕازاندۆتەوە.
لە ژێر ئاڵای کوردایەتی دیوەخان لەشکرێک نۆکەر، قەرەواش، پێشمەرگەی حیمایەی جانتاهەڵگر، قەڵەمفرۆش، لەشفرۆش، کوردفرۆش، وڵاتفرۆش، ڕۆژنامەنوس، کۆنەسیاسی ماندوو، شایەر، لۆمپەن، جاسوس و جەقۆکێش بوونەتە ئارایشگەر و پارێزەری ئەم سیستمە.
ژمارەی مزگەوتەکانیان لە پێنج هەزار تێپەڕیوە. بە نیسبەتی پێنج ملیۆن کەس بە مانای ئەوەیە بۆ کەمتر لە هەزار کەس یەک مزگەوت هەیە کە لە نێویان دا سەدان مزگەوتی لۆکسی ملیۆن دۆڵاری تێدا دەبیندرێ. هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرەستەکان زۆرترین پێگەی جەماوەریان بە دەست هێناوە و دور نیە ئەفغانستانێکی دیکە لە باشور هەڵقوڵێ.
تا ئێرە بە پەیڕەوی لە نیگارکێش “واسیلی شولژنکو” دوو هێمای دەسەڵاتی سیاسی و دینی باشور(کاخ و منارە)م وێنا کرد.
ئێستاش ئاودەستە گشتیەکە دەکێشمەوە:
سیمای ئەمڕۆی باشور بەم چەشنەیە: داتەپینی ژێرخانی ئابوری، بێکاری، کێشەی ئاو و کارەبا، تیرۆری ڕووناکبیران و ڕۆژنامەنوسان، 31 مۆڵگەی سەربازی تورک، سەدان ناوەندی سیخوڕی دوشمنانی کورد، هاوکاری پاراستن و میتی تورک بۆ تیرۆری ئازادیخوازانی باکور لە باشور، بە تاڵان‌چونی سامانی سەر زەوی و بن زەوی، ڕۆییشتنی ساڵانەی هەزاران لاو بۆ هەندەران، بەتاڵ بونی دانیشتوان لە خەونی گەورەی ڕزگاری نەتەوەیی و دادپەروەری.
بنەماڵەیێک بونەتە میری میرنشینی باشور کە لە ماوەی شێست ساڵی ڕابردوو یەک ئیستڕاتژی نەگۆڕیان پەیڕەو کردوە:
” دابینکردنی بەرژوەندی داگیرکەرانی کوردستان لە پێناو ئاغایەتی بە سەر نیوەی باشوری کوردستان”
بە پەیڕەوی لەم ئیستڕاتژیە، مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی باکور(سەعید ئاڵچی و دوکتور شوان) ی کوشت، ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران( سەدیقی ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، خەلیل شەوباش، مەلا ڕەحیم، جەماعەتی ساڵح لاجانی و …) ی بە ڕێگاگەلی وەک تیرۆر، ئیعدام کردن و ڕادەست کردنەوە بە ساواکی ئێران لەناو برد.
کوڕەکانی مەلامستەفا، مەسعود و ئیدریس لە ساڵی 1976 بە پیلانی هاوبەشی ساواک و میتی تورک، قیادە موەقەتەیان بۆ سەرکوتی شۆڕشگێڕانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان دروست کرد. ساڵی 1978 لە حەکاری بە هاوکاری تورکیا و ئێران توانیان هێزێکی 750 کەسی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتمانی لەناو بەرن و سەرانی دەستگیرکراویان( عەلی عەسکەری، دوکتور خالید و حوسێن بابا شێخ) بە ئاڕپیچی ئێعدام کرد.
لە ساڵەکانی 1979 تا 1985 بە هاوکاری ئێران توانیان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دێموکڕات و کۆمەڵە پاکسازی بکەن.
ڕاپەڕینی 1991ی باشور لە سەر دەستی جەماوەری یەکیەتی نیشتمانی و هێندێک هێزی دیکە بە ئەنجام گەییشت و بنەماڵەی بارزانی ڕۆڵێکی بەرچاویان تێیدا نەبو.
مەسعود بارزانی بە هاوکاری ئێران، تورکیا و ئێراق شەڕێکی براکوژی چوارساڵەیان بە سەر یەکیەتی نیشتمانی دا سەپاند(1998-1994) تا یەکیەتی ناچار کرا زیاتر لە هەشتا لە سەدی سامان و دەسەڵاتی باشور ڕادەستی بنەماڵەی بارزانی بکات. بەم شێوەیە بنەماڵەی بارزانی بوونە حاکمی باشور.
لە ساڵەکانی (1998 – 1992) لە ڕێگای هاوکاری ئەرتەشی تورک هەزاران پێشمەرگە و گریلایان بە دەستی یەکتر بە کوشت دا.
کوڕ و نەوەکانی نەوەکانی مەلامستەفا(مەسعود،نێچیر و مەسرور) لە 2014 بە پێی ڕێککەوتنی نەهێنی لە گەڵ دەوڵەتی تورک و داعش پێش ئەوەی خەڵک ئاگادار بکرێنەوە و هەلی هەڵاتنیان پێ‌بدرێ، 15000 پێشمەرگەیان لە شەنگال کشاندەوە. شەنگاڵ و ئیزەدیەکان بێ تەقاندنی یەک فیشەک ڕادەستی داعش کران. داعش توانی 6300 کچ و ژنی کورد بە غەنیمەت بگرێ و بیانکاتە سەبایا و کەنیز و هەزاران خەڵکی ئیزەدی دیکەش قەتڵ و عام بکات.
بە نێوی ئابوری سەربەخۆ، گشت نەوت و گازی کوردستانیان ڕادەستی تورکیا کرد. دیسان بە فیتی تورک، بە هاوکاری بەشێک لە سەرکردایەتی گەندەڵی یەکیەتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان کرد و نیوەی خاکی کوردستانیان بێ هیچ بەرگریەک ڕادەستی دەوڵەتی ئێراق کرد.
دێموکڕاتەکانی ئێران، تورکیا و ئەنەکەسەکانی ڕۆژئاوا لە پەنجەرەی ئاودەستەکەوە قەڵا و منارەی هەوڵێر و سەری ڕەش نیشانی لایەنگرە گێلەکانیان دەدەن و پێیان دەڵێن ئا ئەمەیە ئاسۆی ڕزگاری نەتەوەی کورد!!!
بەڵام لە ڕوانگەی مرۆڤی وشیار و زانا، ئەم کاخ و منارە جوانانە لە گەڵ گشت ناحەزیەکانی کۆمەڵگای باشور وەک تابڵۆیەکەی “واسیلی شولژنکۆ” دوو ڕووی یەک سکەن.
خوێنی سەدان سلێمانی موعینی و دوکتورشوانەکان، پاکسازی ڕۆژهەڵات و کوشتاری گریلای قەندیل بە هاوکاری ئەرتەشی تورک و ڕادەستکردنی شەنگال بە داعش و نیوەی خاکی باشور بە ئێراق و تیرۆری چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و ڕادەستکردنی سامانی باشور بە دەوڵەتی تورک و … بوونە باربەهای بەهەشتی کوردایەتی دیوەخان بۆ بنەماڵەی بارزانی و شەریکەدزەکانیان لە ناو یەکیەتی، گۆڕان و ئیسلامیەکان و بە گشتی پێنج لە سەدی حەشیمەتی باشور.
ئیستڕاتژی بنەماڵەی بارزانی لێرە دا سەرکەوتویی خۆی نیشان دەدات؛ “دابینکردنی بەرژوەندی داگیرکەران لە پێناو ئاغایەتی بە سەر نیوەی باشوری کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت