بورهان شێخ ڕەئوف: خوێندنەوەیەکى خێرا بۆ کتێبى” خانەوادەیەک لە مێژوودا.

دواى ئەوەى بەرگى یەکەمى کتێبى ( خانەوادەیەک لە مێژوودا) م خوێندەوە لە نووسینى مامۆستاى بەڕێز شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریم سۆڵەیی – بەرزنجى، حەزمکرد ئەگەر بە کورتیش و بە خێراییش بێت خوێندنەوەو ڕانانێکى بۆ بکەم، هەرچەندە کتێبەکە دوو بەرگەو من تا ئێستا بەرگى یەکەمم خوێندۆتەوە لە بەر گەورەیى و فراوانى کتێبەکە و باس و خواستەکانى تەنانەت هەر بەرگى یەکەم 555 لاپەڕەیە پێمباش بوو خوێندنەوەیەکى خێراى بۆ بکەم ئەگەر دواتریش بوار هەبێت لە سەربەرگى دووەمیش قسەمان دەبێت.
خانەوادەیەک لە مێژوودا ناونیشانى کتێبەکەیەو مەبەستى خانەوادەو نەوەکانى شێخ مووساو شێخ عیساى بەرزنجیە و ڕۆڵ و پێگەیان لە ناو کۆمەڵگاى کوردیدا لە و کاتەوەى کە لە بەرزنجە جێگیر بوون.
ئەم کتێبە پێش هەرشتێک سەرەڕاى ئەوەى باسى مێژووى بنەماڵە ى شێخانى بەرزنجەیە و من پێشتر هەرچەند خۆم لەوەیە ئەوەندە پابەندى خێڵ و بنەماڵە نەبووبێتم بەوەى پاشگرى خێڵ و ناوچەم بەناوى خۆمەوە نەلکاندووە، بەڵام کە کتێبەکەى مامۆستا شێخ محەمەدم خوێندەوە هەستم کرد زۆر بابەتیانەوە زانستیانە چووەتە ناو بابەتەکانەوەو پشتى بە سەرچاوەو دۆکۆمینت بەستووەو دوورە لە سۆزو لایەنگرى خێڵەکى و کە باسى ڕوداو بابەتەکانى کردووە وەکو خۆى و بە پزەتیف و نیگەتیفیەوە خستوویانێتی یە ڕوو، لەوەش گرنگتر پیشاندانى ڕۆڵ و پێگەى ژن لە ناو بنەماڵەکەدا کە ئەمە ش بۆ خۆى گرنگى خۆى هەیەو زیاتر لە زانستى بوون و بابەتى بوون نزیکى دەخاتەوە.
خاڵێکى ترى بەهێزى کتێبەکە ئەوەیە کە نووسەرو مامۆستاى زانکۆ بەڕێز هاوژین مەلا ئەمین پێشەکیەکى درێژى بۆ نووسیوە کە (15) لاپەڕەیە و باسى بونیاتنانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و کلتووریى ، بەرخۆدان وشۆرشى میللەتى کورد، مێژوویەک کە سەرەتاکانى بۆ بەرەبەیانى شارستانیەت و نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە، دواتر لەو گشتگیرییە دەربازدەبێت و بە تایبەت باس لە مرۆڤى خۆرهەڵاتى و مرۆڤى کورد کلتوور کۆمەڵگاى کوردى دەکات، ئیدى بە سانایى دەتوانن کاریگەریی ئایین و بیروباوەڕو ڕێباوەڕە ئاینیەکان لە ژیان و لە واقیعى کۆمەڵایەتى و سیاسى کلتووریماندا بە دیبکەین و دەتوانین کە سەربارى هەموو ئەو گۆڕانکارییانە، هێشتا ئەوە بە دروست ببینین کە ئایین و باوەڕى ئایینى لە ڕەنگڕێژکردنى ژیانى کۆمەڵایەتى و کلتووریماندا دیارو باڵادەستترینە.
لە کۆتایى پێشەکیەکەدا مامۆستا هاوژین مەلا ئەمین دەبێژێت مەبەستى سەرەکى نووسینى ئەم پێشەکیە لە سەرداواى نووسەر ى کتێبەکەبوو، تەنیا بەرچاو خستنى هەستیاریی ئەو ڕۆڵە بوو لە کە لە ڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسیەوە، هەروەها لە ڕووى فەرهەنگى و کلتورییەوە، بنەماڵەکانى شێخان لانیکەم لە مێژووى نوێ و هاوچەرخى میللەتى کوردو کوردستان و ناوچەکەدا گێڕاویانە و پێویستى زۆرى بە بەرچاوخستن و هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە ى بابەتى هەیە و ئومێدى ئێمە ئەوەیە کە ئەم کتێبە ببێتە هۆى خستنە سەرپێ ى گفتوگۆیەکى بابەتى و دوور لە دەمارگیرى و تۆمەت بەخشینەوە و ناوزڕاندن و هەرجۆرە نابابەتیبوونێکى دیکە.
شایانى وتنە سەرەڕاى پێشەکیە جوان و وردو بابەتیەکەى هاوژین مەلا ئەمین لە گەڵ مامۆستا محەمەد عەلى قەرەداخى کە بەڕێزیشیان نووسەرو مێژوونووس و شارەزاییەکى باشى لەو بوارەدا هەیە پێداچوونەوەیان بۆکتێبەکە کردووە، کە ئەمەش خاڵێکى ترى بەهێزوو پرشنگدارە بۆ باسەکە.

ئامانجى نووسەر لە نووسینى ئەم کتێبە
مەبەستى شێخ محەمەد سۆڵەیى لە نووسینى ئەم کتێبە ڕوون و ڕاشکاوانە بەدى دەکرێت کە دەخوازێت پێمان بێژێت:
1. ڕۆڵ و مێژووى بنەماڵە و شێخانى بەرزنجە کاریگەرییان لە کایەى سیاسى و فەرمانڕەوایى و بزافى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ڕۆشنبیرى و ئەدەبى و ئایینى.
2. نەفەسى بەرگرى و ڕەواندنەوەى هەندێک بۆچوون و تێڕوانینە لە پەیوەندیدا بەوەى ڕۆڵى ئەم بنەماڵەیە لە مێژووى کوردو کوردستاندا، بە تایبەت لە باشورى کوردستان، کە ڕۆڵێکى جوامێرانەو جێگاى شانازییە، شێخانى بەرزنجە بە شێوەیەکى گشتى لە بەرەى گەل و کوردایەتیدا بوون، نەک پێچەوانەکەى، مێژووى ئەم بنەماڵە تەژییە لە قوربانیدان و خزمەتگوزارى لە پێناو گەلى کورددا و خۆیان بە بەرگریکار لە دۆزە ڕەواکەى دەزانن.
3. ئاشناکردنى نەوەى نوێ ى بنەماڵەى بەرزنجە بە مێژووى باب و باپیریان کە بێگومان مێژووى ئەم بنەماڵەو بنەماڵەکانى تریش تێکڕا مێژووى نەتەوەى کورد پێکدێنن.

پێکهاتەى کتێبەکە
نووسەر لەم بەرگى یەکەمەدا خۆیشی پێشەکیەکى پێنج لاپەرەیى بۆ کتێبەکە نووسیوە. کتێبەکەشى دابەشى کردوو بۆ سێ بەش کە هەوڵدەدەم بە کورتى بیانخەمە ڕوو.

بەشى یەکەم
خانەوادەیەک لە مێژوودا شێخ مووساو شێخ عیسا ى بەرزنجەیى و نەوەکانیان.
بۆ ساغکردنەوەو دڵنیابوون لە ڕاستى درەختى پیاوانى ئەم بنەماڵەیە پشتى بە بۆچوون و نووسینى زۆر زاناو سەرچاوەى مێژوویى بەستووە کە هەوڵى داوە بۆچوونەکانیان وەکو خۆیان باسبکات.
شێخ بابەعەلى هەمەدانى ( 3) کوڕى هەبووە بەم ناوانە:
1. سەید محەمەد ( نوربوخشى )
2. شێخ مووسا
3. شێخ عیسا
لە سەردەمى باوکیاندا واتە لەو سەردەمەى کە شێخ بابە عەلى هەمەدانى لە ژیاندا بووە ئەم سێ کوڕە لە ساڵى 1359 زایینى دوانیان بەرەو بەرزنجە هاتوون کە ( شێخ مووسا و شێخ عیسا بوون ) لە بەرزنجە نیشتەجێ بوون.
سەید محەمەد (نوربەخشى ) یان چووە بۆ هەرات لە ئەفغانستان و لەوێ جێگیر بووە.
ئەوەى باسى ئەم کتێبەیە نەوەو کوڕەکانى شێخ مووساو شێخ عیسایە کە زۆر بە درێژى و بە وردى باسى هەموویان کراوە لەک کتێبەدا کە لە پارێزگاى سلێمانى و زۆر شوێنى ترى کوردستانى باشور بڵاو بوونەتەوەو کوڕو نەوەیان هەیە هەرچەندە شێخ مووسا هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن نەوەى نەبووە، بەڵام سەرچاوەى تر هەن دەڵێن کوڕێکى هەبووە بە ناوى ( میر میکایل )، شێخ عیساش (12) کوڕى هەبووە بەم ناوانە ( شێخ عەبدولکەریم – سەید محەمەد – سەیدسادق – میرەسوور – شێخ ویساڵەدین – سوڵتان ئیسحاق – شێخ کەمالەدین – شێخ جەمالەدین – شێخ عەباس – شێخ بایەزید – شێخ حسەین – شێخ حەسەن ).
ئیتر نەوەکانى ئەمانە بە درێژى باسکراوە ژیان و بەسەرهات و کارو چالاکیان لە هەموو ناوچە جیاوازەکانى کوردستان. خەڵک و کەسایەتى زۆر دیارو کاریگەرییان تێدایە کە خاوەنى پێگەو تواناى ئایینى و فەلەک ناسى و نووسین و دانانى کتێب زۆر بوارى تر کە لێرەدا من هەر باسى شێخ حەسەنى گڵەزەردە دەکەم وەکو نمونەیەکى زیندو کاریگەر لەم بنەماڵە.

شێخ حەسەنى گڵەزەردە
لە دەوروبەرى ساڵى 1677 زاینى لە دایک بووە، زانایەکى گەورەو مورشیدێکى دیاربووە موریدو دەروێشى زۆرى هەبووە، لە خوا نەبێت لەکەس نەترساوە، بە ڕاستگۆیى لە هەموو کارێکى گەورەو بچوکدا قسەى کردووە.
کاتێک نادرشا لە ساڵى 1743 زاینى بەرەو سلێمانى کشاوە، نامەیەکى بۆ شێخ حەسەن ناردووە ، لە نامەکەدا بۆى نووسیوە کە ئەو گوایە هاتووە بۆ تازەکردنەوەى ئایینى باووباپیرى و داواى لێکردووە کە بچێت بۆلاى، ( شێخ حەسەن ) داواکەى رەتکردۆتەوەو نامەیەکى بۆ نووسیوە کە لە نامەکەدا ئامۆژگارى نادر شا ى کردووە کە یەکسەر بگەڕێتەوە بۆ ئێران و واز لە هێرشکردنە سەر موسڵ بێنێ.
هەردوو نامەکە دوو سەرچاوەى مێژوویى گرنگن و زۆر لە مێژوونووسان بە بایەخەوە سەیریان دەکەن و لەسەریان ڕادەوەستن، کە هەردوو نامەکە بە زمانى عەرەبى لە کتێبەکەدا هەن.

بەشى دووەم
پوختەى باسى ژیانى شێخ مووساو شێخ عیساو نەوەکانیان
بابەعەلى هەمەدانى و نەوەکانى کێ بوون و ڕۆڵیان چى بووە؟ نەوەکانى شێخ بابەعەلى عەلەوى هەمەدانى گۆرانى، کاک ئەحمەدى شێخ، شێخ بابەڕەسووڵى گەورە، شێخ حوسێنى ئەلمەعى، شێخ حەسەنى کونە کۆتر، شێخ عەبدولەرزاقى دێلێژە، باسى هەموو ئەمانەکراوە لەم بەشەدا لەوەیە لە باسێک و ناساندنێکى وادا نەکرێت من باسى هەموو ئەو کەسایەتیانەوە نەوەکانیان بکەم تەنها ئەوە دەنووسم کە:
نەوەکانى شێخ عیسا بە ناوچەکانى سلێمانى و شارباژێروو قەرەداغ و هەڵەبجەو گەرمیان و هەوراماندا بڵاو بوونەتەوە. ژمارەیەک لە کوڕەکانى ڕۆڵى گەورەو پرشنگدارییان لە ژیان و سەردەمى تەمانیاندا لە بوارى زانستى و ڕووناکبیرى و زانیارى و ئایینى و کۆمەڵایەتى و نیشتمانى و ئیرشاد و شێخێتى و ئەدەبیدا بینیووە، پێگەو شوێنى خۆیان لە ناو خەڵکى کوردستان بە بێ مەبەست لێیانەوە نزیکبوونەتەوەو هەڵسوکەوتیان لە گەڵدا کردوون ڕێزی تەواویان لێگرتوون.

بەشى سێ یەم
گوڵبژێرێک لە نەوەکانى شێخ بابەعەلى هەمەدانى – گۆرانى ڕۆڵیان لە بوارەکاندا
لەم بەشەدا هەروەکو لە ناونیشانەکەیشیدا دیارە گوڵبژێرێکى کردووە لە ناوەکانى شێخ بابەعەلى هەمەدانى و ئەوانەى کە زۆر ڕۆِڵى کاریگەرو دیارییان هەبووە کە ( 78) کەسایەتى گەورەو دیارن، منیش هەوڵدەدەم هەندێکیان لێرەدا بنووسم چونکە لەم وتارە کورتەدا ناکرێت هەموویان بنووسمەوە.
1. شێخ ئیسحاق یان ( سان ساهاک )
2. شێخ عیساى بەرزنجى
3. شێخ عەبدولکەریم موڕى شێخ عیسا
4. شێخ سەید میر ئەحمەدى بەرزنجى
5. پیر میکایلی دەودەوانى کوڕى شێخ مووساى بەرزنجى
6. شێخ بابە ڕەسووڵى کوڕى شێخ عەبدوسەیید
7. شێخ محەمەدى کوڕى شێخ بابەعەلى وەندەرێنە
8. شێخ حوسێنى کوڕى شێخ مەحموودى نەقیب
9. شێخ ئیسماعیلى ولیانى
10. شێخ حوسێنى قوولە
11. شێخ مەحمودى ڕیشەڵانى
12. شێخ مەحموودى شۆریجە
13. سەیید ئەحمەدى نەقیب
14. شێخ قادرى بەرزنجى
15. شێخ نورى شێخ ساڵەح ( شاعیر )
16. شێخ مارفى بەرزنجى ( پشکۆ )
17. شێخ حوسێنى شێخ عەبدولکەریم بەرزنجى
18. سەیید ئەحمەدى خانەقا
19. شێخ ئەحمەدى شاکەلى
20. فەتحى شاعیر
21. عەلى عەسکەرى
22. شێخ مەحمودى مەلیک
23. شێخ قادرى حەفید
24. بابەعەلى شێخ مەحمود
25. حەپسە خانى نەقیب
26. زەینەبى کچى شێخ عەبدولکەریمى شێخ ئەحمەد ( حەزینە خان )
27. شێخ سەلام
28. مەلا شێخ ئیسماعیلى دێلێژە ( دڵسۆز )
29. شەهابى شێخ نوورى شێخ ساڵەح ناسراو بە( خاڵە شەهاب )
30. شاسوارى شێخ جەلال شێخ سەعید (( شەهید ئارام ))
31. فوئاد عارف
32. ع ح ب شاعیر
33. خاتوو بە هیە مەعروف
34. شەونمى شێخ عەبدولعەزیزى قازانقایە
35. ئەسیرى شاعیر
36. شێخ حەمە غەریبی شێخ مەعروفى قازانقایە
37. شێخ لەتیفى حەفید
38. موخلیس
39. مەلا ئەسعەدى مەحوى
40. مەحوى شاعیر
41. سەلام سۆڵەیی
42. قانع شاعیر
43. شێخ حەسەن بەرزنجى ( دەشتى )
لە کۆتاییدا 117 سەرچاوە بە زمانى کوردى و 30 سەرچاوە بە زمانى عەرەبى و 12 سەرچاوە بە زمانى فارسى سوودیان لێ وەرگیراوە.
دوابەشى کتێبەکە بەرگى یەکەم وێنەو بەڵگەنامەیە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies