عەبدولکەریم شێخانی: گەڕانەوە بۆ لاى خزمان بە دەست و دیاریي زمانەوە/ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زمانەکانی دیکەی دنیا هەر یەکە تایبەتایەتیی ( خاصیة ) ی خۆی هەیە, ڕەنگە لە هەندێک شت بەیەک بچن, بەڵام لە زۆر شتی دیکەدا لێک جیان. بۆ نموونە لەوەى کە ئاوەڵناو( صفة ) لە زمانی کوردیدا بەزۆری پێش ناو ( موصوف ) دەکەوێ, ئەم دیاردەیە لە هەندێک زمانی دیکەشدا بەدى دەکرێت کە بە پشتیوانیی خوای گەورە دوایی دەچمەوە سەری و وەکو بەرکوڵێک ئەمە وەڵامێکی کورتە بۆ کاک ( مستەفا شوانی ) کە ئاماژەى بە قەرەهەنجیر و قەرەسالم کردبوو بە ئومێدی خوا لەمەو دوا بە تێرو تەسەلتر ئەمە بۆ کاک مستەفاو بەڕێزانی دیکە ڕوون دەکەمەوە , بەڵام کەمێک لێم ڕابوەستن.
دواى ڕێککەوتنی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەگەڵ بەغدای بەعس کە بەیاننامەی 11ى ئاداری 1970 لێ کەوتەوە, بارودۆخی کوردستان لە زۆر ڕووەوە گۆڕانی بەرچاوی بەسەردا هات, بە تایبەتیش خوێندن و فەرمانگەکان. سەبارەت بە کتێبەکان کە هەموویان هی قۆناغی ناوەندی بوون لیژنەى وەرگێڕان بۆ هەر بابەتێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی پێک هات. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی وەک شانەى هەنگی لێ هاتبوو و مامۆستاکان سەریان دەدا و پرس و ڕاگؤڕکێ دەکرا سەبارەت بە گەڵێک وشە و زاراوە کە لە زمانی کوردیدا تازە بوون, یان هەر نەبوون. بەڕاستى مامۆستایانی ئەو سەردەمە کاری زۆر گرنگیان کرد بۆ دانانی وشە و زاراوەى کوردی و ئەگەر زۆر ناچار بوونایە ئەوا هانایان بۆ وشە ئینگلیزی یا لاتینییەکان دەبرد وەک ماتماتیک بۆ ریاضیات و ساين كۆ ساين بؤ جيب و جيب تمام, تانجنت كۆ تانجنت بؤ ظل و ظل تمام, سێکند کۆ سێکند بۆ قاطع و قاطع تمام. بەڵام لە ساڵی 1975 کە کورد گڵۆڵەی کەوتە لێژی, ڕژێمی بەعس هەردوو پێی کردینە کەوشێک و گوتی دەبێ هەموو ئەو ناوە لاتینییانە بکەن بە کوردی, ئەگەر نەشبوو, ئەوا بیکەن بە عەڕەبی, ئەوەبوو ریاضیاتیان کرد بە بیرکاری و جێب و جێب تمام کران بە تەژێ و تەژێ تەواو و ظل و ظل تمام کران بە سایە وسایەتەواو, قاطع و قاطع تمام کران بە بڕەر و بڕەر تەواو. بێ گومان ئەوانە دواى ماندوو بوون و پرس کردنێکی زۆر لە نێوان مامۆستایانی تایبەتمەندی ئەو وانەیە ئینجا بڕیاریان لەسەر درا و قوتابییانیش هەر زوو فێریان بوون و خەڵکێکی زۆری کوردی نەزان هاتنە سەر حازری و ئێستا لاف و گەزافی بڕوانامەداریمان لەسەر ڵێ دەدەن و بە نیازی چاک کردن دەستکاری زۆر شتیان کرد و لە جیاتی ئەوەى چاکی کەن, خراپیان کرد وەک مەسەلە عەڕەبییــەکە دەڵـێ: ( جا یکحلها عماها ), واتە هات کل لە چاوی بکات, کوێری کرد.
یەکیک لەو شتانەی کە لیژنەکان بە گشتى پەیڕەویان کرد گرێی ( إضافە) بوو کە من سەرەنیا و بنەنیام بۆ پێشنیاز کردووە لە نووسینەکەی پێش ئەمە بە وردی لێی دواوم. وەکو گوتم لە گەرمەی هەڵمەتی وەرگێڕانی کتێبەکانی قوتابخانە ناوەندی دوا ناوەندییەکان چەندان لێژنەی پسپۆڕ و شارەزا پێک هات ئەو لیژنانە هەرچەندە هەندێکیان هەم لە بابەتە زانیارییەکە و هەم لە زمانی کوردیدا شارەزاییەکی چاکیان هەبوو, پسپۆڕێکی زمانی کوردیشیان لەگەڵ بوو و چەندی لە توانا بوایە هەوڵی ئەوەیان دەدا کە هەمیشە وەک لە زمانی کوردیدا باوە ئاوەڵناو پێشناو بخرێت و ئەمەش بەزۆری خۆشتر و سووکتر دەهاتە سەر زمان و ناڵێم هەمووی هەر وابوو , بەڵام ئەوەی بشیایە بەو شێوەیە بەکاردەهێنرا. بۆ نموونە لە ئەندازەدا ( الزاویة المرکزیة ) کرا بە چەقەگۆشە لەجیاتی گۆشەی چەقی, (الزاویة المحیطیة ) کرا بە چێوەگۆشە لە جیاتی گۆشەی چێوەیی.
وەکو لەپێشەوە گوتم لە زمانی کوردیدا ئاوەڵناو ( صفة) پێش ( ناو ــ موصوف ) دەکەوێ.
گۆران لە شیعری بۆ( گەورە کچێک )دەڵێ:
ئەى ( گەورە کچی ) دڵبەر و شۆخ وەختی منالیت
دابووم دڵێکی پوختە یە ئەو رۆحە عەفیفەت
یان دەڵێ:
ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپەدوو
(گەندەمووی ) دەموچاو مەچەک هەڵنەگرتوو
یەکێک پرسیبووى : ئەرێ ڕاستەڕێ چۆن دەنووسرێ, بەسەر یەکەوە یان ڕاستە لەگەڵ ڕێ لێکیان دوور خەینەوە. پرسیارەکەم لا سەیر بوو چونکە وادیارە نازانێ راستە چییە و ڕێ چییە و دەلێم ئەمە وشەیەکی لێکدراوە.
دڵزار( ئێستا تەمەنى ( 1001 ) ساڵ و چەند مانگێکە خوا تەمەنی لەوە درێژتر کات لە شیعری ( گفتوگۆی دڵزار لەگەڵ دڵ) دا لە کۆپلەی دوایی کە پێنج خشتەکییە و بە داخەوە ئێستا تەنیا سێ دێڕیم لەبیرە, دەڵێ:
ئەگەر مقەددەر هات مرۆ کوێر و نابینا دەبی
( ڕاستەڕێ) ش بگری گەلێ جار تووشی چاڵی وا دەبی
چەشنى مردووت دێ بەسەر هەرچەند بە دیمەن نامری
پێویستە ئەوەش بڵێین کە بە کوردی ئەگەر ناو لەپێشەوە بوو و ئاوەلناو بەدوایدا هاتبوو, لە کۆکردنەوەدا ئاوەکە کۆ دەکرێتەوە نەک ناوەکە. بۆ نموونە: قوتابییە زیرەکەکە کە کۆی بکەینەوە ناڵێین قوتابییەکانی زیرەک, دەڵێین قوتابییە زیرەکەکان, واتە ئاوەڵناوەکە کۆدەکرێتەوە.. پیاوى گەورە دەڵێین پیاوە گەورەکان. کچی گەنج, کچە گەنجەکان. بەڵام ئەگەر ئاوەڵناو پێش ناو کەوتبوو, وەکو سوورە گوڵ , ئەوا ناوەکە کە دواکەوتووە کۆدەکرێتەوە و دەڵێین سوورە گوڵەکان, کچە جوانەکان, پێشکەرگە دلێرەکان, با بڵێین بەرپرسە دزەکان.
دەڵیین: سەوزە گیا, تەڕەپیاز, ناسکە هەرمێ, ناسکەنان, خڕەبەرد.
هێمن دەڵێ:
لەڕاست من ( دێڵەڕێوی ) ترسەنۆکیش
وەها ڕاسا دەڵێی فیلی دەمانە
لەشیعری شەنگەبێرییە بەناوبنگەکەیدا دەڵێ:
( شەنگەبێری ) ساڵی ساڵان لە کوێستانێ لە نێو مەڕی
بۆ مەڕدۆشین هەڵت دەکرد ئەو باسکى سپیی مەرمەڕی
لەبەر هاڕەی گۆبەرۆک و گوارەو کرمەک و ژێرچەنە
نیوەڕۆیە لەبەر بیری کۆڕی مەڕی ڕادەپەڕی
لە ( گەرمەشین )دا دەڵێ:
(شۆڕەژن ) سەربەقوڕ و ( گەورەکچ )یش مل بە کوێن
تا بمێنــێ ســەری بە قــــوڕ و ملــی بە کوێن دەگــریم
لە شیعری شەو و شەیتان لەیادی لەسێدارەدانی پێشەوا قازیی محمددا دەڵێ :
هەرچى کۆڵان و شەقامە دەڵێی (کاولاش) ی بەسامە
کاولاش کاولئاش واتە ئاشی کاول.
لە چامەی من جووتیارمدا دەڵێ:
( شۆڕەژن) بنکۆڵ نەکا یڕکەی بە قرچەی نێوەڕۆ
چۆن لە کاڵەک تێر دەبێ ئەو زگزلە بێستانڕنە
عەبدوڵلا پەشێو دەڵێ:
ئیدیای شیعرێ
وەک مەلێکی ( تیژباڵ)
لێم ناگەڕێ و لێم ناگەڕێ
هەروەها دەڵێ:
تۆ ( شلکەنەمام) ێکی گیانی گیانان
چۆن دەتوانی سندم لەپێی گرکان بکەی؟
چۆن دەتوانی؟
نموونەی تاکی دیکە زۆرن و تۆی بەڕێزیش دەتوانی چەندان نموونە بێنیتەوە .
تازەدێ, شێرەژن, بەدڕەفتار, نێرەکەر و پێچەوانەکەی, ماکەو و پێچەوانەکەی کۆنەقین, گێلەپیاو. پەندە کوردییەکە دەڵێ: (شەر بە کۆنەقین دەکرێ ). کەر پیاو, ناسکە دولبەر
ئەم بەر ئەوبەرە ( ناسکە دولبەر) ە
لە سەر ماچێکی شەڕە خەنجەرە.
ئاخۆ کەی وای لێ بێ لە جیاتی شەڕەخەنجەر شەڕە کلینێکس بکرێ و چەک نەمێنێ.
کەڵەمێرد, کەڵەگا, قەیرە کچ, گەورەکچ. پەندە کوردییەکە دەڵێ: ( گەورەکچ بە ماچێک حیزنابێ ). سوورگول.
ئامینێم ( سوورگوڵ )چەند بە لەنجەو لارى
بەین و بەینەڵلا لە گولەى خەساری ( فۆلکلۆر )
هێمن لە شیعرە بەناویانگەکەی ( عەشق و ئازادی ) دا دەڵێ:
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم یاڕەب لەسەر ( سوورگوڵ ) نەبینم شەونمێکی تر
ڕەشەڕەیحانە
( ڕەشەڕەیحانە) ی خۆمی پێ ڕەش کەم
لەدواى باڵای تۆ دڵ بەکێ خۆش کەم
هەر هێمن لە دەسکەوتی خەبات کە لەکاتی پەردەلادان لەسەر پەیکەرەکەی حاجی قادری کۆیی گوتوویەتی دەڵێ:
( نەشۆڕەژن) ورینگەی دێ لەبەر بێر
نە کۆڕژنی حدودى ( سووکە سواران )
نە خرمژنی هەناسەى گوێ بە گواران
نە سروەى با و شنەی ( سوورەچناران)
وردە بابەت , وردەئاهەنگ
شێخ ڕەزا دەڵێ:
پیر کە کۆکی و نەتڕی دوورە لە مردن هێشتا
( وردەئاهەنگ) ی دواى کۆکە نیشانەی ئەجەلە
هەروەها :
لاى (سەخی تەبعان) مەحالە ڕوخسەتی میوانی شەو
ئەگەر ژنێک بچێ بۆ حەج, دەبێ لەگەڵ مەحرەمێکی خۆی بچێت. وا دیارە ژنێک کە هێشتا نیشانەی جوانی پێوە دیارە دەیەوێ بچێ بۆ حەج و بۆ مەحرەمی خۆی لە شێخێک مارە دەکات و پێک
ەوە دەچن بۆ حەج. کە دەگەڕێنەوە شێخ دەستی لێ بەرنادا کە دەبینێ ژنەکە هێشتا هەر جوانە, بۆیە تەڵاقی نادا و بەتەواوەتی دەبێتە ( شێخژن). وا پێ دەچێ ئەم ڕووداوە واى لە مەلای گەورەی کۆیە کردبێ بڵێ:
شۆڕەژن من لە هەوەڵ پێم نەگوتی
ئاخری حەزرەتی شێخ تێت دەکوتی
گۆران لە جادە چؤڵ و سێبەر بوو لە وەسفی کچەکە دەڵێ:
( بچکۆلەپێ) و ئەسکەرپین
هێمن دەڵێ:
(شۆڕەلاو ) هاتە کۆڕی شین
ئەویش سۆرانی کردن شین
شێخ ڕەزا لە هەجوی شوکری فەزڵیدا دەڵێ:
( کۆنەحیز ) ی شاری بەغدا لێم حەرام بێ شاعیری
گەر ( ……) خوشکت وەکو ئەیەنی کیسرا شەق نەکەم
هەروەها دە ڵێ:
( یەهودى بەچەیە )کم گرت و لێم برد و تیا خووسا
یان سەیری ئەو یارى بە زمان کردنە بکەن کە بە مامی دەڵێ:
( هرجا شکری ). ئەمە ئەگەر بە فارسی بیخوێنیتەوە ( هرجا ) واتە لە هەموو جێیەک , ( شکری ) واتە تۆ شەکری . ئەگەر بە کوردی بیخوێنیتەوە بەم شێوەیەدەخوێنرێتەوە : (هەر ) ( جاشەکەری).
لەهەندێک ناوچە ئەگەر یەکێکی نەزان بیەوێ شتێک فیری لێزانێک بکات , دەڵێن بەخوا بابم تەواوە ( …… ) پیشانی ( پیرەکەر) ێ دەدا, هە ر بەهەمان مانا دەڵێن: چۆلەکەی ئەمساڵ بە هى پار دەڵێ جریو جریو .
خزمینە ئەگەر ڕێم بدەن دەڵێم با ماڵئاواییتان لێ بکەم و ئەوەى ماوەبا بۆ کاتێکی دیکەی هەڵگرین , بڕواتان بێ وازتان لێ ناهێنم و گەلێک شتم ماوە کە سەری خۆم وئێوەشی پێ بێشێنم. جارێ خواتان لەگەڵ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت