هۆشیار جەمال: لە مووچەی کابانی ماڵەوە تا سەری مەنهۆڵ/ بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزبێکی پۆپۆلیستی لە چرکە ساتی دامەزراندنیەوە بە گوتارێکی توند و زمانێکی سادە و زۆربەی جار بازاڕی هەڵمەتی میدیای دژی نەیارەکانی دەگرتە بەر و میدیاکەشی، لە جیاتی ئەوەی وەک میدیایەکی مۆدێرن ئیشەکانی بکات ناوی نابوو تۆپخانەکە!
ئەم بزوتنەوەیە ڕۆژگارێک بوو لە بارەی سیستەمی پەڕلەمانی و کاری پەڕلەمانییەوە گەورەترین هێرشی دەکردە سەر هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و پەڕلەمانی بە دیوەخان ناو دەبرد. بەتەنز و گاڵتە جاڕییەوە لە تۆپخانەکەیانەوە ئەیان وت “پەڕلەمانی کوردستان تەنها بە بابەتی لاوەکیەوە سەرقاڵە، وەک خەتەنە کردنی مێینە و یاسای قەدەغە کردنی جگەرە کێشان بووە بە کاری لە پێشینەیان”.
لە بەرامبەردا قسەی سەرزاری ئەم بزوتنەوەیە شەو و ڕۆژ چەسپاندنی عەدالەت و هەلی کار و دامەزراندنی هاوڵاتیان، بڕینەوەی مووچە بۆ کابانی ماڵ و دابینکردنی ژیانێکی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت بوو. ئەم گوتارانەی گۆڕان تەواوی هزری گەنجانی داگیرکردبوو وە گەنجان ئامادەی هەموو قوربانیەک بوون لە پێناو ئەم بزووتنەوەیەدا و ئەوەی پێیان کرا کردیان. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان هەر زوو دەستەکەی کەشف بوو کە خەون و ئاواتی کێكی دەسەڵاتە و گوتاریشیان چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵكە. بەڵام ئایا وابوون؟ دەکرێت لێرەدا تەنها لەسەر چەند دروشمێکی کەمیان کاربکەین و بنووسین کە دڵۆپێکە لە دەریایەک بەڵێن کە بەگەنجە خێر لە خۆنەدیوەکانی کوردستانیان داوە.
یەکەم/ چەسپاندنی عەدالەت، ئەمە یەکێک بوو لە دروشمە هەرە زەقەکەی بزوتنەوەی گۆڕان کە هەموو قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت ئەو کاتەی لە دەسەڵاتیش دەکرابوون. ئێستاش کە بە دەست و قاچ و هەموو هێزیانەوە کە (هێزێکی لاوازە) دەستیان بە حکومەتەوە گرتووە و باری لاری بۆ ڕاست دەکەنەوە بە ڕۆژ پشتیوانی دەکەن و ڕازین و بە شەو دژایەتی دەکەن، لە سەر جۆرێک لەم گوتارانە بەردەوامن کە دۆخی کوردستانیش سەلماندویەتی کە نوێنەرانی گۆڕان نەیان توانیەوە بەردێک بکەنە سەربەرد، چ جای چەسپاندنی عەدالەت.
دووەم/ هەلی کار و دامەزراندن وێردی سەرزاری ئەم بزوتنەوەیە بوو، بەڵام کە گەیشتن بە دەسەڵات نەک هەر نەیان توانی هەلی کار و دامەزراندن لە کەرتی گشتی و حکومی بۆ گەنجان و لاوان بڕەخسێن، بەڵكو لە دابەشکردن و وەرگرتنی پۆستەکانی حکومەت و حیزبیشدا گەندەڵی کراو بە پێی تەکەتول و باڵباڵینە و خزم خزمێنە پۆستەکان دابەشکران و کەسی شیاو لە جیاتی شوێنی شیاو، بە ڕۆژ ڕەوانەی خواروی گردەکە کراو بە شەویش لە پەیجە سێبەرەکانیانەوە تیرباران دەکران.
سێیەم/ بڕینەوەی مووچە بۆ کابانی ماڵ و ژیانی شایستە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دروشمە زێڕینەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بوون کە یەکەمیان تەنها ئاسەوارێکی کە مابێت ئێستا وەک تەنز هاوڵاتیان دەیدەنەوە لە ڕوویاندا و ناشتوانن پاکانە بکەن بەوەی لە پەرلەمان و لە کاتی ئۆپۆزسیۆن بوون یەکێتی و پارتی ڕەتیان کردۆتەوە. ئەوسا نەکرا خۆ ئێستا وەزیری دارایی و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی گۆڕانن بۆ کاری لەسەر ناکەن؟
ژیانی شایستەش بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کە دروشمێکی تریانبوو بوو بە تۆزی بەربا، چونکە بەناوی چاکسازییەوە مووچەی بەشێكیان بڕا و یەک دیناریش مووچەیان بۆ زیاد نەکرا.
لە دوای ئەمانەش لە پەڕلەمانی کوردستاندا، کە ئەوان بەڵێنیان دابوو بیکەنە شوێنی بەرگری کردن لە هاوڵاتیانی کوردستان لە دۆسیەی نەوت و غاز و مووچە و لێبڕینی موچە و ئایندەی منداڵانی کوردی تێدا بکۆڵنەوە و یاسای هەمەچەشن و تایبەت دەربکەن و جگە لە پەرلەمانتارەکانی خۆیان هەموو پەرلەمانتاری حیزبەکانی تریان بە نەخوێندەوار و پارە خۆر و ژیانی شاهانە تۆمەتبار دەکرد، بەڵام ئێستا کە لە حکومەتدان ئەگەر کەسێک باسی ئەم قسانەیان بۆ بکات پێکەنییان بە قسەکانی دێت و لە دواین داهێنانیاندا پێشنیاریان کردوە لە جیاتی قەباغی مەنهۆڵ سەری مەنهۆل بەکاربێت!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت