رەزا شـوان: گرنگییەکانی چیرۆکی بێدەنگ بۆ منداڵان.

چیرۆکی بێـدەنگ یا “چیرۆکی وێنەیی” کە بە “چیرۆکی کێشوەربڕ” یش ناودەبرێت، بە زمانی ئینگلیزیش “سایلێنت ستۆری” یە. جۆریکە لە جۆرەکانی چیرۆک بە گشتی و لە چیرۆکی منداڵان بە تایبەتی. چیرۆکی بێدەنگ، چیرۆکێکی وێنەییـە، هـیچ وشـە و رستە و سـیناریـۆ و دەقـێکی نووسینی لەگەڵـدا نییە. پشت بە کۆمەڵـێک وێنەی رەنگـاوڕەنی یـەک لە دوایـەک دەبەستـێت، کە رووداوێکی دیاریکـراو دەگـێڕێتـەوە.
چـیرۆکی بێـدەنگ، پێویستی بە زمـانێکی دیاریکـراو نییە، تا لێی تێبگـەین. تەنیا وێنـە یەک لە دوای یەکەکانی بەسن بۆ تێگەیشتن لێی. وێنەکان چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕنەوە.
ئەگەرچی تا ئەمڕۆشن نووسین چیرۆکی بێدەنگی وێنەیی بێ نووسین، لە چاو چیرۆکی نووسراوەوە، زۆر کەم و شەرمنانەیە. زۆر کەم لە چیرۆکنووسان و وێنەکێشانی بواری ئـەدەب و هـونەری منـداڵان ئاوڕیان لێـداوەتەوە. بەڵام نکوڵی لەوە ناکرێت کە چیرۆکی بێـدەنگ ژانـرێکە لە ژانـرەکانی چـیرۆک بۆ منـداڵان. دەشێ هەنـدێ چـیرۆکی بێـدەنگ، کارتێکـردنێکی زیاتـر لە چیرۆکی نووسراو، لەسەر هـۆش و دەروونی منـداڵان بکات.
رەسەنی چـیرۆکی بێـدەنگ، بۆ ئـاراسـتەی گـوزارشـتی دەگەڕێتـەوە. کـە لە سەرەتـای سەدەی بیستەمی رابردوودا، ئەم ژانرە چیرۆکە لە ئەڵمانیادا سەری هەڵدا و بڵاوبۆوە. بە تایبەتش لە سییەکـاندا، گەشەی کرد و گەیشتە ئەوپەڕی پێشکەوتن باوبـوون. لەو سەردەمەدا تا رادەیەک چیرۆکی بێدەنگ، لە شێوازی رەخـنەئامـێزدا بوو. بابەتەکـانی گـۆزارشتـیان لە گـرفتە کۆمەڵاییـەتییەکـان و لە سـتەم و لە خواسـت و لە هـێواکـانی خەڵکی و لە ململانێ لەگەڵ سەرمایـەداریـدا دەکـردن.
هـونەرمەنـدی شێوەکاری ئەڵـمانی (ئـۆتـۆ نوکـێل) هـونەرمەندێکی ناسراوی چـیرۆکی بێـدەنگ بوو. رۆڵـێکی بەرچاوی لە سەرهەڵـدان و لە بڵاوکردنەوەی چیرۆکی بێـدەنگ لە ئەڵمانیـدا هەبـوو.
هەر لەسەر شێوازی ئەم هونەرمەندە ئەڵمانییە، نووسەری بەڵچیکی (فـرانس مارسێڵ) لە ساڵی (1918) دا چیرۆکێکی بە ناوی (پیاوە ئەویندارەکە)وە نووسی و هونەرمەندی وێنەکـێشی ناسراویش (لـیـندوارد) بە (25) وێنە گوزارشتی لەم چیرۆکەی فـرانس کرد. فرانس چیرۆکی بێدەنگی دووەمی بە ناوی (گەشتێکی سـۆزدار) ەوە بەرهەمهـێنا. کە لە (167) وێنەی یەک لە دوای یەک پێکهاتووە، چـیرۆکەکەی بەبێ نووسین دەگێڕێتەوە.
(لـیندوارد) لە ساڵی (1929) دا، چیرۆکێکی بێدەنگی وێنەیی بە ناوی (پیاوی خواوەند) ەوە، کێشاو و بڵاوی کردەوە. هەر لە رێی هونەرمەنـد (لینوارد) ەوە، هونەری چیرۆکی بێدەنـگ گەیـشتە ئەمریکا. کۆمەڵێک نووسەر و وێنەکێش، هـۆگـر و هـەواداری بوون.
هـونەرمەنـدی شـێوەکـاری پۆڵـۆنیـش (باڵـسوس) لە تەمـەنی (16) ساڵانـدا، دەربـارەی پشیلەکەی بە شـێوەی چـیرۆکی وێنـەیی، چـێرۆکـێکی کـێشا و بڵاوی کـردەوە.
چیرۆکنووسی ئیماراتی (سامیح ئەبوبەکـر عیزەت) چیرۆکی (سوور و شین و زەرد)ی نووسی، هونەرمەندی وێنەکێشیش (ئەمانی یوسف) بە کۆمەڵـێک وێنەی رەنگاوڕەنگ ئەم چیرۆکەی بۆ منداڵان کێشا. بیرۆکەی ئەم چیرۆکە بۆ کچۆڵەیەکی قوتابی دەگەڕێتەوە کە تەنیا سێ رەنگ بۆیەی هەبوو (سوور و شین و زەرد) بەڵام هاوڕێیانی هاوپۆلەکەی هەریەکەیان، پاکەتێکی گەورەی (24) رەنگیان هەبوو. ئەم کچـۆڵەیە بیردەکاتەوە و لە خەیاڵیدا رەنگەکان تێکەڵ دەکات بۆ پێکهـێنانی رەنگەکانی تر. رەنگی سوور و زەردی تێکەڵکـرد و رەنـگی پڕتـەقـاڵی پێکهـێنا. زەرد و شـینی تێکەڵکـرد و رەنـگی سـەوزی پێکهێنا. بەم جۆرە چەند رەنگێکی دیکەشی پێکهێنان. بەمەش زانیاری بە هاوڕێکانی گەیانـد بۆ کەڵک وەرگـرتن لە تێکەڵکـردنی رەنگەکـان بۆ پێکهـێنانی رەنگی دیـکە.
هەمووشمان چیرۆکی (میکی ماوس) مان، بە شێوەی فیلمی کارتـۆنی بـزوێنی بێـدەنگ (ئەنیمەیـشن) بینـیوە. کە لە نووسـین و دەرهـێنانی دەرهـێنەری سینەمایی ئەمریکی و جیهـانی (واڵـت دیـزنی: 1901ـ 1966) یە. لە نووسینێکـم دا، کە لە چەند سایتکێـدا بڵاومکـردەوە، بە درێـژی باسـم لـە ژیـاننـامەی واڵـت دیـزنی کـردووە. بـە کـورتی کە (واڵـت دیـزنی) کـریکارێک بـوو لە گەراجێکـدا، لە ژوورێکی ئەو گەراجەدا دەمایەوە. چەنـد مشکـێک لەناو ژوورەکەیـدا بوون، بە دیوارەکانی ژوورەکەیدا دەهاتنە خوارەوە و سەردەکەوتن، لە واڵـت دیـزنی نەدەتـرسـان. مشکـێکی سیسەڵەی بـزیـۆ، سەرنجی واڵـت دیـزنی راکـێشا. واڵـت دیـزنی چەنـدین وێنەی جـووڵەکـانی ئـەو مشکەی کـێشا. کـردنی بە چیرۆکێکی بێدەنگی وێنەیی، دواتـریش لەژێـر نـاوی (مـیکی مـاوس) واتـا (مشکی دەم بە پێکەنیـن) کردی بە فـیلمێکی کارتۆنی بێدەنگی ئەنیـمەیشن بـۆ منداڵان. واڵت دیـزنی لە رێی ئەو مشـکەوە ناوبانگی دەرکـرد و بوو دەرهـێنەرێکی جـیهـانی و بە ملـیۆنـێرێـک و بە خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهـێنانی فـیلمی سینەمایی.

ئایا نووسینی چیرۆکی بێدەنگ ئاسانە؟
بێگومان نەخێر، کارێکی ئاسـان نییە. چۆنکە چیرۆکنووسی چیرۆکی بێدەنگ، پێویستە بیرۆکەیەک بـدۆزێتەوە، کە پێویستی بە قسە و نووسین نەبێت، نابێت بە وشە و رستە بیـرۆکە و ناوەڕۆکی چـیرۆکەکـانی روون بکاتـەوە. تەنیا وێنەکـێش لە رێگـای زنجـیرە وێنەیـەکی رەنگـاوڕەنـگەوە، گـۆزارشت لە بیرۆکە و لە مەبەستی چیرۆکە بێدەنگەکان دەکات. سـۆز و هەستەکـانیش جـوانترین شـتن کە نووسـەر لەگەڵ منـداڵانی خوێنـەردا بیانگۆڕێتەوە. بەڵام سوز و هەستەکان و چێژ و شیرینی وشە و رستەکان، لە چـیرۆکی بێدەنگـدا دەرناکەون. هـونەمەنـدی وێنەكـێشی لێهـاتوو و داهـێنەر دەتوانێـت لە میانەی وێنـەی رەنـگاوڕەنگی جـوانەوە، سـۆز و هەستەکـان، لە رێی هـێڵ و رەنـگەکـانەوە بە منـداڵان بـگەیەنێـت.
مێـژووش باسی ئەوەی بۆ کردووین، کە قـۆنـاغی یەکەمی نووسین، کە مرۆڤ دایهـێنا. (نووسینی وێنەیی) بوو، واتا بە کـێشانی وێنـە گوزارشتیان لە نـاوی شـتەکـان دەکـرد و لەسەر تاتـە قـوڕی تـەڕدا دەیانکێشا و شک دەبـوونەوە و بۆ یەکـتریان دەنـراردن، بۆ نموونە وێنـەی: خـۆر، شـاخ، گـوڵ، ئەسـپ، دار، کـەو،… هتد، دەکـێشان. لە قۆنـاغی دووەمـدا، (نـووسینی مـێخی) و (نـووسینی هـیرۆگـلێفی) یان داهـێنان، تا گـەیشـتین بە داهـێنانی نووسینی ئەم پیتانـەی کە لە ئەمـڕۆدا بەکـاریان دەهـێنین و پێیان دەنووسین.
منـداڵان بە سـروشتی هـۆگـری وێنـەی رەنگـاوڕەنـگ و وێنەکێـشانن. بە تایبەتیـش لە قۆناغی بەرایی منداڵیدا. کە هـێشتا فـێری نووسین و خوێندنەوە نەبوونە. بە وێنەکێشان گـوزارشت لە سـۆز و هـەسـت و لە هـیوا و خەونـەکـانیـان و لە کـێشەکـانیان دەکـەەن.

گـرنگییەکانی چـیرۆکی بێـدەنگ بۆ منـداڵان:
1ـ چیرۆکی بێدەنگ گەشـە بە خەیاڵی منـداڵان دەکا: منـداڵان بـە خەیـاڵ و بیـرکـردنەوە و لێکـدانـەوە و بۆچوونەکانیان، دەیانەوێـت بگەن بە مەبەست و بە نـاوەڕۆکی چـیرۆکە بێـدەنـگەکـان. ئاسایـشە کە بیرکردنەوە و لێکدانەوەی چیرۆکی بێدەنگ جیاوازی هەبێت لە منداڵـێکەوە بۆ منـداڵـێکی تـر.
2ـ چـیرۆکی بێـدەنگ بۆ منداڵانی تەمـەن سێ ساڵان و باخچەی منداڵان، کە بە قـۆنـاغی بەرایی منـداڵی ناودەبرێ، زۆر گونجاوە. چونکە تا تەمەنی شەش ساڵان منـداڵان فـێری نووسین و خوێندنەوە نەبوونە. هـۆگری وێنە و وێنەکێشانن. پێویستە دادەکانی باخچەی منـداڵان ئـەم تامەزرۆییـەی منـداڵان بـۆ چـیرۆکی وێنـەیی بقـۆزنـەوە. لە رێی چـیرۆکی بێـدەنگی وێنەییـەوە، پەروەردەیـان بکەن و زۆر شـتـیان فـێربکەن.
3ـ گەشەکردنی بیری لـۆژیکی لەلای منـداڵان: لە میانەی بەستنەوەی وێنـەی رووداوە جیـاوازەکـانی چـیرۆکی بێـدەنگـەوە، پـاڵ بە منـداڵانـەوە دەنێ بـۆ ئـەوەی کە پابـەنـدی بیـری لـۆژێکی بـن.
4ـ هاندانی منـداڵان بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان هەستکردن بە ژیانی خۆیان و بە راستیی پێکهـاتەکـانی ئەو وێنـانەی کە لە بەردەستـیان دان.
5ـ یارمەتی منـداڵان دەدات بۆ رێکخـستنی بیرۆکەکانیان و پێشکەشکـردنیان بە رێـکی.
6ـ گەشەکردنی زمانی منداڵان: منداڵان بیر لە دۆزینەوەی وشە و رستەی جوان دەکەن. بـۆ گـوزارشتکـردن لـە هـەنـدی لـە رووداوەکـانی چـیرۆکـە بێـدەنگە وێنـەییەکـان، کە چـیرۆکنووسەکان لە چـیرۆکە نووسـراوەکانیانـدا باسیان لـێکـردوون.
7ـ گـەرچی چـیرۆکی بێـدەنگ نە نـووسـین و نە سیـناریـۆی لەگـەڵـدایە. بـەڵام وا لـە منـداڵان دەکـات کە بدوێـن و چـیرۆکەکە بگـێڕنەوە. بەمـەش سـۆزداری کومەڵایـەتیـان زیـاتـر گەشـە دەکـات.

ئایا لە ئـەدەبی منـداڵانی کورد دا، چـیرۆکی بێدەنگمان بۆ منـداڵان هـەیە؟
ئایا تا ئێستا چـیرۆکی بێـدەنگ، بووە بە ژانرێک لە ژانرەکانی چـیرۆکی منداڵانی کورد؟ تا ئەمـڕۆش ئەم ژانـرە چـیرۆکە هونەرییە لە ئەدەبی منداڵانی کورد دا. زۆر بە دەگمەن لە لایەن چـیرۆکنووسان و شـێوەکارانی کوردمـانەوە ئاوڕیـان لێی داوەنەتـەوە. زۆر بە کەمی بەرچاومان کەوتوون. ناڵێین نیمانە، بەڵام زۆر لە خوارەوەی هێڵی پێویست دایە.
هـونەرمەنـدی شێوەکار و کاریکاتێـرکـێشی پـۆرتۆری و دیزاینسازێ بەرگی پەرتووک و گۆڤارەکانی منداڵان، هونەرمەندی کوردمان کـاک (عەلی مەندەلاوی) کە لە کوردستان و عـێراق و جیهاندا وەک هونەرمەنـدێکی داهـێنەر ناسراوە و ناوبانگی هەیە، لە ئێسـتادا لە بەغـداد دەژی. بـۆ ماوەیـەکی زۆر لە گـۆڤـارە عـەرەبی و کوردییەکان کە بۆ منـداڵان دەردەچـوون، وەک وێنەکـێشێک کـاری کـردووە. خـاوەنی ئەزمـوونـێکی دوورودرێـژ و باشە لە وێنەکـێشان بۆ منـداڵان. مەنـدەلاوی ئەو کاتەی کە وێنەکـێشێک بوو لە گۆڤاری (مجـلـتي ـ گـۆڤـارەکەم) کە خانـەی رۆشـنبیریی منـداڵانی عـێراق بە زمـانی عـەرەبی بۆ منداڵانی عەرەب دەریان دەکرد. لە چەنـد ژمارەیەکی ئەم گۆڤـارەدا، لە بەرگی دووەمیدا، کاک عەلی مەندەلاوی چەند چیرۆکی بێدەنگی وێنەیی بەبێ سیناریۆ، بە ناوی (ناز)ەوە، بڵاودەکـردنەوە. (نـاز ناوێـکی کوردییـە بۆ کچـان) وێنەکـان و بیرۆکەکـانی ئـەو کورتـە چـیرۆکە کوردییانەش، زادەی بیـری عـەلی مەندەلاوی خۆین و ئیلهـامیشی لە چـیرۆکی فـۆلکلۆری رەسـەنی کـوردی وەرگـرتوون. چـیرۆکەکـانی (نـاز) زۆر کـورت و سـادە و ئاسـانـن. لە شەش تا هەشت وێنە پێکهاتـوون، گوزارشت لە بیرۆکە جـوانەکان دەکەن. نـەک هـەر منـداڵانی کـورد بەڵکـو منـداڵانی عـەرەبـیـش چـێژیان لـەو چـیرۆکە بێـدەگە وێنەییـانەی مەنـدەلاوی وەردەگـرتن. گەرچی ئەو چیرۆکانەی مەندەلاوی لە گۆڤـارێکی عەرەبی دا بڵاوکراونەتەوە، بەڵام من پێموایە بەشێکـن لە چیرۆکی بێدەنگ بۆ منداڵانی کـورد و مـۆرک و رەسەنـایەتی کـوردییـان پێـوە دیـارە. وەکو پێشـتر وتمـان، چـیرۆکی بێـدەنـگی وێنـەیی پێـویستی بە زمـانـێکی دیاریکـراو نیـیە بـۆ تێگـەیشـتن لـێـیان.
هەندێ لەو گۆڤارە کوردییانەی کە بۆ منداڵان لە باشووری کوردستانـدا دەدردەچوون یا دەردەچـن. کە من چاوم پێیان کەوتووە. جار و بار لە ژمارەکـانیاندا، چـیرۆکی بێـدەنگی وێنـەیی رەنگـاوڕەنگـیان بەبێ نووسـین و بێ سیناریـۆ، بڵاوکـردوونـەتـەوە، لەوانەش گۆڤاری:(پەپـولە) و (دنیای منداڵان) و (سڤـۆرە) و (مناڵانی باوەگوڕگوڕ) و (هەنگ). لەوانەیە لە گـۆڤـارەکـانی تـریشدا، کە بە کوردی بۆ منـداڵانی کوردمان لە کوردستان دا دەرچـوون یا دەردەچـن، زۆر یا کەم چـیرۆکی بێـدەنـگی وێـنـەییـان بڵاوکـردووبێـتەوە. کە بەرچـاوی مـن نەکـەوتـوون. داوی لێـبووردنیـان لێـدەکـەین کـە لـەم نـووسیـنەمـدا، ناوایانم نەهـێناون. هـیوادارم گـرنگی بەم ژانرە چیرۆکەش بۆ منـداڵانی کوردمان بدەین و فەرامۆشی نەکەین. گەشەکـردن و بڵابـوونەوەی بە هـەوڵ و هـاوکاری نووسەران و وێنـەکـێشـانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان و گـۆڤـارەکـانی منـداڵان دێتـەدی و بـەرجـەسـتە دەبێـت و بـڵاودەبـێـتەوە.
لە ئەمڕۆدا لە بەشی منداڵان لە پەرتووکخانەکانی شار و شارۆچکەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا و لە هەندێ لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفـریکاش، بە دەیان پەرتـووکی چیرۆکی بێدەنگی وێنەی رەنگاوڕەنگ بۆ منداڵانی تەمەن سێ تا شەش ساڵان دانراون.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies