عوسمان عومەر: کۆرەو بوومەلەرزەیەک بوو بۆ دەسەلاتى بەعسیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چۆن ڕاپەرێن وەرچەرخانێک بوو لە بزاڤى ڕزگارى خوازى گەلى کورد لە باشورى کوردستان, بەڕاى من کۆڕەویش وەرچەرخانێک و ڕووداوێکى گرنگ بوو لە ژیانى سیاسى باشورى کوردستان، چونکە زلەیەکى دیکە بوو بۆ بەرپەرچ دانەوەى زۆردارى و داگیرکارى ڕژیمى بەعس. هەردوو بابەت ڕاپەرین و کۆڕەو لە دۆخێکى نێودەولەتى و ئیقلیمى دیاریکراو هاتنە ئاراوە…
ساڵى 2016 بەدورو درێژى بابەتێکم نوسى و لەووتارى کورد بلاوکراوەتەوە بەو ناونیشانەى سەرەوە وا ئەمجارەش بەهەمان ناونیشان و هەندێ دەستکاریى دایدەنێمەوە.
رێک 30 ساڵ تێپەرى بەسەر ئەو یادە ئەویش وەک یادەکانى دیکە هیچ گرنگیەکى پێنەدراو وەک چۆن هیچ پەندووانەیەکمان لێ نەوەرنەگرت. دواى تێپەرینى 30 ساڵ, ئەمساڵ کەمترین کەس لەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییە دواوە یا نوسیوە.
چەند پرسیاڕیک خۆى دەخاتە ڕوو لەوانە کێ هاندەرى ئەو کۆڕەوە ملیونیە بوو؟ کێ لەپشت ئەوەبوو کە ئەنجومەنى ئاسایشى هێنایە ئەو بڕوایەى کەبڕیارى ژمارە 688 دەربکات؟ کێ ئەمریکاى ناچار بەدەستێوەردان کرد؟کێ هەڵومەرجى دروستبونى ناوچەى دژە فڕین و دواتر هەریمى دیفاکتۆ یا هەریمى کوردستان بوون؟ دواتر هەلبژاردن و پێک هێنانى یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێم کە 30 ساڵە بەردەوامە و لەئاستى خواست و ویستى خەلکى کوردستان وەک پێویست نەبووە. بەداخ و حەسرەتەوە دەبوایە هەریمى کوردستان سویسرایەکى خۆرهەلاتى ناوەراست و چقلى چاوى هەموو ڕەگەزپەرستان و نیشانى نەتەوەپەرستە عەرەب و فارس و تورک بدرایە کە کورد گەلێکە مافى دەولەت بوونى هەیە.
سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەکەم کەلە تارانەوە ئاگادارى بێتەلى سەقز کرابوو، ئەوانیش بەبێتەل ئاگادارى ئێمەیان کرد کە ( دکتۆر بێرنار کۆشنەر) وەزیرى کاروبارى مرۆڤایەتى لە حکومەتەکەى خوا لێخۆشبو فرانسوا میتران و دۆستى جەنابى مام هاتبووە ئێران داواى کردبوو جەنابى مام ببینێ و تاوتوێ و رێشوێن دانان بۆ مەسەلەى ئاوارەکان قسەبکەن، بۆیە رۆژى 2 ى نیسانى 1991 لە کارێزەوە بەرەو پێنجوێن بەرێ کەوتین لە مەرزى باشماخ و لە بناوەسوتێ چاویان بە وەفدە فەرنسى ئێرانیەکە کەوت و دەرگا بەرووى ئاوارەکان کرایەوە، چونکە خەلکى کوردستان مافى چارەى خۆنوسینى هەڵبژاردبوو. کە ئیمە دەرچوین خەلکەکە خۆى کۆ کردەوە بۆ ڕۆیشتن، بەلام جەنابى مام لە ئۆمبیلەکەى پیادە بوو بەخەلکەى ووت من دەچم وەفدێکى فەرەنسى دەبینم لەسەر سنور بۆ چارەسەرى کێشەى ئێوە، بۆیە قەناعەتیان هێناو نەجوڵان.
رۆژى 4 ى نیسانى 1991 گەراینەوە کارێزە لاى ئێوارە دیار بوو نامەیەک لە سلێمانیەوە هاتبوو بۆ جەنابى مام ئەویش بەپەلە کاک مقدەم داراى ناردەوە سلێمانى بۆ سۆراغکردن و هێنانەوەى، وەلام دیار بوو پەیوەندى بە دانیشتن گفتوگۆوە هەبوو لەگەڵ رژێم.
بەراى من کۆڕەو شوناسێکى نوێى بەگەلى کورد بەخشى دواى کیمیا بارانى هەلەبجەو ئەنفال. لەقۆناغەکانى مێژووی بزاڤى رزگاریخوازى گەلان دا زۆر وێستگەوداستان و بەسەرهات هەیە هەرگیز لە بیرناکرێ, گەلى کوردستانیش لەو گەلە زیندوانەى دونیایە کە چەندین کارەسات وچەرمەسەرى توشهاتووە سەرەڕای ئەوداستان و نەبەردیانەى لەبەرەنگارى تۆمارکراون دژى داگیرکەرانى خاک و وولاتمان, ئەوانەى هەرگیز لەیاد ناکرێن کیمیا بارانى هەلەبجەو ئەنفال و کۆرەو.
کۆرەوە ملیونەکەى کەلەکەمان لەکۆتایی ئاردارى دواى ڕاپەرین و سەرەتاى نیسانى 1991 وڵامدانەوەیەکى ڕاستەقینە بوو بۆداگیرکەران و وەرچەرخانێکى میژوویی بوو لە بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلەکەمان کە بەیەک دەنگ و بەیەک رەنگ هەموویان وتیان ( نا) بۆ داگیرکەران نا بۆ ماڵ و حاڵ ، هەموو بەیەکجار روویان کردە شاخ و دۆڵ و دەشت و دەر بەبرسیەتى, تینویەتى و باران و سەرما و سۆڵە وتیان بەلێ بۆ مافى چارەنوس.
لێرەدا ئەو ووتەیەى ڕەوانشادجەنابى مامجەلالم بیرکەوتەوە بۆ ئەوجەماوەرەى لەسەر ڕێگا بوون و لێمان کوبونەوە فەرموی داگیرکردنى ئەلزاس و لۆرینى فەرەنسا کە ئەڵمانەکانیان داگیریان کردبوو خەلکى فەرەنسا بە ئەلمانەکانیان دەوت گەر توانیوتانە خاکەکەمان داگیربکەن ناتوانن دڵ و دەرونمان داگیربکەن, ئێوەش بەو کۆڕەوە دەرتان خست کە خاک و نیشتیمانتان لە مال و حاڵ زۆرشت خۆشتر دەوێت.زۆرجاریش جگەرگۆشە و خۆشەویستان لە لا رێگاکان دەنێژران و جێ دەهێلدران بێوچان درێژە دەدرا بە رۆیشتن بۆ چارەنوسێکى نادیار ، بەڵام هەلوێستێکى جوامێرانە و کوردانەى خەلکى کوردستان بوو.
ئەوەى لەیادم بێ وولاتى فەرەنسا بۆ یەکەمجار پڕۆژەیەکى دا بە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان,گەر هەلە نەبم ئەوکات و سەردەمە فەرەنسا سەرۆکایەتى ئەنجومەنى ئاسایشى بەدەستەوە بوو, سەرۆک فرانسوا میتران داواى لەنەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە بریارێک بۆ سەرکۆنەى داپڵۆسینى کوردەکان دەربکات بکات و گەر ئەو برێارە دەرنەکات ئەوا فەرەنسا بەتەنها دەجولێت, لەوکات و سەردەمەش جۆن مێجەر سەرۆک وەزیرانى بەریطانیا بوو پشتیوانى خۆى بۆ بڕۆژەکەى فەڕەنسا دەربڕى.
بەهۆى کاریگەرى بەیانی کۆڕەوەوە لەسەرتاسەرى ئەوروپا بەریتانیا داواى دروستکردنى ناوچەى ئارام بۆ کورد دەکات و ئەمریکیەکانیش دێنە سەرخەت و داوادەکەن نەک هەر ناوچەى ئارام، بەلکو ناوچەى دژە فرینیش دروستبکرێ بە رووى فرۆکەجەنگیەکانى عیراق و هیڵى 36 دیارى کرا، بەلام سلێمانى نەدەگرتەوە هەر لەژێر مەترسى دا بوو.
دواتر هێزە فەرەنسیەکان و بەریتانیەکان و ئەمریکیەکان و هاوپەیمانان لە چەند شوێنێکى کوردستان بلاوەیان پێکرا و بابەتى پڕۆفاید کۆمفۆرت لە ئەنچەرلیکەوە سەرپەشتى دەکرا بۆیە تورکەکان ناچار بون کە بەوە رازى بن، چونکە پێشتر لەهێرشى هاوپەیمانان بۆ سەر عیراق ڕازى نەببون لە تورکیاوە هێزى بهێنریت و پەلامارى هێزەکانى سەدام بدرێ.
دواى زنجیرە پێک هەلپڕژانێک لەگەل سوپاى عیراق لە ناو سلێمانى و ناوچەکانى گەرمیان وجەزرەبەدانى سوپاى عیراق, رژێمى عیراق بۆئەوەى بوشاییەک دروست ببێ هەرچى دام دەزگاى حوکومەتى عیراق هەیە لەکوردستان کێشایەوە تەنانەت ئابلوقەشى لەسەر زۆر ناوچە دانا بوو بەمەش ڕێگە خۆشکەربوو بۆ هەلبژاردنى یەکەم پەرلەمانى ئازاد و دواتر پێک هێنانى کایبنەى یەکەم بە سەرۆکایەتى کاک د.فوئاد مەعسوم و پاش مشت و مڕوبێنەوبەردەیەکى زۆر بە فیفتى فیتى حکومەت پێکهێنرا کە چەند وەزارەتێک بوو.
سەرکردایەتى ی ن ک پلان دارێژەری ڕاپەرین بوو , بیر لەچەند ئەگەرێک کرابۆوە و لەکۆبونەوەکانى بەرەى کوردستانى خرابونە ڕوو ئەوەندەی بەندە ئاگاداربم تا رۆژى 5 – 3 –1991 سەرکردایەتى پ – د – ک و هەندێ لایەن و کەسایەتى نەدەچوونە ژێر بالى راپەرینەوە ، بەلام دواتر کە شارى ڕانیە راپەڕى و ئازاد کرا و بووە دەروازەى ڕاپەرین و هەروەها رزگارکردن و ئازادکردنى شارى سلێمانى دواى چەندین رۆژ لە چاوەروانى کردن لەقاسمەرەش بۆ هاتنى وەفدەکەى پارتى و ئەنجامدانى چەند کۆبونەوەیەک لە سەرکردایەتى ئەوکاتى ی – ن – ک کە پێشتر ڕەتلە پارتیزانەکانى ناردبووە خوارەوەو هێزى پێشمەرگە سازو ئامادەکرابون هەندێکیان گەیشتبونە ئەوشوێنانەى کە مەبەست بوو لە نزیک ئۆردگا زۆرەملێکان و هەندێ شاروشارۆچکە چاوەرانى فەرمانى فەرماندەى گشتى بوون کە دەست بەکاربکەن ئینجا ئەوان ملکەچى ئیرادەى بەرەى کوردستانى بون رەتلەکانیان کە پیشتر بە هەماهەنگى ڕێکخرا بوو. تا رۆژى 11 ى مانگ ڕەوانشاد کاک نەوشیروان هێزەکانى خۆمانى کردبووە دوو ڕەتڵ, رەتلێکیان لەگەل خۆى کە زۆرێک لە فەرماندە سەربازیەکان و هێزێکى باش لەگەل کاک مەسعود و دادە هیرۆشیان لەگەل بوو بەرێکەوتن بەرەو دەروازەى ڕاپەرین وەک بڕیار درابوو ڕەتلى دووەم دواى یەک دوو سەعات دواى ئەوان بەڕێ بکەوین هێزێکى تێکەلاو بوو لە هەموولایەنەکان.
لەلاى خۆشمانەوە هەموو رەتلێکى هێزى پێشمەرگە بێتەلێکى راکال بەعەدەد بێتەلەوە لەگەل بوو , بۆ مێژوو ئەلێم تاکە هێزێک کەچاکترین بێتەل و شارەزاترین عەدەد بیتەلى هەبووبێت ی – ن – ک بوو . پارتى لەرووى بێتەلەوە زۆر دواکەوتوبون بیتەلى شەستەکانیان بەکار دەهێنا,هەندێکى نەبێ,لایەنەکانى تریش تا رادەیەک ئەوگرنگیەیان بە بیتەل نەدابوو وەک ی – ن – ک ،بۆ مێژوو دەلێم کە کاک مەسعود گەیشتە قاسمەڕەش لە 6- 03- 1991 عدد بیتەلەکەى کەناوى کاک عەبدولا بوو هاتە لامان 2 موجەرەفیرەیان پێ بوو نەیاندەزانى چیەو چۆن بەکارى بهێنن لاى خۆمان فێرکران چۆن رەبت دەکرێت واتە یەک دەخرێت کە جیاوازى هەبێ لەگەل ئەوانەى رژێم؟ چۆن کۆدى بۆدادەنرێ و بەکار دەخرێ؟ چۆن ئیشى پێ دەکرێ ؟ و یەکێک لەوانە بۆ نێوانى خۆمان بەکارهێنرا.
جارێکى تریش دەلێم: ئایا ئەو هەڵوێستە جوامێرانەى خەڵکى کوردستان بەکۆرەو وهینانە سەرخەتى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پاڵپشتى کردنى ورۆلى میدیا جیهانیەکان سەرنجى گەلانى دونیاى بۆلاى خۆى ڕاکێشا ئێستا ستەمەکارى نییە بەرامبەر بەخەلکى کوردستان دەکرێ ؟ کوشتنى گیانى بەرەنگارى و کوردایەتى تاوان نییە؟ بە پێشێل کردنى یاسا و دروستکردنى قەیران و برسى کردن ودەست بردن بۆ قوتى خەلک تاوان نییە؟ ئایا کپ کردنى دەنگى ئازاد و بەپۆلیسى کردنى هەرێم تاوان نییە؟ ئایا بەتالان بردنى سامانى نەوت بە رێکەوتنە 50 سالیەکە لەگەل دوژمنى کورد تاوان نییە؟
تێبینى
دەقى بروسکە دەستخەتەکە لە نوسێنێکى کاک بەکر فەتاح وەرگیراوە, ئەوانى تر لەکتێبى تۆڕى پەیوەنیەکانى پێشمەرگە لە شاخ ( سندوقە ڕەشەکەى پێشمەرگە) وەرگیراوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت