بورهان شێخ رەوف: هێزەکانى ئەمریکا دەکشێنەوە لە عێراق؟

ڕۆژى 7 نیسانى 2021 گەڕێکى ترى دانوستانى ستراتیجى نێوان عێراق و ئەمریکا لە ڕێگاى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدرا، هەرچەندە ساڵى ڕابردووش لە مانگى حوزەیرانەوە دواى دەستبەکاربوونى کابینەکەى کازمى دەستپێکى ئەم وتوێژانە بوو بە مەبەستى گەیشتن بە فۆرم و میکانیزمێک بۆ پەیوەندى سەربازى و ئاسایش و دواجار کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق.
سەرۆکى پێشووترى ئەمریکا باراک ئۆباما ساڵى 2011 هەموو هێزەکانى ئەمریکاى لە عێراق کشانەوە، لە دواى داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاوە ساڵى 2003، هەرچەندە ئەم هەنگاوەى ئۆباما گورزێکى کوشندەى لە شان و شکۆ و پێگەى ى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەو جیهانیش دا، بۆشایى ئەو کشانەوە خێرا لە لایەن هێزە ئیقلیمیەکانەوە پڕ کرایەوە و قۆسترایەوە تا ئێستاش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە ناوچەکە باجەکەى دەدەن.
بەڵام جارێکى تر ساڵى 2014 هێزەکانى ئەمریکا گەڕانەوە عێراق لە ژێر چەترى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ لە ناوبردنى داعش، لە دواى ڕاگەیاندنى سەرکەوتنى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیش بەسەرداعشدا هێشتا ئەو هێزانە لە هەندێک بارەگاو بنکە لە عێراق و هەرێمى کوردستان ماونەتەوە، هەرچەندە ژمارەى ئەو هێزانە کەمکرانەوە لە سەردەمى سەرۆکى پێشوو دۆناڵد ترەمپ.
لە ساڵى 2018 دواى کشانەوەى ئەمریکا بە بڕیارى سەرۆک ترەمپ لە ڕێککەوتننامەى ( 5+1) تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران، هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بووە دۆسێیەکى گەرمى ململانێکانى نێوان ئەمریکاو ئێران لە سەرخاکى عێراق. بە تایبەتى دواى کوژرانى قاسم سلێمانى وئەبو مهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى لە 3/ 1/ 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغداى نێودەوڵەتى لە لایەن هێزەکانى ئەمریکاوە، ئیتر ئەو ململانێ گەیشتە لوتکەو قۆناغێکى هەستیار و شپرزە بە تایبەتى بۆ عێراق کە خاوەنى پەیوەندى و دۆستایەتى گرنگە لە گەڵ هەردوولاى کێشەکە.
هەر دواى کوژرانى ناوبراوان ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بڕیارى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکایان لە عێراق دەرکرد بە بێ ئامادەبوونى کوردو سوونەو بەشێک لە شیعەکانیش کە ئەمەش پرسیارى زۆر هەڵدەگرێت بۆ پرسێکى وا هەستیارو چارەنووسساز کە وابەستەى ئایندەى هەموو عێراقیەکانە.

هەڵوێستى بنتاگۆن
7/4/2021 گەڕی سێ یەمى دانوستانەکانى ئەمریکى عێراقى لە سەردەمى ئیدارەى تازەى سەرۆک جۆبایدن بەڕێوەچوو، هەرچەندە لە ڕاگەیاندنى هاوبەش هەردوو شاندى ئەمریکاو عێراق و بە سەرۆکایەتى هەردوو وەزیرى دەرەوەو ئامادەبوونى نوێنەرى هەرێمى کوردستان باسى ئەوەیان کردووە کە گەیشتوونەتە شێوازێک لە ڕێککەوتن کە هێزەکانى ئەمریکا ڕۆڵى ڕاوێژ و ڕاهێنان ببێنن و هێزە جەنگاوەرکان بکشێنەوە بە گوێرەى خشتەیەک کە هەردوولا کاتەکەى دیارى دەکەن لە وتوێژە تەکنیکیەکانى داهاتوودا.
بەڵام هەرزوو لە 8/4/ 2021 وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا بنتاگۆن ئەوەى ڕەتکردەوەو کە هیچ لێتێگەیشتنێک هەبێت لە گەڵ بەغدا بۆ دیاریکردنى کات و بۆ پاشەکشەى هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێراق لە ئێستادا، کە ئەمەش زیاتر گومانى دروستکرد لە نیەتى ئەمریکیەکان بۆ کشانەوە لە عێراق، جۆن کیربى وتەبێژى بنتاگۆن وتى مەبەست لە گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربارەى کشانەوەى هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق کە لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە ماناى ئەوە نیە کشانەوە دەستى پێکردووە لە عێراق، بەڵکو بەیانەکە دەڵێت بڕیارى وتوێژى تەکنیکى زیاتر دراوە لە لایەن هەردوولاوە سەبارەت بە کشانەوەى هێزەکان لە ئایندەدا.
هەروەها کیربی ئەوەشى ڕاگەیاند کە هێزەکانیان لە سەر داخوازى و ڕەزامەندى حکومەتى عێراق لە و وڵاتەیە، ئەوان بۆ هەمیشەیى لەوێ نابن ڕۆژێک دێت بە تەواوى دەکشێنەوە.

شەڕى داعش
ئەگەر لە ڕاگەیەندراوەکەى هەردوو وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاو عێراق وردبینەوە باس لە بەردەوامى شەڕى داعش دەکرێت لە عێراق و لە ڕاستیشدا جموجووڵەکانى داعش ڕۆژانە لە ڕووبەرێکى فراوانى خاکى عێراقدا دەبینرێن، ئەمەش مانایەکى ڕوون و ڕاشکاوى هەیە هێزى ئەمریکاو هاوپەیمانان بۆ بەگژاچوونەوەى داعش هاتوون تاوەکو ئەو شەڕە بمێنێت پێناچێت عێراق جێبهێڵن.
لە کۆتاییدا هێزەکانى ئەمریکا (2500) کەسن ئێستا لەوەناچێت وا بە ئاسانى و خێرا بە فشارى هەندێک تاقم و میلیشات بکشێنەوە، بەڵکو پەیوەستە بە دۆسێیەکى گەورەتر کە پەیوەندییەکانى ئەمریکاو ئێران و پێشهاتەکانى ڕێککەوتننامەى ( 5+1) و کۆى ململانێکانى ناوچەکە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies