عەلی مەحمود: بۆچی سەرجەم موستەشارەکان بەشدارن لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە رێکەوتی 20-6-1987دا، بیرۆی باکووری پارتی بەعس، کۆبونەوەیەک دەکات، لەو کۆبونەوەیەدا بڕیارێک دەدات، تیایدا ژیانی گەلێک بە تەواوی دەگۆرێت، ئەویش بڕیاری شوومی ژمارە 4008 بوو، ئەم بڕیارە بە مانفیستۆی جینۆسایدی گەلی کوردستان دێتە ژماردن، سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان بەشێوەی سستەماتیک و نەخشە بۆ داڕێژراو، لەم کات و رۆژەوە کوشت و بڕو دەرکردن خرایە چوارچێوەی بڕیاری فەرمییەوە، بە پێی بڕیارەکە سەرجەم ئەو گوندانەی تاکو رێکەوتی 22-6-1987 دەستیان لێنەدرابوو دەبێت بڕوخێنرێن، هەموو ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان بکرێنە ناوچەی قەدەغەکراو، گوندی قەدەغەکراو هەموو ئەو گوندانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازیدا بوو لەو کاتەدا، کە رژێم تەنها سەنتەری شارەکان و بەشێک لە رێگاکانی بەدەستەوە مابوو، لە روی ئاسایشەوە نابێت ئەو ناوچانە هیچ مرۆڤ و ئاژەڵێکی تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ کرا، هاتو چۆو کشتوکاڵی تێدا قەدەغە کرا، هێزی ئاسمانی چاودێری زەوییە کشتوکاڵیەکان و رێگاکانی بە چڕی دەکرد، ئەوەی بەربکەوتایە ژیانی لێ دەسەندەوە، سیاسەتی زەوی سوتاندن پەیڕەو کرا، هێزەکان دەستکراوە کران بۆ کوشتنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە زەوی و ئاسمانەوە، بڕیارەکە هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان لێ بکوژرێت، بە تفەنگ یان تۆپ یان رۆکێت وە یاخود لە ئاسمانەوە بە جۆرەها کۆپتەرو فڕۆکەی جەنگی پیراتۆز، بە چەکی ئاسایی یان هیشۆیی و کیمیاوی، یان لە کاتی دەستگیرکردندا لەسەر رێگاو بانەکان یان لە هێرشەکاندا بۆ ناوچەکانیان گولە باران بکرێن، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 ساڵ بۆ 70 ساڵ بوو، بڕیاردرا لە سێدارە بدرێن لە دەرەوەی دادگا، دەستنیشان کران بۆ لەناو بردن، بێ ئەوەی یەک کەسیان لێ دادگایی بکرێت، بەمەش دۆسیەکانیان نەچووە خانەی یاسای تاوانەوە، ماف و توانای هیچ داکۆکیکردنێکی یاساییان لە خۆیان نەبوو.
لێرەوە زۆربەی دەستکەوتەکان کە تاڵانی لادێنشینانی کوردستان بوو، کە بەدەست دەهێنران لە سەروەت و سامان بۆ فەوجی جاشەکان و هێزەکانی حکومەتی عێراقی بوون بە پێی بڕیارەکە، هێزەکان عێراق بە تەواوی دەستکراوە کران بۆ فەرهودو تاڵانی، بە تایبەت فەوجەکانی جاشەکان، کە ئەوان دواتر ناوی ئەنفالیان لێ نا، بە پێی بڕیاری 4008 تەقەکردن ئازاد بوو بۆ بەئەنقەست کوشتنی هاووڵاتیان، بە تایبەتیش خاڵی 5ی بڕیاری 4008، گفتوگۆی زۆر لەسەر بوو، بەردەوام تەئکیدی لێکراوەتەوە، ئەو خاڵە بریتی بوو لە ئیعدامکردنی گشتی ” هەموو ئەو کەسانەی لەو گوندانە دەستگیر دەکرێن، دەبێت لێکۆڵینەوەیان لە گەڵدا بکرێت لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 70 ساڵە پێویستە ئیعدام بکرێن پاش ئەوەی زانیاری بە کەڵکیان لێوەردەگرترێت و لە کاتی خۆیدا ئاگادار بکرێینەوە”.
هەرچی خاڵی حەوت لە بڕیاری 4008 بوو، جاشەکانی سەرپشک کرد لە تاڵانکردن” هەموو ئەو شتومەکانەی کەوا فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەکانیان دەستیان دەکەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنها چەکە قورسەکان و چەکی ئەسناد و چەکی مام ناوەندی نەبێت، چەکە سوکەکان بۆ خۆیان دەبێت، ئێمەی لێ ئاگادار کەنەوەو تەنها ژمارەکانیان تۆمار بکەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەکان چالاک بن و بۆ ئاگادارکردنەوەی هەموو موستەشارەکان و فەرماندەی سرییەکان و مەفرەزەکانیان، وە بە وردی ئێمە ئاگادار بکرێینەوە لە چالاکیەکانی فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی.”.
لە رێکەوتی 8-9-1987 بە نووسراوی ژمارە 5731ی بیرۆی باکوور، بڕیار درا تەنها 50%ی پێکهاتەی فەوجە خەفیفەکان لە بارەگا جێگیرەکانیان و رەبایەکان بمێننەوە، ئەوی دی بەکار بهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەکراوەکان، بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگەو دانیشتووانە سڤیلەکەی بدەن، لە هێرشەکاندا جاشەکان پێش سوپا کەوتن، بەشداریان کرد لە پەلاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین، خانووی هاووڵاتیانیان روخاند، مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران کرد، لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست، بڕیاری 4008یش لەو بارەوە ئازادیانی کرد لە تاڵانکردن، واتا بەردەوام چارەکی کۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەکان لە ماوەی ئەو 364 رۆژەدا لە ئەرکدا بوون لە پانتایی جوگرافیای کوردستان، وێڕای چارەکێکی دیکە زیاتریان بەردەوام لە بارەگاو رەبایەکاندا پارێزگاری حکومەتیان دەکرد و بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر رێگاکان بۆ پێشمەرگەو هاووڵاتیان، دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا” چونکە ئەوان لە مانگدا 15 رۆژ دەوامیان دەکرد”، بۆیە هەموو لە تەواوی پرۆسەی ئەنفالەکان و قۆڵەکانیەوە بەشدار بوونە، سەرەتا جاشەکان وەک چاو ساغ و شارەزا چونەتە گوندەکان و هەڵەت و شیو دۆڵ و ناو ئەشکەوتەکان و سەر چیاکانیان کۆنترۆڵ کردوە، دواتر سوپا، بەمەش دەردەکەوێت تەواوی فەوجە جاشەکان لە پرۆسەی ئەنفالدا لانی کەم چەندین جار بەشدارییان کردووە لە تاوانەکەو تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید، ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا، ئەوانەی نووسراون ئەوانەن یان مەدالیای ئازایەتیان وەرگرتووە، یاخود سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، یاخود نویان لەو تاک و تەرا بەڵگە نامانەدا هاتووە دەستیان بەسەردا گیراوە.
تەواوی شایەدحاڵەکانیش ئەوە دەرەخەن، کە زۆرینەی خەڵک یان لەلایەن جاشەکانەوە راستەوخۆ دەستگیر کراون لە کاتی خۆ شاردنەوە، یاخود لە لایەن ئەوانەوە تەسلیم کراونەتەوە، یاخود پڕۆپاگەندەی درۆیان کردووە بۆ خۆ بە دەستەوەدان ، لە کاتێکدا لە هەموو قۆناغەکانی ئەنفال، ئەمنی پارێزگاکان پێشتر ئاگادارایانیان کردۆتەوە کە لێبوردن هاووڵاتیانی ناوچەی ناو پرۆسەی ئەنفال ناگرێتەوە .
ئەگەر لەناو ئەو 423 کەسەی وەک تۆمەتباری ئەنفال ناویان هاتووە،تەنها 258یان کورد بن، کە زیاترە، ئەوا لەوانەی ناویان تۆمارکراوە 60،9%ی کوردن.
سەیر کەن تەنها لە پرۆسەی ئەنفالی 8، بە پێی بەڵگەنامەیەک ،لانی کەم 163 فەوجی جاشی خەفیفە، بە 65،375جاشەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.

دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال
هێما بیرکارییەکان بۆ ژماردنی تاوانەکانی ئەنفال کڵۆڵە، هێندە تاوانەکان زەق و گەورەو زۆرن، یاساکانیش لە ئاستیدا زەبوونن بۆ پێناسی یاساییان، بەڵگەنامەو فلیم و دیدنامەکان لاوازن، کۆمەڵکوژی، کوشتنی مەیدانی، دورخستنەوەی بە زۆری دانیشتووان، زیندانیکردن و کوشتنی تەواوی ئەو خەڵکە سڤیلە پاش گرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی کۆکردنەوەی تۆپزاوەو شوێنەکان دی، دواتر کوشتنیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان، تەرمی بەشێکیان لە موسڵ و سەماوە دۆزرایەوە و لە لایەن پسپۆری نێودەوڵەتی مایکل تربیل و ئەوانی دییەوە دەرهێنرا، زۆرینەیان تا ئێستا گۆڕەکانیشیان نەدۆزراونەتەوە، بێبەریکردن لە پێداویستییەکان ژیان، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی و پەلاماردان و لاقەکردن، سزادانی گروپ بە هۆی جیاوازی نەتەوەییەوە، پەلاماردانی ناوچەی سڤیل بە چەکی کۆکوژی کیمیاوی و هیشۆیی و چەکی کلاسیک، پەلاماردانی گوندەکان و بێهۆکار روخاندنی نەخۆشخانە و قوتابخانەو مزگەوت، بەزۆر گواستنەوەو سەپاندنی نیشتەجێبوونی زۆرە ملێ لە ئۆردوگاکان و بێبەریکردن لە هەلی کار و پێداویستی ژیان، توندوتیژ جوڵانەوە لە گەڵ هاووڵاتیانی سڤیل تا ئاستی کوشتنی بە ئەنقەستی بە کۆمەڵیان، بێرێزیکردن بە تەرمی مردووەکانیان، مردن بەهۆی برسێتی و تێنوێتی و گەرما و بێ دەرمانی و پیسییەوە، نەبوونی بێبایەخترین کەرەستەی ژیان لەناو زیندانەکان، هێرش بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل کە هیچ بەشداریەکیان لە چالاکی سەربازی نەبووە، وێرانکردنی ماڵیان و تاڵانکردنیان، جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان و رێگا گرتن لە بەیەک گەیشتنیان، بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، توندوتیژی بە نەخشە، زیانی جەستەیی و عەقڵی، وێرای مردن زۆرێک لە ئەنفالکراوان تووشی کەمئەندامی بوون لە زیندان، بێهۆکار پەلاماردانی خەڵکی سڤیل، کوشتنی بە دەستی ئەنقەست، کوشتنی نابەجێ، بێبەشکردنی توند لە هەموو پێداویستییەکی تەندروستی و ژیان، دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان لەناویاندا بەروبوومی کشتوکاڵی هەڵگیراو، نەهێشتنی سەرەوەت و سامانی ئاژەڵداری، کوێرکردنەوەی کانیاو پڕ کردنەوەی بیرەکان، پەیڕەوکردنی سیاسەتی زەوی سوتاندن، بۆردومان کردنی گوند بە خەڵکەکەیەوە، لە زیندانەکان و شوێنەکانی کۆکردنەوە ئاوی خواردنەوەی پیس، کەمی خۆراک و برسیکردن، نەبوونی دەرمان و چارەسەری پزیشکی، سەپاندنی ژیان لە گەرمای بەتیندا، تەعریبکردن…….ئەمانە نموونەیەک کەم بوون، تا شوێنپێی هەموو قوربانییەکان هەڵنەگرترێت ناتوانرێت هەموی بنوسرێتەوە، بۆیە بەڵگەنامەو فلیم و دیدنامەو نووسراوەکان ناتوانن دەربڕی گەورەیی تاوانەکە بن، کاتێک ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەبیت دەزانیت چ تاوانێک ئەنجامدراوە، دەزانیت چ جەهەنەمێک لە ژێر بیابانەکان شاردراوەتەوە.
دادگای دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی 21-8-2006 دەستی پێکرد،لە 61 دانیشتندا، کۆی گشتی 1193 سکڵاکەرو دیدەر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی، سکاڵاو شایەدییان پێشکەش کرد، لەوانە 52 سکاڵاکەر، 10 رزگاربووی گۆڕی بە کۆمەڵ، 8 دیدەر، 4 پسپرۆی بیانی ” کلایکۆلون سنۆ
1928 ئۆکلاهۆما وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا……زانای بواری زانستی بایۆلۆژی،پسپۆر لەسەر ئاستی جیهان، گۆڕی بە کۆمەڵی کرۆمی هەڵدابوەوەو کاری لەسەر قوربانیانی کیمیابارانکردنی گوندی فرجینی کردبوو کە چەکی کیمیاوی تێدا بەکار هاتبوو، ئەسفەندیار ئەحمەد شکری توێژینەوەی لەسەر ئەو ئاوارانەی دیار بەکر و ماردین کردبوو، کە کیمیاوی لێیانی دابوو، مایکل کۆمفر ترەمبیل پسپۆر لە بواری پزیشکی رێوشوێنی دیاردە سزاییەکان لە موسڵ و موسەنا گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی هەڵداوەتەوە، بە هاوکاری پسپۆڕانی ئەمەریکی و کۆستاریکی و ئوسترالی و کەنەدی، دۆگلاس سکوتی- ئەمەریکی پسپۆر لە بواری چەک و زانستی سزایی”، راستەوخۆ بەشدارییان لە دادگاییەکە کرد و وتەیان پێشکەشکرد لە بەردەم دادوەرەکان، لە رێکەوتی 24-6-2007 بڕیاری دادگا دەرچوو، لە رێکەوتی 4-9-2007 بڕیاری کۆتا درا، تاوانکاران بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا دران.
لە پرۆسەی دادگاییەکە حەوت تۆمەتبار دادگاییکران، وە ژمارەیەک تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەکەمدا دیاریکرابوون بۆ دادگاییکردن لێ ئامادە نەبوون وەک لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەکاندا ناویان هاتووە ” بە پێی نووسراوی ف2 1445 رێکەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەکان، بڕیاری گرتن بۆ 24 کەس دەرچوو، کە بریتی بوون لە” نزار خەزرەجی، یونس ئەلدرب، ئەیاد خەلیل زەکی، رەمزی مەحمود، سەعید مەحمود باریکە، قاسم دڕەیی، معتەسەم بەرزنجی، یاسین رەئوف، تەحسین شاوەیس، قاسم ئاغای کۆیە، بایز عەبدالڕەحمان، عەلی ئەحمەد رەشید، نیعمە فارس، حەمید شەعبان، نەجم عەبدوڵا دوری، عیسمەت سابیر، عەدنان جەباری، جیهان موسا، رەفعەت گلی، عوسمان شێخ سەعید، شێرزاد ساڵەح، تۆفیق جەبار قارەمان، حوسێن شێخ سەعید، حەسیب حەمە ئینجە”.
هەروەها “لە رێکەوتی 21-12-2005، بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەکان ژمارە ف2 1474، داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەکات کە بریتین لە” سەعید مەحمود باریکە، عەدنان جەباری، شێخ رەئوف، شێخ جەعفەر، شێخ رەمەزان، قاسم دڕەیی، جیهان موسا، معتەسەم بەرزنجی، رەفعەت گلی، یاسین رەئوف، غەسان شێخ سەعید، تەحسین شاوەیس، شێرزاد ساڵەح، قاسم ئاغای کۆیە، تۆفیق جەبار قارەمان، بایز عەبدالڕەحمان، حوسێن شێخ سەعید، عەلی ئەحمەد رەشید، حوسێن حەمە ئینجە”.
حەوت کەسەکەی دادگایی کران، پێشتر زیندانیبوون، بریتی بوون لە: سەدام حسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتکریتی سەرۆک کۆماری عێراق کە رۆژی شەممە رێکەوتی 30-12-2006 لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا، عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتکریتی بەرپرسی بیرۆی باکوری پارتی بەعس، لیوا روکن سابیر عەبدالعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی، فەریق روکن حوسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتکریتی یاریدەدەری ئەرکانی سوپا بۆ کاروبارەکانی ئۆپەراسیۆنەکان، لیوا روکن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەکەم، تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سکرتێری لیژنەی کاروباری بکوور و پارێزگاری موسڵ ، عەقیدی روکن فەرحان موتڵەگ ساڵەح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێکخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.
تۆمەتباران بەم شێوەیەی خوارەوە، پاش ساغبونەوەی تاوان لەسەریان سزا دران: عەلی حەسەن ئەلمەجید 5 سزای لە سێدارەدان، یەک زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی، یەک سزای 15ساڵ زیندانی،2 سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی 7 ساڵی.
لیوا روکن سوڵتان هاشم 4 سزای لەسێدارەدان، 2 سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی، 1 سزای زیندانی 15 ساڵی، یەک سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی 7ساڵی.
فەریق روکن حوسێن رەشید 4 سزای لەسێدارەدان و سزایەکی 7 ساڵی زیندانی.
سابیر عەبدالعەزیز حوسێن 3 سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەکی زیندانی 10 ساڵی.
عەقیدی روکن فەرحان موتڵەگ 2 سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەکی زیندانی 10 ساڵی.
تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو.
ناوبراوان بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پرۆسەی تاوانی ئەنفال تاوانبار کران.
تاوانباران عەقیدی روکن فەرحان موتڵەگ لە رێکەوتی 30-3-2013 لە گرتوخانەی موسڵ و سوڵتان هاشم یش لە نەخۆشخانەیەکی شاری ناسریە لە رێکەوتی 19-7-2020 مردن و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانیان لەسەر جێبەجێ نەکرا.
هەروەها لە رێکەوتی 20-5-2007 دادگای باڵای تاوانەکان بە فەرمی لیستێکی بە 423 ناوی راگەیاند وەک تۆمەتبارانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، کە تاکو ئێستا بڕیاری گرتن و دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانە جێبەجێ نەکراوە چ لە عێراق یاخود کوردستان، کە 258 کەسیان هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، چ بە لیست، وە چ بە کەسی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، تاکو هەنووکە هیچ یەکێک لەو تۆمەتبارانە بانگ نەکراون بۆ لێکۆڵینەوە، دووجار رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید لە رێگای داواکاری گشتییەوە لە شاری هەولێر سکاڵای لەسەریان تۆمارکردووە، وەلێ لە ژێر فشاری کەسانی دەسترۆیشتووی دەسەڵاتدارەوە داوکاری گشتی بێ ئیرادە کراوەو لە سکاڵاکە نە پرسراوەتەوە.
بەهانە بۆ لێپرسینەوە لە تۆمەتباران، لێبوردنە گشتیەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی 1991 ە، بەڵام لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی 1991 بە پێی بڕگەی شەشی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی هیچ شەرعیەتێکی نییە، هەر لێبوردنێک پێش جێبەجێردنی ئەم یاسایە دەرچوبێت بۆ تۆمەتبارانی دوو توێی تاوانەکانی بڕگەکانی 11 و 12 و 13 و 14 دادگای باڵای تاوانەکان، کە بریتین لە تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی پێشێلکردنی یاسا عێراقیەکان، بە پێی بریارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لەسەر تاوانباران عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم و …. تاوانی ئەنفال تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە، ئەم تاوانانەش بە تێپەڕ بوونی کات کۆن نابن و بەسەر ناچن و بنەمای نێودەوڵەتییان هەیە، زمکان” زەمان و مەکان” تۆمەت لەسەر تۆمەتبار هەڵناگرن، وە تاوانی نێونەتەوەیشن، لەسەر ئەو بنەمایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوەو ئەم جۆرە تاوانانە لە تایبەتمەندیەتی، تۆمەتبار بۆ کوێ هەڵبێت دەربازی نابێت لە سزا، تەنانەت ناکرێت پەنابەریشی پێبدرێت ، تۆمەتباری ئەنفال مافی پەنابەری سیاسیان پیچ نادرێت، بە پێی رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدی ساڵی 1948، چونکە بەشدارن لە تاوانی جینۆساید، وە سزا دەسەپێنرێت بەسەر هەموو کەسێکی بەشدار لە پرۆسەی پاکتاوی بە کۆمەڵ، نابێت رزگاریان بێت لێی، بەو پێیەی ئەمانیش کەسانێکن بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەکە، بۆیە وەک بەشدارکەرێک لە پرۆسەی کۆکوژی دەبێت دادگایی بکرێن و تاوانباران لە سزا دەربازیان نەبێت.
بۆیە ئەمانەلێبوردن نایانگرێتەوە، بەم هۆیەشەوە ئەو بڕیارەی بەرەی کوردستانی هیچ بنەمایەکی یاسایی و هێزێکی نییە، بەداخەوە جگە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە عێراقیش بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، هاتووانی ناو لیستەکە لە بەغدا پۆستی سەربازی و تەشریعیان وەرگرتووە و چونەتە پەرلەمانەوە و فەرماندەیی گرنگیان لە سوپا وەرگرتووە، یاسای بنەبڕکردنی پارتی بەعس ئەمانی لێ دەرکراوەو بڕیارەکانی نەیانی گرتۆتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت