بەهرۆز جەعفەر: هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، هۆکار و لێکەوتەکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی ( 2017 ) کاتێک حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان و نیوەی داگیرکردو پەلاماری نیوەکەی تریشی دا، گوتیان ئەوە کورد بێ ئەمری ئەمریکای کردووەو، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی هەڵکردوە. خۆ- ئێستا دوو بنەماڵەی دەستەڵاتدار لە کوردستان بێ ئەمری ئەمریکایان نەکردوە بۆچی ئەوە سێ جارە هێرشی مووشەکی ئەکریتە سەر هەرێمی کوردستان؟. ئەمجارەیان ترسناکە، چونکە بەکارهێنانی درۆن و تەکنیکی پێشکەوتوو لە هێرشەکەدا هەیە. ئەوەش هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە حووسییەکان ساڵانێکە سعودییەیان پێ هەراسان کردووە.
بە بروای من ئەمە سێ هۆکاری هەیە:
یەکەم/ هەڵەی کورد خۆیەتی، چونکە لە ساڵی 2016 کورد لە بەرانبەر پێدانی بودجە لە بەغدا دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی دا، ئەمجارەش لە 2021 لە بەرانبەر بودجە دەنگیان بە یاسای دادگای فیدراڵی دا. کورد ئەبو هێزەکانی خۆی یەک بخاتەوەو سوپای نیشتیمانی دروست بکات، ئینجا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات لە مەترسی دووری بخەنەوە.
دووەم/ ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، کە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا میدیا بیانییەکان (بە پیلان بێت یان بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستییەک) بڵاویان کردەوە کە بنکەی زانیاریی ئیسرائیل لەهەرێمی کوردستان هەیەو، ئێران پەلاماری داون. ئەوە جگە لەوەی هەر لەم سێ ڕۆژەدا ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کە تاکە کارتی ئێرانە بۆ ئەوەی خۆرئاوا سزاکانی لەسەر لابدەن.. لە لایەکی ترەوە جار نا جارێک چەند ساڵێکە کەناڵی جەزیرەی قەتەری هاوپەیمانی تورکیاو ئەردۆگان بڵاوی ئەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە ئیسرائیل ئەفرۆشێت.!.
سێهەم/ هێرش کردنە سەر بنکەی تورکیا لە بەعشیق و بنکەی ئەمریکا لە هەولێر پێکەوە، مانای وایە تورکیا لەم سیناریۆیە بێ ئاگا نییە، بەڵکو خۆی داڕێژەریەتی، بۆ ئەوەی وا نیشان بدات کە ئەوە ئەمریکاو تورکیان پێکەوە لە یەک سەنگەردان. شەش کاتژمێر پێش ئەو هێرشە مووشەکییە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەرە تویتێکی کردووە، دەڵێت، ئەمریکا بەردەوامە لەو هەوڵەی کە خەڵاتی هەر کەسێک ئەکات شوێن و جێگەی موراد قەرەیلان و دۆڕان کاڵکانی پێ بدات. لە ژێر تویتەکەدا بەرپرسانی دەزگا موخابەراتییەکانی تورکیا نوسیویانە ئەمریکا لە ئێمە باشتر ئەزانێت شوێنی ئەوانە لە کوێدایە، ئەگەر ڕاست ئەکەن با ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزی ئەمریکا پێکەوە بچینە سەریان…
لە هەموو حاڵەتێکدا، ئەم هێرشانەی میلیشیا شیعییەکان و ئەم جۆرە هێرشانە بەگشتی بەردەوام ئەبن تا دوای هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئێرانیش ئەمجارە پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی نوێنەرەکانی لە ناو ئەم میلیشیایانە کۆنترۆڵ ئەکات و زۆرترین نوێنەر ئەباتە پەرلەمان. تەقینەوەو درۆنەکەی ئەمجارەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەم شێوەیە بەتەواوی دەری ئەخات کە حەشدی شەعبی خانە و شانەی نوستوو و ئاشکرایان لە هەولێرو سولەیمانی و دهۆکیش هەیە.
یەکێک لە چارەسەرییەکان ئەوەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە جەمسەرگیریی هەرێمایەتی دا، ڕۆڵەکان دابەش بکرێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران بکات، سەرۆکی حکومەت و وەفدێکی ڕەنگاڵەی لایەنە کوردییەکان موخاتەبەی ئەمریکاو فەڕەنسا بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت