بەهرۆز جەعفەر: تورکیا لە لیبیا ئەکەوێت، دوای ئەوە کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 27 ی نۆڤەمبەری 2019 تورکیا ڕێککەوتننامەیەکی چەند لایەنەی لەگەڵ لیبیا واژۆکرد، دوای ئەوە فشارەکانی ئەوروپا بەگشتی و یۆنان و قوبرس و فەڕەنساو ئیتاڵیا بۆ سەر تورکیا بەتایبەتی زیادو زیاتری کردو، ئینجا کۆرۆنای ووهان هات. ئیتر ئابوری تورکیا 453٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی؛ بەتایبەت لە کەمبونەوەی ئاستی یەدەگ لە بانکی ناوەندی تورکیا ( ئەردۆگان دووجار سەرۆکی بانکی ناوەندی لە یەک ساڵ دا گۆریوە)، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، داڕمانی کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی.
ڕێککەوتننامەکەی تورکیا لەگەڵ لیبیا بە پلەی یەکەم و گرنگ بۆ رەسم کردنەوەی سنورە ئاوییەکان (Water Demarcation ) بو. ئەمەش دوورگەی کریت-Crete یۆنانی بەرئەکەوت کە دووەم گەورەترین دورگەی یۆنانە و ئەو دوورگەیەش بوەتە شا-ڕێی گواستنەوەی گازە سروشتییەکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بۆ ئەوروپاو، سیستەمی ڕاداری هاوبەشی ئیسرائیلی- یۆنانی لەسەر دانراوە.
دوو هەفتە بەر لە ئێستا لە 5 ی ئەپرێڵی 2021 سەرۆک وەزیرانی یۆنان کیریاکوس میتسۆتاکیس سەردانی لیبیای کرد، بەتەنیشت هاوتا لیبییەکەیەوە لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەیان لە تەرابلوس وتی “ ئەگەر ئەتانەوێ پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپاتان هەبێت ئەبێت دەست بەرداری ڕێککەوتنەکەتان بن لەگەڵ تورکیا”!.
تورکیا لە ڕووی بەڵێندەرایەتی و بیناسازیی و وەربەهێنان بەگشتییەوە، بەرژەوەندیی گەورەی لە لیبیا هەیە، ساڵی (2020) وەبەرهێنیانی تورکیا لە لیبیا گەیشتوەتە ( 120 ) ملیار دۆلار. جگە لەمەش تورکیا ئیشێکی تری بە لیبیا هەیە ئەویش بۆ ئەوەی نزیکتر بێتەوە لە میسر. پەیوەندییەکانی تورکیاو میسر لە هاتنی سیسی یەوە لە ئاستی نزیک سفردایە. هەروەها میسرو لیبیاش دوو ووڵاتی سەر دەریای ناوەڕاستن، تورکیا ئۆقرەی لێ براوە لە دەریای ناوەڕاست دوای ئەوەی بە 2000 کیلۆمەتر هێڵی بۆڕی گاز لە قوبرس و ئیسرائیلەوە ئەچێتە ئەوروپا بە خاکی یۆناندا، ئەم پرۆسەیەش تورکیای تێدا نییەو، ڕێگەی نادەن بەشداری بکات لەو گۆرانکاریی و هاوپەیمانێتیە جیۆ- ستراتیجییە نوێیەی کە هایدرۆکاربۆن هێناویەتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی بونی کە تورکیا دوای کەوتوە لە ئەفریکا (لیبیا بەتایبەتی) و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە ئەردۆگان بەدوای پرۆژەی گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان ئەوەی ناونراوە عوسمانییە نوێیەکان ( Neo-Ottomanism) ، ئەمەش وای لە وڵاتانی ناوچەکە کردوە بە ئاگابن لە سیاسەتەکانی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆگان دا.
+ بەشی ئینگلیزیی ئاژانسی ئەنادۆڵ دیدارێکی لەگەڵ ئێمە ساز داوە. سەبارەت بە ریالیتی پەیوەندی نێوان لیبیاو تورکیاو یۆنان؛ ئایا یۆنان چی لە تورکیا ئەوێت؟. ڕۆژی دووشەم بڵاو ئەبیتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت