ڕەسوڵ بۆسکینی: له‌نێوان دروشم و كرداردا.

خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ ئازادبوون له‌ جه‌ورو سته‌می دوژمنان و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانه‌كه‌ی، خه‌باتێكی دوور و درێژ و ڕه‌واو و پیرۆزیشه‌، له‌و پێناوه‌شدا سه‌ره‌ڕای ده‌ربه‌ده‌ری و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر، ڕووبارێك خوێنی ڕۆڵه‌كانی كردۆته‌ قوربانی، به‌ڵام مادام له‌به‌شێكی كوردستان به‌ری خه‌باتی چینیوه‌ته‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ئازادی به‌ده‌ستهێناوه‌ و بۆ ڕزگاری یه‌كجاری نیشتمانی تێده‌كۆشێ، مایه‌ی ئومێد و شانازی ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌یه‌تی، هه‌ڵبه‌ت له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ئازادیه‌ی به‌ده‌ستی هێناوه‌، هیوای ماف و ئازادی تاكه‌كه‌سی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و ئاشتی و فره‌حزبی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ ئاواتی هه‌مووانه‌.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ متمانه‌ و باوه‌ڕبوون به‌و دروشم و گوفتار و ئاكارانه‌، كه‌ ئاماژه‌ن بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش و پڕشنگدار، وه‌ك هاوهه‌ڵوێستی و ته‌بایی و یه‌كڕیزی، كه‌له‌نێو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی باشووری كوردستان ئاماژه‌ی پێ ده‌درێ، له‌وپه‌ڕی ڕاست بۆ ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ، له ‌ئیسلامی بۆ علمانی، یا نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆته‌ سه‌ر وێردی زمانیان، دیاره‌ وه‌رگرتن و قبوڵ كردنی ئه‌و قسانه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان مه‌رجی سه‌ره‌كی و گرنگی كاره‌كه‌یه‌.
وه‌ك خۆیان له‌دوای هه‌ر كۆبوونه‌وه‌ و لێدوانێك ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر له‌ كوردستانیش ڕامان جیاوازبێت له‌ عیراق ئێمە پێویستمان بە یەکڕیزییە، بێگومان هه‌موومان وابیرده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان په‌یڕه‌وی ئه‌و بڕیارانه‌ی خۆیان بكه‌ن، ده‌توانن هه‌موو مافه‌كانی حزبی و خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ست بێنن، كاتێك ئه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، کێشەکانی ناوخۆ پێویستیان بە چارەسەرە، له دوای ته‌واوبوونی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش به‌ستنی كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی، بۆ به‌رچاوی كامێڕاكان و خه‌ڵكی كوردستان، ئاماژه‌ی سه‌ركه‌وتن و لێك تێگه‌یشتن ڕاده‌گه‌یه‌نن، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئومێدیان به‌داهاتوو پته‌وترده‌بێت، به‌ڵام كاتێك سه‌ره‌تای پپێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ته‌بایی و یه‌كڕیزی، كێشه‌ و ململانێی به‌رده‌میان ده‌بینێ، هه‌میشه‌ بیرله‌ تێكچوونی بارودۆخی هه‌رێم و دوو ئیداره‌یی و لێكترازان ده‌كاته‌وه‌.
كاتێك ئه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن ناوماڵی كورد پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، خه‌ڵكی كوردستان دڵخۆشن به‌وه‌ی ڕه‌نگه‌ له‌مه‌ودوا به‌م هه‌ڵوێسته‌یان بتوانن هه‌موو نه‌یار و دوژمنان ناچار بكه‌ن، سه‌ر بۆ خواسته‌كانی كورد بچه‌مێنن، به‌ڵام كاتێ ده‌بینن، كێشه‌ و ململانێ و میدیاكانی سێبه‌ر بۆ سڕینه‌وه‌ و شكاندن و ته‌پاندنی یه‌كتر بێبه‌زه‌ییانه‌ له‌كاردان، ده‌رگای ئومێد چیتر مایه‌ی خۆشحاڵی نییه‌، كاتێك سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌ و قسه‌كانیان به‌ستایشی شه‌هیدان و ڕێزی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌گوته‌ی جوان و ڕازاوه‌ ده‌ڵێن، ئێمە قەرزارى خوێنی شەهیدانین، تروسكایی هیوا له‌ ده‌روون سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئه‌وه‌ش مافێكی ڕه‌وای كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانه‌، چونكه‌ ئه‌وان خوێن و گیانیان بۆ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌خشیوه‌ و گیان به‌خشینیش لو‌تكه‌ی به‌خشینه‌، هیچ پاداشتێك قه‌ره‌بووی ناكاته‌وه‌، به‌ڵام كاتێ ده‌بینی كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌مافه‌كانیان بێبه‌شن و له‌به‌رزترین ئاستی حكومه‌ت مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێت، خائین و ناكه‌سبه‌چه‌ و سۆدره‌ و سه‌هه‌نده‌كانی فارس و تورك و عه‌ره‌ب و بكوژه‌كانی شه‌هیدان، شاباش و به‌خششی باش و مشه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌و تروسكایی ئومێده‌ش نامێنێ، كاتێك ئه‌وان ڕایده‌گه‌یه‌نن پێویستە یاسا سەروەربێ، دیاره‌ كورد چه‌وسانه‌وه‌ی له‌ده‌ست یاسای دوژمنان و بێبه‌ش له‌ دادپه‌ر‌وه‌ری زۆر بینیوه‌، ئه‌وه‌ مایه‌ی خۆشحاڵیه‌كی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ئازادیه‌ی ڕۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌ خوێنیان بۆ ڕشتووه‌، پێویستی به‌ پانتاییه‌كی فراوان هه‌یه‌ و نابێ به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵك له‌سه‌ر وتنی ڕای خۆی زیندانی بكرێت، ڕۆژنامه‌نووس له‌سه‌ربه‌ده‌ستهێنانی زانیاری سزا بدرێت، خه‌ڵك له‌سه‌ر نووسینی كۆمێنتێك له‌ فیسبوك لێپرسینه‌وی له‌گه‌ڵ بكرێت، یا ئه‌كاونته‌كه‌ی هاك بكرێت، كادری حزبی و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایی نه‌توانێت به‌ئازادی له‌ژماره‌ی ‌ته‌له‌‌فۆنی خۆ‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌یه‌كێكی تره‌وه‌ بكات، نه‌وه‌ك له‌ژێر كۆنتڕۆڵ دابێ و قسه‌كانی تۆماربكرێت، كاتێك هاووڵاتیه‌كی بێلایه‌نی سه‌رشه‌قام، زۆر ڕاستگۆیانه‌ ڕای سروشتی خۆی ده‌ڵێت و به‌دڵی پڕ له‌ گریان و چاوی پڕ له‌ فرمێسك نیگه‌رانیه‌كانی بۆ كه‌ناڵێك ده‌رده‌بڕێ و به‌ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: ئینجا چی ده‌بێ باببێ، بمگرن یا بمكوژن هیچ گرنگ نیه‌ له‌لام، لێره‌دا چ نرخێك بۆ ئازادی و دیموكراسی و سه‌روه‌ری یاسا و خه‌بات و تێكۆشان نامێنێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies